کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاتێک داروبەردی پارتی هەموو "پیاون"!

Thursday, 05/09/2013, 12:00






بەرنامەی بەرنامە و فەنتەڵۆس و ئێستاش ماڵەکەى مەعروف تا دەگاتە پەتریپۆت، وا دیارە بە جیاواز لە لاکشیمیبای، باس لە ئێستای کوردستان دەکەن. هەر قسەیەکی خۆش، وەک ئەوانەى ئەحۆل، تا بەرنامەکانی سەرگەرمی، بڕگەگەلێکی پێکەنیناوین تا مرۆڤی کورد لە ڕێیانەوە خۆیان لە ژینی تاڵی رۆژانە بدزنەوە. ئەگەر نا، کۆمیدیا و قسەى چاییخانەکان یان دیوەخانی فەیسبوک هەڵقوڵاوی راستەقینەى ناخی گەلن.


دەگێڕنەوە جارێک سەرۆک وەزیران عومەر فەتاح، کە لە ناخی کوردان هەڵگری ناوی عومەر مورتاحە، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران ویستبووی بڕیار دەر بکات نرخی گۆشت داببەزێنێت و بیکات بە بیست هەزار، بەڵام هەر لە دانیشتەکەدا پێی وترابوو کاک عومەر ئێستا گۆشت زۆر لەوە هەرزانترە! تومەزە حیمایەکانی کاکم بۆ هەر کیلۆ گۆشتێک بیستو پێنج هەزاریان نوسیوە لەسەری.


هەڵبەت ئەم قسە لای من هەر نوکتەیەک بوو، تا ئەوەی دوێنێ بوو بە راستی. هەر دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ کۆڵێک بەرپرس و وەزیر و "پیاوانی کار" وەک تەلەفزیۆنی نها ناوی برد، دەستپێشخەری کردنەوەی ماڵپەڕێکیان راگەیاند بەناوی "کوردستان کاردەکات"، کە وا بڕیارە خزمەتگوزاری بڵاوکردنەوەی هەلی کار بە کارخوازان ببەخشێت لە کەرتی تایبەت. سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا ماڵپەڕێکی تەواو کاڵوکرچ و بێزارکەرە، لەهەردوو ڕووی ناوەڕۆک و روکەشەوە، بەڵام هێش یەکەمجار نیە ماڵپەڕی لەو شێوە دەکرێتەوە. خراپ نەبوو سودێکیان لە ئەزموونی سێ ساڵی رابردووی ماڵپەڕی ئاوێزە وەرگرتبا. ئاوێزە هەر لەسەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئێستاش بە شێوەیەکی بێبەرامبەر ئەو خزمەتگوزاریە تا رادەیەکی باش پێشکەش کردووە، بەڵام کاکم لە کوێ ئەوەی زانیبا!


گۆشتەکەى عومەر مورتاح و ماڵپەڕەکەى بارزانی تەنها و تەنها یەک راستی کۆیان دەکاتەوە؛ لەوکاتەوەى ئەم دووانە قنیان کورسی گرتووە بۆ خۆیان نە یەک کیلۆ گۆشتیان کڕیوە و نە جارێکیش بە شوێن هەلی کاردا گەڕاون. بۆیە ئاساییە ئاگاداری ئەم وڵاتە نەبن، حەقی خۆشیانە. بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە نوکتەى ئەم جارە بڵێت نێچیرڤان بارزانی ئاگاداری چۆڵەخرتێکەى فازیل چڵێس نەبووە، چونکە رێی تێناچێت چەند جارێک گرتەى وتارەکەى ئەو رۆژەى سەیر نەکردبێت، هەڵبەت بۆ گوێگرتن لە خۆی نا، بەڵکو بۆ سەیرکردنی رێژەى لە سەدا سی کاندیدەکانی. ئاخر ئەوە یەکەمجارە ئەوەندە ژن لەدەوری خۆی ببینێت، ئەگەر نا داروبەردی پارتی هەر "پیاون"، بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیشەوە! هەر لەبەر ئەوەشە فازیل خۆی پێنەگیرا و لەدەستی دەرچوو.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە