زەنگێک لە چالاکان و هاووڵاتیانی قەزای ڕانیەوە بۆ بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین
Saturday, 04/01/2014, 12:00
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئێمە وەک بەشێک لەچالاکەوانان و ڕۆژنامەنوسان و هاووڵاتیانی قەزای ڕانیە و دەوروبەری، سەرەڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی کوشتنی هاووڵاتی (بڕیار حسن) و سەرکوتکردن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی قەزای سەیدسادق دەکەین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستی خانەوادەی جوانەمەرگ دەکەین ، داواکارین لە خوای گەورە ڕوحی ئەم گەنجە بە بەهەشت شاد بکات، لە هەمان کاتدا پشتگیری و پشتیوانی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی ئەو شارە ڕادەگەیەنین و پێمان وایە دەسەڵاتی ئیداری ناوچەکە و حکومەتی هەرێمی
کوردستان بەرپرسیاری یەکەمن لە خوڵقاندنی ڕووداوی لەم چەشنە و ناشارەزایی و گەندەڵی و مامەڵەکردنی نادروست بە پلە و پۆست و بەهەدەردانی سەروماڵی هاوڵاتیان و گوێنەگرتن لە داخوازی و داوای میللەت هۆکاری سەرەکین بۆ تەقینەوەی دەنگی ناڕەزایەتی جەماوەر و دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەم شێوەیەش لە هەموو ناوچە و شار و شارۆچکەکاندا بۆ هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە چونکە نادادی و گەندەڵی تەواوی کوردستانی گرتۆتەوە و هیچ قوژبنێکی کوردستان نییە کەدەستی گەندەڵی نەگەیشتبێتێ.
ئێمە لەڕێگەی ئەم ڕاگەیاندراوەوە هۆشداری توند دەدەینە بەرپرسانی ئیداری قەزای ڕانیە و ئیدارەی ڕاپەڕین لە هەڵکردنی گەردەلولی ناڕەزایەتی و ڕژانی جامی جەماوەر و تاودانی جۆرێک لە ناڕەزایەتی کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بێت و هەموومان لەئاستیدا دەستەوەستان بوەستین ، وە داخوازییەکانی هاووڵاتیانی سەیدسادق بە داخوازی تەواوی هاووڵاتیانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەزانین و ئیدارەی ڕاپەڕینیش وەک ناوچەیەک کە پشکی شێری بەرکەوتووە لە بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری بەسەرمەشقی ئەم داخوازییانە پێناسە دەکەین.
لەکۆتاییدا، داواکارین وەڵامی داخوازی و خواستی هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە هەنگاونانی جددی بۆ بنەبڕکردنی
گەندەڵی بدرێتەوە و چیتر فیشەک وەڵامی دەسەڵات نەبێت.
چالاکان و ڕۆژنامەنوسانی قەزای ڕانیە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست