ئەگەر تاڵەبانی نەمردووە ئەی بۆ پاسەوانەکەتان کوشت
Tuesday, 17/12/2013, 12:00
یەکێتی نیشتمانی بەدەستی قەیرانێک یان چەندەها قەیرانی گەورە وکوشندەوە ئاڵاوە ودەناڵێنێت، وەکوو پاپۆڕێکی کۆن لەناو شەپۆڵی دەریا وزریاندا تا لایەک پینە وپەڕۆ دەکەن لەلایەکیدی ئاو دێتە ناو. سرنجی شپرزەیی وسەرلێشێواوی وئەو ترسە گەورەیەی بە سەر وسیمای سەرکردەکانیەوە بدەن، بە ئاشکرا دەبینرێت ودەخوێنرێتەوە.
لەدوای ئەو هەموو شکستە سیاسییە ونزمی پایەی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا ودوورکەوتنەوەی جەماوەر لێی، هەندێ سەرکردەی یەکێتی گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە کوشتن وترس تەنها ڕێگایە لە بەریان بۆ خۆ چەسپاندن وخۆ سەپاندن بە سەر میللەتدا، بۆیە دەستیان دایە وهەر ڕۆژێ نۆرەی یەکێکە، ڕۆژێ لە چاڤیلاند ڕۆژێ لەناو شار ڕۆژێ لە سەرچنار ڕۆژێ لە کەلار تاگەیشتە پاسەوانە تایبەتەکەی تاڵەبانی، هۆکەش گوایە سڕی مردنی تاڵەبانی لەملاولا درکاندووە، ئێستاش کە کاوەیان تیرۆر کرد وێنەی تاڵەبانیمان پێپیشان دەدەن، ئەی ئەگەر وایە ونەمردییە بۆ عەقید سەروەتتان لەناوبرد؟، ئێستاش یەکێتی وەکوو پێمان بڵێت ئەوە تاڵەبانی زیندووە گوێ بە کاوە مەدەن.
ئێستاش لە کاتێکدا دەنگوباسی سەفەری کادری ناودار وبەتوانای یەکێتی مەحمودسەنگاوی بۆ دەرەوەی وڵات وهەوڵی شاردنەوەی لە بەر چاو بۆ ماوەیەک لە ئارادایە، لە هەمان کاتدا حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری نامەیەک بۆ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنال ناردووە ئەم هەموو ڕەفتارەی یەکێتی تێیدا ڕوونکردۆتەوە وداوای دەرکردنی لەو ڕێکخراوە دەکات.
بەندە لەو باوەڕەدایە کە چوونی مەحموود سەنگاوی بۆ دەرەوە لە بەر ئەم هۆیە بێت، بۆ ئەوەی مێللەتی کورد شەرمەزار بکات وبەدرۆ بخاتەوە. شایانی باسە سەنگاوی چەند نوسخەیەکی لەو ڤیدیۆیەی کە بۆ کاوە گەرمیانی ناردبوو کە خەڵک بەهەڕەشەی دەزانێت وناودەبات لە گەڵ خۆیدا بردووە لە ئەوروپا ولای سۆشیال ئینتەرناسیۆناڵ پیشانی بدات سەرکردەکانی یەکێتی چەند ناسک وجوان لە گەڵ ئەم میللەتە قسان دەکات وچەند بە ڕێزەوە ڕەفتار دەکات وچەند پابەندن بە بنەماکانی سۆشیال دیموکراتەکان.
قەیرانێکیتری یەکێتی یان لە ڕاستیدا قەیرانی بەشێک لەمەکتەب سیاسییە کە بە هۆکاری شکستەکانی ئەم حیزبە دەزانرێن وئاماژەیان بۆ دەکرێت، ترسێکیان لێنیشتووە پێی دەگوترێت ترسی کۆنگرە. بۆیە ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان کە کۆنگرەش وەکوو هەڵبژاردنەکان تێک بدەن یان دوا بخەن وخۆیان هەر بمێننەوە. ئەم بابەتەش یەکێتی بە سەر دوو گرووپدا دابەش کردووە، یەکێ ئەڵێ بەڵێ یەکێ دەڵێ نە، ئینجا وەرن بزانن چ هەرا وهوریایەکە چ فەرتەنەیەکە. لە وانەشە مەحمودسەنگاوی بەتایبەت بۆ لای تاڵەبانی نێردراوە بۆ ئەوەی فەتوای تێکدان وپێویستینەکردن بە کۆنگرە بدات بەتایبەت هێرۆخان ڕقی لە کۆنگرە وهەڵبژاردنە. بۆیە لەم ڕۆژانە چاوەڕوانی خیتابێکی تاڵەبانی بن لەم بارەیەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست