پاسەوانەکەی تاڵەبانی خۆی پێویستی بە پاسەوان بوو
Thursday, 21/11/2013, 12:00
كەم ڕۆژ هەیە لەم شارەدا، شاری سلێمانی بەبێ کوشتن وتیرۆر وکردەوەی ناخۆش ونەویستراو وجەرگبڕ بەسەرماندا ببوورێت.
کە ڕۆژ دەبێتەوە فێربووین یەکسەر ڕوو لە تیڤێکانمان دەکەین بزانین لە تاریکی شەودا چی ڕووی داوە، نۆرەی کێ بوو، دەستی مەرگ کێی لێسەندین. بی ئێمە ڕەشەکە هات وبیئێمەکە چوو، وا دیارە ترس ومەرگ وتاریکی دەستی بە سەر ئەم شارەدا کێشاوە، وا دیارە عیسرائیل کە کاری ڕووح وەرگرتنە شاری سلێمانی پێخۆشە ونیشتەجێی بووە. یان بەرپرسەکان وسەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی جێی ئەویان گرتۆتەوە وئەو ئەرک وزەحمەتەیان خستۆتە ئەستۆی خۆ؟
زۆر سەیرە بەرپرسێکی گەورە، پاسەوانە تایبەتەکەی تاڵەبانی خۆی پێویستی بە پاسەوان بوو. کەسی وا نەتوانێت خۆی لەدەستی تیرۆر بپارێزێت یان پارێزراو نەبێت چۆن دەتوانێت کەسێکیتر بپارێزیت؟
یەکێتی نیشتمانی بە ساردییەکەوە هەواڵەکەی بڵاو کردەوە لە کاتێکدا کەسەکە هاوڵاتییەکی سادە نەبوە. ئەگەرچی کوشتنی هەر کەسێک تاوانێک وجەریمەیەکی گەورەیە. ئایا ویستیان دەمی بگرن چونکە زۆر شت دەربارەی تاڵەبانی ومان ونەمانی دەزانێت یان ئاگای لە گەندەڵی زۆرە وکپکردنی باشترین چارەسەرە؟
یەکێتی باس لە سیناریۆی دز ودزیکردن دەکات ئەمەش سیناریۆیەکی زۆر لاوازە ودەبوایە باشتر بیریان لێ بکردایەتەوە. چونکە ئەم غەدرلێکراوە ئەفسەرێکی گەورەیە دەبوایە باشتر ئاگای لە پاراستنی خۆی وماڵەکەی خۆی بوایە پێش ئەوەی کارێکی گرنگی وای پێبسپێرێت، هەر دزێکیش ڕووی لە ماڵی کەسێکی وا بکات دەبێت زۆر بیری لێبکاتەوە. چونکە هەم چەکدارە وهەم شارەزایە، ئەگەر مەبەست کوشتنی خوالێخۆشبوو نەبوایە خۆ دەتوانرا تەنها ڕۆژێک دزەکان سەبر بکەن وئەو کاتەش هەم ترسیان کەمتر هەم بەئاسانتر دەتوانرا دزییەکە ئەنجام بدرێت.
هۆی تیرۆرکردنی سەروەر محمدڕەشید هەرچییەک بێت لاوازی وشکستی یەکێتی نیشتمانیمانان پێ ڕادەگەیەنن. یەکێتی ئەوەندە لاواز بووە ئیتر کۆنتڕۆڵی شارێکیان پێناکرێت، یان ئەوەندە تێک چووە هەر سەرکردەیەک وبەرپرسێک دەڵێت وای نەفسم وتەنها لە هەوڵی قورتارکردنی خۆیەتی.
کەواتە واقع وکەمێ بیرکردنەوە وعەقڵ بەکار هێنان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەبەست وویست لەئەساسدا کوشتن بووە نەک دزی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست