بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، گەلەكەمان و رای گشتی
Tuesday, 24/05/2011, 12:00
لە قۆناخێكدا كە تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی كورد لە هەر كاتێك زیاتر لە سەركەوتن نزیك بۆتەوە بە بەشداری سەرجەم دامەزراو و رێكخستنە پەیوەندیدارەكان، نوێنەرانی هەر چوار پارچەی كوردستان و دەرەوەی وڵات لە رێكەوتی 5 تا 10 ی ئایار هەشتەمین جڤاتی گشتی كۆنگرەی گەلی كوردستان لە ناوچەكانی پاراستنی میدیا بەڕێوەچوو.
لە قۆناخێكدا كە تەواوی جیهان شاهێدی بۆ سەرهەڵدانە شكۆدارەكەی گەلەكەمان دەكات هەشتەمین جڤاتی گشتی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە شەهیدانی مانگی ئایار مانگی بەرخودانە دیرۆكیەكانی تێكۆشانمان یەكەیەكەی رۆژەڤە پێویستەكانی تاوتوێ كردووە و بە بڕیاری گرنگ گەیشتووە. هەشتەمین جڤاتی گشتیمان بە شێوەیەكی قووڵ و بەرفراوان گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسیەكانی جیهان، ناوچە و كوردستانی هەڵسەنگاندووە و بە چەسپاندنی گرنگ گەیشتووە؛ لەم چوارچێوەیەشدا سیاسەتەكانی قۆناخی داهاتووی دەستنیشان كردووە. لەژێر رۆشنایی ئەو گفتوگۆو دەستنیشانكردنانەوە بە ئامانجی جێبەجێكردنی پێویستیەكانی ئەو قۆناخە مێژووییە و گەیاندنی بە سەركەوتن شانبەشانی تێكۆشانی ئایدیۆلۆژی پلاننامەی پێویست بۆ بوارەكانی تێكۆشانی سیاسی، رێكخستنی و بەرگری رەوا دانراون.
هەشتەمین جڤاتی گشتی كۆنگرەی گەل دوا گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی خۆرهەڵاتی ناوینی وەك ئیفلاسكردنی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ناوچەكە هەڵسەنگاند؛ چونكە لەلایەكەوە لە سایەی سیستەمە دژە دیموكراسیەكان بێكاری و بێ عەدالەتی بە بەرزترین ئاستی خۆی گەیشتووە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەو رەگەزگەرایی، میللیگەرایی و تاكگەراییەی بەسەر كۆمەڵگایدا سەپاندووە ژیانی كۆمەڵگای خستۆتە ناو تەنگژەو قەیرانەوە. بەشێوەیەكی بەرچاو ئاشكرابوونی قەیرانی سیستەم لە خۆرهەڵاتی ناوین و بەرزبوونەوەی داواكاری و تێكۆشانی ئازادی گەلانی ناوچە لەسەرووی هەمووشیانەوە گەلی عەرەب، قۆناخێكی نوێی لە ناوچەدا دەست پێكردووە.
لەكۆبوونەوەكەماندا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە: لە كاتێكدا بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان هەر لەسەرەتاوە گوزارشتی رێكخستەبووی بژاری ئازادی و دیموكراسی گەلانی ناوچەكەبووە ئەمڕۆ لە ئاكامی یاخیبوونی گەلان ئەو بژارە بەهێزتر بووەو هەلومەرجەكانی سەركەوتنیش پێگەیشتووە. هەروەها هێزە هەژموونگەرا جیهانیەكانیش خوازیارن تێكۆشانی ئازادی و دیموكراسی گەلان بقۆزنەوە و بەگوێرەی بەرژەوەندیەكانی خۆیان لە خزمەت سەرلەنوێ شێوەپێدانی ناوچەكە بەكاریبێنن. ئەو هێزانە لەروواڵەتدا خۆیان بەپشتیوانی بزووتنەوەی گەلان پیشاندەدەن، بەڵام لەناوەڕۆكدا تەسفیەكردنی ئەو هێزانەیان كردۆتە ئامانج كە وەك كۆسپی بەردەم سیستەمەكەی خۆیان دەیانبینن. هێزە جیهانگیریەكان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەیان بە پێشەنگایەتی ئاكەپە رۆڵیان بە دەوڵەتی توركیا داوە؛ لەچوارچێوەی ئامانجە داگیركاریەكانی دەوڵەتی توركیش لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردیشیان خستۆتە پیلانی خۆیانەوە.
هەشتەمین جڤاتمان لەمیانەی چەسپاندنی: كێشەی كورد سەرەكیترین كێشەی خۆرهەڵاتی ناوین و توركیایە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە ئەو سیاسەتانەی بێچارەیی و پێكدادان سەبارەت بە كێشەی كورد قووڵدەكەنەوە هەروەكو چۆن ناوچەكە دووچاری كائۆس دەكات و نائارامی قووڵتردەكاتەوە لە هەمانكاتدا كێشەی جیاوازتریش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. سەرباری مایەپووچبوونی سیاسەتەكانی توندوتیژی كە تا رۆژی ئەمڕۆمان هێزە ستەمكارەكان پەیڕەویان كردووە، بەڵام سەرلەنوێ بەبنەماگرتنی سیاسەتی توندوتیژی لە لایەن دەوڵەتی تورك و هێزە جیهانگیریەكانی پشتیوانی لێدەكەن كێشەی مان نەمانی گەلی كوردی خستۆتە رۆژەڤەوە. لەم چوارچێوەیەدا لەكاتێكدا قۆناخی نوێ هەلومەرجەكانی سەركەوتن لەخۆوە دەگرێت لەلایەكی دیكەشەوە قۆناخێكی مێژوویی ئەوتۆیە كە هێرشەكانی قڕكردن و لەناوبردنی تێدا چڕ دەبێتەوە.
لەو رەوشەدا جڤاتی گشتیمان بەو ئەنجامە گەیشتووە كە دەرفەتی رێگە چارەی سیاسی دیموكراتییانە لە هەموو كاتێك زیاتر رەخساوە، فەلسەفەی رێبەرایەتیمان، ئەزموونی تێكۆشانی بزووتنەوەكەمان، ئاستی وشیاری، رێكخستەبوون و سەرهەڵدانی گەلەكەشمان هەلومەرجی دەستپێكردنی هەڵمەتێكی لە كوردستان رەخساندووە پێشەنگایەتی گۆڕانكارییە شۆڕشگێڕیەكانی سەرتاسەری ناوچەكە بكات.
جڤاتی گشتیمان جارێكی دیكە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە پێویستە لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی نەتەوەی دیموكراتیك، نیشتیمانی هاوبەش و كۆماری دیموكراتی دان بە ستاتۆی خۆسەری دیمەكراتیدا بنرێت و لە رێگای ئاشتی و دیموكراسییەوە كێشەی كورد لە تەواوی پارچەكانی كردستان چارەسەر بكرێت؛ بەڵام دەوڵەتی تورك و حكومەتی ئاكەپە سەركاری نكوڵیكردنی گەلی كورد هەنگاوێكی كرداری و ئەرێنی بەرامبەر ئەو هەوڵانەی رێبەرایەتی و بزووتنەوەكەمان نەهاوێشتووە. بە پێچەوانەوە جینۆسایدی سیاسی بەرامبەر سیاسەتی دیموكراتی و یاسایی كورد و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی گەریلا بەردەوام بووە و زیادیشی كردووە كە تا ئێستا لە دۆخی بێچالاكیدایە. تەنانەت داكۆكییان لەسەر سەركوتكردنی كۆمەڵگاو لەناوبردنی بزاڤی ئازادیخوازی كوردانیش كردۆتەوە. هەشتەمین جڤاتی گشتیمان بەفراوانی ئەو دۆخەی تاوتوێ كردو ئەو هەڵوێستە پێویستەشی یەكلا كردەوە كە لە حاڵەتی سووربوونی دەوڵەتی تورك و حكومەتی ئاكەپە لەسەر بێچارەیی و پەسەند نەكردنی دیالۆگ و رێگەچارەی سیاسی دێتە ئاراوە. لەم چوارچێوەیەشدا بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردانی تێكۆشانمان جڤاتی گشتی كۆنگرەی گەلی كوردستان وەك چۆن لەسەر بنەمای دیالۆك چارەسەریی بە بژاری خۆی دادەنێت بەڵام لە دۆخێكدا دەوڵەتی تورك تا 15ی حوزەیران هەنگاوێكی كۆنكرێتی بەرچاو لەم بارەیەوە نەهاوێژێت: بەرخودانی سەرتاسەریشی لەناودا گفتوگۆی سەبارەت بە سەرجەم رێگەو پەیڕەوەكانی تێكۆشان كردووە؛ باجەكەشی هەرچیەك بێت ساڵی 2011 دەكات بە ساڵی چارەسەركردنی كێشەی كورد.
هەروەها جڤاتی گشتی كۆنگرەی گەل بە پێویستی بینیوە بانگەوازی بۆ هەردوو دەوڵەتی دەسەڵاتداری سەر كوردستان ئێران و سوریا بكات كە لە سیاسەتی بێچارەیی دوور بكەونەوە، لەگەڵ سیاسەتی دژە كوردی دەوڵەتی تورك رێكنەكەون كە لە هەمانكاتدا دوژمنایەتی گەلانی دیكەی ناوچەش لەخۆوە دەگرێت، بەڵكو لەسەر بنەمای وەرچەرخانی دیموكراتییانە و برایەتی گەلان چارەسەریەكی هەرێمی سەبارەت بە كێشەی كورد پەرە پێبدەن.
هەروەها لەپێناو بەربەستكردن و پووچەڵكردنەوەی ئەو مەترسی و هێرشانەی دەكرێتە سەر دەسكەوت و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان جڤاتی گشتیمان جەختی لەسەر گرنگی ستراتیژی پەرەپێدانی خەباتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتییانە و بەستنی زووتری كۆنفرانسی نەتەوەیی كردۆتەوە. لە پێناو دەستەبەركردنی ئازادی و بەرژەوەندی تەواوی پارچەكانی كوردستان گەیاندنی چەمكی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی بە بەرنامەو دامەزراوەبوونێكی تەندروستانەی بە ئەرك و بەرپرسیارێتیەكی دیرۆكی لەقەلەمداوە، بڕیاری پێویستی لەم بارەوە داوە؛ لەم چوارچێوەیەشدا بانگەوازی بەرپرسیارێتی لە سەرجەم هێزە دیموكراسیخواز و نیشتیمانپەروەرەكانی كوردستان دەكات.
لە هەمانكاتدا جڤاتی گشتیمان بانگەوازی بۆ سەرجەم هێزە جیهانیەكان دەكات ؛ دەستبەرداری سیاسەتی نكولی و قڕكردنی كێشەی كورد بن و پشتگیری لێ نەكەن، بەڵكو بە ئامانجی چارەسەركردنی دیموكراتییانەی كێشەكەو بەرقەراربوونی ئارامی و دیموكراسی لە ناوچەدا بەرپرسیارانە بجوولێنەوە. هەروەها بانگەوازی لە سەرجەم هێزە دیموكراسیخوازەكانی جیهان دەكات بەرامبەر سیاسەتی ناسەردەمیانەی دەوڵەتی تورك و پەسەند نەكردنی جیاوازییە كلتووریەكان، توندوتیژی و تیرۆری دەوڵەت بێدەنگ نەبن و لە بەرامبەریدا هەڵوێست بنوێنن.
هەرەها كۆبوونەوەكەمان لەسەر رێنومایی نەتەوەی دیموكراتیك بەرزكردنەوەی تێكۆشانی هاوبەشی هێزە دیموكراتیەكانی لە دژی سیاسەتی نەژادپەرست فاشیستانە لە تەواوی بەشەكانی كوردستان وەك ئەرك و بەرپرسیارێتیەكی سەرەكی دەستنیشان كردووە؛ لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری فراوانكردن و قووڵكردنەوەی تێكۆشانی نەتەوەی دیموكراتیكی داوە. بە تایبەتیش بانگەوازی بۆ سەرجەم هێزە چەپ، سۆسیالیست و دیموكراسیخوازەكانی توركیا دەكات بەرامبەر پیلانگێڕیەكانی گلادیۆی ناتۆ و لەپێناو ئایندەی هاوبەشی گەلانمان هەڵوێستی هاوبەش بنوێنین، هێزەكانمان یەكبخەین و بەرەی دیموكراسیخوازان مەزن و بەرفراوانتر بكەین.
گرێدراو بە هەڵسەنگاندنی بەرفراوانی رەوشی سیاسی و ئاستی بڕیاردارییەوە جڤاتی گشتیمان جەختی لەسەر ئەو راستییە كردۆتەوە كە تاكە مۆدێلی برایەتی و بەیەكەوە ژیانی سەرجەم كلتوور، زمان و ئایینەكان دابین دەكات و ئیرادەی دیموكراتییانەی گەل دێنێتە ئاراوە و هەر جۆرە پێكدادان، پەراوێزخستن، سەركوتكردن و جیاكارییەك بەلاوە دەنێت سیستەمی كۆنفیدڕالی دیموكراتییانەیە كە ئازادی ژن بە بنەما دەگرێت. دەستەبەركردنی یەكسانی، ئازادی و دادوەری نێوان رەگەز و گەلانیش تەنیا لەمیانەی بونیادنانی كۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی بەدیدێت. لەم سۆنگەیەوە كۆبوونەوەكەمان خەباتی رێكخستنی سیستەمی كۆنفیدرالی دیموكراتییانەی بە فراوانی هەڵسەنگاندووە، لە چوارچێوەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو و تاوێك زووتر تەواوكردنی قۆناخی بونیادنانی سیستەمی كۆنفیدرالی وەك ئەركێكی سەرەكی دەستنیشان كردووە.
هەروەها جەخت لەسەر خەباتی دیبلۆماسی و زانیاری كراوەتەوە سەبارەت بە ناساندنی دۆزی رەوای گەلەكەمان لە ئاستی رای گشتی جیهان و ریسواكردنی هەر جۆرە هێرش و تیرۆرێكی دەوڵەت كە دژی تێكۆشانی ئازادی گەلەكەمان لەسەركارە. بەو ئامانجەی هاوكاری و پشتگیری زیاتر بۆ تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی كورد و مۆدێلی چارەسەری خۆسەری دیموكراتیك بەدەست بێنێت ئەو پڕۆژەش ئەرێكراوە كە بە ئامانجی تۆكمەكردن و رێكخستنی خەباتی دیبلۆماسی پێشكەشكرابوو.
لەو قۆناخە گرنگەی وەك قۆناخی فینالی تێكۆشانی ئازادی و هەبوونی گەلەكەمان دەستنیشان كراوە؛ لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی شەڕی شۆڕشگێڕی گەلەوە بڕیاری بەهێزكردنی هێزی پاراستنی گەل و تۆكمەتركردنی بزاوتی سەرهەڵدانی گەل دراوە كە گەلەكەمان پەرەی پێداوە. هەروەها لەو قۆناخە گرنگەی تێكۆشاندا جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی رۆڵی پێشەنگایەتی لاوان و ژنانی كوردستان كراوەتەوە. لەم چوارچێوەیەشدا بانگەوازی بۆ سەرجەم توێژە كۆمەڵایەتیەكانی كوردستان لەسەرووی هەمووشیانەوە ژنان ولاوان دەكات: لەمیانەی پابەندبوون بە رێبازی رێبەرایەتییەوە بەشێوەیەكی تۆكمەو بەهێزتر خاوەندارێتی لە ئەركەكانی تێكۆشان بكەن.
لە ئاكامی تێكۆشانی شەهیدە قارەمانەكان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆوە ئەمڕۆ گەلی كوردستان بە ئاستێك گەیشتووە شۆڕش بە سەركەوتن تاجدار بكات. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەكانی هێزی بەرامبەر ئەو راستییەش هەڵسەنگێنراوە كە بەرادەی ئەگەری سەركەوتن و چارەسەری لە دۆخێكدا هەستیاری و وریایی پێویست لە ئاست جێبەجێكردنی ئەركەكانی قۆناخ پیشاننەدرێت ئەوا گەلی كورد رووبەڕووی مەترسیەكی مەزن دەبێتەوە و شیمانەی روودانی كارەساتی گەورەش دەكرێت. هەشتەمین جڤاتی كۆنگرەی گەل سەرجەم ئەگەرەكانی تاوتوێ كردو قۆناخی نوێی بە سەردەمی چارەسەری و ئازادی لە قەلەمداوە؛ هەلومەرجەكانی رۆژی ئەمڕۆمانی لە ئاستێكدا بۆ سەركەوتن لەبار بینیوە كە لەگەڵ هبچ سەردەمێكدا بەراورد ناكرێت. لەو چوارچێوەیەدا سەرەكیترین ئەركی قۆناخ كۆتاییهێنانە بە دۆخی دیلێتی رێبەرمان و چارەسەركردنی هەمیشەیی و شەرەفمەندانەی كێشەی كورد. جێبەجێكردنی ئەو ئەركەش بەرپرسیارێتی مێژوویی بزووتنەوەكەمانە.
هەشتەمین جڤاتی گشتی كۆنگرەی گەل لەسەر بنەمای تەواوی ئەو چەسپاندنانە بڕیاری مێژووییداو ئەو پڕۆژانەشی ئەرێ كرد كە دەرهەق بە بوارە جیاوازەكان ئامادەكرابوون لەدوا مادەی رۆژەڤی خۆیدا بەڕێوەبەرایەتی نوێی هەڵبژارد تا ئەو پڕۆژەو بڕیارانە جێبەجێ بكات. لەمیانەی رێورەسمە دیموكراتیەكانی هەڵبژاردنەوە شانبەشانی سەرۆكی كۆنگرەی گەل و چوار ئەندامی دیوانی سەرۆكایەتی، سەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەر و 30 ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژاردووە. هەروەها 9 ئەندامی دیوانی دادی جڤاكی هەڵبژاردووە و بە ئامانجی جێبەجێكردنی دادوەریەكی سەربەخۆ ئەركداری كردوون. هەروەها بە ئامانجی ئامادەكردنی پڕۆژەو پێشنیاز بڕیارەكان بۆ كۆبوونەوەكانی نێوان دوو جڤاتی گشتی كۆنكرەی گەل ئەندامانی كۆمسیۆنی گشتی دەستنیشان كردووە.
لە گوتاری كۆتایی جڤاتی گشتی كۆنگرەی گەلدا بانگەوازی بۆ سەرجەم كادیران و خەباتكاران، فەرماندەو شەرڤانان كراوە لەم قۆناخە مێژووییەدا بە بەرزترین رۆحی بەرپرسیارێتی ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن، لەسەر بنەمای تەڤلیبوونێكی بەهێز و ئاستێكی بەرزی فیداكاری و بڕیاردان كاروانی ئەو قۆناخە مێژووییە بكەن بە كاروانی سەركەوتن. هەروەها لەپێناو دەستپێكردنی هەڵمەتێكی نوێ و بەهێز بانگەوازی لە سەرجەم كادیران، گەلی وڵاتپارێز و دۆستەكانمان دەكەین خاوەندارێتی لە ئەركی خۆیان بكەن.
هەشتەمین جڤاتی گشتى كۆنگرەی گەل تەواوی ئەو رۆژەڤانەی تاوتوێ كرد و لە بارەیانەوە بە ئاستی بڕیاردان گەیشت و بەشێوەیەكی سەركەوتووانە كۆتایی هات. ئەو ئەنجام و بڕیارانەی هەشتەمین جڤاتی كۆنگرەی گەل لە رێبەر ئاپۆ، گەلی كوردستان و گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین پیرۆز بێت.
دیوانی سەرۆكایەتی كۆنگرەی گەل كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان 12 ی ئایاری 2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست