ئێستا دەبێ چی بکەین
Saturday, 15/06/2013, 12:00
زۆرم پێ سەیرە ئۆپۆزسیۆن زۆر بەگەرمی وبایەخەوە لە قسە ودیدار وکردارەکانی مەسعودبەرزانی دەڕوانن وبەهەندی وەردەگرن ودادەنیشن لێکیدەدەنەوە، مەبەستی چییە، نیازی باشە یان ئەمکارە موویەکی تێدایە؟ کات ماوە یان نەماوە بۆ تەوافق وسازان، پەرلەمانەکەمان تەمەنی کۆتایە وکەمی ماوە وهیچی پێناکرێت، بەرزانی چی دەکات چ بریارێک دەدات، خۆی کاندید دەکاتەوە یان تەنها جارێ لە ژیانیدا پەنا بۆ عەقڵ دەبات ووازدێنێت وڕێگا بۆ کاندیدێکیتری بنەماڵە خۆشدەکات؟
با مەسەلەی دەستوور بخەینە لاوە چونکە بەرزانی وبنەماڵە باڕێکیتر،جارێکیتر شکستی هێنا لە بەرانبەر ئیرادەی گەلی کوردستان وئەو باسەیان، باسی خستنە دەنگدانی دەستوور پشتگوێ خست. کە واتە بابەتە گرنگەکەی ئێستامان هەڵبژاردنە، کە گرنگترین بابەتە ودەبێ بایەخی پێبدەین وخۆمانی بۆ ئامادەبکەین.
ئۆپۆزسیۆن دەبێ لە ئێستاوە کاندیدی خۆی دەستنیشان بکات بۆ سەرۆکایەتی هەرێم. دەبێ کاندیدێکی وا بەهێزبێت وەکوو لافاو هەموو کاندیدەکانیتر وگەندەڵی وگەندەڵان ڕاماڵێت. با مەسعود بەرزانیش کاندیدی ئەولا بێت.
برادەرانی ئیسلامی نیازیان وایە بەڕێز سەڵاحەددین بەهائەددین یان یەکێ سەر بە ئەوان باشە کاندید بکرێت. من بە چاوێکی زۆر بەرزەوە لە بەڕێز سەڵاحەددین دەڕوانم، بەڵام لەو لاوە جەماوەرێکی گەورەی عیلمانی لە کیس دەدەین، کە واتە سەرکەوتنمان مسۆگەر نابێت. کە واتە بۆ ئەوەی دەنگی لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانیش وهەموو ئازادیخوازێکی ئەم وڵاتە بۆ لای خۆمان ڕاکێشین ومسۆگەربکەین، بۆ ئەوەی هۆ وئامرازەکانی سەرکەوتنی یەقین بەدەست بهێنین دەبێ بەڕێز نەوشیروان موستەفا تاقە کاندیدمان بێت. برا ئیسلامیەکانیش بە هۆی بوونیان لە ئۆپۆزسیۆن چەند ساڵێکە لە گەڵ گۆڕان ئیش دەکەن وباش نەوشیروان دەناسن. سەرکەوتنمان لەم سات وکاتەدا زۆر گرنگە، سەرکەوتنمان سەرکەوتنی کورد وکوردستانە، نەک تەنها چونکە ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات دەگرێتە دەست وگەندەڵی چارەسەردەکات، نەک تەنها یەکڕیزی دەگەڕێتەوە بۆ ناو ماڵی کورد وتەبایی وخۆشی دەست بەسەر هەموو کوردستان دەکێشێت، جەنابی سەرۆکی نوێ دەتوانێت بێ ئەم مشت ومڕەی ئێستا، دەستوور بگەڕێنێتەوە پەرلەمان وئەو کاتە بەسازان پرۆژە دەستوورەکەی بنەماڵە هەمواردەکرێتەوە ودەستوورێکی ڕێکوپێک دێتە ئاراوە ودەبین بەخاوەنی دەستوورێکی ڕێک وپێک. بۆیە دەبێ بەرژەوەندی میللەت، بەرژەوەندی گشتی لە پێش چاو بگرین بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست