خوێندنەوەیەک بۆ ئەم بارە نالەبارە
Monday, 21/10/2013, 12:00
شکستی گەورەی یەکێتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی 21/9دا کە چاوەڕوانکراو بوو نەک تەنها ناکامی ونیگەرانی کادر ولایەنگرانی یەکێتیی لێکەوتەوە، بەڵکوو بارێکی نالەبار وترسناکی لای پارتی وبنەماڵەش بەئەنجام گەیاندووە.
پارتی سەرەڕای ئەو هەوڵە گەورەیەی هەرسێ کوچکەی بەرزانیەکان بەخۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کە ترسی دۆڕان وشکست وترس لە سیمایاندا دەخوێندرایەوە وبەدیدەکرا، ترسی هەڵکشان وسەرکەوتنی گۆڕان، سەرەڕای ئەو هەموو ساختە وتەزویر وکوشتن وهەڕەشە وچاوسوورکردنەوانە ئەگەرچی یەکەمن بەڵام لە حەقیقەتدا دۆڕاون. ئەمانیش دٶڕاون بە هەموو پێوانێک نەک تەنها یەکێتی. پارتی ویەکێتی هیچ کاتێکیتر لەو ژمارەیە زیاتر بەدەست ناهێنن. دەبێ ئەوەش لە بیر نەکرێ کەپارتی خاوەن پەنجا کورسی پەرلەمانی بوو، مەسعودبەرزانی ئیتر بۆی نییە شانازی بە حەفتاو ودووی دەنگەکان بکات وگەزافی دیموکراسییەتمان بۆ لێبدات کەواتە سەرەڕای ساختەکان کە خۆیشی بە بێشک ئاگادارە نیوەی حەفتای بەدەستهێناوە ئەمەش خۆی لەخۆیدا شکست ودۆڕانێکی گەورەیە، کەواتە دوو لە سێی میللەت ڕووبەڕووی وەستاوەتەوە ودەنگی پێنەداوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە میللەت ئیتر بەرزانی ناوێت ولە حوکمی بەرزانیەکان تێربووە.
بەڵام ئەوەی سەیرە وەکوو دیارە وئاشکرایە کە هەردوو دۆڕاوەکە نیازی پێکەوە گرتنەبەری هەمان سیاسەتی چەوتن، هەمان گەندەڵی، دزی وتاڵانکردن وتجارەتکردنن. پارتی بە پەرۆشەوە چاوی بڕیوەتە بڕیاری یەکێتی وژێربەژێریش دەستی داوەتە پارەبەخشین ونیشتنی نهێنی هاوپەیمانێتی نوێ ونامۆ لە گەڵ کوڕەکانی خوالێخۆشبوو تاڵەبانیدا. ئەمەش خۆی لە خۆیدا یاریکردنە بە وەرەقەیەکی دۆڕاو، یاریکردنە بە دووشەشێکی لە دەستدا مردوو، ئەمەش شکست ودۆڕانێکە سەرباری ئەوانیتر.
پارتی تووشی شکستێکی گەورە دەبێت،کە مایەی خۆشییە، ئەگەر هەموو هێلکەکانی خستە سەبەتەی یەکێتییەوە، ئەگەر یەکێتی بەفریادڕەس تەماشا بکات، چونکە یەکێتی وەکوو حزبێکی یەکگرتوو نەماوە وبەم زوانە چاوەڕێی تەقینەوەیەکی گەورە لەناویدا دەکرێت وبەلای کەمەوە ببێت بە چوار پێنج بەشەوە وکورسیەکانی گۆڕان لە سی دەرباز بکات، ئەو کاتەش دانیشتن وسازان وحکوومەت دروستکردن لە گەڵ ئۆپۆزسیۆن زەحمەت وئاڵۆزتر دەبێت وکوردستان تووشی قەیرانێکی سیاسی گەورە دەکەن. پارتی وبنەماڵە دەبێت ئەم تاڵییە بچێژن وچەند پلەیەک دابەزن ودەستبەرداری تاکەحیزبی قۆرخکردن ودکتاتۆریەت ببن ومل بۆ بریاری میللەت ودیموکراسی کەچ بکەن. دنیا گٶڕاوە، بە هوشداریەکانی مەسرور چارە ناکرێت، بە چاوی واقع وحەقیقەت نیگاهی ئەم بارە ئەگەرچی نالەباریشە بکەن. یەکڕیزی وتەبایی ئۆپۆزسیۆنیش ودروستکردنی یەک کوتلەی پەرلەمانی هیوا وگەرەنتی ومژدەی سەرکەوتن وئایندەیەکی ڕووناکمان پێدەبەخشێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست