ئەگەر وانەبێ خۆم دەزانم چیدەكەم
Sunday, 17/06/2012, 12:00
زۆر چار مەسعود بەرزانی هەر كە كەمێ توورَە بوو دەڵێت خۆم دەزانم چیدەكەم.بەدەیانجار ئەم رَستەیەی بەكار هێناوە. لە تەقسیری بەغدا بەرانبەر بەداخوازیەكانی كورد, لە دوورخستنی هەندێ كەس لەلایەن مالكییەوە, یان بەرانبەر تاكرَەوی وبایەخنەدانی مالكی بەدیموكراسییەتەوە.
ئەوانەی بەرزانی دەناسن دەزانن ئەم قسانە بێجگە لەچەواشە شتێكیتر نییە وبێبایەخن. ئەوانەی هێشتا بەرزانی ناناسن, ئەوانیش كەمینەیەكن, وادەزانن ئەمە هەرَەشەیە, بیریان بەهەڵەدا دەرَوات وبەگرنگییەوە هەندێ لێكدانەوەی لێوەدەكەن. هەندێ دەڵێن تەواو لەم رَۆژانە بەرزانی لەقینا دەوڵەتی كوردی ئیعلاندەكات.
ئەم قسانەی مەسعود بەرزانی نوكتەیەكی كۆنی مەلانەسرەددینی هێنامە بیر. هەندێ كەس بەگاڵتەوە دەچن كەرەكەی مەلا دەدزن. ئەویش زۆر توورَە دەبێت ودەڵێت وەڵا ئەگەر كەرەكەم نەیەتەوە خۆم دەزانم چیدەكەم. وەڵا ئەگەر كەرەمەم نەدۆزمەوە خۆم دەزانم چیدەكەم. برادەرەكانیش دەرَۆن كەرەكە دەبەنەوە ودەپرسن ئەرێ مەلا چیتدەكرد ئەگەر كەرەكە نەهاتبایەتەوە, ئەویش دەڵێت دەسەڵات, چیم لەدەستدەهات, دەرۆشتم كەرێكیترم دەكرَی.
ئەوەتا بۆ هەموان دیاردەكەوێت ئەم قسانەی مەسعود بەتەواوی وەكو مەلا, بۆچوونەكەی ورَاكەی مەلایە. ئەوەتا سەرچاوەی نزیك لەبەرزانییەوە ئەوە دەڵێن ودووپاتدەكەنەوە لەدوای ئەوەی هەوڵی گۆرَینی مالكی فەشەلی هێنا, وتەنها سەربەرز وسەركەوتو هەڵوێستە جوان وواقعی وكوردانەكەی بزوتنەوەی گۆرَانە, وئەوانەی ئەو داوایەیان دەكرد شەرمەزار ورَسوابوون, باسی بەمزوانە بەیەكگەیشتنی بەرزانی ومالكی دەكەن. پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت ناچارین مالكی قبوول بكەین.
هەمو سیاسییەك ئەگەر لەكارێكی گرنگدا شكست بهێنێت یەكسەر دەستهەڵدەبرَێت وواز دەهێنێت. بەڵام بەرزانی چۆن وازدەهێنێت؟ ئەمە میللەتی كورد با لەمێشكی خۆیان دووریخەنەوە. شەرمەزاری نەك وازهێنان. وەك مسرییەكان دەڵێن باهەزارجار بڵێن ترسنۆك نەكجارێ خواعافوویكات.
بەرزانی تەنها بۆ پاراستنی كەرامەت ودەنگی كورد دەبوایە وابەئاسانی تەسلیم نەبایە وپەرلەمانی بكردایەتە مەرجەع بۆ بەردەوامبوون وگەرَانەوەی پەیوەندییەكان لەكەڵ بەغدا. بەڵام دەترسێت ئەمكردارە لەدكتاتۆریەتەكەی كەمبكاتەوە, چونكە بیجگە لەخۆی نابێت كەسێكیتر بریارێكبدات. بریاریداوە خۆی لەگەڵ مالكی دانیشێت وبڵێت هەم یار باقی وهەم سوحبەت باقی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست