کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاژاوه‌گێڕ و هێرشی سه‌ر باره‌گاكان

Friday, 29/04/2011, 12:00






له‌ هه‌موو جیهاندا كاتێك خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌درێت به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر باره‌گا و دامه‌زراوه‌كان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ تایبه‌تی قسه‌ بكرێت له‌ باره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌،ئه‌وا كه‌متر باره‌گای حكومی بوونه‌ته‌ ئامانج، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و باره‌گایه‌ به‌شێك بووبێت له‌ ئه‌منی عامه‌ و هه‌موو ئه‌و ده‌زگایه‌نی ساڵه‌های ساڵه‌ها خه‌ڵكیان چه‌وساندووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی دی هه‌موو باره‌گای حیزبی بوون،به‌ تایبه‌ت حیزبه‌ ده‌سه‌ڵات داره‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش بابه‌تی ئه‌مڕۆیه‌. به‌ هیچ جۆرێك جێگه‌ قبوڵ نییه‌ باره‌گایه‌كی حیزبی خاوه‌نی چه‌ك بێت و بێ باكانه‌ له‌ دژی هه‌ر جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌كاری بهێنێت چونكه‌ ئه‌وه‌ كاری پۆلیس و ئاسایشه‌،نه‌ك چه‌كداره‌كانی حیزب. پۆلیس و ئاسایشیش ناكرێت ده‌ست كراوه‌ بن له‌ به‌كار هێنانی هێزدا. سیاسه‌تی به‌رد به‌ فیشه‌كیش نه‌ پاڵپشتێكی یاسایی هه‌یه‌ و نه‌ پاڵپشتێكی ئه‌خلاقی با ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رد وه‌شێنانه‌ش بێ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی كۆببنه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌رببڕن.


با ئه‌وه‌ش له‌ یاد نه‌كرێت كه‌ به‌ پێی یاسای خۆپیشاندان،هه‌ر جۆره‌ ڕووداوێكی نه‌خواسترا و ڕوو بدات ئه‌وا ته‌نها و ته‌نها پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان به‌رپرسیاره‌ له‌ كۆنتڕۆڵ كردنی بارودۆخه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ نه‌ شیش بسوتێت وه‌ نه‌ كه‌باب،ئه‌مه‌ به‌ پێی یاسای خۆپیشاندان كه‌ تا ئێستا یه‌ك بڕگه‌ی لێ جێ به‌ جێ كراوه‌ ئه‌ویش بڕگه‌ی مۆڵه‌ت پێ دانه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان و به‌رپرسانی ئیدارییه‌وه‌ به‌كار هاتووه‌ بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ ئه‌نجام دانی هه‌ر جۆره‌ گردبوونه‌وه‌یه‌ك،هه‌ڵبه‌ت دووجار ڕێگه‌یان به‌ خۆپیشاندان دا ئه‌ویش له‌ 17 ی شوباتی خوێناوی كه‌ شه‌هید و برینداری لێ كه‌وته‌وه‌ وه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی كه‌لار كه‌ برینداری لێ كه‌وته‌وه‌ جگه‌ له‌ هێنانی هێزێكی زۆر بۆ ناوچه‌كه‌. جگه‌ له‌و یاسایه‌،تێگه‌یشتنێكی تر هه‌یه‌ بۆ ڕێكخستنی خۆپیشانده‌كان ئه‌ویش له‌ باری نا ئاساییدا سه‌باره‌ت به‌ هێنانی هێزی چه‌كدار له‌ به‌ر كه‌می ژماره‌ی پۆلیسه‌كانی چالاكی مه‌ده‌نی. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌و باره‌شدا ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ یاد نه‌كرێت كه‌ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌ بیر نه‌كرێت،واته‌ خۆپیشاندان. ده‌بێت ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ش به‌ پێی یاسای خۆپیشاندان كار بكات و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توند و تیژی به‌كار نه‌هێنێت،چونكه‌ شه‌هید و بریندار كردنی خۆپیشانده‌ران به‌ هیچ پاساوێك جێگه‌ی قبوڵ نییه‌.
جۆرێكی تر له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گا و دامه‌زراوه‌كان بریتییه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گای كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و باره‌گاكانی پارته‌ ئۆپۆزۆسیۆنه‌كان كه‌ پێ ده‌چێت ته‌نها له‌ كوردستان ڕوو بدات،خۆ ئه‌گه‌ر له‌ شوێنانی تریش هه‌بێت،ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان پێشبڕكێ له‌ سه‌ر پله‌ی یه‌كه‌می ده‌كات. له‌ ساڵی 2005 و له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێڕاقدا،له‌ كاتێكدا كه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ لیستێكی جیا له‌ هاوپه‌یمانی كوردستان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كرد،كۆمه‌ڵێك له‌ لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌لاماری مه‌ڵبه‌ندی 3 ی دهۆكیان دا،ئه‌و كه‌سه‌ چه‌كدارانه‌ی كه‌ ئه‌ركی پاراستنی باره‌گاكه‌یان پێ سپێردرابوو،به‌ پێچه‌وانه‌ی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان،ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سه‌ بده‌نه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌،به‌ڵكو ئه‌وه‌ په‌لامارده‌ره‌كان بوون كه‌ توند و تیژییان به‌كار هێنا و بوویه‌ هۆی شه‌هید و برێندار بوونی كادیره‌كانی ئه‌و پارته‌ سیاسییه‌. ئه‌و كات پارتی دیموكراتی كوردستان هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌ كه‌مته‌رخه‌م له‌ قه‌ڵه‌م نه‌دا و هێزی زێره‌ڤانیشی بۆ پارێزگاری به‌ڕێ نه‌كرد! دواجاریش ته‌نانه‌ت به‌ بكوژه‌كانیشی نه‌گوت ئاژاوه‌گێڕ و ڕاده‌ستی دادگاش نه‌كران؟! سوتاندنی ته‌له‌فزیۆنی نالیا له‌ دوای چه‌ند كاتژمێر په‌خش و هێرش كردنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی گۆڕان له‌ دهۆك و سۆران و هه‌ولێر،وه‌ ڕادیۆی ده‌نگی گه‌رمیان و گه‌مارۆدانی كه‌ناڵی په‌یام و ته‌قه‌ كردن له‌ ڕادیۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی نمونه‌ی زیندوون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات ڕاسته‌وخۆ یان نا ڕاسته‌وخۆ له‌ پشت ئه‌و زنجیره‌ په‌لامار دانه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی كوردی به‌ خۆیه‌وه‌ جه‌نجاڵ كردووه‌ و ترس و دڵ ڕاوكێی به‌سه‌ر یه‌ك به‌ یه‌كی خه‌ڵكی كوردستاندا به‌خشیوه‌ته‌وه‌،خۆ ئه‌گه‌ر به‌شداریش نه‌بووبێت ئه‌وا پاراستنی هه‌موو ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ له‌ ئۆباڵی حكه‌مه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م.


له‌ 17 ی شوباتتدا ئه‌و وه‌دیار كه‌وت كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك یاسای خۆپیشاندان جێ به‌ جێ نه‌كراوه‌ و هێزه‌كانی ناوخۆش خاوه‌ن به‌رنامه‌ی تۆكمه‌ نه‌بوون بۆ پاراستنی خۆپیشانده‌ران به‌ پله‌ی یه‌ك و باره‌گاكان به‌ پله‌ی دووه‌م. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌كه‌ و بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ ڕابردوو،واته‌ ئه‌گه‌ر شه‌ن و كه‌وی چركه‌ به‌ چركه‌ی ئه‌و ساتانه‌ بكه‌ین،ئه‌وا دیسان شه‌هید ڕێژوان گیانی وه‌ به‌ردا ناكرێته‌وه‌،ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ته‌ ڕابردوو و له‌ ئێستادا ده‌توانرێت كاری له‌ سه‌ر بكرێت بریتییه‌ له‌ ڕاده‌ست كردنی تۆمه‌تباران و دادگایی كردنیان. تۆمه‌تبارانیش ته‌نها چه‌ك به‌ ده‌سته‌كانی به‌رده‌م و سه‌ربانی بینایه‌ی لقی چوار نه‌بوون و نین،به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌ یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌ها فه‌رمانێكیان ده‌ركردووه‌ كه‌ به‌ ده‌ر له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌و پارته‌ وه‌زیری ناوخۆش ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حیمایه‌ی باره‌گاكان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ن،خۆ ئه‌گه‌ر نا،ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بن ئه‌وا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌یه‌. بۆیه‌ ناكرێت و نابێت ته‌نها داوای دادگایی كردنی به‌رپرسانی لقی چوار بكرێت،به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شداربوون جا چ چه‌ك و گولل و كوته‌ك بووبێت وه‌ یاخود به‌ ته‌له‌فۆنێكی ساده‌ كه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌ مه‌رگی ناوه‌ختی خۆپیشانده‌رێك داوه‌ و ده‌دات.


له‌مه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دوو جۆر له‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر باره‌گا و دامه‌زراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی هه‌ن،كه‌ جۆری یه‌كه‌می له‌ ته‌واوی جیهاندا به‌ر بڵاوه‌ و جێگه‌ی ترس و دڵه‌ ڕاوكێ نییه‌ چونكه‌ جگه‌ له‌م حاڵه‌ته‌ی كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا ڕوویدا ،پێشتریش خۆپیشاندانی تر ئه‌نجام دراون و ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماندووه‌ كه‌ خۆپیشانده‌ر ئاژاوه‌گێڕ نه‌بوه‌ و نییه‌ به‌ڵكو ناچار كراوه‌ به‌رگری له‌ خۆی بكات. بۆ نمونه‌ له‌ كاتی خۆپیشاندانی خوێندكاران له‌ دژی سیسته‌می نوێی خوێندن هێرش كرایه‌ سه‌ر بینای په‌روه‌رده‌ له‌ سلێمانی به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌كی زیندووی تیا به‌كار نه‌هات،هیچ ڕووداوێكی نه‌خواستراوی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌. پێشتریش له‌ كاتی خۆپیشادانی جه‌ماوه‌ر له‌ دژی تیرۆر كردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان و له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كانی دژ به‌ یاسای خۆپیشاندان گردبه‌ه‌نه‌وه‌ی له‌ ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ر ئه‌نجام دران به‌ڵام چونكه‌ هیچ جۆره‌ چه‌كێكی زیندوو وه‌ یاخود هێز به‌كار نه‌هێنرا دیسان نه‌بووه‌ هۆی ڕووداوی نه‌خواستراو. كورت و كورمانجی ئه‌گه‌ر هێز دژی خۆپیشادنه‌ران و گردبوونه‌وه‌كان به‌كار نه‌هێنران ئه‌وا توند و تیژی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕوو نادات. به‌ڵام له‌ جۆری دووه‌میاندا ته‌نها له‌ كوردستاندا به‌ر بڵاوه‌ و ئۆباڵی وه‌ ها دیارده‌یه‌كیش له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدایه‌ نه‌ك خۆپیشانده‌ران،چونكه‌ له‌ كاتی خۆپیشانداندا ڕوو ناده‌ن به‌ڵكو له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ خاوه‌ن بیر و باوه‌ڕ و به‌رنامه‌یه‌ك نین،ته‌نها مه‌به‌ستیشیان بێ ده‌نگ كردن و ترساندنه‌. به‌و پێیه‌ ده‌چێته‌ بواری تاوانی ڕیكخراو (organized crime) كه‌ جێگه‌ی سه‌رنج و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ وه‌ له‌ زۆر باریشدا مه‌ترسیدار و كاره‌سات باره‌.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە