لەسەر چ بنەمایەك سوپای تورك لەكوردستانە
Saturday, 26/11/2011, 12:00
زۆربەی دەوڵەتە گەورەكان بنكەی سەربازییان هەیە لە زۆر لەدەوڵەتەكانی جیهان بەتایبەتی ئەمریكا لە هەمو كشوەرەكانی دنیادا بنكەی سەربازی هەیە, بەتایبەت لە ئەروپاش. هەبوون و مانی ئەم بنكانە و سوپای ئەو دەولتانە زۆر جار لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هەردو دەوڵەت یان بۆ پارێزگاری لە دەڵەتە بچووكەكەدەبێت . ئەمریكا بۆ ئەوەی لە هەمو دەوڵەتانەوە نزیك بێت, چونكە بەهێزترین دەوڵەتی دنیایە, لە زۆر لا لەزۆر دەوڵەت سەربازگەی سوپایی بە كرێ گرتووە و پارەیەكی زۆر دەدات. بۆ ئەوەی هەمیشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی نزیك وكارا بێت. مەبەست لەم وتارە بوونی سوپای توركە لە چەند شوێنێك لەكوردستان. هەموومان دەزانین سوپای تورك لە ساڵی 1996ەوە لە كوردستانە ئایا ئەم سوپایە بۆپاراستنی كوردستان لێرەیە؟ كوردستان لە كێ دەپارێزێت؟ ئایا ئەم سوپایە لە سەر داوای گەل و پەرلەمانی كوردستان كە گەورەترین مەرجەعە لە هەرێم بوونی هەیە؟ ئایاحكومەتی تورك سوپای تورك دۆست و دڵسۆزی گەلی كورد وهەرێمی كوردستانن؟ من وەڵامی ئەو هەمو پرسیارانە بە نەخێر دەدەمەوە, چونكە هەمو كوردێك بە گەورە و بچووكەوە لە ناو و دەرەوەی كوردستان دەزانێت كە هەمو حكومەتە توركەكان دوژمنی یەكەم و سەرەكی میللەتی كوردە نەك تەنها لە توركیا بەڵكو لە هەمو جیهان , ئەمەش نهێنییەكی نەزانراو نییە, چونكە هەمومان رَۆژانە دەیبینین وهەستی پێدەكەین.كەواتە سوپایەكی دوژمنمان لەكوردستانە بۆ لێدان و لەناوبردنی برا كوردەكانی توركیامان شۆرشگیرانی كورد. بوون مانی ئەم سوپا دوژمنە نەك تەنها خەتەرناكە و مایەی نیگەرانی نائارامی لادێنشین و جوتیارانە بەڵكو خەتەرێكی گەورە وترسێكی لەرَادەبەدەرە لەسەر هەرێم و دەسكەوتەكانی میللەت. وابزانم حكومەتی هەرێم وبەرزانی وپارتیش ئەمە دەزانن. نازانم چۆن كەسێك كەمێ هەستی نەتەوایەتی هەبێت بەم كارە نارَەوایە قایل دەبێت ودژی ناوەستێتەوە. لێرە تەنها یەك سیناریۆ و یەك پرسیار دەمێنێتەوە, ئایا تورك ئەو بنكە سەربازیانەی بەكرێ گرتووە؟ ئەگەر وابێت ساڵی بەچەندە وپارەكەی لەكوێیە؟ ئەمەش گەندەڵییەكی تری بنەماڵە ئاشكراو رَوون دەكات.چونكە مفت یان لەرَێی خوا ناچێت بەعەقڵەوە. میللەتی كورد, ئۆپۆزسیۆن وپەرلەمانتاران دەبێ بە توندی دژی ئەم دكتاتۆریەتە, ئەم دزی وگەندەڵییە ئەم خیانەت كارییە رَاوەستن و شەرمەزار و رَسوای بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست