له‌به‌رچی ده‌بێت له‌ که‌رکووک گۆڕان رووبدات؟

Thursday, 11/02/2010, 12:00


که‌رکووک، یه‌کێکه‌ له‌وشارانه‌ی‌ زۆرترین قوربانی داوه‌، تاوه‌کو ئه‌مرۆیش ئه‌و قوربانی دانه‌ به‌رده‌وامه‌، له‌ هه‌مانکاتدا‌ یه‌کێکه‌ له‌وشارانه‌ی له‌ دوای روخانی ڕژێمی عه‌ره‌بی شوفێنییه‌وه‌ که‌مترین ده‌سکه‌وتی بووه‌.
که‌رکووک به‌زۆر قۆناغی جیاجیاو ترسناکدا تێپه‌ریوه‌، که‌ تاوه‌کو ئه‌مرۆیش ئه‌و ترسه‌ نه‌ڕه‌ویه‌ته‌وه‌، هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانییه‌ی به‌سه‌ر دانشتوانی کوردی شاره‌که‌دا‌ هاتووه تا ئه‌مڕۆ‌، ده‌وڵه‌مه‌نی شاره‌که‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌کانی گاز ونه‌وتدا،هه‌رده‌م شۆفینییه‌ عه‌ربییه‌کان و تورکه‌کان چاوییان تێبڕیوه‌. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ نه‌زانی و که‌مترخه‌می پارت و سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کانی کوردستانه‌، نه‌ک هه‌ر له‌ ئاستی ڕووداوه‌کانی‌ ناو گۆڕه‌پانی سیاسی نه‌بوون، به‌ڵکو به‌ دروشمی جۆراوجۆر وه‌کو (که‌رکووک ده‌که‌ین به بروکسل)کێشه‌شیان بۆ ئه‌و شاره‌ دروستکردوه.. ڕوخانی ڕژێمی شۆفێنی عه‌ره‌ب له‌ به‌غدا له‌ پێش ساڵی دووهه‌زاروسێوه‌ وه‌کو ڕۆژی رووناک دیاربوو بۆ هه‌موولایه‌ک، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ر له‌ پێش ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددامه‌وه‌ که‌مێک به‌رژوه‌ندی خاکی کوردستانیان له‌به‌رچاو‌ بگرتایه‌، هه‌موو ناکۆکیه‌کانیان ده‌خسته‌ لاوه‌، بیریان له‌ داڕشتنی ‌ پلانێکی تۆکمه‌ی هاوبه‌شی سیاسی وسه‌ربازییان بۆ ڕزگارکردنی یه‌کجاره‌کی که‌رکووک ده‌کرده‌وه‌! به‌داخه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌یان نه‌کرد، به‌ڵکو له‌ دوای روخانی ده‌وڵه‌تی عێراق و ڕزگارکردنی که‌رکوکه‌وه‌، سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد چاره‌نووسی کوردستانی بوونی شاره‌که‌یان به‌قوربانی عێراق کرد. ڕکه‌برکێی حیزباییه‌تی له‌ نێوان پارتی ویه‌کێتیدا وایکرد ڕۆڵی کورد له‌ که‌رکووک لاوازبێت، په‌ندێکی کوردی ده‌ڵێت:(ئه‌گه‌ر نه‌زانێک به‌ردێک فرێداته‌ ناو بیرێکه‌وه‌، له‌دوایدا به‌هه‌زار زانا‌ ده‌رناکرێ) ئه‌نجا ئه‌گه‌ر فرێدانی به‌رده‌که‌یش به‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ بێت‌ !!! چونکه‌ نه‌ک چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌یان ‌کرد به‌ڵکو زیاتر ئاڵۆزتریان کرد. سه‌رکرده‌کان هه‌مووکات به‌رژه‌وندی خۆیان و پارت و بنه‌ماڵه‌یان‌ له‌ پێش به‌رژه‌وندی خاک و خه‌ڵکه‌وه‌ داناوه.
تاوه‌کو ئێستا به‌وشاره گرنگییه‌کی ئه‌وتۆییان نه‌داوه‌ ‌، نه‌له‌ڕووی ئاوه‌دانی و نه‌ له‌ڕووی رۆشنبیرییه‌وه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ ڕاستییه‌ تاڵه‌ش که‌وتنه‌ ‌تاڵانکردنی شاره‌که، ‌ که‌ بووه‌ له‌که‌یه‌کی ڕه‌ش به‌ ناوچه‌وانی کورده‌وه‌ که ‌تاوه‌کو ئێستا پێکهاته‌کانی تری ئه‌وشاره‌ باسی ده‌که‌ن، ده‌بواییه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و کرداره‌یان, که‌رکووکیان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ئاوه‌دان بکردایه‌توه‌ ئه‌گه‌ر باشتر نه‌بوایه ‌له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک، که‌متر نه‌بوایه‌، تاکو له‌ پیش کورده‌وه‌, تورکمان و عاره‌به‌کان داوای لکاندنی که‌رکووکیان بکردایه‌ به‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی گرنگی بده‌ن به‌خه‌ڵکی تورکمان هه‌ستان سه‌دام ئاسا چه‌ند پارتێکی کارتۆنییان دروستکرد که‌ تاوه‌کو ئێستا ته‌نها پاره‌ له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌نه‌وه‌ ، ‌ هیچ گرنگی و قورساییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر تورکمان نییه‌.
له‌ڕوی رۆشنبیریشه‌وه‌ له‌ ساڵانی حه‌فتاکاندا ته‌نها له‌ گه‌ره‌کێکی وه‌ک شۆریجه‌ که‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی له‌چاوئه‌مڕۆدا زۆرکه‌مبوو، سێ کتێبخانه هه‌بوو. که‌چی ئێستا له‌ هه‌موو شاره‌کدا که‌ ئێستا رێژه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی زیاتر له‌ ملێونێک ده‌بێت، ته‌نها یه‌ک کتێبخانه‌ هه‌یه‌. یه‌کێتی و پارتی ‌ موچه‌ی گه‌نده‌ڵیی به‌ سه‌ده‌ها که‌س له‌ لایه‌نگیرانیان له‌ شاره‌که‌دا ده‌ده‌ن، ئایا نائه‌کرا یارمه‌تی دارایییان بۆ‌ ‌چه‌ند رۆشنبیرێکی ئه‌و شاره‌ په‌یدا بکردایه‌و به‌مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی کتێبخانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که‌ له‌ کتێب و خوێندنه‌وه‌ بێبه‌شنه‌بن. حزب‌ و گروپه‌ ئیسلامییه‌کان که‌ له‌و شاردا په‌ره‌یان سه‌ندووه‌ پێویستیان به‌ کتێبخانه‌ نییه‌ ، چونکه‌ هه‌موو مزگه‌وتێک بۆ ئه‌وان کتێبخانه‌یه‌ و پڕیه‌تی له‌ کتێبی ئایینی. گرنگی نه‌دان به‌و شاره‌ له‌ روی رۆشنبیرییه‌وه‌ وایکردووه‌ هه‌ستی نه‌ته‌واییه‌تی لای دانیشتوانه‌که‌ی که‌متربێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئێستا خه‌ڵکانێک دروستبوونه‌ له‌ کورد سه‌ر به‌ حزبی ئیسلامی عێراقین (حزبه‌که‌ی تاریق هاشمی) که‌ پارتێکی شۆفێنی ئیسلامی عاره‌بییه‌.
که‌مترخه‌می و گه‌نده‌ڵی وایکردووه‌ ‌ کورده‌کان ، له پێش تورکمان و عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ ره‌خنه‌و گازنده‌ له‌و دووحزبه‌ بگرن .
ئه‌بواییه‌ له‌ هه‌موو شاره‌کانی تر زیاتر گرنگییان به‌ که‌رکووک بداییه‌، نه‌ک به‌ دامه‌زراندی سه‌ده‌ها خه‌ڵکی بێتوانه‌ و هه‌لپه‌رست له‌ جێگای هه‌ستیار و گرنگ.
له‌وانه‌ هه‌ندێکیان باشترین په‌یوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ رژێمی پێشودا هه‌بووه‌، به‌ هه‌زاره‌ها خه‌ڵکی شۆرشگیر بۆ به‌رێوه‌بردنی کاره‌کانییان ناچارن ئێستا په‌نا بۆ ئه‌و به‌رپرسانه‌ به‌رن که‌ له‌سه‌رده‌می سه‌دامی خوێنمژدا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه‌ و جێبڕوای به‌عس بوون.
که‌رکوکییه‌کان ده‌بێت هه‌ڵوێست بنوێنن، ده‌نگیان یه‌کخه‌ن، داوای سزادانی گه‌نده‌ڵچییه‌کان بکه‌ن هه‌روه‌کو چۆن خه‌ڵکی شاری سلێمانی زۆربه‌ییان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ 25/7/2009 ده‌نگیان به‌ گه‌نده‌ڵچییه‌کان نه‌دا، له‌کاتێکدا خه‌ڵکی که‌رکووک ده‌ڵیین سلێمانی له‌ چاو که‌رکووک ئه‌وروپاییه‌! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا خه‌ڵکی سلێمانی هه‌لوێستێکی وشیارنه‌ و سه‌ردمییانه‌یان وه‌رگرت، چوونکه‌ ئه‌م دوو پارته‌ زیاتر له‌ 18 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتییان هه‌بوو هیچیان نه‌کرد و فرسه‌تییان هه‌بوو به‌ڵام له‌باریان برد. ئیستا کاتی هاتووه‌ خه‌ڵکی که‌رکووک له‌وه‌ زیاتر فرسه‌تییان نه‌داتێ چونکه‌ کات له‌ قازانجییان نییه‌، تاوه‌کو عێراق هه‌ڵوه‌شاوه‌و لاواز بێت فرسه‌تی ئازادی وڕزگارییان زیاتر ده‌بێت. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و دوو حیزبه‌ بوون، له‌ دوایی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای عێراق، یه‌که‌م فه‌وجی سه‌ربازی عێراقیان له‌ به‌غدا درووستکرد و هه‌ر ئه‌وانیش بوون په‌یوندی سیاسی عێراقیان له‌ گه‌ڵ وڵاتانی تردا ئاسایی کرده‌وه‌، دۆستیان بۆ عێراقی عه‌ربی زیادکرد، قه‌رزیان له‌سه‌ر عێراق لابرد هه‌ردوای روخانی سه‌دام ناوچه‌ی سه‌وزیی به‌غدایان به‌ پێشمه‌رگه‌ پاراست و خه‌ڵکی که‌رکووک و ناوچه‌دابڕاوه‌کانییان خسته‌ ژێر ره‌حمه‌تی تیرۆریسته‌کانه‌وه‌‌، ‌ هه‌ر ئه‌وان کوردی ئێزیدی، شه‌به‌ک ،فه‌یلیان له‌ کورد دابڕی. له‌سه‌ردمی به‌عسدا کورد له‌ موسڵ زیاتر بوو وه‌ک له‌ ئێستادا ،عه‌ره‌به‌ شۆفیینیه‌کان حه‌وسه‌د ماڵی کوردیان له‌ شاری حویجه‌ ده‌رکرد، تاوه‌کو ئیستا ئه‌و دوو پارته‌ نه‌یانتوانی بییان گه‌رێننه‌وه‌، که‌چی هه‌ر له‌دوای روخانی به‌عس مام جه‌لال دوای چه‌ند رۆژێک هاته‌ که‌رکووک له‌بینای پارێزگای که‌رکووک نامه‌یه‌کی له‌ گیرفانی ده‌رکه‌رد ووتی :(ئه‌م نامه‌ییه‌ منی هێناوه‌ بۆئێره‌) نامه‌ی شێخێکی خێڵی موزهر عاسی بوو‌ تیایدا نووسیبوی کورد له‌ که‌رکوک ده‌ستدرێژییمان ئه‌که‌نه‌‌سه‌ر!!! ئه‌ی بۆ بۆده‌رکردنی ماڵه‌کانی کورد له‌ حه‌ویجه‌ هه‌ڵوێستی نه‌بوو و نه‌هات بۆ که‌رکووک؟ بۆ دوای ئه‌وه‌ی له‌ باره‌گای به‌ری تورکمانییه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌خۆپێشانده‌ران کرا نه‌هاته‌ که‌رکوک و له‌ تاوانبارانیش خۆشبوو؟ هه‌روه‌ک چۆن له‌ پێشدا له‌ نه‌زار خه‌زره‌جی و پاشان له‌ تاریق ره‌مه‌زان خۆشبوو و پاکانه‌ی بۆ سولتان هاشم کرد؟
‌ هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ یه‌کێتی وپارتی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ عێراقدا زۆره‌، به‌ڵام بۆ ڕزگارکردنی که‌رکووک ئه‌ونده ‌ پێویست به‌هێز ناکات!‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی پێوستیمان به‌ ئیراده‌یه، ئیراده‌یه‌ک پشت به‌ خه‌ڵکی کوردستان ببه‌ستێت و سوود له‌ ئاڵوگۆره‌ سیاسیه‌کان وه‌رگرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە