کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەم بڕیارە دووفاقیەی (یەكێتی و پارتی) دارێكە هەردوو سەری عەمبەربەرییە !

Sunday, 22/11/2009, 12:00


ئاشكرایە دوای پەسەند كردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێراق هەریەك لە تاڵەبانی سەرۆك كۆمارو عادل عەبدول مەهدی جێگری , واژۆیان لەسەر یاساكە كردو (گارق هاشمیش) ڤیتۆی لە بەرامبەر یاساكە بەكار هێنا , لەلایەكی دیكەوە بەرزانیش هەڕەشەی بایكۆت كردنی هەڵبژاردن دەكات لە هەرێمی كوردستاندا .
لێرەدا واز لە هەموو بیروڕا و خوێندنەوەی جیاوازی سیاسیەكانی ناوەند دێنین و ئەوەی ناوەڕۆكی ئەم بابەتەیە ئەو سیاسەتە دووفاقیە هەزەلیەی سەركردایەتی سیاسی كوردە لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێراق و بەتایبەتیش لێدوان و هەڵوێستە دژ بە یاساكانی ئەم دواییەی ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی و پارتی و بەتایبەتیش هەردوو بڕیارە جوداكەی خودی (تاڵەبانی و بارزانی) ! ,
تاڵەبانی دوای پەسەند كردنی یاسای هەڵبژاردن لە پەڕلەمان واژۆی لەسەر یاساكە كردوو بە پەلە كڕوزێ بەرەو ووڵاتی فەرەنسا بەڕێكەوت ,
ئێمە لێرەدا باس لە سەردانە كتووپڕەكەی تاڵەبانی ناكەین بۆ فەڕەنسا , چونكە تاڵەبانی سەفەرێكی چارە نوسسازی لەبەردەم دابوو , وا بڕیار بوو سەر پەرشتی كۆنگرەی بە جینۆناساید ناساندنی ئەنفال بكات لە پاریس , بەڵام بەهۆی ناجێگیری كەش و هەواو بڵاو بونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای بەراز كۆنگرەكەی تاڵەبانی و وەك زۆربەی كۆنگرەكانی دیكەی دواكەوت بۆ كاتێكی نادیار !!!! ,
باشە گریمان تاڵەبانی واژۆ كردنی ئەم یاسایەی بەسەردا تێپەڕی , ئەی ئیشوكاری ئەو پۆلە ڕاوێژكاروو وەزیرو سیاسیانەی كورد لە بەغدا چیە ؟!
ئایە بەر لە واژۆ كردنی یاساكە لەلایەن تاڵەبانییەوە جەنابیان لە فەزیحەی زیاد كردنی تەنها (3) كورسی لەكۆی هەر سێ پاریًزگاكەی هەرێم ئاگادار كراوەتەوە لەلایەن ئەو هەموو ڕاوێژكارانەی كەس نازانێ كێن و ؟! كاریان چیە ؟!,
یاخود ئایە تاڵەبانی ڕاستیەكان لە میللەت باشتر دەزانێت , بەڵام واژۆ كردنی یاسایەكی وەها هەستیار دەكاتە قوربانی دووبارە هەڵبژاردنەوەی خۆی بە سەرۆك كۆمار , یاخود بۆ هەر مەرامێكی سیاسى دیكە بێت وەك ئەو مەرامە سیاسیانەى خوی و حیزبەكەی كە لە ڕابردوو دا میللەت بە ئاشكرا دركی پێكردون ؟!,
ئەوەی لە هەمووشی زیاتر جێگای پێكەنینە پەردە پۆشكردنی ئەم فەزیحەیەی تاڵەبانی یە لەلایەن سیاسی و مورید و لایەنگرانی حیزبەكەیەوە , كە بەجۆرێك میللەت چەواشە دەكەن سەرەڕای تێپەڕبوونی یاساكە بەسەر تاڵەبانی دا باس لەوە دەكەن واژۆ كردنی یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ئەزمونێكی دیكەی گەورەیە لە مێژووی عێراقیەكاندا بە گشتی , یاخود وەك ( د.فواد معسوم) لە لێدوانێكدا دەڵێت (واژۆ كردنی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە هیچ پەیوەندی نی یە بە مەسەلەی زیاد نەكردنی كورسی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە !!) ,
لەلایە كیترەوە ڤیتۆكردنی یاساكە لەلایەن (تارق هاشمی) ەوە , دوو خوێندنەوەی جیاوازو و تەنانەت دەتوانین بڵێین دژ بە یەكیشی لای كادیرانی (یەكێتی وپارتی) دروست كرد ,
زۆرینەی كادیرانی ڕاگەیاندنی یەكێتی باس لەوە دەكەن (ئۆباڵی دواكەوتنی هەڵبژاردن) یاخود (دروستبوونی هەر كێشەیەك لەبەردەم هەڵبژاردنەكاندا) ئۆباڵی بە ئەستۆی هاشمیە , تەنانەت هەندێك لە كادیرانی ڕاگەیاندنی یەكێتی هاشمی بە خیانەت كار ناو دەبەن , ئەو هاشمیەی كە تاڵەبانی سكتێری گشتی حزبەكەیان لە هاوینەهەواری دووكان ڤێللاێك و پاسەوانی تایبەتی بۆ دابین كردبوو !!,
بەڵام بە پێچەوانەوە لای زۆرێك لە بەرپرسە باڵاكان و ئەندامان و كادیران و ڕاگەیاندن كارانی پارتی پێیان وایە ڤیتۆ كردنی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن هاشمییەوە ئومێدێكی گەورەی موژدە بەخشە بۆ كورد !!, تەنانەت هەندێك لە كادیرانی پارتی ڕەخنەی توندیان لە تاڵەبانی گرت لە هەمبەر واژۆ كردنی یاساكەو پێیان وابوو تاڵەبانی پەلەی كردوە لە واژۆ كردی یاساكە ,
هەر لەو بارەیەوە بارزانی هەڕەشەی بایكوتكردنی هەڵبژاردنی كرد لە هەرێمی كوردستاندا و ئەم بڕیارەی بارزانیش جێگەی ئافەرینێكی بێ وێنە بوو لە لایەن كادیران و ئەندامانی حیزبەكەیەوە ,
ئەوەی لە كۆتایدا پێویستە بوترێت ئەم بڕیارە جیاوازو تەنانەت دژەی نێوان (یەكێتی و پارتیە) لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق , ئەم بڕیارە جودایانەی (یەكێتی و پارتی) جارێكی تر ئەو ڕاستیەمان بیر دەخەنەوە كە بەرپرسانی هەردوو حیزب خاوەن خیتابێكی سیاسی یەكگرتوو نین لە بەغداد ,
تەواوی سەركردەكانی كورد هەریەك بە مەرام و ئاراستەی بیری تەسكی حیزبایەتی خۆی تەواوی پرسە نەتەوایەتی و چارەنوس سازەكانی میللەتیان كردۆتە قوربانی ئۆرگانەكانی حیزب و كورد ووتەنی هەریەك بە بای خۆی شەن دەكات ,
ئەم دووفاقیەی (یەكێتی و پارتی) لە مەڕ یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كاتیًكدایە ڕێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان هەردوو لادا واژۆ كراوە و حكومڕانی میللەت دەكەن , هاوكات ئەوەش میللەتە لە وەها دوو بڕیاری جودای (یەكێتی وپارتی) دارێكی بەدەستەوەیە هەردوو سەری عەمبەربەریە !,
ئەنقەرە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە