کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


من هیوادارم به‌ڵام باوه‌ڕناکه‌م

Saturday, 28/05/2011, 12:00


ئایا ئۆپۆزسیۆن ناچار کۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵیه‌که‌ی قه‌بووڵ کرد؟ ئایا ڕژیم ناچار داوای کۆبوونه‌وه‌ی کرد؟ ئایا ئۆپۆزسیۆن له‌ مله‌ت بێهیوایه‌ و مه‌وقفی زه‌عیفه‌؟ ئایا ده‌سه‌ڵات له‌ دوای داگیرکردنی سه‌رای ئازادی و مه‌یدانه‌ ئازاده‌کان سه‌رکه‌وتو و به‌ هێزه‌؟ بۆچی ده‌سه‌ڵات له‌ پێش ۱۹)ه‌ی نیسان داوای کۆبوونه‌وه‌ی نه‌کرد، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌موو شه‌قام و ئۆپۆزسیۆنی به‌ خاین و ئاژاوه‌چی له‌ قه‌ڵه‌مدا، ئه‌مڕۆ له‌
سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک داوای کۆبوونه‌وه‌ ده‌کات؟ ئایا وتاره‌که‌ی سه‌رۆک ئۆباما و پشتگیری ئه‌مریکا له‌ مله‌تان، هاندانیان بۆ ڕاپه‌رین ترسێکی خستۆته‌ دڵی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ، یان ناردنی مه‌له‌فی دکتاتۆره‌کان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاوه‌ بۆ مه‌حکه‌مه‌ی ده‌ولی له‌ لاهای، ده‌سه‌ڵاتی نه‌رم کرده‌وه‌؟ ئایا ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت گه‌نده‌ڵی چاره‌سه‌ر بکات و چاکسازی بکات؟ من هیوادارم به‌ڵام باوه‌ر ناکه‌م. ئایا ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت کات بکوژێت و خه‌ڵکیی تووڕه‌ سارد بکاته‌وه‌؟ خه‌یاڵی خاوه‌.
تۆ بڵێی ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت تێکدان و دووبه‌ره‌کی بخاته‌ نێو ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، یان ده‌یه‌وێت متمانه‌ی خه‌ڵکیی پێ لاواز بکات؟ کوا پێشنیاره‌ ۱۷) خاڵیه‌که‌ی په‌رله‌مان ، چییان لێ کرد، ئه‌ی ته‌نها بۆ چه‌واشه‌کاری و کات کوشتن نه‌بوو، چوونی وه‌فدێکی گه‌نجان بۆ لای مه‌سعوود به‌رزانی ده‌سکه‌وته‌که‌ی چی بوو، شتێکی به‌ ده‌ست هێنا؟ کۆبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه، نیه‌تی پاک ده‌بێت زه‌مینه‌سازی بۆ بکرێت، هه‌موو شه‌قامه‌کان، شاره‌کان هێشتا داگیر کراون، هێڕشی دڕندانه‌ بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆکان، ڕۆژنامه‌نووسه‌ ئازاده‌کان به‌رده‌وامه‌، ئایا ئه‌مه‌ دڵ خۆشکه‌ره‌؟ ده‌سه‌ڵات دوو ڕێی له‌ به‌ردایه‌، چاکسازی بکات هه‌ر وه‌ی، چاکسازی نه‌کات هه‌ر وه‌ی، به‌ هه‌ڵبژاردنی ڕێی یه‌که‌م زۆر زه‌عیف ده‌بێت، به‌هه‌ڵبژاردنی ڕێی دووه‌م ده‌که‌وێته‌ به‌ر تووڕه‌ و لافاوێکی گه‌وره‌ و محاکه‌مه‌ ده‌کرێت. ده‌سه‌ڵاتی عاقڵ ئه‌م هه‌له‌ له‌ ده‌ست نادات، بێ منه‌ت نابێت، نایه‌ڵێت بگاته‌ ته‌ڵاق. ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌رچی له
ڕواڵه‌تدا به‌هێزه‌، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن به‌ پشتبه‌ستن به‌ مله‌تێکی زندوو، هوشیار، تووڕه‌ و شۆرشگێڕ، به‌ گونجان و له‌ باری وه‌زعی ده‌ولی زۆر پشتقایم و به‌ هێزتره‌، ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌مه‌ ده‌زانێت. مله‌ت له‌ سه‌ر حه‌قه‌ و ده‌سه‌ڵات گوناهبار. ئه‌گه‌رچی من به‌ گرنگی ده‌زانم چه‌ند نوێنه‌رێکی سه‌رای ئازادیش له‌و کۆبوونه‌وانه‌ به‌شداری بکه‌ن و کۆبوونه‌وه‌ی شه‌ش قۆڵی ده‌ست پێ بکات.
با هه‌موو ڕێگاکان بگرینه‌ به‌ر له‌ پێناوی ڕزگارکردنی هه‌رێمه‌که‌مان، ده‌سکه‌وته‌کانی مله‌ت، له‌ پێناوی کورد و کوردستان. ئه‌وه‌ی گرنگ بێت یه‌کریزی
ئۆپۆزسیۆن و مله‌ته‌ و هه‌روه‌ها هوشیاری له‌ هه‌مو فێڵێکی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م قه‌یرانه‌، گه‌نده‌ڵی، دزی، له‌ یاسالادان و پێشێلکردنی، کوشتن، زه‌وتکردنی ماڵی خه‌ڵک، ماڵی گشتی....ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ و فراوانه‌ به‌ دانشتنێک و دوو ته‌واو چاره‌سه‌ر نابێت، شتی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ کرده‌وه‌ پیشانی بدات که‌ چاکسازیی مه‌به‌سته‌ و هه‌نگاوی ڕاسته‌قینه‌ بنێت بۆ پێشه‌وه‌ و ئۆپۆزسیۆنیش ده‌بێت، بۆ دۆست و دوژمن
پیشانی بدات که‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی دڵسۆزی ئه‌م مله‌ته‌یه‌، چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی و ئه‌م
وه‌زعه‌ ناله‌باره‌ی هه‌رێمه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە