بۆچی هەندێ کەس ئەم قسەیە دووبارە دەکاتەوە
Monday, 27/01/2014, 12:00
کە باس لە کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی دەکرێت هەندێ کەس یەکسەر دەڵێت بەڵام پۆستەکەی تاڵەبانی جێگرەوەی نییە. کە واتە کەس بۆی نییە بۆ پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی خۆی کاندید بکات. ئەم قسەیەش پرسیاری زۆر دێنێتە ئاراوە. یەکێتیش و هەموو حیزبێکیتریش بە بێ سەرۆک وەکوو لەشی بێ سەر وایە وهیچی پێناکرێت وناتوانێت بڕیارێکی گونجاو، هەنگاوێکی باش بنێت.
ئەوەی سەرنج ڕاکێشە و زۆر پرسیار دەورووژێنێت بار وتەندروستی تاڵەبانییە، ماوە یان نە؟ پار لە نەورۆز چاوەڕێمان دەکرد بێتەوە دوایی دەرکەوت ئەوە تەنها درۆیەکی داتاشراوی بنەماڵەکەی بوو. لە سەری ساڵیش دووبارە دەنگۆی هاتنەوەیان بڵاوکردەوە، دوایی ئەوەیان بڵاو کردەوە کا تاڵەبانی لە کۆنفرانسی یەکێتی ئامادە دەبێت کە بریارە لەم ڕۆژانە ببەسترێت بەڵام وەکوو دیارە هەموو درۆی گەورەیە. پار دەیانگوت تاڵەبانی بە سێ زمان قسەدەکات، بەڵام پێش ماوەیەک د.نەجمەدین دەڵێت ئێستا دەتوانرێت هەندێ قسەی لێ تێبگەیت، هەندێ قسە. کەواتە ئەگەر مابێت ئێستاش هێشتا قسەی پێناکرێت، ئەو قسانەش باسی چییە ئەوە سڕڕێک ونهێنییەکی گەورەیە کەس ناتوانێت وناوێرێت باسی بکات. کە واتە ئەگەر تاڵەبانی مابێت، گریمان ماوە بەڵام هەموان دەزانن کە لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان تەواو بووە وجارێکی تر چوار قسەی باشی بۆ ناکرێت وجارێکیتر ناتوانێت سەرکردایەتی ئەو حیزبە یان کۆبوونەوەیەکی ئەو حیزبە بکات. کەواتە بۆچ بیر لە جێگرەوەیەکی ناکرێت یان ڕێگای لێدەگیرێت؟
ئەوی زیاتر سەنج ڕاکێشە د.بەرهەم ولایەنگرانی خاوەنی ئەو بیرۆکەیەن کە دەبێت باس لە جێگای سکرتێری گشتی نەکرێت نەک قوبادی کوڕی تاڵەبانی کە دەبوایە لە هەموان زیاتر لە سەر ئەو ڕایە سوور بوایە. ئەمەش هۆی تەم ومژێکەیە. ئەمەش بەڵگەی تەوابوونی تاڵەبانی دووپات دەکاتەوە.
ئەوانەی دژی بیرۆکەکەن نەک لە چاوەڕوانی تاڵەبانیدان بەڵکوو لە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی قوبادن بۆ داگیرکردنی ئەو شوێنە. ئەوەی ئاشکرا بووە کە قوباد بە یارمەتی پارتی وبە پێی ئیتفاقێکی نهێنی لە هەوڵی ئەوەدایە جێی بابی بگرێتەوە، ئەمەش هۆیەکی گەورەی فەوزا ودووبەرەکانیەکانی ناو یەکێتییە، بەلام وەکوو دیارە بە تەداخول وهاتنی ئێران لە سەر خەت لە بەرژەوەندی بەرهەمدا ساغ دەبێتەوە بەڵام ئەوەش مانای ئارامی وکۆتایی ئاژاوە وشەڕی باڵەکانی ناو یەکێتی ناگەیەنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست