کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێ ئاو دەگرێتە نەوشیروان و عەلی باپیر و محەمەد فەرەج!

Wednesday, 17/07/2013, 12:00





ڕەنگە هەرێمی کوردستان، بەم تایبەتمەندێتیەى ئێستایەوە، ناوازەترین نمونە بێت لە جیهاندا. ئەکرێت ئەمەش دەرفەتێک بێت بۆ حکومەت کە هەمیشە ویستویەتی، جا بە هەر ڕێگایەک بێت، خۆی بکات بەناو کتێبی گینسدا، ئەمەش گەر بێتو لە گرنگی ئەم تۆمارە نوێیە بگەن؛ حکومەتێک کە سەرۆکەکەى ناتوانێت یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێک بگۆڕێت تا بتوانێت سەرۆکی هەمیشەیی بێت، سەرئەنجام بێ سەرئێشە، دوو ساڵ دوو ساڵ دەتوانێت سەرۆکایەتی هەرێم تازە بکاتەوە. ئۆپۆزسیۆنیش کە زیکر و فیکری دژی کاندیدکردنی سەرۆک بوو بۆ جاری سێیەم، هیچ لاری نیە، هیچ نا بۆ ئەم جارە، دوو ساڵی تر سەرۆکایەتی بکات، بەس تەنها ئەگەر سەرۆک میهرەبانی بنوێنێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بخاتە بەرنامەى کارەوە!
نوسەرێک جوانی بۆ چووبوو لەبابەت درێژکردنەوەی ماوەى سەرۆکایەتی بارزانی، ئەو دەڵێت "لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییت لێ دەکەم و دڵنیام جەنابت بریارێکی راستت داوە لە شوێن و لە کاتی گونجاودا و لە ولاتێکدا ئەم بریارەت داوە کە دەزانیت قبول دەکرێت".
 ئێستا کاتی خۆی هاتووە، ئەو قسە بە جۆرێک دابڕێژرێتەوە کە ئۆپۆزسیۆنیش بەشدار بێت لە ڕێزی ئەو کەسانەى نوسەر پیرۆزباییان لێدەکات، چونکە ئەوانیش لە وڵاتێکدا ئەو بڕیارەیان داوە کە، وەک نوسەر دەڵێت " بگرە نەک قبول دەکرێت ، <بەڵکو دڵنیاشن> کە بە دەیان هەزار هاوڵاتی و خەلکانی بە ناو نوخبە هەن کە هەر لە ئەمشەوەوە پاساو دەهێننەوە بۆ حیکمەتی ئەم بریارەی <ئۆپۆزسیۆن>".
ئەو خەڵکەى کە سنگیان بە گوللـەى دەسەڵاتەوە نا، هەر زوو قبوڵیان کرد کەسانێک، هەڵبەت کاتێک ئاسمان ساماڵ بوو، لە ڕیزیاندا بوەستن و تەختەى شانۆ بگرنە دەست، هەرچەندە چەند ڕۆژ لەوەو پێش جوانترین وشەیان بۆ ئەو خەڵکە "ئاژاوەگێڕ" بوو. یان هەر ئەو خەڵکە ئامادەبوون دەنگی خۆیان بە پارتێک بدەن کە ئەندام بە کوشت دەدات و پارەى خوێنەکەى دەکاتە باڵەخانەى نوێ تا شوێنەواری ستەمکاری پارتی لەو شارە بسڕێتەوە.
ئێستاش ئۆپۆزسیۆن جوان لە جەماوەرى خۆی گەیشتووە، دەزانێت گەر هەرچەندە خەڵک بۆ چەند ڕۆژێکیش لێیان زویر بێت، ئەوا هەر خوێن و دەنگیان لە سندوقی گیرفانی دەنگی ئەمان تێناپەڕێت. وەک پاشایەک، کە بەشێکی زۆری جیهانی بەدەستەوە بوو بوو، لە گفتوگۆی لەگەڵ پەڵە هەورێکدا وتبووی "بۆ کوێ دەڕۆیت، لەهەر شوێنێک بکەیتە باران، هەر بەرهەمەک دێتە خەزێنەى منەوە". ئێستاش دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، باش دەزانن، خەڵک لەهەرکوێ خوێن و دەنگیان، یان ناڕەزایەتیان خاڵی بکەنەوە، ئەوا بەرهەمەکەى لە خەزێنەى ئەم دووانە دەرناچێت.
زۆرن ئەوانەى پۆست و نوسین و قسەیان ئاسان دێتە سەرباسی سەرۆکی ماوە بەسەر چوو، بەڵام ئاخۆ ئەو خەڵکە هێندە هۆشیارن تا بتوانن خۆیان لەکۆتوبەندی ئۆپۆزسیۆن ڕزگار بکەن و بڵێن: ئۆپۆزسیۆنی ماوە بەسەر چوو؟!
ئەى ئەو ئەندام پەرلەمانانەى کە دەنگی خۆیان لە هۆڵی پەرلەمان هەڵبڕی، ئایا دەتوانن بتڵێت ئاو بگرنە نەوشیروان یان عەلی باپیر یان محەمەد فەرەج؟! یاخود نا، ئەوان لە فیکەى خۆیان جوان تێئەگەن!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە