سی نیسان ڕۆژی ڕاپەڕین وسەرهەڵدان
Tuesday, 29/04/2014, 12:00
گەلی عیراق پێش یازدە ساڵ لە مانگی نیساندا دکتاتۆرێکی گەورە وزۆر بەهێزی دا بەعەرددا وکۆتایی بەڕژیمێکی پیس هێنا سەرەڕای ئەوەی توانی سیو وپێنج ساڵ درێژە بە حوکم بدات وسوپایەکی بە هێز ودەزگایەکی ئەمن وموخابەراتی گەورە وترسناک پێکبهێنێت وهەموو جومگەکانی ژیان کۆنتڕۆڵ بکات وبخاتە ژێر حوکمی خۆیەوە.
ئێستاش مانگی نیسانە بە هیمەت ودڵسۆزی بۆ ئەم خاک ومیللەتە گەلی کوردستان دەتوانێت ئەوەمان پیشان بدات هیچ هێزێک لە ئیرادەی میللەت بەهێزتر نێیە، دەتوانێت بە نووکە قەڵەمێ کۆتایی بە گەندەڵی وقۆرخکردنی حوکم بهێنێت وپیشانی هەموو دنیای بدات کە قەڵەم زۆر لە چەک وجبەخانە وئامرازەکانی دژی مرۆڤ ومرۆڤایەتی بەهێزترە. ئێستا سەردەمی قەڵەمە وڕۆڵی چەک وترس بەرەو ئاوابوون هەنگاو دەنێت.
هیچ کاتێ لە گۆڕین وگوڕان مەترسن. کوردانە وبە هیواوە بە سەربەزییەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن لەم هەڵبژاردنە بە گەرمییەوە بەشداری بکەن کۆتایی بە دەسەڵاتێکی دواکەوتوو، دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی بهێنن کە لە هەموو بوارەکاندا شکستیان هێناوە، کە دەستیان بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی دڵسۆزی ئەم میللەتەمان سوورکردووە وئێستاش وبەدزی وتاڵانبردنی بودجەکەتان وداهاتی ئەم خاکە پیرۆژە دەوڵەمەندەمان خەریکن وبەردەوامن. خۆتان لە کۆتی پارە ودەسەڵات رزگار بکەن، جاشەکان وخۆفرۆشتنیان وئەو شەرمەزارییەی تووشی خۆیان وبنەماڵەکانیان کرد بکەن بە دەرسێکی گەورە. پیاوی ئازاد هەمیشە سەربەرزە.
میللەتی کورد هیچ کاتێ نە لە تۆپ ونەلە تەیارە وزریپۆش ترساوە. باوک وباپیرانتان بەبێ موچە بە نانەڕەقە وساوار شەو وڕۆژ بە چیاکانەوە بە کەڵاشیکی دڕاو وجلوبەرگێکی لە چەندلاوە دڕاو وپینەکراو پیاوانە بوێرانە شێرانە بۆ ئازادی کورد وکوردستان بە بڕنەو شەڕی زریپۆشیان کردووە، بە دە پیاوەوە شکستیان بە فەوجێکی سوپا دەهێنا، ئێوەش ڕۆڵە ونەوەی ئەو قارەمانەن لە پڵنگی کارتۆنی مەترسن بە ئومێدەوە بە خەوبینین بە ڕۆژێکی ڕووناکەوە بە خەوبینین بە سستەمێکی حوکمی مودێرنی عادیل هەنگاو بنێ بڕیاری گۆڕینی ئەم بارە نالەبارە بدە، هەر کەسێ لە لای خۆیەوە. کوردستانەکەمان لە تەنگانەدایە وهاوار دەکات وئازادی دەوێت. لافاو لە دڵۆپە باران دروست دەبێت. لافاوێک دروست بکەن کوردستانە جوانەکەمان لە گەندەڵ وگەندەڵکاران پاکبکەنەوە وڕزگار بکەن، ڕۆژی سی نیسان بکەن بە رٶژی ڕاپەڕین وسەرهەڵدان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست