کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆپۆزسیۆن وه‌ك كۆپی ده‌سه‌ڵات

Tuesday, 17/05/2011, 12:00







بوونی ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ر وڵاتێكدا خاوه‌ن گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی كه‌ خۆی له‌ چاودێری كردنی كاروباری حكومه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌ و هاوكات خاوه‌نی پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی له‌ هه‌مبه‌ر بڕیاره‌ سیاسی و بابه‌ته‌ گرنگه‌كان كه‌ زۆر جار جیاوازه‌ له‌ فۆڕم و پرۆژه‌ یاسای پارتی فه‌رمانڕه‌وا وه‌ یاخود پارته‌ فه‌رمانڕه‌واكان. واته‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌وڵ ده‌دات كارو چالاكییه‌كی جۆری وه‌ها پێشكه‌ش بكات كه‌ له‌ ڕێیه‌وه‌ بتوانێت ته‌واوكاری لاوازییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بێت و به‌م شێوه‌یه‌ش له‌ كاتی چالاك بوونێكی به‌رده‌وام و به‌سود بۆی هه‌یه‌ ببێته‌ خاوه‌ن بڕیار و‌ پارت یان پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌لا بنێت. ئه‌م كاره‌ش گونجاو نییه‌ و دووره‌ له‌ به‌رجه‌سته‌ بوون و شیاوی كرداری كردن نابێت گه‌ر بێت و ئۆپۆزسیۆن چونیه‌كی ده‌سه‌ڵات بێت و ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی گفتاره‌وه‌ جیاواز بێت،ئه‌گه‌ر نا كردایان هه‌مان كرداری ده‌سه‌ڵات بێت و پێكهاته‌شیان به‌ هه‌مان شێوه‌ بێت.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گرنگی پێدانه‌ بریتییه‌ له‌ ڕۆڵی "ئۆپۆزسیۆن" له‌ كوردستاندا كه‌ جێگه‌ی ڕامان و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ و پێویست ده‌كات بخرێته‌ به‌ر نوكی نه‌شته‌ر،چونكه‌ خه‌ریكه‌ خۆره‌ی پارته‌ فه‌رمانڕه‌واكان ده‌گرێت و گه‌ر‌ بێت و زۆر به‌ خێرایی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ئه‌وا زوو به‌ زوو هێڵی جیاكاری له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و "ئۆپۆزسیۆن" نامێنێت. زۆر به‌رهه‌ڤه‌ كه‌ بزانرێت كه‌ ئه‌و پارتانه‌ی كه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ له‌ ژێر چه‌تری "ئۆپۆزسیۆن" خۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ ناكرێت به‌م فۆرمه‌ی ئێستایانه‌وه‌ به‌ نوێنه‌ری ئه‌و ناوه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بدرێن. كاری یه‌كه‌می ئۆپۆزسیۆن به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بریتییه‌ له‌ دیاری كردنی خاڵه‌ لاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات و به‌كار هێنانی بۆ بانگه‌شه‌ی ده‌نگدان و له‌ ڕێیه‌وه‌ هه‌بوونی خواستێك بۆ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و خاڵه‌ نه‌خواستراوانه‌،به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ گرنگتر بریتییه‌ له‌ خۆ پارێزكردن له‌ هه‌مان ئه‌و خاڵه‌ لاوازانه‌ كه‌ بوونێكی كرده‌ییان له‌ ناو خودی ئه‌و پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ و "ئۆپۆزسیۆن"یش لێی به‌ده‌ر نه‌بووه‌ و نییه‌.
له‌ ئێستادا، بابه‌تی گه‌رمی كار له‌ سه‌ر كراوی "ئۆپۆزسیۆن"بریتییه‌ له‌ دیموكراسی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و له‌ ڕێیه‌وه‌ تانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ده‌گیرێت به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و چالاكانه‌،كه‌ ده‌كرێت به‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پارتانه‌ ناوزه‌د بكرێت. به‌ڵام هه‌مان ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ ده‌كرێت به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ دژی خۆشیان بوه‌ستێته‌وه‌ و وا له‌ جه‌ماوه‌ر بكات كه‌ ئه‌و پارتانه‌ش بخاته‌ به‌ر هه‌مان پێوه‌ره‌كانی پێ پێوراوی پارته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان كه‌ ڕاده‌ی دیموكراسی پی ده‌پێورێت.


له‌وه‌ته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوونی هه‌یه‌ دوو سه‌رۆكی گۆڕیوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر مه‌رگ نه‌بوایه‌ ئه‌وا هه‌ر یه‌ك سه‌ركرده‌ ده‌بوو نه‌ك دووان! یه‌كێتی نیشتمانیش ته‌نها و ته‌نها یه‌ك سكرتێری هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. ته‌واوی كۆنگره‌ و كۆنفرانسه‌كانیش به‌ هیچ جۆرێك نه‌یتوانیوه‌ هیچ له‌م سروشته‌ تاك خوازییه‌ به‌رته‌سكه‌ بگۆڕیت. زۆر جاریش هه‌ڵبژاردنی ئه‌و سه‌ركرده‌ ده‌موچاو دوبارانه‌ به‌ چه‌پڵه‌ و هوتاف كێشان بووه‌،نه‌ك هه‌ڵبژاردنێكی ڕاسته‌قینه‌ی خاوه‌ن به‌رنامه‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌ له‌ سه‌ر كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارته‌ به‌ ناو "ئۆپۆزسیۆن"ه‌كانیش ئاڵوده‌ی هه‌مان نه‌خۆشین و درێژه‌ پێده‌ره‌ی هه‌مان ڕێبازن. ئه‌وه‌ زیاتر له‌ پانزه‌ ساڵه‌ كه‌ سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین بووه‌ته‌ ئه‌میری یه‌كگرتووی ئیسلامی و عه‌لی باپیریش بۆ ده‌یه‌یه‌ك ده‌چێت كه‌ ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌ و گۆڕانیش هه‌رچه‌نده‌ كۆنگره‌ی نه‌به‌ستووه‌ و بزوتنه‌وه‌یه‌كی تازه‌ له‌ دایك بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ زیاتره‌ كه‌ به‌شدارێكی كارای كایه‌ی سیاسییه‌ و ده‌بینرێت نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌سی یه‌كه‌می و بڕیارده‌ری ئه‌و لایه‌نه‌یه بێ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبژێردرابێت،ئه‌نجام نه‌دانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می ئه‌و بزوتنوه‌یه‌ش دووباره‌ كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی پارتییه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و به‌ بێ بوونی پاساوی گونجاو كۆنگره‌ی ئه‌و حیزبه‌ی دوا خست. سروشتێكی تری ئه‌م پارتانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و "ئۆپۆزسیۆن"ه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی درۆیینه‌ی شكست خواردوی سه‌ركرده‌كانی،كه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ نمایشێك كه‌ تیایدا داوا له‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌سێكی تر بۆ سه‌ركردایه‌تی پارته‌كانیان هه‌ڵبژێرن،به‌ڵام له‌ هه‌ندێك باردا كه‌سێك هه‌ڵده‌ستێته‌ سه‌ر پێ و به‌ چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ به بێ گوێدانه‌ هیچ به‌هایه‌كی دیموكراسی چا‌ره‌نوسی هه‌تا هه‌تایی ئه‌و پارته‌ له‌ سه‌ركرده‌كه‌ی ماره‌ ده‌بڕێت و ئیدی كه‌س بۆی نییه‌ ته‌ڵاقی بدات،سیناریۆكانی تریش بریتییه‌ له‌ خه‌م خۆری ئه‌ندامان بۆ داهاتوی پارت و وڵاته‌كه‌یان تا ئه‌وه‌ی دۆگمایه‌كی له‌ لا پێك هێناون كه‌ خودا ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ شیاوی دروست كردووه‌،ئه‌وانی دیش هه‌موو بۆ خزمه‌تی ئه‌و سه‌ركردانه‌ ئافرێنراون و به‌ بێ خواستی ئه‌و ده‌ست به‌ ئاودا ناكه‌ن.


جگه‌ له‌وه‌،كه‌ناڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات ڕۆژانه‌ خه‌ریكی به‌رگری و داكۆكی كردنن له‌ سیاسه‌تی پارته‌كانیان بێ گوێدانه‌ ڕاستی و چه‌وتی ئه‌و سیاسه‌تانه‌،كه‌ناڵه‌كانی "ئۆپۆزسیۆن"یش به‌ هه‌مان شێوه‌ كارو چالاكی پارته‌كانیان بێ هیچ جۆره‌ دوو دڵییه‌ك قبوڵ ده‌كه‌ن.كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی خۆیان له‌ بیر چۆته‌وه‌ و سنوری كاریان له‌ چوارچێوه‌ی پارته‌كه‌یاندا كورت كردووه‌ته‌وه‌. بارودۆخی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ئه‌وه‌نده‌ئاڵۆزه‌ كه‌ هه‌رچی هه‌واڵ و ڕاپۆرت و چاو پێكه‌وتنه‌ پێویسته‌ له‌ خزمه‌تی سیاسه‌تی به‌رنامه‌ داڕێژراوی سیاسییه‌كاندا بێت و ئه‌وه‌ سیاسسه‌كانن بڕیار له‌ ڕاست و دروستی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان ده‌ده‌ن،نه‌ك خودی هه‌واڵ و زانیاری و بارودۆخه‌كه‌ی. وای لێ هاتووه‌،مرۆڤ پێویستی به‌ كه‌شناسێكی بلیمه‌ته‌ تا بزانێت هه‌واڵی سبه‌ینێی ڕاگه‌یاندنه‌كان باس له‌ چییه‌وه‌ ده‌كات،نه‌ك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخی كوردستان و ناوهچه‌كه‌ چركه‌ به‌ چركه‌ ده‌گۆڕێت،به‌ڵكو هۆكاری ئه‌و سه‌ر لێ شێواوییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گۆڕینی له‌ ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ری ئاراسته‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌مڕۆی ڕاگه‌یاندنێك له‌ دوێنێی ناچێت و سبه‌ینێشی بێ پێشبینی كردن به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌. هه‌ندێك جار وا هه‌ست ده‌كه‌ی له‌ ساڵی 1991 دا ده‌ژیت و تازه‌ ڕاپه‌ڕین ڕوویداوه‌،هه‌ندێ جاریش وا ده‌زانی تازه‌ له‌سه‌ر ڕیزه‌ دوكانێك شه‌ڕ ده‌ستی پێ كردووه‌ و زه‌نگی شه‌ڕی ناوخۆ لێ ده‌دات،جاری واش هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ ته‌باو له‌ یه‌ك ڕازین،ئه‌ڵێی 2022 وه‌ و مۆندیالی جیهانی له‌ كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت. به‌ ڕاستی كه‌س نازانێت به‌رواری ئه‌مڕۆی كوردستان چه‌نده‌ و بڕیاره‌ سبه‌ینێ چه‌ند ساڵ به‌ره‌ و پێش بڕوات وه‌ یاخود چه‌ند ده‌یه‌ به‌ره‌ و دوا بگه‌ڕێته‌وه‌.
هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ناكرێت وشه‌ی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئه‌و سێ پارته‌ به‌كار بهێنرێت،هه‌ڵبه‌ت به‌و فۆڕمه‌ی ئیستایه‌وه‌. له‌ ئێستادا باشتره‌ بوترێت كه‌ خاڵی ته‌وا و جیاوازی ئه‌و سێ پارته‌ و ده‌سه‌لات بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مان پارتی فه‌رمانڕه‌وا نین و ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌ تی ده‌په‌رێنن ناویان له‌ نێو دوو كه‌وانه‌دا بنوسرێت. هه‌رچی پارته‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش،ئه‌وا پێویست به‌ قسه‌ له‌سه‌ر كردن ناكات،چونكه‌ به‌كار هێنانی وشه‌كانی دیموكراسی و نیشتمانی و عه‌لمانییه‌ت ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ن و ساكارترین كه‌سی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ لای ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ ڕاستی ئه‌و پارتانه‌ و مانای ئه‌م وشانه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی دووری ئاسمان له‌ زه‌وی دوورن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە