غوڵامەکانی ئاغا هێڕش دەکەن
Saturday, 20/07/2013, 12:00
مەسعودبەرزانی لە نامەکەی ١٦ی حوزەیران دەڵێت با هەموومان نموونەیەکی جوانی دیموکراسی پێشکەشبکەین.
هێشتا چوار ڕۆژ بەسەر قسەکانی مەسعودبەرزانیدا تێنەپەڕیون خۆی دەستی بەجێبەجێکردنی کرد ونموونەیەکی جوانی دیموکراسی وقەبوولکردنی ڕای جیاوازی پێشکەشکرد. ئاوایە دیموکراسی عەیار ٢٤. بۆیە بۆ ئەوەی زیاتر ڕووی جوانی ئەم دیموکراسییە دەگمەنەی کوردستان ،ئەم هەرێمەی کە جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە بخەینە ڕوو دەبێ هەر کەسێ سستەمی حوکمی عەشایری ودواکەوتوویی وبنەماڵەی بەدڵ نەبوو باج وزەریبە بدات. ئەو زەریبانەش زۆر جۆرن وبەشێوەی جیاواز دەبێ بدرێت، یەکێ بەشەق یەکێ بە شلاق، بەزیندانی یان هێڕشکردنە سەری بەهێلکە وتەماتە وبۆکس وەکوو ئەوەی ڕۆشنبیر د.کەمالی سەیدقادر دەبوا بیدات.
هێڕش کردنە سەر کەمال لەلایەن غوڵامەکانی ئاغای بەرزانەوە، سستەمێ کۆن وبٶگەنی دەرەبەگایەتی وزوڵم لە جووتیاران وچەوسانەوەیان دێنێتە یاد. دەسەڵاتی کوردی وبنەماڵە لە هەموو ڕەوشت وئەخلاقێکی کوردەواری ومرۆڤایەتی بێبەش دەکات وباسکردن ولاف وگەزاف بەدیموکراسییەوە بەدناو دەکات.
ئەم پێشێلکردنەی مافی مرۆڤ وزوڵمەی کە لەسایەی حوکمی دکتاتۆری وناشەرعی بەرزانیدا بە ئەنجام گەیێنرا نامەیەکی پڕ هەڕەشە وچاوسوورکردنەوە وئیهانەکردنی ئەم میللەتەی لێدەخوێندرێتەوە. لەلایەکی تریش ئەوەمان پێڕادەگەیەنێت کە ئەو ئاسایشەی هەرێم جاران باسی دەکرا وجوودی نەماوە. پەکخستنی کاری پۆلیس وبردنی بارەکە بەلاڕێدا وبێدەنگی وەزارەتی ناوخۆ کارەساتی سیناریۆی ڕفاندن وکوشتنی ڕۆژنامەنووسی جوانەمەرگ سەردەشت عوسمانمان دێنێتە بیر، یادی تیرۆری شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامەحەمە پێش پێنج ساڵ زیندوودەکاتەوە، ودەست وپەنجەی هەمان کەسان هەمان تیرۆرستانی پێوە دیارە، ئەوەمان پێرادەگەیەنێت ئیتر لەمەولا ئارامی نییە هەموومان لە خەتەر داین.
یەکێ لەو کاردانە زۆرەی ئەم بابەتە سەرنجی ڕاکێشام نووسینێکی پەرلەمانتارێکی یەکێتییە وا پیشاندەدات کە ناڕازیە ودەڵێت دیارە پۆلیس لەو کاتە نوستووە، دەڵێم بەڵێ ئەو کاتەی بەرزانیتان بەسەرماندا چەسپاند وزەمیر ووجدان فرۆشرا وخەویلێکەوت پۆلیسیش بەنج دەکرێت، دەستیدەبەسترێتەوە وخەوی لێدەکەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست