کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامێك بۆ(بێستون سابوراواى),بۆبەرپرسە ڕۆژنامەنووسەكەى مەڵبەندى دوكان!!

Thursday, 09/07/2009, 12:00


دواى بڵاوكردنەوەى هەواڵێكم لە ڕۆژنامەى هاوڵاتى و ڕادیۆى نەوا بەناونیشانى (پاسەوانێكى مەڵبەندى ڕێكخستنى دوكان بەرچەقۆ دەدرێت),لەلایەن بەرپرسى پاسەوانەكانى مەڵبەندى ڕێكخستنى دوكانەوە لەماڵەكەى خۆمدا هەڵكوترایە سەرم,من نامەوێت كەمتازۆر باسى ئەو ڕوداوە بكەم چونكە لەزۆربەى میدیاكانى ڕاگەیاندن باسى لێوەكرا,بەڵام ئەو گومانەى كە پرسیارێكەو تاكو ئەمڕۆش ڕوبەڕوم دەكرێتەوە بێهەڵوێستى و بێدەنگى بەكر عبدالرحمان كەناسراوە بە(بێستون سابوراواى) بەرپرسى مەڵبەندى ڕێكخستنى دوكانە,بۆیە بەپێویستمزانى لەڕێگەى نوسینى ئەم بابەتەوە ڕاستیەكان بۆهەموو لایەك بخەمە ڕوو.
بەرلەوەى ئێوارەى(16/6) بەرپرسی پاسەوانەكانى مەڵبەندى دوكان هەڵكوتێتەسەرم سەرلەبەیانى هەمان ڕۆژ هەڕەشەى لێكردم و پێى ڕاگەیاندم كەئێوارە ئەوكارەم بەرامبەر ئەنجام دەدات (هەروەك چۆن لەڕێگەى بڵاوكردنەوەى ئەو فایلە دەنگیەى كەلەماڵپەڕى هاوڵاتیدا بڵاوكرایەوە دەلالەتە بۆ سەلماندنى ئەو ڕاستیە),دواى ئەوەى من هەمانكات سەرنووسەرى ڕۆژنامەى هاوڵاتیم لەوهەڕەشەیە ئاگاداركرد و ئەویش پەیوەندى بە بێستون سابوراواى بەرپرسى مەڵبەندى دوكانەوەكرد كە بەرپرسی پاسەوانەكانى مەڵبەند نیازى كارێكى لەوجۆرەى هەیە,بەڵام بێستون سابوراواى بەڵێنى جدى دابوو بە سەرنووسەرى هاوڵاتى كە پێویست بەهیچ شتێك ناكات وخۆى چارەسەرى كێشەكە دەكات,بەڵێنى ئەوەشی پێدابوو كەلەگەڵ مندا قسەبكات,دواى ئەوەى كەمن دووجار پەیوەندیم پێوەكردو وەڵامى نەدامەوە كەوتمە گومانەوە,بەكورتى بەرپرسی مەڵبەند بێدەنگەى لێكردوو ئێوارەى هەمان ڕۆژیش ڕوداوەكە ڕویدا.
ئەوەى كەبەپێویستى دەزانم لێرەدا باس بكرێت دووپرسیارى جدیە بۆ ڕای گشتى وخودى بێستون سابوراواى.
1-دوابەدواى ڕوداوەكە چەندین دەزگاى ڕاگەیاندن ئەو هەواڵەیان بڵاوكردەوە وچەندین گروپ وڕێكخراوى جیهانى و ناوخۆى لەڕێگەى بڵاوكردنەوەى بەیاننامەوە ئیدانەى ئەو كارەیانكرد,جگەلە تەداخولكردنى چەندین بەرپرسی باڵاى حكومى وحیزبى بەمەبەستى چارەسەركردنى كێشەكە ,كەمن لێرەوە سوپاسی هەموو لایەك دەكەم بۆ بەتەنگەوەهاتنیان وئاوڕدانەوەیان لە كێشەهەنوكەیەكانى ڕۆژنامەنووسان ,بەڵام ئایا هۆكارچیە هەتا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت بەرپرسی مەڵبەندى دوكان لەئاست ئەم ڕوداوەدا خۆى بێدەنگكردوەو كاتێكیش ڕوبەڕوى هەرپرسیارێك دەبێتەوە دەڵێت:"ئەوە كێشەیەكى كۆمەڵایەتیەو هیچ پەیوەندیەكى بەمەڵبەندو كارى ڕۆژنامەوانیەوە نیە؟!"لەكاتێكدا ئەم وتەیە جگەلەوەى جێگاى پێكەنینە هاوكات بەرپرسی مەڵبەند بەناو خۆى ڕۆژنامەوانەو چاك دەزانێت ئەو ڕوداوە لەسەر بڵاوكردنەوەى هەواڵێكى مەڵبەندەكەى ئەو بوە وئەگەرخۆشى بەهەڵەدا نەبات دەزانێت كەمن پێشتر نەك هیچ كێشەیەكم لەگەڵ بەرپرسی پاسەوانەكانى مەڵبەندەكەى ئەودا نەبوە بەڵكو بەپێچەوانەوە تاڕادەیەكى باشیش ئاشنایەتیمان لەگەڵ یەكتریدا هەبوو!,
2-دواى ڕوداوەكە كاتێك سەرنووسەرى هاوڵاتى دووبارەپەیوەندى بە بێستون سابوراواى كردبۆوە بۆلێپرسینەوەى ئەو وەعدەى كەدابووى و لەئەنجامدا وادەرنەچوو ,بەڵام ئەوگووتبوى من نەمتوانیوە زاڵبم بەسەر كێشەكەدا!!,بەڕاستى وەڵامێكى لەم جۆرە جگەلەوەى جێگاى ئەوپەڕى گومانە,هاوكات ئەوحەقەشم پێدەدات كەلەسابوراواى بپرسم ئەى كەواتە جەنابت چۆن مەسئول مەڵبەندێكى كەتوانات نەبێت زاڵبیت بەسەر كەسێكى مەڵبەندەكەتدا؟!كەواتە جەنابتان هیچ شەرعیەتێكتان نییە لەمەڵبەندى دوكاندا؟!.
ئەزیزم ئەگەر بەئاشكراتر دەروازەكان بكەمەوە ,بەوپەڕى قەناعەتەوە دەڵێم لەو ڕۆژەوەى هەوڵى زۆرتدا لەمیدیاكانى حیزبە ئۆپۆرتۆنیستەكەى جەنابتاندا كاربكەم و دەست لەو میدیا سەربەخۆیانە هەڵبگرم كەكاریان تیادا دەكەم و هەواڵى سەردانى جەنابتان بۆپرسەكان و سەردانە تەشریفاتیەكانتان و كۆبونەوە حیزبیەكانى مەڵبەندەكەت ڕوماڵ بكەم , وەلێ بەوپەڕى قەناعەتەوە داواكاریەكەى جەنابتانم ڕەتكردەوە كەهیچكات ویژدانم ڕێگەم پێنادات لەمیدیایەكدا كاربكەم خەڵكى دەڤەرەكەم هەزارویەك كێشەى جۆراو جۆرى هەبێت ومنیش توتى ئاسا بەسەرشان وباڵى حیزبێك و كەسانێكى بەرژەوەندخوازدا هەڵبدەم , ئیدى لەوكاتەوە هەستمكرد بەجۆرێكیدیكە مامەڵەم لەگەڵدا دەكەیت!, وەلێ لەوكاتەوەى كە بەشێك لەگەندەڵى مەڵبەندەكەتم بڵاوكردەوە و لێرەبەدواوە چاوەڕێى بەشەكەى دیكەشبە, بەیەكجارى كەوتیتە سەنگەرگرتن لێم!.
من تێناگەم ئەم سەنگەر گرتنەى جەنابتان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ومیدیاى سەربەخۆ وباسكردنى بەشێوەیەكى ناشرین لەو كۆبونەوانەى كە بە نایاساى و لەكاتى دەوامى ڕەسمیدا لەگەڵ دامو دەزگا حكومیەكانى سنورى قەزاى دوكاندا ئەنجامى دەدەن بۆحەملەى هەڵبژاردن بێگوێدانەپێشێلكردنى یاسا لەپاى چی دێت؟! ,ئاخر خۆ هەر لەڕۆژنامەى هاوڵاتیدا هەمووى چەند مانگێك لەمەوبەر هەرخۆم چاوپێكەوتنێكم لەگەڵدا سازكردى و بە دڵى خۆت هەرچیت گووتبو بەرامبەر بەنەیارەكانت بەبێ فیلتەر بڵاوكرایەوە,ئەى ئەمڕۆ عەجایب تۆمەتى كاركردنى لیستێكیترمان دەخەیتەپاڵ ولەكۆبونەوە نایاسایەكانیشتدا لەگەڵ خەڵكى ناوچەكەدا میدیاى سەربەخۆ بەچەواشەكارو تێكدەر ناودەبەیت؟!,ئاخر خۆ جەنابتان بەناو ڕۆژنامەنووسن وشانازى دەكەن بەئەزمونى كارى ڕۆژنامەوانى خۆتانەوە,كەچى بەرپرسی پاسەوانەكانى مەڵبەندەكەت هەڵدەكوتێتەسەر هاوپیشەیەكت و جەنابیشت نەك هەر نوقەیەكت لێوەنایەت و خۆت بێدەنگ كردوە بەڵكو هەموو ئاڕاستەكان دەلالەتن لەوەى كەجەنابتان دەستتان لەپشتەوەى ئەوكارەداهەیە,كەبەوپەڕى قەناعەتەوە دەڵێم (بەرپرسیارم لەم قسەیەم) چونكە جگە لەزادەى بەشێك لەونموونانەى سەرەوە دەتوانم نموونە گەڵێكیدیكە بێنمەوە كەئەوجۆرە كارانە هەرلە كەسانێكى وەك جەنابتان دەوەشێتەوە,بۆنموونەهەر جەنابیشتان بوون لەشەڕى شومى ناوخۆدا تەنانەت لێپێچینەوەتان لەگەڵ دۆست وناسیاوەكانى خۆتان دەكرد بەبیانوى ئەوەى لایەنگرى ئەوحیزبەیان دەكرد كەسەردەمانێك بەخوێنى سەری یەك تینووبون و شكوربۆخوا ئێستا بەپێچەوانەوە شیربران لەگەڵ یەكتردا!,وەلێ ئەمڕۆ كۆمەڵێك لەمپەر لەبەر دەمتاندا هەیە كەناتوانن هەمان ئەزمونى ڕابلاردوو دووبارە بكەنەوە,كەمن دڵنیام دووبارەتان دەكردەوە,ئایا ئەوە ئەخلاق وئیتیكى پیشەى كەسێكى ڕۆژنامەوانە؟!.
ئاخرئەوە شێوازى كاركردنى كەسێكى وەك جەنابتانە لەقەزایەكى وەك دوكاندا كەبە(ناوچەى سەوز) ناودەبرێت ولەوساتەوەى جەنابت بویتە بەرپرسی مەڵبەندى دوكان سەنگى جەماوەرى یەكێتى لەوشارۆچكە (سەوزەدا) هەموو خەڵكى ناوچەكە دەزانن چۆنە؟! وچەندە؟!.
لەكۆتایشدا هیواخوازم ئەگەر ئەم پەیامەت پێ هەزم نەكرا ئەمجارەیان مەفرەزەیەكى مەڵبەندەكەت بنێریتە سەرمان و ئەوەى لە ڕوداوەكەى پێشودا نەتانكرد ئەمجارەیان بیكەن,وەدڵنیاشبە تاسەر ئەوە شێوازى كاكردنى من دەبێت, نەك هەڵكوتانەسەر و چاوسوركردنەوە و هەڕەشەكردن ئەگەر دوچارى هەر ڕوبەڕوبونەوەیەكى دڕندانەتریش ببمەوە بەوپەڕى سەربەرزی وشانازیەوە ئامادەم باجەكەى بدەم,دواجار (سەربەستى وسەربەرزى ,گێرەشێوێنى و ئاژاوەگێڕى) بەرامبەر ئێمەى ڕۆژنامەنووسان زاراوە گەلێكن تەنها میللەت بڕیاریان لەسەر دەدات,ئەوە جەنابت نیت بۆ حەملەى هەڵبژاردن بڕیارى لەسەر بدەیت ڕۆژنامەنووسە بەئەزمونەكە!,تۆ وەڵامى ئەوپرسیارگەلانە بدەرەوە كەلەدواى هەڵكوتانەسەرم تاكو ئەمڕۆش ڕووبەڕوى منى ڕۆژنامەنووس و تۆى بەرپرسی مەڵبەند دەبێتەوە و دواجار تەنها هێزى وەڵامەكانمان سەنگى محەكن بۆخاوەن پرسیارەكان و ئاشكراشە كاممان دەتوانین بەوپەڕى بوێرى وسەربەرزیەوە وەڵامى پرسیارەكان بدەینەوە!.

[email protected]






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە