مەلا بەختیار لە مافیاکانی یەکێتی دەترسێت
Saturday, 30/11/2013, 12:00
مەلا بەختیار یەکێکە لەو سەرکردە شکستخواردانەی یەکێتی نیشتمانی کە بێلایەنان ولایەنگرانی یەکێتی خۆی بە بەرپرسێکی گەورەی شکستەکانی یەکێتی دەزانرێت وباسی لێوەدەکرێت. بەڵام ئەوەی سەیرە ئەم مەلایە زیاتر لە هەموان خۆی دەردەخات، قسەدەکات هەر وەکوو هیچ ڕووینەدابێت.
بەشێکی زۆری ئەندامانی مەکتەب سیاسی خۆیان حەشارداوە بە بێشک لە شەرماندا، جقەیان لێوەنایەت ئەگەرچی تەنها گرووپێکی دەسەڵاتدار هەبوو حوکمی دەکرد بریاریدەدا، پلان وپێلانی دەگێڕا، کودەتای نەخشەدەکێشا وتجارەتی دەکرد، تجارەت بەس خوا وئەو گرووپە خۆیان دەزانن چییان کردووە وچیماوە نەیکەن. بەڵام سەرباری ئەمەش ئێستا هەندێکیان دەستیان داوەتە باسی چاکسازی وبێجگە لە خۆیان ئەوانیتر بەهۆکاری شکستەکانی یەکێتی لە قەڵەمدەدەن ولەماڵەوە دانشتنیان بە باشترین چارەسەر دەزانن.
ئەوەی لەم ڕۆژانە سرنجی ڕاکێشام هەندێ قسەی مەلا بەختیارە کە باس لە هەبوونی مافیایەکی گەورە لە ناو سلێمانی دەکات. بۆیە منداڵەکانی لە ئەوروپا دەژین وناوێرن بێنەوە کوردستان. من نازانم مەلا دەیەوێت بەم قسانە لەم کاتەدا بەزەیی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت یان هوشیاری گرووپێکی خەتەرناکی مافیامان پێڕابگەیەنێت.
لێرەدا پرسیارێک بە ڕووی مەلادا دێتە ئاراوە، ئەرێ مەلا باس لە گرووپێکی مافیا لە ناو یەکێتی خۆی یان لە دەرەوەی یەکێتی دەکات؟
ئەگەر باسی مافیاکانی یەکێتی بکات ئەوە هەموومان ئاگامان لێیە بەڵام نەماندەزانی بەو دەرەجەیە ترسناکن کە ئەندامانی مەکتەب سیاسیش وخێزانەکانیان لە دەستیان زەنەقیان چووە.
ئەگەر باس لە مافیای دەرەوەی ڕێکخستنەکانی یەکێتی بێت ئەوە شتێکیتر وباسێکیترە وقسەی زۆرتر هەڵدەگرێت. وەکوو دیاریشە مەلا باس وئاماژە بۆ ئەمە دەکات.
ئەگەر ئەم قسانەی مەلاش ڕاستبێت، دیاریشە ڕاستە چۆنکە مەلا خۆی یەکێکە لە بەرێوەبەرانی شاری سلێمانی وبەهۆی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی ئاگای لە زۆر شتە وبۆ یەکەم جارە بەرپرسێک باسی لێوە بکات ودانی پێبنێت.
کەواتە بەقسەی مەلابەختیار کە کارگێڕی مەکتەب سیاسی یەکێتییە شاری سلێمانی ترسناکە وپڕ لە مافیایە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە یەکێتی نێشتمانی نەک تەنها لە ناو مێللەتدا بەڵکوو لە بەڕێوەبردندا، لە بەرێوەبردنی شاری سلێمانی شکستێکی گەورەی خواردووە وبۆی کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
ئەم قسانە ئەگەر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بدرێنکرایە ئەو کاتە بەتوندی لەلایەن مافیاکانی یەکێتییەوە بەدرۆ دەخرایەوە، وەڵام دەدرایەوە وبەئاژاوەگێر ناودەبرا ولەوانەیە هێز وجوبەخانەکانیش بەکار بهێنرایە.
ئازادشۆرش
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست