بەرزانی بۆ سەرۆکایەتی عیراق!!!
Thursday, 16/05/2013, 12:00
زۆر جار هەندێ کەس باوەڕناکەن کە بنەماڵە سەرکردایەتی پارتی قۆڕخکردووە وتەنهاش لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت، ودەڵێن ئەوە نییە چەند کەسێک لە سەرکردایەتیدان بەرزانی نین.
هەموو کەسێ لەم ڕۆژانە ئاوڕێک لە هەوڵ وکۆشش ودرۆکردن وچەواشەکانی فازیل موتنی ببینێت وگوێلێبێت دەزانێت بنەماڵە بۆچی چەند کەسێکی وا لە خزمەتی خۆیاندا دەهێڵنەوە.پێی دەڵێت کاکە تا چۆلەکەی بۆ بگرێت.
موتنی بێجگە لە درۆ قسەی سەیریش دەکات، تۆ بڵێیت سکرەتێری پارتی ئەوەندە ساکاربێت، ئەوەندە نەزان وساویلکە بێت یان خۆی لە ئاستی حەقیقەتێکی تاڵدا خۆی گێلدەکات؟ بەرێز موتنی دەڵێت لایەنەکانیتر حەقیان چییە، بەرزانی سەرۆکی خۆمانە وجارێکیتر کاندیدی دەکەینەوە. ئەمەش بێبایەخدانە وفەرامۆشکردنی لایەنە یاسایەکە، ئەگەرچی باسی یاساش دەکات وکارەکەی بەیاسایی لەقەڵەمدەدات. مەبەستیش دیارە وئاشکرایە کە ئەمە تەنها بەیاسای عەشایەری دەبێت، بە یاسای بنەماڵە.
موتنی شەرم ناکات ملکەچی حوکمی گەندەڵی بنەماڵە بێت ودوو دەوڵەتیش وەکوو بەڵکە دێنێتەوە پاکستان وئەفغانستان، کە دوو دەوڵەتی زۆر دواکەوتوون، بە حزبی عەشایەری بەڕیوە دەبڕیت. نازانم موتنی بۆ شەرمیکرد ناوی دەوڵەتانی ئیمارات وقەتەر بهێنێت،کە نموونەی بەرزی بنەماڵەن.نازانم بۆچی باسی پارتی موتەمەری هندی نەکرد کە هی خێزانەکەی ئەندێرا غاندییە کە سەرۆک وەزیرەکەی هێچ پەیوەندییەکی بێجگە لەبیر وڕا بەو خێزانەوە نییە؟
ئایا لە سایەی حوکمی بنەماڵە بێجگە لە بەرزانیەکان کەسێکیتر مافی ئەوەی هەیە ببێتە سەرۆک وەزیران؟ یان کەسیتر شایانی ئەو پۆستە نییە؟
ئەگەر کەمێ رێز لە عورف ویاسا بگیرێت، ئەگەر بەرزانی کەمێ بیر لە سەنگ وڕێزی خۆی بکاتەوە ووەکوو خۆی دەڵێت بۆ پلە وپایە مێژووی خۆی و بنەماڵەکەی نەسووتێت دەبێت ملکەچی ڕا وداوای گەل بێت، خۆی جارێکیتر بۆ سەرۆکایەتی هەرێم نەپاڵێتەوە،نموونەیەکی جوانی شارستانییەت بنوێنێت وقەبووڵی دەستاودەستی دەسەڵات بکات، ئەمەش کەمێ لە مێژووە ڕەش و سووتاوەکەی کە لەم سالانەی حوکمیدا بە گەندەڵی وناعەدالەتی ناوبانگی دەرکردووە بۆی دەگەرێتەوە وسپی دەبێتەوە، بەڵکوو با بۆ سەرۆکایەتی عیراق خۆی بپاڵێتەوە کە وەک دەزانین ئێستا کورسیەکە خاڵییە، مێللەتی کورد ومالیکی هاوڕێشی پشتگیری لێدەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست