کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جله‌كانی تاڵه‌بانی و بارزانیش موڵك و ماڵی گشتین

Friday, 13/05/2011, 12:00





 
تاو نا تاوێك له‌ شاشه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌،به‌ تاتیبه‌تتر ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتیی به‌ ناو نیشتمانییه‌وه‌ ده‌بینرێت باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵی گشتی ده‌كرێت بۆ حكومه‌ت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زۆر جار وێنه‌ی چه‌ند باره‌گایه‌ك نیشان ده‌ده‌ن كه‌ گوایه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌ت كراوه‌ته‌وه‌ وه‌ ئه‌وان له‌ پێشه‌نگی ئه‌و پارتانه‌ن كه‌ وه‌ها هه‌نگاوێكیان هه‌ڵگرتووه‌. هه‌رچه‌ند وه‌ها ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ و ئه‌كرێت به‌ سه‌ره‌تای كۆتایی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزب له‌ حكومه‌تتدا لێك بدرێته‌وه‌،به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ها كردارێك له‌ هه‌رێمێكدا باسی لێوه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌میشه‌ به‌ گومان و ترسه‌وه‌ له‌ هه‌وڵه‌ چاكسازییه‌كان ده‌ڕوانرێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و گومان و ترس و دڵ ڕاوكێیانه‌ش ڕاستییه‌كی بێ بنه‌ما نین،چونكه‌ دروشمه‌ بریقه‌داره‌كان ناوی گه‌وره‌ و دێی وێرانن.
حكومه‌ت ده‌ڵێت ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی حیزب له‌ حكومه‌ت دور بخرێته‌وه‌ به‌ڵام به‌ ڕه‌وای نازانێت یاسایه‌ك ده‌ر بكات بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ڕێكخستنه‌ حیزبییه‌كان له‌ ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كان. حكومه‌ت ده‌ڵێت موڵك و ماڵی گشتی با بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و ده‌بینین قه‌ڵاچۆلان و سه‌ری ڕه‌ش و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی بله‌ و بارزان و دینارته‌ به‌ موڵك و ماڵی گشتی له‌ قه‌ڵه‌م نادرێن. ده‌بینین پرسیار له‌وه‌ ناكرێت له‌ هه‌ندێك موڵك و ماڵ كه‌ به‌ ماڵ و سامانی تایبه‌تی به‌رپرسه‌كان داده‌نرێت،پرسیار ناكرێت له‌وه‌ی كه‌ ئایا ئه‌و هه‌موو كۆشك و ته‌لار و دواهه‌مین جۆری ئۆتۆمبێل و ڤێلا له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟
باس له‌و كه‌سه‌ ساددانه‌ ناكه‌م كه‌ له‌ ده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا خاوه‌نی نانه‌ ڕه‌قه‌یه‌كیش نه‌بوون تا برسێتی خۆیان پێ بڕێوێننه‌وه‌ وه‌لی ئێستا ژه‌مه‌ خواردنی وا ده‌خۆن كه‌ هه‌ر نانی تێ ناكه‌وێت،باس له‌ تاڵه‌بانی ده‌كه‌م كه‌ له‌ ده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا ته‌نها خاوه‌نی چه‌كه‌كه‌ی شانی و جل و به‌رگه‌كه‌ی به‌ری و هێرۆی خێزانی و مه‌نجه‌ڵێك بووه‌ و به‌س كه‌ هه‌ر بۆ خۆی ئه‌و مه‌نجه‌ڵه‌ی به‌كار هێناوه‌،خواردنه‌كه‌ی ناویشی له‌ ئه‌م دێهاتی و له‌ ئه‌و كابانه‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوانه‌ی وه‌رده‌گرت. ئێستا خێره‌ وا خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو كۆشك و ئۆتۆمبێل و خزمه‌تكار و هێزی چه‌كداره‌یه‌؟ له‌ كوێ هێنای؟ ئه‌گه‌ر به‌ ڕوونی و به‌و په‌ڕی هۆشو ژیرییه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكۆڵیته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بینیت ئه‌و جلانه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌ت ده‌كڕدرێن و ده‌وامی حیزبه‌كه‌یانی پێ ده‌كه‌ن به‌شێكه‌ له‌ موڵك و ماڵی گشتی.
جارێكیان له‌ به‌رنامه‌ی چاوی سێ له‌ كه‌ناڵی كوردسات پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ حاكم قادری سه‌رۆك شاره‌وانی ئه‌و كاته‌ی سلێمانی كرا كه‌ ئایا ئه‌و موڵك و ماڵه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی له‌ كوێوه‌ هێناویه‌تی،جه‌نابیان زۆر به‌ خوێنێكی سارده‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ به‌شێكی جه‌لال تاڵه‌بانی پێی به‌خشیوه‌ و به‌شێكیشی كه‌سێكی خۆبه‌خش هه‌ر وه‌ك وه‌فایه‌ك پێی داوه‌،هه‌ڵبه‌ت بێ به‌رامبه‌ر! پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌ پێی چ یاسا و رێسایه‌ك ئه‌و زه‌وی و زاره‌ په‌خشانی جه‌نابیان كراوه‌؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر حاكم قادر وه‌ك من كه‌سێكی ساده‌ی بێ پۆست بوایه‌،ئایا هێشتا ئه‌و كه‌سه‌ خێرخوازه‌ خۆبه‌خشه‌ ئه‌و زه‌وییه‌ی پێ ده‌به‌خشی؟ وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م جوتیارێك بوایه‌ ئه‌وا كه‌س باسی نه‌ئه‌كرد،منیش ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر حاكم قادر جوتیارێك بوایه‌ ئه‌وا كه‌س خۆبه‌خشانه‌ زه‌وی پێ نه‌ده‌به‌خشی،به‌ڵكو له‌ جێیدا ده‌ره‌به‌گێكی لێ ڕاست ده‌بوویه‌وه‌ و ئه‌وه‌شی كه‌ موڵكی خۆی بوو لێی داگیر ده‌كرد.
ئه‌وه‌ ڕوویه‌كی باسه‌كه‌ بوو،ڕووه‌كه‌ی تری خه‌مێكی له‌ بیركراو و موڵكێكی داگیر كراوی بێ پارێزه‌ره‌. كه‌م كه‌سن ئه‌وانه‌ی هه‌ست به‌م داگیركارییه‌ ئاشكرا و به‌ مه‌به‌سته‌ ده‌كه‌ن. داگیركارییه‌ك كه‌ نه‌ك به‌كار هێنان و ده‌ست به‌ سه‌راگرتنی موڵك و ماڵی گشتییه‌،به‌ڵكو له‌ پاڵیشیدا له‌ یاسا لادانێكی گه‌وره‌ و به‌رچاو ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌و داگیركارییه‌ شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ ده‌ست تێ وه‌ردانی حیزبی له‌ كارو‌ باری زانكۆدا و شوێنێك نییه‌ جگه‌ له‌و ژور و هۆڵی خوێندنانه‌ی كه‌ له‌ بنه‌مادا به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تی خوێندن و زانین به‌ردی یناغه‌یان به‌ پاره‌ و سه‌روه‌ت و سامانی تاك به‌ تاكی ئه‌م وڵاته‌ دانراوه‌،به‌ڵام له‌ ئێستادا بوونه‌ته‌ مۆڵگه‌ی هه‌ر دوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وا و لێیه‌وه‌ سیاسه‌تی چه‌وت و گه‌وجانه‌ ئاراسته‌ی خوێنكار و مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانی زانكۆكان ده‌كه‌ن. ته‌نها كاریشیان بریتییه‌ له‌ ڕاوه‌ستاندنی ده‌وامی فه‌رمی بۆ یادی دامه‌زرانی ڕێكخراوه قوتابی و خوێندكارییه‌كانیان. یادی 18 شوبات خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ یادێكی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌وامی فه‌رمی بێ هیچ دوو دڵییه‌ك هۆڵه‌كانی خوێندنی بۆ به‌تاڵ ده‌كرێت. ڕه‌نگه‌ به‌رجه‌سته‌ ترین پێشێلی پارتی به‌ گشتی و قو‌تابیان به‌ تایبه‌تی بریتی بێت له‌ وه‌ستاندنی خوێندن له‌ زانكۆكانی هه‌ولێر له‌ دوای سه‌ر وبه‌ندی 17 ی شوبا ت و وه‌ستاندنی خوێندن له‌ زانكۆی دهۆك به‌ هۆی ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ بۆ كۆنگره‌ی سیانزه‌ و گێڕانی ئاهه‌نگ بۆ مه‌دالیای به‌ ناو ئاشتی و ته‌نها ڕێگه‌دان به‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ بۆ خۆپاڵاوتن بۆ نوێنه‌رایه‌تی خوێندكاران و ده‌یه‌های تر كه‌ باسی له‌ كۆتا نایه‌ت.بۆیه‌ هه‌ر باس و خواستێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵی گشتی بۆ حكومه‌ت ده‌بێت گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و هۆڵی خوێندنانه‌ له‌ خۆ بگرێت كه‌ له‌ ئێستادا له‌ ده‌ستی خوێندكاران و قوتابیاندان و لێیه‌وه‌ پێشێلكارییه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر ئه‌نجام بدرێت. ئه‌مه‌ش داوایه‌ك نییه‌ كه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌ت كرابێت و بكرێت به‌ڵكو له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی كه‌ "حه‌ق نادرێت،به‌ڵكو ده‌سه‌نرێت" ده‌بێت خوێندكار و قوتابی و فێرخوازان بۆ خۆیان ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بده‌ن و وه‌ها فشارێك بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ جۆرێك كه‌ واز له‌ پشتگیری كردنی ئه‌و پێشێلكارییه‌ هه‌ڵگرێت.
بۆیه‌ چێتره‌ كه‌ بوترێت موڵك و ماڵی گشتی ته‌نها و ته‌نها بریتی نییه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و چه‌ند باره‌گایه‌كی تری ئه‌ژماركراو كه‌ له‌ ئێستادا منه‌تی گێڕانه‌وه‌كه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌كرێت،به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شوێن و ده‌زگایانه‌ی كه‌ حیزب دینارێكیشی بۆ كڕینی یان به‌ كرێ گرتنی خه‌رج نه‌كردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا مه‌كته‌بی سیاسی چۆڵ ده‌كرێت و ڕاده‌ستی حكومه‌ت كراوه‌ وه‌ یاخود ده‌كرێت،ناكرێت ئه‌وه‌ له‌ بیر بكرێت كه‌ ئایا بینا نوێكان به‌ پاره‌ی كێ و به‌ كام بودحه‌ بونیاد نراوه‌؟ خۆ ناشێ بڵێن به‌ پاره‌ی ئابوونه‌ی ئه‌ندامه‌كانیان دروست كراوه‌؟ ده‌ی كه‌واته‌ گێڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵی گشتی ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌ بینا نوێیه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات به‌ره‌ و بینا له‌ دێرینه‌كان كه‌ زۆر له‌ مێژه‌ داگیریان كردووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ یاد نه‌كرێت كه‌ ده‌ركردنی ئۆرگانه‌ حیزبییه‌كان له‌ ناو زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ و هه‌رجۆره‌ جیاوازی كردنێك له‌ نێوان ئه‌و دوو ڕه‌هه‌نده‌دا په‌ك خستن و دواخستنی گێڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵ و ئازادییه‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵكانی كوردستانه‌.
بۆیه‌ چێتره‌ كه‌ بوترێت موڵك و ماڵی گشتی ته‌نها و ته‌نها بریتی نییه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و چه‌ند باره‌گایه‌كی تری ئه‌ژماركراو كه‌ له‌ ئێستادا منه‌تی گێڕانه‌وه‌كه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌كرێت،به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شوێن و ده‌زگایانه‌ی كه‌ حیزب دینارێكیشی بۆ كڕینی یان به‌ كرێ گرتنی خه‌رج نه‌كردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا مه‌كته‌بی سیاسی چۆڵ ده‌كرێت و ڕاده‌ستی حكومه‌ت كراوه‌ وه‌ یاخود ده‌كرێت،ناكرێت ئه‌وه‌ له‌ بیر بكرێت كه‌ ئایا بینا نوێكان به‌ پاره‌ی كێ و به‌ كام بودحه‌ بونیاد نراوه‌؟ خۆ ناشێ بڵێن به‌ پاره‌ی ئابوونه‌ی ئه‌ندامه‌كانیان دروست كراوه‌؟ ده‌ی كه‌واته‌ گێڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵی گشتی ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌ بینا نوێیه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات به‌ره‌ و بینا دێرینه‌كان كه‌ زۆر له‌ مێژه‌ داگیریان كردووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ یاد نه‌كرێت كه‌ ده‌ركردنی ئۆرگانه‌ حیزبییه‌كان له‌ ناو زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ و هه‌رجۆره‌ جیاوازی كردنێك له‌ نێوان ئه‌و دوو ڕه‌هه‌نده‌دا په‌ك خستن و دواخستنی گێڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵ و ئازادییه‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵكانی كوردستانه‌.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە