ئەم نەورۆزەش نەگەیشتین بەئاكام
Thursday, 22/03/2012, 12:00
پێش چەند مانگێك لە رۆژنامەیەكی كوردیدا خوێندمەوە گوایە بەرزانی لەنەورۆزدا دەوڵەتی كودی ئیعلاندەكات.
لەكاتی خۆیدا ویستم یەكسەر ئەو خەبەرە بەدرۆ بخەمەوە وتارێكی لەسەر بنووسم بەڵام لەوە ترسام كەهەندێ لەو ئەندامانەی لەكاتی خۆشیدا بوون بەپارتی پەلامارم بدەن وبڵێن بەرزانی لەقینی تۆدا بریارەكە نادات تاكو خۆشحاڵ نەبیت.
لەو كاتەدا وئێستا دەڵێم ئەگەر میللەتی كورد بەتەمای ئەوە بێت بەرزانی دەوڵەتی كوردی ئیعلانبكات بەهەڵەدا چووە. چونكە ئەمە بیست ویەكساڵە بەرزانی بەچەواشە وموزایەدە وحیلە ودرۆ وتەزویر وترساندنی میللەت لەگورگ وكەمتارەكان حوكم بەرێوەدەبات. كەسێكی وا ئەو كارە گەورە وگرنگەی پێناكرێت. كارێكی وا ئامادەكاری ودڵسۆزی وپلاندانان وقۆڵهەهماڵینی پێویستە ئەمەش لای بەرزانی بەدیناكرێت.تەنها بەقسە وشەوورَۆژێك ناكرێت نە نەورۆزیكیتر ونەدەیتر ئەگەر ئەم بەرزانییە بمێنێت یان یەكێ لەكورَەكانی بن شتی وا روو نادات. چونكە ئەو وبنەماڵە گەیشتوون بەئامانج وئەنجام ومەرامی خۆیان ولەوە زیاتریان ناوێت. چونكە ئیمانی بە دەوڵەتی كوردی نییە. باسی دەوڵەتی كوردی برا توركەكان نارَەحەت وپەستدەكات,لای بەرزانیش ئەوە قابلی قبوول نییە.باسێكی وا بۆ بازرگانیەكانیا ن زەرەرمەندە.
ماركس دەڵێت ئاین تریاكی میللەتانە, زۆركەسیش توانی سوود لەئاین وەربگرێت بۆ بەرژەوەندی تایبەت یان لەخزمەتی نیشتمانەكەی, بەرزانیش ئەم خەونە وئاواتەی میللەتی كوردی كردووە بە تلیاك وهەندێ جار كە میللەت توورَە دەبێت ونارَەزایی دەنوێنێت یەكسەر وەكو جۆكەر وفریادرەس وبەنج پەنای بۆ دەبات وبەكاری دەهێنێت دەنگەكان كپ وخامۆش دەكاتەوە, هەروەها لەنزیكبوونەوەی هەڵبژاردن وخەلأەتاندن, وتاحەددێكیش سەركەوتنی بەسەر میللەتەكەیدا,نەك بەسەر دوژمنان بەدەست هێناوە وبۆی چۆتەسەر. سەرۆكپارتەكانی تر كەسیان توانای ئەو درۆ گەورەیەیان نییە وكەسیان نەیوێراوە خۆی پێ تاقی بكاتەوە.تەنانەت مام جەلال بەزۆر زەحمەت وخەونی شاعیرانی ناودەبات.
لەهەمووی سەیرتر وناخۆشتر ئەوەیە ئەو تریاكە قەڵب وموزەوەرە سەرەرَای پێشكەوتنی دنیا لە هەموبوارەكانی تەكنۆلۆجیادا,سەرەرَای هوشیاری وچاوكراوەیی خەڵك وتێگەیشتنی میللەت هێشتا كاریگەری گەورە وزۆری بەسەر بەشێكی زۆری میللەتدا هەیە. ئەمەش جێگای نیگەرانی وناخۆشییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست