نەوشیروان مستەفا بۆ وایكرد؟!
Friday, 18/02/2011, 12:00
دیمەنێكى سەیر!...بەسەدان خۆپیشاندەر لەدوا نیوەڕۆى شارێكى گۆڕان خوازدا!, شارێك هەرلەسەرەتاى دروستبنیەوە بەردەوام لەئەبدەیت كردنەوەدا بوە و سەرى بۆهیچ دیكتاتۆرو هێزێكى كۆنزێرڤاتیزم دانەنەواندوە, شارێك بەرلەدروستبون وسەوزبونى بزوتنەوەیەك بەناوى (گۆڕان) تیایدا, بەشارى هەڵمەت و قوربانى و شارى بەرخۆدان ناسراوە, شارێك هەمیشە هێزە شۆڤێنى و دیكتاتۆرەكانى پێ هەزم نەكراوە و توڕیداون, شارێك هەمیشە دیكتاتۆرو شۆڤێنیەكان سڵیان لێ كردۆتەوە, هەرلەو شارەدا دژبەو نابەرامبەرى و ناعەدالەتیە سیاسی و دادپەروەریەى كەزەمەنێكە بەرۆكى ئەو شارەو گشت شاروشارۆچكەكانى هەرێمى گرتوە, خەڵكى بوێرى سلێمانى خۆپیشاندانێك ساز دەكەن و دواجار ئاڕاستەى خۆپیشاندانەكە بە بەردبارانكردنى بینای لقى چوارى پارتى دەشكێتەوە و لەبەرامبەریشدا چەكدارەكانى ئەو حیزبە شەمشەمەكوێرە ئاسا وەك كارى هەمیشەیان بەفیشەك وەڵامى خۆپیشاندەران دەدەنەوەو لەئەنجامدا گەنجێكى تەمەن 14 ساڵ شەهید دەبێت و زیاتر لە(50)كەسیدیكەش بریندار دەبێت.
ئێمە لێرەدا باس لەهەردوو بەیاننامە هەڕەشە ئامێزەكەى مەكتەبى سیسى پارتى و سەرۆكەكەى ناكەین كەبەناوى سەرۆكى هەرێمەوە بڵاوكرایەوە و لەبرى ئاڕاستەكردنى پرسەوسەرەخۆشى خۆى بۆ بنەماڵەى شەهیدكردنى لاوێكى14ساڵ كەڕۆڵەى ئەو هەرێمەیە كە بارزانى خۆى بەباوك وسەرۆكى دەزانێت, وەلێ بەپێچەوانەوە بارزانى زۆربەڕونى لەبەرامبەر ڕژانى ئەو خوێنەدا كەهەموى خوێنى خەڵكى هەژارو ڕەشوڕوتە و پەنجەیەكى چەكدارەكانى حیزبەكەى خوێنى لێنەهاتوە ,كەچى هێشتا بارزانى هەڕەشەدەكات و دەڵێت:(بەتوندى ڕوبەڕوى هەرهەڕەشەیەك دەبینەوە!).
ئێمە لێرەدا باس لەمەوقیف و مەنتقى ئەو لایەن و سەركردانە دەكەین كەهەمیشە خۆیان بەسەركردەى ڕاستەقینەى بەرەى گەل و چینە هەژارو بێ پشتوپەناكەى كۆمەڵگا وێناكردوە, چونكە بەڕاستى ئەوەى لە ڕوداوەكەى ئێوارەى (17/شوبات)دا جێگاى سەرسوڕمان و جێگەى برینداركردنى ناخى هەموو مرۆڤێكى بەویژدان بوو, ئەو پشتكردنە سیاسیەى سەركردەكانى هەرێمێك بوو لەو خەڵكە ڕەشو ڕوتەى كە بەردبارانى بیناى هێزێكیان كرد كە دەستیان بەسەر قوتى كۆمەڵگایەكدا گرتوەو خەریكە شوناسى كەسێتى مرۆڤەكانیشى زەوت دەكات! ئەو هەرێمەى كەلێوان لێوە لەگەندەڵى و نابەرابەرى, ئەو هەرێمەى گشت سەركردەكانى بە سەركردە حاكمەكانیشەوە بەسەدانجار باسى گەندەڵى و نەبونى عەدالەتى سیسى و ئیشتیماعیان تێدا كردوە.
بەڕاستى دیمەنێكى جەرگ بڕبوو! هێشتا لەمێدیاكانەوە دەنگى تەقەو ڕژانى خوێنى ڕێژوانەكان ناخیان دەكوڵاندین, نەوشیروان مستەفا سەرۆكى بزوتنەوەی گۆڕان كەخۆى بەپەیامبەرو هەوێنى عەدالەت و دادپەروەرى نیشان دەدا, كەچى لەپێش هەر سەركردەیەكى ئەم هەرێمەوە پێمان دەڵێت: ئێمە پشتگیرى لەهێزە ئەمنیەكان دەكەین و وەها نیشان دەدات كە خۆى و بزوتنەوەكەى دژى ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریە بوە!, وەك ئەوەى بڵێیت هەمیشە چۆن لەزارى بەرپرسانى پارتى و یەكێتیەوە لەڕابردوودا گوێبیستى ئەو ڕستە سواوە بوین كەدەڵێن:(هێزێكى دەرەكى و وڵاتانى دراوسێ دەستى لەپشتەوەى خۆپیشاندانەكەدا هەبوە), ئەم خۆپیشاندانەش وەك بڵێیت دەستى دەرەكى لەپشتبوە ئاوا نەوشیروان مستەفا بەتەوسەوە پشتگیرى خۆیان بۆ هێزە ئەمنیەكان دوپات دەكاتەوە!.
كەچى لەوئێوارە دژوارەدا كەهێشتا وتەكانى نەوشیروان لەناخماندا دەزرینگایەوە و هەموانى توشى شۆك كردبو, هەردواى چەند خولەكێك هەواڵى سوتان و تاڵانكردنى بارەگاكانى گۆڕانمان لەدهۆك و هەولێرو سۆران بیست!, ئینجا ئەم بزوتنەوە شەرمنە پەشیمان دەبێتەوە و وتەكانى سەرۆكەكەى لەمێدیاكانى خۆیدا ڕادەگرێت!.
نەوشیروان مستەفا جگەلەوەى كەنەیتوانى تینویەتى ئەوهێزە لەڕژانى خوێنى ڕێژوانەكان بشكێنێت كەلەهەڵبژاردنێكدا بەتەوسەوە و بەهاواركردن بەدەم وتافى (ئەیگۆڕین...ئەیگۆڕین) بەرەو سندوقەكانى دەنگدان بەڕێكەوتن و(25)پاڵێوراوى ئەو بزوتنەیان ناردە هۆڵە ڕەق وتەقەكەى پەڕلەمانەوە , ئەوپەڕلەمان و حكومەتەى كەهەفتەیەك بەرلەئێستا هەرهەمان بزوتنەوە لەڕێگەى بەیاننامەیەكەوە داواى هەڵوەشاندنەوەى دەكات و پێیوایە شەرعیەتیان نەماوە و هاوكات هانى گەنجان دەدات بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرەو گۆڕینى دەسەڵاتێكى خێلەكى و بنەماڵەى بۆدەسەڵاتێكى دیموكراسى و سیستەماتیك!, وەلێ بەداخەوە لەوئێوارە خوێناویەى سلێمانیشدا كەبەگوللەى چەكدارەكانى پارتى شار سور هەڵگەڕا نەوشیروان مستەفا شانبەشانى سەرۆكى ئەو حیزبەى كە بەر غەزەبى بەردبارانى جەماوەر كەوت بەهەمان لوغزى دەسەڵات هەڵوێستى خۆى و بزوتنەوەكەیمان نیشان دەدات!.
ئێوارەى(17/شوبات) ئێوارەیەكى زۆر تراژیدیابوو, هەموو مرۆڤێكى بەویژدان هەستى بەوەدەكرد بەرەى ڕەشو ڕوتى گەل بێپشتوپەناترین بەرەیە, هەموو ئەو خەڵكە ڕەشوڕوتەى بەفیشەك وەڵامدرایەوە, دواجار پەیامێكى ستەمكارى و بەرژەوەندخوازى و دیماگۆجیشیان لەلایەن گشت هێزە سیاسیەكانەوە ئاڕاستەكرا, بەجۆرێك كە بەرژەوەندى ئێمە تائەو ڕادەیە لەگەڵ ئێوەدایە كەزیان بە بەرژەوەندیەكانى خۆمان نەگات, ئاراستەى هەموو هێز و لایەنەكان بەحیزبە ئیسلامیەكانیشەوە پشتیان لەو بەرەیەكردو ڕویان لەدەسەڵات كرد, بەرەیەك كەبەرەى ڕەشو ڕوتى گەلبو, نەك (گێرەشێوێن!), لەڕاستیا گێرەشێوێن بەرەى گەل نیە, بەڵكو هێزە ستەمكارو دیكتاتۆرەكانى نمونەى بن(على و موبارەك)ەكانن لەناوچەكەدا, باشەخۆ بەرەى گەلى تونس ومیسریش بەگێرە شێوێن ناودەبران لەلایەن دەسەڵاتەكانى بن على و موبارەكەوە, بەلام دواجار بینیمان بەرەى گەل ئەو هێزەبوو كەبە ئیرادەیەكى پۆڵاینەوە دەسەڵاتە دیكتاتۆریەكەى بن على و موبارەكیان ڕوخاند.
ئەرێ نەوشیروان مستەفا بۆوایكرد؟! ئەمە ئەو پرسیارە جەوهەریەیە كەماخۆلانیەتى لە ئایدیاى هەموو تاكێكى ئەوهەرێمەدا بەلایەنگرو بەرەى ئۆپۆزسیۆنیشەوە, ئایا نەوشیروان مستەفاو لێدوانى بەرپرسانى باڵاى بزوتنەوەكەى چیمان پێدەڵێن؟ ئەمە دۆڕانێكى كاریزمى نیە لەبەرەى جەماوەردا؟ یان ئەو سیاسەتە هەڵەیەبوو كەهەردەم سیاسیە دەسەڵاتدارەكان كردویانەو دواجار بەسیاسەتێكى حەكیمانەش بەخەڵكى فرۆشراوەتەوە!, دواجار ئەم هەڵوێستەى نەوشیروان هیچ جیاوازیەكى نەبوو لەگەڵ هەڵوێستى سەركردەكانى دیكەى ئەو هەرێمەو بەهەمان نەفەس خوێندنەوەى بۆدەكرێت!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست