عیماد ئەحمەدیش هەڕەشەمان لێدەکات
Sunday, 12/01/2014, 12:00
لەو کاتەوە تاڵەبانی لە گۆڕەپاندا ئاوابووە ودیارنەماوە ململانییەکی گەورە لە ناو سەرکردەکانی یەکێتیدا سەری هەڵداوە وهەرکەسە وخۆی بە ئەمینداری گشتی دەزانێت ولەهەوڵی خۆ دەرخستن وخۆپیشانداندان. وایان لێهاتووە سەریان لە خۆ شێواندووە وتێکداوە وئەمەش بە شێوەیەکی نەخواستراو لە شاری سلێمانی وگەرمیاندا ڕەنگی داوەتەوە وبۆیە نائارامی دەستی بەسەر ئەم ناوچانەدا کێشاوە وبەرەڵایی بە ڕەنگ وسیمایەوە نیشتووە.
ئەم جارە وا دیارە نۆرەی عیماد ئەحمەدی جێگری سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێوەبەری هەرێمەکەمانە، بەڵام تووڕە دیارە ، وا دیارە نیگەرانە لە وەی ئەم جارە کەسێکی بەهێزتر بۆ پۆستەکەی پاڵێوراوە ولەکێکی ئەم جارە بێبەشە، بۆیە دەیەوێت قین وپەستی خۆی بەسەر ئێمەدا ببارێنێت.
لەم ڕۆژانە عیماد ئەحمەد ڕوو لەمێللەتی کورد دەکات وهەڕەشەی لێ دەکات، دەڵێت ئەگەر دەرفەتمان پێنەدەن ئەوا میللەت باجی قورس دەدات. نازانم باسی دەرفەتی چی دەکات؟ ئەگەر باس باسی بەشداریکردنە لە حکوومەت ئەوە تۆ بەشی خۆتت برد ئیتر بەسە با ئەمجارە هەژارێک، کوڕە هەژارێک وەکوو قوبادی تاڵەبانێش خێرێک ببینێت.
نازانم عیماد ئەفەنی داوای دەرفەتی چیدەکات؟ بۆ زیاتر کوشتن یان زیاتر دزین؟ یەکێتی بەم دوو کردارە ناوبانگی دەرکردووە وبۆتە پێناسەی، ئەمە چەندەها ساڵە خۆی وحیزبەکەی بە چنگی ئیستالینی کە زۆر باوەڕیان پێیە دەستیان بەسەر ئەم ناوچانەدا گرتووە بە مشتی پۆڵایین بەزەبری چەک ومافیا وکوشتن وچاوسوورکردنەوە ئەم میللەتان چەوساندۆتەوە وخنکاندووە وهەر کەسێ سەری بەرزکردۆتەوە بە ئەو پەڕی دڕندایەتی ونامرۆڤانە پەلاماردراوە وکوژراوە، حەبسخانەکانتان وەکوو قەسری نهایەتەکەی سەدام وبەعسیەکان بە دەیان ڕۆڵەی ئەم گەلەتان تێدا تووشی ئازار وئەشکەنجە بوون ولەناو براون.
چەندەها ساڵە پارەیەکی زۆر بەحوکمی پەیمانی ئیستراتیجی، پارەیەکی زۆرتان وەرگرتووە بۆ خزمەتگوزاری وئاوەدانی وبووژانەوە بەڵام تۆ وبرادەرانت لە سەرکردایەتی یەکێتی هەمووتان لووشداوە ولەناوخۆتاندا بەشتان کردووە ومیللەتتان پشتگوێ خستووە ومافەکانیتان پێشێلکردووە.
دەرفەت لەمە زیاتر؟ چەندەها ساڵە میللەت بێدەنگە بەڵام چاوی لێتانە دەزانێت ودەبینێت ئێوە چی دەکەن، دەزانێت ئێوە بایی چەندن. چیتر ماوە خۆت وسەرکردەکانی یەکێتی دەستتان بەسەردا نەگرتووە وزەوتتان نەکردووە؟ میللەت دەبێ باجی چی بدات؟ چێ هەیە بیدات، چی ماوە؟ میللەت لەم سەرهەڵدانە، لەبەرەنگاریتان تەنها کۆت وزینجیرەکانی دەدۆڕێنێت ولەدەست دەدات. بۆیە هەڕەشەکەت بێبایەخە ونامانترسێنێت، بۆیە نە دەرفەت دەدەین ونە باج.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست