کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێتی بەردەوامە لە کوشتن

Saturday, 07/12/2013, 12:00




دەستی ڕەشی چەپەڵی یەکێتی نیشتمانی بەردەوامە لە تیرۆری لاو وجوانەکانی میللەتەکەمان. ئەوەتا بە ڕۆژی ڕووناک جریمەتێک وتاوانێکی گەورە ئەنجامدەدەن، جوانێک لە باوەشی دایکیدا بە بێ دوودلی وبە بێ ترس سەردەبڕن، کۆتایی بە ژیانی گەنجێکی بەتەمەنی گوڵاڵە دەهێنن چونکە دەیەوێست بە ئازادی وسەربەرز بژیت، چونکە دژی زوڵم ونامرۆڤایەتی یەکێتی ومافیاکانی بوو.

ئەوەی سەیرە بەرپرسانی یەکێتی، سۆشیال دیموکراتەکان هەموو ڵاڵ بوون وەکوو تیرۆرەکانیتر درۆشیان پێناکریت. ئەوەی سەیرە حکوومەتی کوردستان هیچ کاردانەوەیەک وقسەیەکی بەرانبەر ئەم زۆڵمە، ئەم جەریمە سیاسییە تاکوو ئێستا نەبووه. ئەمەش دووپاتی دوو حکوومەتی بەڵکوو دوو هەرێمی دەنوێنێت. ئەمە بێبایەخی مرۆڤ وپێشێلکردنی مافەکانیمان پی پیشاندەدات.

تیرۆرکردنی جوانەمەک کاوە گەرمیانی ئەگەر چی لای یەکێتی نامەیەکە بۆ هەموو ئازادی خوازان وقەڵەمە نەترسەکان وڕۆژنامەنووس ونووسەرە بوێرەکانی ئەم میللەتە و‌هەڕەشەیە، بەڵام خوێنی گەشی ئەم مرۆڤە تێکۆشەرە مژدەی ڕۆژێکی ڕووناک وئازاد بە گەلی کوردستان دەبەخشێت وهانی بەردەوامی وسووربوون وکۆڵنەدانمان دەدات.

ئەگەر، ئەڵێم ئەگەر، یەکێتی خۆی بە بەرپرسیار نازانێت بەرانبەر ئەم کارە نامرۆڤانەی لە دەڤەری سەوز ڕوودەدەن وئاگای نییە لەم تیرۆرستانەی کە دەستێکی باڵایان لە سلێمانی وگەرمیاندا هەیە وناتوانێت موجریم وتاوانبارەکان دەستگیر بکات وڕەوانەی دادگا بکات، ناتوانێت ئارامی وگیان وموڵکی هاوڵاتیان بپارێزیت کە بەرپرسە لێی، لە کاتێکدا هەموو ئامارەکان وعەقل ومەنتیق یەکێتی یان چەند بەرپرسێکی کە خەڵک وبەتایبەتی دانشتوانی شاری کەلاری سەربەرز وگۆڕانخواز ناویان دەهێنن وهەڕەشەیان لەکاوە کردووە بەبەرپرسی ئەم تاوانە دەبینن، ئەمە زاڵبوونی باڵی مافیا بە سەر یەکێتیدا دووپاتدەکاتەوە، ئەمە تەنها یەک واتا دەبەخشێت ئەویش شکستی یەکێتییە لە بەڕێوەبردنی ئەو بەشەی کوردستان کە بەرپرسیارە لێی، ڕۆژ بەڕۆژ ترس وکوشتن ونائارامی ڕوو لە زیاد بوونە، بۆیە دەبێ یەکێتی چۆک دابدات، مل بۆ ئیرادەی گەل بجەمێنێت وڕێز لەدەنگیان بگرێت، دەست لە حوکمی ئەم ناوچەیە هەڵبگرێت وتەسلیمی ئۆپۆزسیۆنی بکات ئەگەر کەمێ خۆشگوزەرانی وبەرژەوەندی میللەت وئارامی کوردستانی مەبەستە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە