هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر نوسینه‌که‌ی هێمن حسێن ده‌رباره‌ی ناسری ره‌زازی.
Tuesday, 27/07/2010, 12:00
پێش چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له مالپه‌ری کوردستان پۆست بابه‌تێکم به‌رچاو که‌وت به ناوی (ناسری ره‌زازی بانێکه‌و دووسه‌د هه‌وا) نوسه‌ره‌که‌ی سه‌ردار کانیساردییه. بۆ کاک سه‌ردار هیچم نیه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا راده‌یه‌ک ناسری ره‌زازی ناسیوه، به‌ڵێم له مالپه‌ری کوردستان نێت بابه‌تێکی دیکه‌م به‌رچاو که‌وت به ناوی (بریا ناسری ره‌زازی ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بمردایه) که نوسه‌ره‌که‌ی هێمن حسێنه، نه‌نا‌سینی که‌سایه‌تی ناسر لای ئه‌و نوسه‌ره به‌رێزه وایلێکردم وه‌ڵێمێکی کورتی بده‌مه‌وه‌و، چونکه پێموایه نه‌ک کاک هێمن، به‌ڵکو هه‌ندێک خه‌ڵک به‌باشی ناسری ره‌زازی ناناسن، سه‌ره‌تاش به کاک هێمن ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر مرۆڤ خاوه‌نی پایه به‌رزی و به‌رخودان بێت، ده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خۆی نادۆرێنێت وه‌ک به‌رێزتان نوسیوتانه، چونکه ئه‌گه‌ر مرۆڤ له مه‌عده‌نێکی ئاڵتون یان زیوو بێت هه‌رگیز ژه‌نگ هه‌ڵناهێنێت به‌ڵکو ساڵ به‌ساڵ جوانتر ده‌بێت، به‌رێزه‌که‌م ئه‌وه ناسری ره‌زازی نیه که گۆراوه‌و وێردی سه‌ر زمانی (پوڵ پوڵه) هه‌روه‌ک به‌رێزت نوسیوته، به‌ڵکو ئه‌وه به‌رێزتانن که به باشی ناسرتان نه‌ناسیوه، تکایه ئه‌گه‌ر هاورێ و دۆستت هه‌یه له ئه‌وروپا یان وڵاتی سوید بۆ پرسیاریان لێناکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه شایه‌تحاڵی ئه‌م قسانه‌ی من، که ئه‌و ده‌مه‌ش و ئێسته‌شی له‌سه‌ر بێت کاک ناسر هه‌ر پوڵ پوڵی بووه، به‌رێزت نوسیوته که ناسر (زۆر بچوک ده‌هاته پێش چاو)، له‌و به‌رنامه‌یه‌ی کۆره‌ک تیڤی، که دووی حه‌سه‌ن ره‌سوڵ که‌وتبوو، براکه‌م ئه‌تۆ نه‌تبیستووه (مه‌نجه‌ڵ بۆ سه‌ر قاپی ده‌گه‌رێت) یان (ته‌یری گول عاشق به داری ژه‌قنه‌بوته)، پاشان ده‌ڵێیت کاک ناسر له چه‌ند بڵاوکراوه‌یه‌کی ڤیدیۆیدا به‌شوێن برایم تاتله‌سدا غاردانێی بووه، منیش پێت ده‌ڵێم: کاکه هێمن زۆر به هێمنی هێمنت ده‌که‌مه‌وه‌و پێتراده‌گه‌یه‌نم که ناسری ره‌زازی هه‌ر ئه‌وه‌یه که تۆ بینیوته له‌و ڤیدیۆیانه‌دا جا ئه‌گه‌ر تۆ به خه‌یاڵی خۆت مه‌زنت کردووه، تکات لێده‌که‌م، له‌به‌ر مه‌زنی خودا، له ئێمه‌ی مه‌زن مه‌که، ته‌نانه‌ت په‌نات بۆ ئه‌وه بردووه که ئاواتت ده‌خواست (ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بمردایه). کاکه هێمن تکایه‌کی برایانه‌ت لێده‌که‌م نه ئاوات بخوازه به مردنی که‌س، نه که‌سیش له خۆرا بکه به مه‌زن لێمان.
پاشان کاکه هێمن چه‌ند پرسیارێکت ئاراسته ده‌که‌م.
1- ئایا برایم تاتله‌س که نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی تورکیای داگیرکه‌ره، ده‌بێت هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کورد وه‌ک تۆ ناوت لێناوه، ده‌بێت به‌و بچوکیه‌وه، راکات به ده‌م نوێنه‌ری داگیرکه‌ری وڵاته‌که‌یه‌وه.؟
2-ئایا ئه‌وه ئیشی هونه‌رمه‌نده ببێ به زورناژه‌نی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتێکیش که هه‌مومان ده‌زانین چۆن ده‌سه‌ڵاتێکه، پر به گه‌رووی هاوار بکات تکایه ده‌نگ بده‌ن به فڵانه لیستی ده‌سه‌ڵات. ئایا به‌مه ده‌ڵێن هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌و مه‌زن.؟
3-له کاتێکدا به ده‌یان هه‌زار گه‌نجی ئه‌م وڵاته کرێچی و بێ‌ماڵ و حاڵن، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندی مه‌زن و نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک کاک ناسری ره‌زازی له خۆشترین شوێنی ئه‌م وڵاته‌دا خاوه‌نی 2دانه کۆشکی مه‌زن بێت و باشترین ژیان له ئۆتۆمبێل و پاسه‌وان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که ئه‌و حه‌زی لێیانه له خزمه‌ت مه‌زنایه‌تی ئه‌ودا بن، ئایه ئه‌وه‌یه مه‌زنایه‌تی و هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه، ده‌ی خوایه قه‌ت هونه‌رمه‌ندی کورد وه‌ک ئه‌و کاک ناسره مه‌زن نه‌که‌یت.
له کۆتایدا به کاک هێمن و خوێنه‌ران ده‌ڵێم، ئه‌وه کاک ناسر نیه که گۆراوه، به‌ڵکو ئه‌وه ده‌نگێتی گۆراوه، سیدیه‌که‌ی ئه‌م ئه‌خیره شایه‌تی ئه‌م وته‌یه‌ی منه، هه‌روه‌ها هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ کاکه هێمن و ته‌مه‌ن درێژیش بۆ ناسری ره‌زازی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست