بەیاننامەى گروپى فێرخوازانى زانكۆى كۆیە- و كەمپینى زانكۆى كۆیە بۆ دادگایى كردنى تەقەكەران لەفێرخوازان و شكێنەرانى حەڕەمى زانكۆكان

Sunday, 24/04/2011, 12:00


گروپى فێرخوازانى زانكۆى كۆیە  

دواى ئەو هێرشە ناڕەواییەى كەلەلایەن چەكدارە حزبیەكان و هێزەكانى بەناو ئاسایش لە18ى نیسان كرایە سەر فێرخوازانى زانكۆكەمان لەمیانەى كەمینێكى هێزەكانى بەناو ئاسایش (106) لەسەر ڕێگاى كلكە سماق وەڵامدانەوەى داخوازیەكانمان بەتەقەى چەكدارە حزبیەكان وەك یەكەم زانكۆ ئێمە وەك گروپى فێرخوازانى زانكۆى كۆیە وێڕاى ئەوەى بڕیارى بایكۆتكردنى هۆڵەكانى خوێندنمان داوە بەهۆى تەقەكردن و لێدان و سوكایەتى پێكردنمان لەلایەن میلیشیا حزبیەكانەوە , لەبەرانبەر بێ هەڵوێستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزیرەكەى و سەرۆكایەتى زانكۆى كۆیە لەئاست بێ حورمەتى كردن بە زانكۆكەیان و برینداركردن و پەلاماردانى فێرخوازانیان هاوكات هێرش كردنە سەر مامۆستایانى زانكۆكە و هێنانەوەى میللى تفەنگ لێیان كە بەداخەوە ئەوە نزیكەى هەفتەیەك بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێدەپەڕێت تائێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە بڕیارماندا بەشێوازە مەدەنیانەكەى خۆمان بەردەوام بین لەسەر دەربڕنى ناڕەزایەتیەكانمان تا جێ بەجێ كردنى ئەو داخوازیانەى كە لەخوارەوەى ئاماژەى پێدراوە

هەرلێرەوە هاوخەمى و پشتیوانى خۆشمان بۆ هاوڕێیانمان لە زانكۆى سلێمانى و سەڵاحەدین و سەرجەم زانكۆكانى ترى كوردستان ڕادەگەیەنین . كەمپینى زانكۆى كۆیە بۆ دەسگیركردنى تەقەكەران لەفێرخوازان و شكێنەرانى حەڕەمى زانكۆكان ڕادەگەیەنین كە داوا دەكەین : .

1-ڕادەست كردنى ئەو كەسانەى كە ڕۆژى 18ى نیسان تەقەیان لەفێرخوازانمان كرد و چەند هاوڕێیەكیان بریندار كردین هەروەك ئەو چەكدارە حزبیانە بێ هیچ جیاوازییەك هاوشێوەى كوڕانى فێرخواز كچانى زانكۆكەشیان لە هێرشى دڕندانە و قۆناغە تفەنگەكانیان بێ بەش نەكرد .

2-هەڵوەشاندنەوەى دەزگاى بەناو ئاسایش كەئێستا بۆتە ئاسایشى كورسى حزبە دەسەڵاتدارەكان.

3-داوادەكەین كە سەرۆكایەتى زانكۆى كۆیە ببێتە لایەنێك بۆ تۆماركردنى داواى یاسایى دژى چەكدارە حزبیەكان و هەردوو قایمقامى دوكان و كۆیە و بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى ڕۆژهەڵات لە كۆیە هەروەها ئەو كەسەى كە لەدوكان بەفرمانى ئەو هێرش كرایە سەر فێرخوازان و خۆى بەبەڕێوەبەرى ئاسایشى دوكان بە فێرخوازان ناساند .هەروەها سەرۆكایەتى زانكۆى كۆیە داواى یاسایى لەسەر تەلەفزیۆنى گەلى كوردستان و ئەو چەكدارەى كە بەجلى فەڕمی دەوامەوە وێنەى بۆ دەگرتن لەبەرانبەر ناوزڕاندنى فێرخوازانى زانكۆكە سوكایەتى كردن لەڕێگەى ئەو كەناڵەوە پێیان .

4- داوا دەكەین كە لایەنى ئەمنى هەریەك لەئەندامانى گروپى فێرخوازان بپارێزرێت تا بتوانن بچنە دادگاى لێكۆڵینەوەى دوكان بۆ تۆماركردنى داواى یاسایى چونكە لەدادگاى كۆیە پێیان ڕاگەیاندراوە كە سەیركردنى ئەو داوایە دەچێتە تایبەتمەندى دادگاى لێكۆڵینەوەى دوكان .

5-پێویستە لەزوترین كاتدا سەرجەم ئەو چەكدارە حزبیانە لەشار و شارۆچكەكان بكشێنرێتەوە ,سەرجەم شكێنەرانى یاسا و تەقەكەران لەناو ئەو هێزانەدا ڕادەستى دادگا بكرێن.

6-پێش هەڵوەشاندنەوەى حكومەت داوا دەكەین كە وەزیرى خوێندنى باڵا لەئاست بێ دەسەڵاتى خۆى و شكاندن و بێ حورمەتى كردن بە فێرخوازان و زانكۆكانى كۆیە و سلێمانى سەڵاحەدین دەسلەكاربكێشێتەوە مێژووى كارى لەوە زیاتر ڕەش نەكاتەوە نەبێتە هۆكارێك بۆ سپیكردنە و ماكیژكردن بەدەست حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە .

گروپى فێرخوازانى زانكۆى كۆیە- و كەمپینى زانكۆى كۆیە بۆ دادگایى كردنى تەقەكەران لەفێرخوازان و شكێنەرانى حەڕەمى زانكۆكان



 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە