تیرۆرستانی یەکێتی بەردەوامن لە کوشتن
Thursday, 02/01/2014, 12:00
لە بەرانبەر خۆپیشاندان وڕێپێوانێکی ئاشتیانە ولەسەر ناڕازیبوونی جەماوەری شاری سەیدسادق لە کەمی خزمەتگوزاری وبێکاری وهەژاری، وگەندەڵی بەرپرسان وبەڕێوابەرانی شارەکە وداوای گۆڕینی قایمقام، لە باتی ئەوەی گوێ بۆ داخوازیەکان بگیرێت وداواکان جێبەجێ بکرێت، هێزەکانی یەکێتی جاڕیکیتر جەریمەتێکیتریان بە ئەنجام گەیاند، پەنای بردە بەر هێز وکوشتن وتوند وتیژی، وەکوو هەموو دکتاتۆرەکان بێ ڕەحم وبەزەیی، لاوێکیتریان کردە قوربانی وگەیاندیانە کاوە گەرمیانی، گوڵێکیتری هەڵوەراند، گەنجێکیتری لەسەرەتای بەهاری ژیانیدا بۆ لیستی جوانەمەرگانی شەهیدانی کورد زیادکرد، ودەیان بریندار هەیە وڕەشبگیریش دەستی پێکردووە. یەکێتی دەیەوێت ئاوەها دەنگی ئازادی ئەم میللەتە کپ بکات وبخنکێنێت هەر وەک چۆن قایمقامەکەی سلێمانییان خنکاند.
قسە درۆکانی قایمقامی شارەکە کە گوایە ئەمانە دژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خۆپیشاندەکەن هیچ ئەسڵ وئەساسێکی نییە، خۆڵ لە چاوکردنە وبۆ خۆ شاردنەوەیە لە بەرپرسیارێتی وشاردنەوەی گەندەڵیەکانی خۆی کە هۆی سەرەکی ئەو ناڕازیبوونەیە.
پەنابردنی هێزە ئەمنیەکان کە یەکێتی لێی بەرپرسیارە بۆ توند وتیژی وتەقەکردند لە هاوڵاتیان دروندەیی ونامرۆڤایەتی بەرپرسەکانمان پیشاندەدات، ئەوەمان پێدەڵێت کە یەکێتی تەنها یەک مەحموود سەنگاویی نییە ، یەک تەنها بکوژی نییە بەڵکوو حیزبێکی مافیایەکە دەست لە کوشتن ناپارێزێت وبەردەوام دەبێت. یەکێتی نامەی تیرۆر وترسمان بۆدەنێرێت، دەیەوێت بەکوشتن خۆی بەسەر ئەو میللەتەدا بسەپێنێت کەلێی وەڕس وبێزار بووە. بەم شیوەیە یەکێتی دەیەوێت قەیرانە گەورە وقووڵەکانی بشارێتەوە.
تەقەکردن لە خۆپیشاندانی ئاشتی لە پێناو چەند داواکارییەکی ڕەوا وهەق سەدام وڕژیمی بەعسمان دێنێتەوە یاد کە دەمانگوت درندەیە تەقە لە خۆپیشاندان دەکات، ئەم تیرۆرەی یەکێتی جارێکیتر برینە ساڕێژنەکراوەکانی ئەم گەلەمان دەکولێنێتەوە وهەڵی دەداتەوە وقووڵتری دەکات، ئەوەمان پێڕادەگەیەنێت کە دوژمنانی میللەتەکەمان ئەوەتا هێشتا دەست بەکارن ولەناوماندان وبەکەیفی خۆیان دەکوژن ودەبڕن وحوکمیشمان دەکەن.
یەکێتی نیشتمانی لاپەڕەیەکی ڕەشیتری بۆ مێژۆکەی زیاد کرد. عەیبەیەک وشەرمەزارییەکیتر وڕسوابوونێکی گەورەتری پەڵەیەکی ڕەشی بۆ ناوچەوانی بەد وقێزەونی سۆسیال دیموکراتە درۆین وناڕاستەقینەکان نووسرا وچەسپا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست