سەرۆك توخوا شەرم ناكەیت؟!
Wednesday, 19/06/2013, 12:00
سەرۆك شەرم ناكەیت دوای هەشت ساڵ حكومڕانیكردنت و دوای ئەوەی لەوادەی یاسای خۆتدا نەتتوانی بەقەد تاڵە مویەك قازانجت هەبێت بۆ كۆمەڵگاكەت كەچی شەڕی نایاسای دەستوری دەفرۆشیت بۆ ئەوەی چوار ساڵیتر بەتەجاوز حكومڕانی هەرێم بگریتەوە دەست؟؟!
توخوا سەرۆك شەرم ناكەیت لەماوەی هەشت ساڵی حكومڕانی كردنتا بەدەیان ڕاپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و ناوخۆیەكانی هەرێمەكەت لەمەڕ ئەتتكردن و بێڕێزیكردنی تاك بەتاكی چین و توێژەكانی هاونیشتیمانیانت لەسەر بڵاوكراوەیەوە بەبێ ئەوەی سڵ لەخۆت بكەیتەوە؟؟
سەرۆك خێرە یان عیدێكی نیشتیمانیە دەتەوێت چاوبەستەكیمان لێ بكەیت لەبەرامبەر ئەوەی لەماوەی حكومڕانیكردنتا نەتتوانی كێشەی پێشمەرگە و كێشەی عقودە نەوتیەكان و ناشەفافی بودجەو ناوچە دابڕاوەكان...هتد لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا یەكلای بكەیتەوە؟!
سەرۆك توخوا پێكەنینت بەو حكومڕانیكردنەت نایەت كەلەماوەی هەشت ساڵی سەرۆكایەتی تۆدا بەسەدان ژن و كچی بێگوناه بونە قوربانی و بە دەیانی دیكەش لەژێر سەڵتەنەی حوكمی قەرەقوشی تۆدا ئازادكران؟!
ئەزانی سەرۆك ئەگەر منبومایە لەجیاتی تۆّ! تۆیەك كەپڕبەگەرۆت دەیانجار هاوارو لافی دیموكراسیت لێداوە, تۆیەك بەدەیانجار بانگەشەی ئازادیت كردوە, كەچی لەبەرامبەردا دەسەڵاتە تۆتالیتارەكەی كەمبۆدیاو گروپە مافیاكانی هایتی لەدەسەڵاتەكەی ئەو حكومەتەی تۆ سەرۆكایەتیت دەكرد دیموكراسیترو لیبڕاڵتربون ئەوا خۆم شاربەدەر دەكرد!!
سەرۆك تۆ درك بەوە دەكەیت گەورەترین بزنزمانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیت و بۆیەكەمینجارە لەڕێگەی چەند دەڵاڵێكی نەوتی ڕۆژئاواوە تەخشان و پەخشان بەسەروەت و سامانی نەتەوەیەكەوە دەكەیت؟؟؟
سەرۆك تۆ لەمن باشتر دەزانیت خوێنڕێژترین سەرۆكی ناوچەكەیتو دەیان خیانەتی نیشتیمانیت كردوە لەماوەی 22 ساڵی ڕابردودا, تائێستاشی لەگەڵدابێت بەدەیان بنكەو بارەگای هێزە سیخوڕەكانی بەرودراوسێ ڕیشەیان داكوتاوە لەهەرێمەكەتدا,,ئیدی ئەگەر حەزت بەم یاری ماڵەباجێنانە نیە چید داوە شەڕی چوارساڵیتر سەرۆكایەتیمان پێدەفرۆشیت؟؟!
سەرۆك لەكۆتایدا دەڵێم دڵنیابە میللەت هیچی لەتۆ ناوێت! تەنها بەنیوەی ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی ڕابردووی ئێران دیموكراسیبە لەگەڵماندا!!, ئەگەرچی كەسمان گومانمان لەوە نیە كە دەسەڵاتی تۆتالیتاریزمی ئێران لەجیهاندا وێنەی دڕندایەتی پێناسە ناكرێت, وەلێ ئەگەر بۆ ڕیكلامیشبێت (ئەحمەدی نەژاد) دوای وادەی یاسای سەرۆكایەتی خۆی وەك تۆ نەبو حیلەی یاسای بدۆزێتەوە بۆ سەرۆكایەتی كردنی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی ئێران, بەڵكو خۆی هەڵنەبژاردەوەو بڕیاریدا لەزانكۆیەكی ئێران دەرس بڵێتەوە بۆ خزمەتی نەوەی داهاتوی وڵاتەكەی, دەی ببورە سەرۆك مادام تۆ بروانامەكەت نزمەو نەمن و نە هیچ تاكێكی هەرێمەكەت (بەلایەنگرە سەرسەختەكانی خۆشتەوە) ناتوانین شانازیت پێوە بكەین و خۆشت لە ئەحمەدی نەژاد بەدیموكراسیتر دەزانیت بڕۆ لەبازاڕی شێخەڵای هەولێر شوتی بفرۆشە تابزانی گوزەرانی شوتیفرۆشێكی نەگبەتی هەرێمەكەت لەماوەی ئەو هەموو ساڵەی حكومڕانیكردنی تۆدا چۆنبوە؟!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست