تەقینەوەکانی هەولیر وچەند ووشەیەک
Wednesday, 02/10/2013, 12:00
لە گەرمەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا، لەو کاتەی گەلی کوردستان بە جۆش وخرۆشەوە، بە گەرم وگوڕییەوە تەماشا ولێکدانەوەی بۆ جۆری بەڕێوەچوون ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بوون، لەو کاتەی بەئاشکرا پارتی خۆی ئاسایی دەستی دایە ساختەکاری وتەزویر ودەنگی ناڕەزایی بەرز دەبووەوە، لەو کاتەی پارتی پانای بۆ چەک برد وچەند کوردێکیتری شەهید کرد، لەو کاتەی چاودیرە بییانیەکانیش بێدەنگیان شکاند ودەستیان دایە قسەکردن وناڕەزایی دەربڕین، دوو شت ڕوویدا هەردووکی لە بەرژەوەندی پارتی نەک تەنها ئەو فشارەی لە سەر پارتی کەم کردەوە بەڵکوو ڕای میللەت ودنیای بە ئاستێکی تردا برد وگۆڕی.
ڕووداوی یەکەم پەنابردنی باڵە خۆفرۆشەکەی مەکتەبسیاسی یەکێتی بوو بە ئەمری پارتی بۆ ساختەکاری وتەزویر ودەستکاریکردنی ئەنجامەکان. بۆ هەموانیش ئاشکرا بوو کە ئەم کردەوە ناشارستانی ودواکەوتوویە پلان وپیلانێکی پارتی بوو بۆ ئاژاوەنانەوە وتێکدانی باری ئارامی سلێمانی وبەلابردنی خەڵکدا بەلاڕێدا وبەگۆڕینی ئەو تیشکانەی لەسەر پارتیبوون لە هەولێر بۆ سەر یەکێتی وشاری سلێمانی. ئەم پیلانەش بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەڕێز نەوشیروان لە گەڵ نێچیرڤان بەرزانی پووچەڵکرایەوە، ئەگەرچی تەڕادەیەک لە بەرژەوەندی پارتیدا شکایەوە.
شوکر ئەو پیلانە گڵاوەش شکستی هێنا وڕووی تیشکەکان جارێکیتر بەرەو هەولێر گەڕایەوە. نەک تەنها یەک حزب نەک تەنها ئۆپۆزسیۆن بەڵکوو هەموو لایەنەکان وزۆربەی زۆری میللەت دەستیان دایە باسکردن وڕسواکردن وشەمەزارکردنی پەناکانی پارتی بۆ ساختەکاری. بەڵام لەم کاتە ناسکەدا ڕووداوێکی نەچاوەڕوانکراو، کوتوپڕ هەموو ئەو فشارەی لە سەر پارتی کەمکردەوە ودووبارە تاڕادەیەک باسێکیتریان هێنایە ئاراوە. ئا لەو کاتەی پارتی وبنەماڵە لە هەرچوار لاوە گەمارۆدرابوو لە پڕ کٶمەلێ تیرۆریست توانییان کارەساتێکی دڵتەزێن ئەنجام بدان ئارامی هەولێرەکەمان تێکبدەن ودەیان جوانەمەرگمان بوون بەقوربانی، وەکوو فریادڕەسێک بۆ پارتی لەم میحنەت وتەنگانەیە قورتاری بکەن.
تەپ وتۆزی ئەم کردەوە نامرۆڤانە وتیرۆریستییە خەریکە دەڕەوێتەوە وبەرەبەرە ڕۆشنایی باڵی بە سەر ڕووداوەکاندا بڵاودەکاتەوە، وچەندەها پرسیار دەورووژرێن ودێنە ئاراوە. ئایا ئاساێش لە کووێ بوو خەوێ لێکەوتبوو یان سەرقاڵی هەڵبژاردنەکان بوو ترسی دۆڕانی بنەماڵەی لێنشتبوو سەریان لێتێکچووبوو ولەهەوڵی تەزویر وخەڵک ترساندنبوون وئارامی خەڵکیان لە بیرکردبوو؟ دەزگای ئاسایش ئەگەر موڵکی بنەماڵەیەک نەبێت موڵکی گەل بێت هەمیشە چاوکراوە دەمێنێت ولە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بەردەوام دەبێت وبێلایەنی خۆی نادۆڕێنێت. ئاسایش بەمە دیارکەوت زۆر لاواز وکەم توانایە. بوونی چەند تیرۆرستێک ومینڕێژکردنی چەند ئەوتۆیەک لە ناو هەولێردا وبوونێ ئۆتۆمبیلێکی ئیمبوڵانس لە ناویاندا ئاماژەن کە یان دەزگای ئاسایش لە گوێی گادا نوستبوو یان خۆی داڕێژەری ئەم پێلانەیە. لە کاتێکدا وەزعی پارتی شڕە نەک تەنها وەکوو باسمانکرد لەلایەن میللەتەوە بەڵکوو بە بۆنەی ئەو کردارە ناشەرعی ونادیموکراسیانەی پارتی وئەنجامدانی کودەتای ٣٠ی حوزەیران ودرێژکردنی ماوەی حوکمی بەرزانی نیگەرانی زۆر دەوڵەتی دیموکراتخوازی لێکەوتەوە وساردییەک کەوتبووە نێوانەوە، کەواتە پارتی بەبەردێک دوو چۆلەکەی پێکا وگەمارۆکەی تا ڕادەیەک شکاند، پیشاندانی خۆی بۆ دەوڵەتانی دیموکراتخواز وەکوو لایەنێکی دژ بە تیرۆر لە هەمان کاتدا دوورخستنەوەی تیشکەکان لە سەر تەزویر وساختەکاریەکان. کات وجۆر وشێوەی ڕووداوەکە وقووڵبوونەوە لێی، هەموو ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پاراستن بەرپرسی ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆرستییەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست