سەرکەوتنە وەهمێکانی یەکێتی
Sunday, 14/07/2013, 12:00
دوای ئەو سەرکەوتنە گەورانەی یەکێتی لە پێشێلکردنی یاسا ودرێژکردنی ماوەی حوکمی دکتاتۆرێکی گەندەڵ وچەسپاندنی، مل کەچ بوون وسەرشۆڕکردن وتەسلیمبوون بە ئیرادەی کۆمەڵە مافیایاک دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، پەنابردنە بەر کودەتا وناشەرعییەت ودامەزراندنەوەی مەسعود بەرزانی کە بەناحەق وبەڕووقایمی وچاوچنۆکی بەبێ شەرم وەکوو دکتاتۆرێک بیستودوو ساڵە لە حوکمدایە ودوو ساڵیتریشیان بۆ درێژکردەوە.
پارتی بە ناشەرعی ودوور لە بنەما یاسایی ودیموکراسی وڕەوشت وئەخلاق دەستکەوتێکی حزبی بۆ خۆی تۆمارکرد بەڵام یەکێتی بەم خۆشییەی پارتی ومەسعود ئاهەنگ دەگێڕێت.
لە ئەنجامی ئەم خۆفرۆشی وکوردستان فرۆشییە یەکێتی دەستی داوەتە چەواشە وگێلکردنی لایەنگرانی، وای نیشاندەدات ڕۆژانە بەدەیان گۆڕانخواز ڕوو لەیەکێتی دەکەن وگۆڕان جێدەهێڵن، ئەمەش نەک تەنها، تەنها پەنایە یەکێتی شەرمەزاری ونشوستەکانی لە پشتی بشارێتەوە بەڵکوو پارتیش لەم شانۆگەری کۆمیدیایە قێزەونە بەشدارە وپەنایان بردۆتە بەر ئاستێکی زۆر نزم لەقسە وتۆمەت بەخشینەوە، زۆر نزم لە ئاستی بیر وباوەردا، زۆر بەرز لە درۆ ونائەخلاقی کە هەمیشە پیشەیان بووە.
ئەمانە، دوو گرووپە مافیاکەی کوردستان لە باتی ئەوەی دوورکەوتنەوەی لایەنگرانیان ئاشکرا بکەن، بۆ ڕەوینەوەی ناڕەزایی میللەت وساردکردنەوەی تووڕەیی وناڕەزایی شەقام بۆ ئەوەی ئەم بریارە، ئەم زۆڵە ناشەرعییە بە شەرعی ناونووسبکەن وبە ئاسایی لە قەڵەم بدەن پەنایان بردۆتە بەر ئەم ئاستە نزمە لە درۆ وچەواشە کە چەكێکی کاری گەرییە بەدەستیانەوە وتوانیویانە لە ڕابوردووشدا هەمیشە بەکاری بهێنن وپەنای بەرنە بەر.
ئەوەی پارتی ساختەچی ویەکێتی پاشگر دەیکات هەوڵی ڕێگرتنە لە تیشکی هەتاو بە بێژن. نیشانەی ئیفلاسی سیاسی وجێلەقبوونیانە لە ناو کۆمەڵگادا، چونکە میللەت بە ئاگایە وباش دەزانێت ئێوە چی دەکەن، چ یارییەکی پیس وچ پیلانێکی گڵاو دژ بەخواستەکانی گەل ودیموکراسی پێکەوە دادەڕێژن.
ئەگەر ڕاست دەکەن ، نەوشیروان بە تەنها لە سەر گردەکە ماوەتەوە وهەموو گۆڕان خوازان ڕوویان لە ئێوە کرد کە ئەمیش وەهمێکە بە هیواین ودڵی خۆتانی پێخۆش دەکەن، ئەگەر لە میللەت وڕا ودەنگی میللەت ناترسن بۆ بێبەشی دەکەن لە مافەکانی لە دەنگدان وسندووقەکانی دەنگدان وهەڵبژاردنەکان دوادەخەن یان بۆ کاتێکی نادیار ودوور خۆتانی لێدەشارنەوە؟.
ئەنجامی دۆڕان، ترس لە گۆڕان هۆی سەرەکی ئەم بارە، ئەم قەیرانە نوێیە، ئەم چەواشە ووەهمانەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست