کلتوری‌ رك‌ و كینه‌.. كلتوری‌ جنێو.. كتلوری‌ بێمتمانه‌یی‌، زاده‌ی‌ چ سه‌رده‌مێكن؟

Wednesday, 13/02/2013, 12:00



قێزه‌ونترین دیارده‌یه‌ك كه‌ ئێستا به‌رۆكی‌ به‌به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كایه‌كانی‌ ژیان له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا گرتووه‌، كلتوری‌ جنێودان‌و یه‌كتر بوغزاندنه‌.
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا ئه‌م كلتوره‌ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ زه‌قی‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ هه‌ر تاكێكی‌ ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌ داناوه‌، زیاتر له‌وه‌ش بووه‌ته‌ به‌شێكی‌ دانه‌بڕاو له‌ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ خه‌ڵك، به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌و راستییه‌ له‌به‌رچاو بێت كه‌بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌م كلتوره‌و هاندانی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌و بگره‌ دروستكردنی‌ له‌ناو ناخی‌ هه‌رتاكێكدا، مێژووه‌كه‌ی‌ نوێ‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ‌ شه‌ق بوونی‌ ریزه‌كانی‌ شۆڕشی‌ كوردی‌ له‌شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌و تا ئه‌م ساته‌ش كه‌ ئێمه‌ تێیدا ده‌ژین، به‌چڕی‌ به‌رده‌وامه‌.
كه‌واته‌، دروستكه‌ری‌ ئه‌م كلتوره‌، چ كلتوری‌ رك‌و كین، چ كلتوری‌ جنێودان‌و ته‌شهیركردن به‌یه‌كتری‌، داهێنه‌ره‌كه‌ی‌ حزبن، حزب له‌بری‌ ئاڕاسته‌كردنی‌ تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌زانیاری‌ راست‌و دروست‌و مه‌نتیقی‌، هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دا بووه‌ به‌جنێوو ناوزڕاندن‌و دروستكردنی‌ رك‌و كین لای‌ تاكه‌كان، تۆڵه‌ له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ بكاته‌وه‌.
ئه‌م كلتوره‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وه‌ده‌كان‌و له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، گه‌یشته‌ لوتكه‌، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ئاستێك ئه‌م كلتوری‌ جنێودانه‌یان بره‌و پێدا، كه‌ ته‌نانه‌ت گه‌یشته‌ مانشێتی‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانیان‌و سه‌ردێڕی‌ هه‌واڵی‌ رادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌كانیان، به‌شێوه‌یه‌ك كلتوری‌ جنێودان‌و ته‌شهیركردن به‌یه‌كتری‌‌و شكاندن‌و رووشاندنی‌ ناوو كه‌سایه‌تی‌ به‌رامبه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبه‌كه‌وه‌، بووه‌ نه‌ریتێك، كه‌ ئه‌گه‌ر شه‌وێك رادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌كانیان شتێكی‌ وای‌ تێدا نه‌بووایه‌، رۆژێك رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانیان وتارێكی‌ له‌و جۆره‌ی‌ تێدا نه‌بووایه‌، ئه‌وا بینه‌ریان تووشی‌ سه‌رسوڕمان ده‌كرد.
كه‌واته‌، ئه‌وه‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و بێلایه‌ن نییه‌ كه‌بره‌وی‌ به‌كلتوری‌ رك‌و كین‌و جنێودان دابێت، ئه‌وه‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و بێلایه‌ن نییه‌ كه‌ كلتوری‌ بێمتمانه‌یی‌ به‌یه‌كتری‌ دروست كردبێت، ئه‌وه‌ میدیای‌ حزبی‌ بوو كه‌ ئه‌و ئاوه‌ی‌ رشت‌و ئێستا خۆی‌ لێ هه‌ڵاوێرد ده‌كات. ئه‌وه‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و بێلایه‌ن نییه‌ كه‌ كلتوری‌ رك‌و كینی‌ دروست كردبێت، ئه‌وه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بوون كه‌ جیلێكیان له‌سه‌ر ئه‌و كلتوره‌ په‌روه‌رده‌كردو گوێیان به‌په‌روه‌رده‌یه‌ك كردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵمانه‌و پشتگیریمان ده‌كات، نیشتمانپه‌روه‌ره‌و ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر جاشه‌.. پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ش، له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی‌ كادیرو ئه‌ندام‌و لایه‌نگرو هه‌وادارانیان به‌م كلتوری‌ رك‌و كین‌و دڵڕه‌شییه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك به‌رده‌وامن، ئه‌وه‌ی‌ ره‌خنه‌مان لێده‌گرێت، دژی‌ ئه‌زموونی‌ هه‌رێمه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌رمانه‌ جاشه‌، ئه‌و پشتگیریمان ناكات مافی‌ ژیان، دامه‌زراندن، نیشته‌جێبوون، خوێندن‌و هتدی‌ نییه‌، نموونه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ زۆرو زه‌وه‌ندن.
ئه‌م كلتوری‌ رك‌و كین‌و جنێودان‌و یه‌كتر بوغزاندنه‌، كه‌ له‌نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌، راگه‌یاندن‌و رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ جیلێكیان پێ‌ په‌روه‌رده‌كرد، ئێستا به‌شێك هه‌مان جیل، به‌ئیستغلالكردنی‌ كه‌ش‌وهه‌وای‌ ئازادی‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و بێلایه‌ن، رووبه‌ڕووی‌ خۆیانی‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و رك‌و كینه‌ی‌ هه‌ریه‌كێك له‌و حزبانه‌، ئه‌ندام‌و لایه‌نگرو هه‌واداری‌ خۆی‌، له‌دژی‌ ئه‌وی‌ دی‌ پێ‌ په‌روه‌رده‌كرد، ئێستا بووه‌ته‌ رك‌و كین به‌رامبه‌ر خۆی‌، كه‌واته‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و بێلایه‌ن، له‌م كێشه‌یه‌دا چییه‌؟ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و میدیایه‌ش بووه‌ته‌ قوربانی‌ ئه‌و سیاسه‌ت‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی‌ كه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانی‌ خۆیان پێ‌ په‌روه‌رده‌ كردووه‌.
روو قایمی‌ هه‌ندێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، كه‌ سه‌رمه‌شق‌و كێبڕكێكه‌ری‌ جنێودان‌و ته‌شهیركردن‌و داته‌كاندنی‌ رك‌و كین بوون به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتری‌، خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌كی‌ تر به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌وه‌، ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ رۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ وتارو داڕشتنی‌ هه‌واڵ‌‌و قسه‌كردنیان له‌رادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، به‌جیلێكیان ده‌گوت، (جنێوده‌ده‌یت به‌حزبی‌ به‌رامبه‌ر ئازایت، جنێو ناده‌یت ترسنۆكیت)، ئێستا شه‌وانه‌ له‌سه‌ر شاشه‌كانی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی‌ هه‌ردوو حزبه‌وه‌ ده‌یانبینین، ئامۆژگاری‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و بێلایه‌ن ده‌كه‌ن‌و فێری‌ ئه‌خلاق‌و ئیتیكی‌ رۆژنامه‌نووسی‌‌و چۆنیه‌تی‌ رێگریكردن له‌جنێودانیان ده‌كه‌ن.
ئه‌وانه‌ی‌ كلتوری‌ جنێودان، رك‌و كین، بێمتمانه‌یی‌ له‌كوردستاندا دروست كردو بانگه‌شه‌ی‌ بۆ كردو بره‌وی‌ پێدا، ئه‌وانه‌ به‌رپرسن له‌هه‌موو ئه‌و جنێوو ته‌شهیرو بێمتمانه‌ییه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌نێو جیلێكدا هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن‌و میدیاو ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌خه‌ڵكیش گیرۆده‌بوون به‌ده‌ستییه‌وه‌، ده‌بێ‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ چۆن پلانیان هه‌بووه‌ بۆ دروستكردنی‌ ئه‌و كلتورانه‌، ئاواش پلانیان هه‌بێت بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و جومگانه‌ی‌ له‌شوێنی‌ خۆیان ترازاون، چونكه‌، دوای چه‌ندین ساڵ‌ له‌شه‌ڕی‌ ناوخۆ، دوای‌ رێككه‌وتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو حزبه‌كه‌، به‌ڵام هێشتا كلتوره‌كه‌ له‌نێو ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانیاندا له‌بره‌و سه‌ندندایه‌و دواجاریش میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و بێلایه‌ن ده‌بێ‌ باجه‌كه‌ی‌ بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە