ئاخربۆچى سەرۆك؟!
Thursday, 23/12/2010, 12:00
ئیمزاكردنى یاساى خۆپیشاندان ئەو ڕاستیەمان نیشان دەدات كەسەرۆكى هەرێم نەحیسابى بۆڕاى شەقام كردو نەبۆدەنگەجیاوازەكانى دەرەوەى بازنەى بەرژەوەندیەكانى دووحیزبى دەسەڵات, هەروەها جارێكیدى سەرۆكى هەرێم ئەو ڕاستیەى سەلماند كە سەرۆكی گشت چین و توێژو بۆچونە جیاوازەكان نیە, بۆسەلماندنى ئەم ڕاستیەش جودالەوەى كە نزیكەى مانگێكە نوسەرو ڕۆشنبیرو لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى داوا لەسەرۆكى هەرێم دەكەن كەیاسای خۆپیشاندان ئیمزانەكات, هەروەها دواى ئیمزاكەى سەرۆكیش دەبینین ناڕەزایەكان بەرفراوانتربوون و گشت چینوتوێژەكانى هەرێمى گرتەوە بەوەى كە ڕۆژانە خەڵكى لەشارو شارۆچكەكاندا دژبەئیمزاكەى سەرۆك دەڕژێنە سەرشەقامەكان.
جێگەى تێڕامانە ئەو (ئازادى ودیموكراسیە)ى كە سەدانجار لەزارى خودى سەرۆكى هەرێمەوە گوێبیستى بوین و هاوكات لەمێدیاكانى حیزبەكەى سەرۆكەوە پێمان فرۆشراوەتەوە, كەچى ئەمڕۆ هەرسەرۆك خۆی دێت و ئیمزا لەسەر یاسایەك دەكات كەدژ بەو (دیموكراسی و ئازادی)ەیە كە پێشتر لەزارى خۆیەوە گوێبیستى بوین!.
دواى یەك سەدە لەخەبات وقوربانیدانى گەلى كورد, دواى سەدان ململانێی ئیقلیمى ونێودەوڵەتى, دواى بەفیڕۆدانى ئەو هەموو هەلە زێڕینەى سەركردایەتى سیاسی كورد, ئەمڕۆ تاكە كارتى فشار كەبەدەستى سەركردایەتى كوردو خیتابی سیاسی سەرزارى سەرۆكى هەرێمە, تەنهاو تەنها ئەو (ئازادى ودیموكراسی)ەیە بەوهەموو كەمو كوڕیەوە كە هەر ڕۆژەو ڕێكخراوێكى نێودەوڵەتى ئاوەژوى دەكاتەوە, كەچى سەرۆك هات و بەئیمزایەك لەسەر یاساى خۆپیشاندان ئەو ئازادى و دیموكراسیەى ئەوەندەیتر بەرتەسكتر كردەوە!.
ئاخر جەنابی سەرۆك منیش بەو سوێندەت سوێند دەخۆم كەلەناو هۆڵى پەڕلەمانداو لەپەخشێكى ڕاستەوخۆى تەلەفزیۆنەكانداو لەبەرچاوى هەموو تاكێكى ئەم هەرێمەدا خواردت كەبەرگرى لەئازادى ومافەكانى خەڵك بكەیت, بەڵام ئیمزاكەت جگەلەوەى بەرتەسككردنەوەى ئەو ئازادیەیە كەسوێندت پێخوارد, زوڵمكردنە نەك بەتەنها لەدەنگى ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیران و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى هەرێمەكەت, بەڵكو زوڵمكردنە لەو دەنگانەش كەدران بەتۆو هەموو ئەو دەنگانەش كەدران بەو ئەندام پەڕلەمانانەى حیزبەكەى خۆت كەئەمڕۆ لە پەڕلەماندان و یاسایەكى لەوجۆرە پەسەند دەكەن!.
ئاخرسەرۆك سوێندبێت بەو سوێندەى تۆخواردت, یاسایەك بڵێت:((پێویستە كەتوڕەبویت ئیزن بۆو توڕەبونەت وەربگریت ئینجا مافى ئەوەت هەبێت بڕژێیتە سەرشەقام!)) ئەم یاسایە قابیلى قبوڵكردن نیەو گوناهێكى گەورەیە بەگەورەترین فلتەردا ,كە پەڕلەمانەو پاشان بەسەرئەو هەموو ڕاوێژكارەو دواجاربەسەر خۆشتا تێپەڕێت سەرۆك!.
سوێند دەخۆم سەرۆك ڕەتكردنەوەى یاساكە بەئیمزالەسەر نەكردنى, جودا لەوەى هەڵوێستێكى جوانترو ڕاستەقینەى جەنابتانى لاى ئەوبەشەى خەڵكى هەرێمەكەت نیشان دەدا كە ڕاوبۆچونیان جیاوازە لەگەڵ ڕاوبۆچونى جەنابتاندا, هاوكات بەرگێكى جوانترت بەبەرى دیموكراسی و ئازادی ئەم هەرێمەدا دەكرد لەبەرچاوى ناوخۆ و كۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا.
سوێدبێت بەو سوێندەى تۆ خواردت سەرۆك, ئەوانەى ئەمڕۆ دژى ئیمزاكەى تۆن, خەڵكى هەژارو چینى زەحمەتكێش و ڕۆشنبیرو توێژە ڕاستەقینەكانى ئەوهەرێمەن كەتۆسەرۆكایەتى دەكەیت و هیچیان لەمۆزنبیق و هایتیەوە نەهاتون وخەڵكى هەرێمەكەى خۆتن, هیچیشیان دژبەو ئەزمونەنین كەجەنابتان بەسەدانجار باستان لێوەكردوە و تاكە كەسێكیش كەدژى ئیمزاكەى تۆیە دەستى وڵاتانى دوژمن وبەرودراوسێی لەپشت نیە, بۆیە ئیدى كاتى ئەوەهاتوە جەنابیشت چیدى تەنیا بەچاویلكەى كەسانى دەوروبەرت نەڕوانیتە پرسە هەستیارەكانى كۆمەڵگاكەت.
جەنابى سەرۆك جودا لەهەموو ئەمانە لەماوەى تەنها نزیكەى دە ڕۆژدا زۆرشتى چاوەڕوان نەكراو لەلایەن خۆت وحیزبەكەتەوە ڕویاندا كە بەڕاستى جێگەى خۆیەتى ئێمەش لەتۆ بپرسین ئەم فەزیحەگەلە بۆ؟, بۆچى بێدەنگن جەنابى سەرۆك؟
* جەنابتان ئیمزاتان لەسەریاسایەك كرد كەدژ بەئیرادەى خەڵكى هەرێم وبەرتەسككردنەوەى ئازادیەكانە.
* ئەندامانى حیزبەكەت لەپەڕلەمانى عێراق (كەزۆرینەى لیستى ئیئتلافى فراكسیۆنە كوردستانیەكانن) دەنگیان بەلێخۆشبونى بەعسیەكاندا, كەلەناویاندا كەسانى وەك (ێاڵح موتڵەگ و جەمال كەربولى و زافرعانى) شمولى ئەو لێخۆشبونە دەكەن!.
* لەدوتوێى بڵاوكردنەوەى بەڵگەنامە نهێنیەكانى ئەمریكا لەڕێگەى ماڵپەڕى ویكیلیِكسەوە سازشى ئێوەمان لەسەر كەركوك بەرچاو كەوت.
* دەنگۆى ئینتیفاقیەكى ترسناكى جەنابتان لەگەڵ نورى مالكیدا لەمێدیاكاندا خوێندەوە كەدژبە ویستى جەماوەرو بەرژەوەندیەكانى هەرێمە.
* لەهەموشى سەمەرەتر ئەوەیە كۆنگرەى حیزبەكەتان لێوان لێوكرد لەعەگال بەسەرو بانگێشتى ئەوموتڵەگ ونوجەیفیەتان كرد كەلەهەڵمەتی هەڵبژاردنداو لەڕێگەى مێدیاكانى حیزبەكەی خۆتانەوە بەموجریمترین مرۆڤى سەردەمتان بۆ ئێمە پێناسەدەكردن, بەڵام ئەمڕۆ لەهەناوى كۆنگرەداو نزیكترین مرۆڤ لەجەنابتانەوە دەیانبینین!, ئەو نوجەیفیەى كە لەكۆنگرەى حیزبەكەتاندا شەرەفى خوێندنەوەى وتارتان پێدا , وەلێ لە سەرەتا تا كۆتاى وتارێكى دورودرێژدا بۆتەنها یەكجار ووشەى كوردستانى بەزاردا نەهات!!.
دواجار ئێمەش حەقى خۆمانە لەپاى ئەوهەموو فەزیحەیەدا كەلەوماوە كورتەدا ڕوودەدەن بەتەنها پرسیارێكى سادە لەجەنابتان بكەین و بڵێین ئاخربۆچى سەرۆك؟!.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست