یان جێگر یان ڕێگر
Saturday, 17/05/2014, 12:00
ئەو فەوزا ونائارامییەی لە سلێمانی بەتایبەت ولە هەموو کوردستان سەری هەڵداوە وهێنراوەتە ئاراوە ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێ وئەو فەوزایە کوشندەیەیە کە تووشی ڕیزەکانی سەرەوەی یەکێتی هاتووە وچنگی لێبەرنادات. بەتایبەت ئێستا قۆچقۆچانی هەردوو باڵی قوباد وقادری حەمەجانە لە سەر پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت.
هەشت مانگە بە هۆی ڕێگری یەکێتییەوە هێشتا کابینەی هەشتی حکوومەتی کوردستان چاوی نەپشکۆتەوە ولەدایکنەبووە.
یەکێتی سەرەڕای ئەو دەرد ونەخۆشیانەی سەرەڕای ئەو شکستانەی ڕووبەڕوی بۆتەوە دەیەوێت خۆی بەهێز بخاتە پێشچاو وخۆی بنوێنێت، خۆیشی لە هەموو کەسێ زیاتر هەست بە لاوازبوون ودابڕان وپشتتێهەڵکردنی جەماوەرە لێی.
بەخێرخوازی وپلانی هەندێ دەوڵەتی ئەقلیمی یەکێتی گەیشتبووە ئەو باوڕەی کە لەم هەڵبژاردنە بە هەرچۆنێ بووە دەبێ سەرکەوێت، کە ناکامی هێنا ئێستا دەستی داوەتە تەزویرکردنی ئیرادەی میللەت، ئەو میللەتەی بە هوشیارییەوە لە سلێمانی بڕیاری خۆی بەسزادان وبەزاندنی یەکێتی دا. با یەکێتی ئەوە لە بیر نەکات کە سلێمانی زۆر لەوە گەورەترە بە ترس وتیرۆر بەڕێوە ببرێت. سلێمانی شاری زەعیم سەدیق بەزێن ومولازم موحسن وبەعس تەزێنە، هەر ئەو سلێمانییەیە کە یەکێتی نیشتمانی بەزان وتەزان ووەکوو گەڵای دار لە پایزدا وەران وشکستی پێهێنا. تەزویر وساختە هیچ کاتێ ناتوانێت جێگرەوەی دەنگ وخوازیاری میللەت بن.
ئەمە ڕاستییەکی تاڵە ولە هەولێریش هەستی پێدەکرێت ولاوازبوونی ناشاررێتەوە ودەبێ سەرانی یەکێتی بینۆشێت وبەئاگا بێتەوە ولەبەر ئیرادەی ئەم گەلە سەر دابنەوێنێت، ڕیزی لێبگرێت وملکەچی ئەمری واقع بێت. ئەمەش خەریکە لە حەقیقەتدا ڕوودەدات ودەبینرێت. قەبووڵکردن بە وەرگرتنی هەموو پۆستی جێگرەکان جێگری سەرۆکی هەرێم، جیگری سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی شارەوانی پارێزگای سلێمانی وجێگری پارێزگاری سلێمانی خۆی لە خۆیدا داننانە بەو ئەمری واقیعە. دنیا گۆڕاوە وسەرۆکایەتی هەتا هەتا بۆ کەس نەماوەتەوە، وسەردەمی سەرۆکایەتییەکانی یەکێتیش بەسەر چووە، ئەمەش نیشانەی گلۆربوونەوە وڕوو لە لێژییە، یەکێتی باش خۆی وپایە وهێز وجەماوەری خۆی دەناسێت وبۆیە بە ڕازی بوونەوە لە سەرۆکایەتێکانەوە دابەزیوە بۆ جێگرەکان، ئەمەش حوکم وسزای مێژووە وبە پینە وپەڕۆ چارەسەر ناکرێت، بەدرۆ وچەواشە ناگۆرڕێت وبە ساختە وتەزویر ڕێگری لێناکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست