کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


موسڵ چۆكی دادا ... كوبانێ خوراگرە

Thursday, 12/06/2014, 12:00






كوبانێ شارێكی خۆرئاوای كوردستانە كە چەند مانگێكە بەهۆی ئابلۆقەكانی توركیا ـ سوریا ـ داعش و بەرخودانی و خۆراگریە چەند مانگیەكەی بەرامبەر بەشاڵا و و هێرشە دڕاندانیەكانی داعش لەرۆژەڤدایە. كوبانێ شارێكی مامناوەندە لەقەبارەدا و دانیشتوانەكەی نیو میلیۆن كەس دەبێت، خەڵكەكەی هەژارن و رەندەران و جوتیاران زۆربەی پێكهاتەكەی پێكدێنن.
موسڵ دووەمین گەورە شاری ئێراقە تەنیا ناوەندی شاری ژمارەی دانیشتوانەكەی لەدوو میلیۆن و دووسەد و پەنجا هەزار كەس زیاترە، زۆرینەی خەڵكەكەی عەرەبی سوننەیە، ناوەندێكی بازرگانییە و لەبواری سامانی نەوتەوە دەوڵەمەندە، لەهێرشێكی تەنیا دوو رۆژیدا لەلایەن رێكخراوی"دەوڵەتی ئیسلامی ئێراق و شام"كۆنترۆڵكرا، چەندین مانگە هێرشێكی بەرفراوانی هێزەكانی داعش لەسەر كوبانێ بەردەوامە، كوبانێ لەسێ لایەنەوە گەمارۆدراوە، بێ ئاو و بێ كارەبایە، باری گوزەرانی خەڵكەكەی نالەبارە و تەنانەت دەیان هەزار ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی سوریای لەخۆوە گرتووە، سەرباری ئەوەش گشت هێرشەكانی داعشی پوچەڵ كردۆتەوە و نمونەیەكی كەم وێنەی خۆراگری و بەرخودانی پیشانداوە.
هەوڵدەدەم هۆكارەكانی ئەو دۆخە لەچەند خاڵێكی بەراوردكارییدا روون بكەمەوە:
1ـ وەك چۆن چاوپۆشیەك و پێشكەشكردنی ئاسانكاری لەلایەن حكومەتی توركیا و رژێمی سوریا سەبارەت بەهێرشەكانی داعش بۆسەر كوبانێ لەئارادایە، چاوپۆشی و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ چەكدارانی داعش جێگای باسە تا بتوانن دەست بەسەر موسڵدا بگرن. چاودێرێكی سیاسی وشیار دەتوانێ ئەو لایەنانە دەستنیشان بكات كە بەرژەوەندیان لەم دۆخەدایە و بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ رۆڵیان هەبووە.
2ـ كاتێك داعش هێرش دەكاتە سەر كوبانێ ئامانجی لەناوبردنی دەسكەوتەكانی گەلی كورد و داگیركردنی زێدی كوردانە، رێكخراوەكە پێكهاتەكەی و بانگەشەكەی عەرەبی ـ سونییەن بۆیە هیچ پێگەیەكی جەماوەری و پشتگیریەكی خەڵكی كوبانێ لەگەڵ نییە؛ بەڵكو خەڵكی كوبانێ هەمووی یەك هەڵوێست بەرگری لەدەسكەوتەكانی دەكات و رووبەرووی هەوڵە داگیركاریەكانی داعش بۆتەوە.
هەرچی خەڵكی موسڵە كە زۆرینەی عەرەبی سوننە و میللیگەرایە، جارانیش لایەنگری سەرسەختی رژێمی بەعس بوون، داعش بەپارچەیەك و بەشێكی خۆیان دەبینن كە رووبەرووی حوكمی مەزهەبگەرایی مالیكی دەبێتەوە. سەرۆك خێڵ و خێڵەكان پشتگیری داعش دەكەن، لەو سۆنگەوە خەڵكێكی زۆر پشتگیری لەهاتنی داعش كردووە و تەنانەت رۆڵیان لەدروستكردنی ئەو دۆخەی موسڵدا هەیە.
3ـ ئەو هێزەی لەكوبانێ رووبەرووی هێرشەكانی داعش دەبێتەوە یەكینەكانی پاراستنی گەل"یەپەگە"یە كە هەموویان كچ و كوڕ و رۆڵەی خودی خەڵكی كوبانێن، لەوێدا بەرگی لەزێدی باب و باپیرانیان دەكەن، پارێزوانی خاك و خزم و كەسی خۆیانن، لەگەڵ خەڵكی كوبانێ وەك گۆشت و ئێسقان یەكپارچەن. بیروباوەڕێكی نەتەوەیی ـ نیشتمانی ئیرادەیەكی پۆڵایینی بۆ دروستكردوون. ئەمەش جگە لە بەرنامە، تەكتیك و دیسپلینی سەربازی و شێوازێكی راست شەڕكردن و فەرماندارێتیەكی مەیدانی سەركەوتوو و شارەزا.
هەرچی سوپای ئێراقە، سوپایەكە لەبنەمای نیشتمانی بێبەشە و لایەنە مەزهەبیەكەی زۆر لەپێشترە. واتە زۆربەی فەرماندە و سەربازەكانی خەڵكی موسڵ نین، جگە لەوەی خەڵك ئەو شارە بەبەشێكی خۆیان دانانێن، بەڵكو بەردەوام بەچاوی گومان و نەیاریەوە سەیری كردوون، ئەوانیش چونكە خەڵكی ئەو شارە نین و زیاتر سەربە مەزهەبی ترن لەو شارە خۆیان بەنامۆ و غەریب بینیوە و كەلێن و مەودایەكی زۆریان لەگەڵ خەڵكدا هەبووە، بۆیە لەكاتی هێرشێكی بەمجۆرە نەك پشتگیری خەڵكیان لەگەڵ نەبوو"وەك لەدیمەنەكانی تەلەفزیۆن بینیمان خەڵك بەردبارانی دەكردن"؛ بەڵكو پێچەونەكەی جێگەی باس بوو بۆیەش ئەو ئەنجامەی لێكەوتەوە.
4ـ سوپای ئێراق جگە لەوەی خاوەن ئینتیمایەكی نیشتمانی نییە، لەبواری پسپۆری راهێنانیشەوە یەكجار لاوازە، بێ ورەیە، سەرباری چەكە نەوعیەكانی دەستی؛ بەڵام نەبوونی فەرماندەی پسپۆڕ و بەئەزموون، نەبوونی بەرنامە، پلان و تەكتیكی سەربازی دروست و راهێنان و دسپلینی پێویست ئەو دۆخەی لێكەوتەوە.
چەندین خاڵی تر هەیە كە دەتوانین ریزیان بكەین، بەڵام ئەوەی جارێكی دیكە بۆمان روون دەبێتەوە گەورەیی و شكۆداری و خۆڕاگری خەڵكی خۆرئاوای كوردستان و بەرخودانی یەكینەكانی پاراستنی گەل"یەپەگە"یە كە نزیكەی دوو ساڵە بەچەك و تەقەمەنیەكی كەم و سەرەتایی خۆرئاوای كوردستان لەبەرامبەر هێرشەكانی داعش دەپارێزێت.
لێرەدا جارێكی دیكە ئەو خاڵە روون بۆتەوە كە پشتگیری گەل، بیروباوەڕ و ئینتیمای نیشتمانی ـ نەتەوەیی و ئیرادە و دسپلینی بەهێز لەهەموو جۆرە چەكێك بەهێزترە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە