پیرۆز بێت سەرکەوتنی میللەت
Sunday, 22/09/2013, 12:00
پرۆسەی دەنگدان وپێشکەوتن وسەرکەوتنی گۆڕان بەتایبەت وئۆپۆزسیۆن بەگشتی، بنکەوتنی یەکێتی نیشتمانی وپەنابردنی پارتی بۆ سەختەکاری وتەزویر وتوند وتیژی مزگینی ومژدەی سەرکەوتنی گەلمان پێدەبەخشێت.
ڕووکردنە سەندووقەکانی دەنگدان بەو جۆش وخرۆشەوە لەلایەن هەموو چین وتوێژەکانەوە، زیادکردنی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموو شار وشارۆچکەکانی کوردستان بەشێوەیەکی هەستپێکراو، بەدەستهێنانی عەلی حەمەساڵح پلەی یەکەم بەڵگەی ڕوون وئاشکران بۆ گوێگرتن وتێگەیشتن وهوشیاری وچاوکراوەیی وزندوویی میللەتەکەمان کە دەسەڵات حسابی نوستوو ومردووی بۆ دەکرد.
مۆمەکەی گۆڕان خەریکە هەموو کوردستان ڕۆشن دەکاتەوە وئەو تاریکییەی ماوەیەک لە ژێر دەستی هەردوو حزبی گەندەڵی دەسەڵات دەستی بەسەر وڵاتەکەماندا کێشابوو خەریکە دەڕەوێتەوە ولەناو دەچێت، لە بەر گەرمی وبڵێسەی مۆمەکە خەریکە حزبەکانی دەسەڵات هێدی هێدی دەتوێتەوە ولەناودەچێت.
.ئەم سەرکەوتنە نوێیەی بزوتنەوەی گۆڕان مایەی دڵخۆشی گەلە وهەوەها ئومێدبەخش وهیوابەخشن مژدەی ئایندەیەکی خۆش وڕووناکمان پێشکەشدەکات.
ئەوەی ئێستا گرنگە بۆ ئۆپۆزسیۆن بە گشتی وبزوتنەوەکەی گۆڕان بەتایبەتی لە خۆ بێباییبوونە، یەک ڕیزی وتەبایی نێوانیانە ودەرس وەرگرتنە لە حزبەکانی دەسەڵات ودزی وگەندەڵیەکانیان، بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کە حزبێکی گەورەی خاوەن جەماوەرێکی زۆر بۆ پارە ونیمچە دەسەڵاتێک سەری بۆ پارتی شۆڕکرد وبەپاشکۆیەتی وکلکایەتی ڕازیبوو، چونکە ئەو هۆیانەی پاڵنەر وهۆکاری پەیدابوونی بوون لەدەستدا وپشگوێخست وڕا وهاوار وناڕازیبوونی جەماوەرەکەی بێبایەخ کرد، قسە دوور لەکردار، ناڕوونی وبڕیاردان لەتاریکیدا، دوور کەوتنەوە لە جەماوەر، چونکە لە سەر داواکانی میللەت مساوەمە وسازشی کرد.
پشتبەستن بەمیللەت وخزمەتکردنی وهەوڵی جێبەجێکردنی دروشمەکانی هەڵبژاردن کە بەڵێنن مایەی پێشکەوتن وسەرکەوتنن ونابێت بە هیچ شیوەیەک، لە هیچ کاتێکدا لە بیر بکرێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست