دوژمن لەدەرگەى کوردان
Thursday, 12/06/2014, 12:00
"لەڕاستیدا، ئەوەی مالکی لەماوەى سێ ڕۆژدا بەدەستی هێنا بەشار ئەسەد نەیتوانی لەماوەى سێ ساڵدا بیکات!"
وەک ناوەکەى دەخوازێت، ئێستا داعش لەدوای شەڕە خوێناویەکەى لەسوریا جارێکی تر پێدەنێتەوە نێو عێڕاق و پەلدەهاوێت. ئێستا کۆنتڕۆڵی تەواوی موسڵی کردووە، دووەم شاری گەورەى عێڕاق و نێوجەرگەى ناوچە سونی نشینەکان. ئەو دەست بەسەراگرتنە وەک شۆکێک بوو، بە تایبەت کە داعش ئۆپەراسیۆنەکانی بە خێرایی ڕەشەبا لەباکوری وڵات گەشەپێدەدات. سوپای عێڕاقیش بەردەوامە لەچەک دانان و لەدەستدانی ناوچەکان قەزا لەشوێن قەزا لەپارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و کەرکوک. هەرێمی کوردستان، کە لەدوای داگیرکاری عێراقەوە بەشێوەیەکی ڕێژەیی ئارام بووە، ئێستا ڕوبەڕوی میلیشیاکان بووەتەوە لەناوچە دابڕێنراوەکان و لەسەر سنورەکانی لەگەڵ ناوچە سونی نشینەکان.
لەسەرەتای کۆتا هەرەسی سوپای عێڕاقەوە،داخوازیەکی زۆر زیاد بۆ بەشداریکردنی پێشمەرگە لەپاراستنی موسڵ و کەرکوک خراونەتە ڕوو، بە تایبەت لەدوای شکستی سوپای عێراق لەو کارەدا: سەرەتا ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، دواتر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و تەنانەت سەرۆک وەزیران مالکی بۆ خۆی داوای هاوکاری پێشمەرگەى کرد. هەرچەندە، هەرێمی کوردستان دوودڵە هێزی خۆی بۆ دەرەوەی ئیدارەى هەرێم بەڕێبکات. بەڵگەش بۆ ئەوە، وەک ڕاگەیاندنە کوردیەکان باسیان کرد، سەرۆکی هەرێم فەرمانیداوە پێشمەرگە بخرێتە باری ئامادەشی،بەڵام بێ ئەوەی نیەتی شەڕکردنی هەبێت. ئەوەش بەزۆری دەگەڕتێەوە بۆ ئەوە ڕاستیەى کە زۆرێک وەک پیلانگێڕیەک دەڕوانن لەم ڕووداوانە؛ پیلانێک ڕەنگە مەبەستی بێت کورد لەشەڕێکی خوێناویەوە بگلێنێت بێ ئەوەی کۆتاییەکی هەبێت_لەنمونەی سوریا.
ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەوەی کورد بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەى هەرێم ناوی دەبات، بەم شەڕەى دوایی کاریگەر بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت خەڵکی کورد لەم ناوچانە هەڵبێن، بە تایبەت کە پێداگیرانە هەوڵیداوە بەردەوام لەم ناوچانە بمێننەوە، سەرەڕای هەموو گوڕەشەکانیش. هەر بۆیە ئاساییشی ئەو ناوچانە لەهەرەپێشی ڕەهەندەکانی دیکەوەیە. بەم جۆرە، ترش بێت یان شیرین، پێویستە و دەشبێت حکومەتی هەرێم بەشداری ئەم شەڕە بکات_بەتایبەت کە خەڵکی ئەم ناوچانە و زۆرێک ئەندام پەرلەمان داوا دەکەن پێشمەرگە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەو ناوچانە جێگیر بکرێن.
ڕۆیتەرز لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی عێڕاق هۆشیار زێباری هەواڵیداوە کە "هەماهەنگیەکی نزیکتر لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم دەبێت بۆ دەرپەڕاندنی ئەم جەنگاوەرە بیانیانە". بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم هەماهەنگیە تا کوێ دەڕوات؟ ڕاپۆرتە بەراییەکان وەها دەخەنە ڕوو کە هێزەکانی پێشمەرگە ڕەوانەى ناوچە دابڕێنراوەکانی کەرگوک و کورد نشینەکانی موسڵ کراون.
هەماهەنگی نێودەوڵەتی
لەدوای ڕووداوەکانی هێرشی موسڵ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانەى هێرشەکانی سەر ئەو شارەی کردو بە "گوڕەشە لەسەر ناوچەکە" ناوی برد و پەیمانیدا هاوکاری عێڕاق بکات لەشەڕی دژ بە میلیشیاکان؛ یەکێتی ئەوروپاش بە هەمان شێوە لایەنگری عێڕاق دەکات؛ سکەرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بانکیمۆن داوای هەماهەنگی نێوان حکومەتی ناوەندی عێڕاق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد؛ پشتیوانی ئێرانیش هەر لەسەرەتاوە بەردەست بوو؛ هەرچی تورکیاشە، بەشێوەیەکی خۆکرد دەبێت لایەنگری حکومەتی عێڕاق بکات، چونکە کونسوڵگەرى ئەو وڵاتە لەموسڵ کەوتووەتە بەر هێرشی چەکدارەکان و هەروەها بۆ ئەوەی دەخوازێت دووری خۆی لەکۆمەڵە چەکدارەکان بپارێزت و خۆی دەرباز بکات لەو تۆمەتانەی ئاراستەى دەکرێت سەبارەت بە هاریکاری ڕێکخستنەکانی نزیک لە قاعیدە. لەڕاستیدا، ئەوەی مالکی لەماوەى سێ ڕۆژدا بەدەستی هێنا بەشار ئەسەد نەیتوانی لەماوەى سێ ساڵدا بیکات، ئەوەش کۆکردنەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکان لەشەڕی دژ بە تیرۆر لەناوچەکە. دیارە کە شەڕکردن دژ بە داعش بە تەنها لەعێڕاق هیچ سودێکی نابێت، بەڵکو دەبێت لەسوریاش ئەو شەڕە بکرێت و ئەمەش بۆ مالکی دەستکەوتێکی باشە.
ئەم شەڕە گەر براوەی هەبێت، ئەوا حکومەتی عێڕاقی بە شێعە تەنراو و سوریا و ئێرانن. هەرچی لەبارەى هەرێمی کوردستانەوەیە، ئەوە پەیوەندی بەو هۆکار و سترایتاژنەوە هەیە کورد لەم نێوەندەدا دەیانخاتە گەڕ، کەلەئەنجامدا بڕیار لەدەرئەنجامەکانی دەدەن. لەئەنجامدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت هەزار جار بیر بکاتەوە بەر لەوەی تاکە فیشەکێک بتەقێنێت لەدژی ئەو دوژمنەى ئێستا دەرگەى لێگرتووە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست