كاتێ پێشمەرگە ترپەى دڵى ئەم میللەتە بوو [چەند كوورتە بیرەوەری پێشمەرگەیەك]

Sunday, 22/11/2009, 12:00


سەرەتا لەناخەوە زۆر سوپاسى پێگەى كوردستانپۆست دەكەم كە بووە بەدەروازەیەكى بێسانسۆر تاكو لەڕێگەیەوە تاكى كورد كەمێك لەخەم و نەهامەتیەكان لەخۆى بتەكێنێت و ئومێدێ ئایندەیەكى باشتر و روونتر لەناخیدا دروست بێت ، زۆر خۆشە مرۆڤ بە ئومێدێكەوە بژى نەك رەشبینی بیڕوخێنێ ، من پێم وایە میللەتى كورد سێ چارەكە سەدە خەونى ئەبینى و قوربانى پێشكەش ئەكرد تاكو 7/3/1991 و راپەڕینە پیرۆزەكەى رووبدات ، زۆریشمان پێمان وابوو ئیتر پاش ئەو بەروارە و داڕمانى دیكتاتۆریەتى بەعس لە وڵاتدا ئەم دەڤەرە دەبێتە شامى شەریف .. بەڵام مەخابن و كەسەر زۆرێك لە پێشهاتەكانمان وادەرنەچوو .

زۆر دەمێكە خوێنەر و بیسەرى كوردستانپۆستى خۆشەویستم و بەسەدان بابەت و وتارى بەپێزم تیا خوێندۆتەوە و زۆرێكیشیانم وەك ئەرشیف لاى خۆم پاراستووە ، هەندێكیان دڵخۆشكاربوون و هەندێكیان خەفەتبار ، بەتایبەتى ئەوانەى پەیوەندیان بە هەندێ پێشمەرگەى دێرین و خەباتگێڕى زەمەنى زەبوونى و كوڕانى رۆژى تەنگانەوە هەبووە ، بەڵام تاكو ئیستا تاكە یەك وشەم بۆ ئەم پێگەیە نەنووسیووە لەگەڵ ئەوەى تەمەنێ پێشمەرگەى چەك لەشان و دانەبڕاوى ناو سەنگەرەكانى ى.ن.ك بووم و تاكو ئیستاش شانازى بەو ماندووبوونەمەوە ئەكەم كەلەچاو قوربانى و بەرخوودانى شەهیدە سەربەرزەكانماندا سفرى پاش فاریزەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەى هەگبەم لێواولێوى هەزارەها رووداو و بەسەرهاتى راستەقینەى دۆكۆمێنتكراوى ئەو زەمەنە تەڕوتووشەیە كە تاكو ئیستاش لەسینەمدا بۆنى خوێن و بارووت لێى جیانەبۆتەوە .

ئینكارى ناكرێت زۆرێك لەو پێشمەرگانەى تاكو دوێنێ لەگۆڕەپانى خەباتدا بەهەق گیانبازیان ئەكرد و رۆژى واهەبوو چەندین جار وەبەرچاوى خۆمانەوە لە كەنارى مەرگی موحەقەق ئەگەڕانەوە ئەشێ ئەمڕۆ لەگەندەڵى و ستەمكارى و بازرگانى رەشەوە تێوەگلابن و تەنانەت مشەخۆریشیان بەقووتى ئەو میللەتەوە كردبێت كەتادوێنێ لەچیا و شاخە سەركەشەكاندا فیداكارى و روحبازیان بۆ ئەكرد بێ ئەوەى چاوەنواڕى هیچ بەرامبەرێكیشیان كردبێ .

بۆیە تكام وایە گێڕانەوەى ئەو كورتە بیرەوەریانەم وەك داكۆكیكردن و بەرگریكردن لەخاوەنەكانیان بەهەند وەرنەگیرێ ، چونكە دڵسۆزیم بۆ خوێنى پیرۆزى شەهیدە هاوڕێكانم و خاكى نیشتیمانى دایك و لەهەمووشى گرنگتر بۆ میللەتە خێرنەدیوەكەم بەهیچ جۆرێ ناهێڵم بوارى ئەوەم پێدا كە داكۆكى لەگەندەڵ و ستەمكاران بكەم ئیتر لەهەر پلە و پایەیەكدابن ، گێرانەوەكانى من وەبیرهێنانەوەیە بۆ هەڵوێستى جوامێرانەى ئەوان لەزەمەنى هات و نەهاتدا ، ئەگەر هەندێكیشیان ئیستا ئەو رابردووە پاكە بە پۆست و سامان پەرستى گڵاودەكەن ئەوە خەتا و تاوانى خۆیانە و دڕەنگ یان زوو باجە قورسەكەى تەنها خۆیان ئەیدەن و مێژوو بەزەیى پێیاندا نایەتەوە .

من كەسێك بووم لەپێش ئاشبەتاڵى 1975 وە لەگەڵ چەند برادەرێكدا وەك لایەنگیر لەشانەكانى كۆمەلەَى رەنجدەرانى كوردستاندا كارمان دەكرد ، هەڵبەتە من نە پلەیەكى بەرپرسیارێتى مەزنم هەبوو نە كەسێكى دیاریش بووم ، بەڵكە قوتابیەكى پەیمانگا بووم جاروبار لەگەڵ هاوڕێكانما نامیلكە و بڵاوكراوە نهێنیەكانى كۆمەڵەمان دەستاودەست بڵاوئەكردەوە و ئەمانخوێندەوە ، پاشتریش كاتێ لەپایزى 1976 دا هەندێ لەو هاوڕێیانەم دەستگیركران من راستەوخۆ خۆم گەیاندە ئەو ناوچانەى مەفرەزە سەرەتاییەكانى كۆمەڵەى تیابوون و لەو بەروارەوە كاتى دانووستانەكانى 1984 ى لێبەدەربێ شارى سلێمانیم نەبینیەوە تاكو پاش راپەڕینى پیرۆزى 1991 ، پاش چەند ساڵێكیش بەماڵ و منداڵەوە چووین بۆ وڵاتى هۆڵەند و تاكو ئیستا لەوێ نیشتەجێین ، بۆیە زۆرێ لەوانەى ئیستا لەلووتكەكانى هەرەمى دەسەڵاتدان رۆژێك بووە پێكەوە لەیەك سەنگەردا جەنگاوین و بەرگریمان لەوڵاتەكەمان كردووە .

بمانەوێ و نەمانەوێ رۆژێك بووە كەسێكى وەك مەلا بەختیار قورسایی خۆى هەبووە لەناو هێزى پێشمەرگەى كوردستاندا ، من و هەموو ئەوانەى ئەو كاتانە لەمەڵبەندى یەك بوون باش بیرمانە كاتێ بەكرى حاجى سەفەر بەرپرسى مەڵبەندى یەك بوو ، مەڵبەندى یەك حاڵى زۆر شڕ بوو ، لەگەڵ ڕێزمدا بۆ كاك بەكر بەڵام ئەو كۆنتڕۆڵى تیپ و مەفرەزەكانى لەدەستدابوو ، كەسانێكى وەك جەبارى عەلى عەوێز و سەردارى قالە بەراز لەناو بارەگاى مەڵبەندا عارەقیان ئەخواردەوە و بەسەرخۆشى چەندین جار خەڵكى بێتاوانى ئەو ناوچەیەیان ئازاردەدا ، ئەوەبوو بەبڕیارى سەركردایەتى مەلا بەختیار بووە بەرپرسى مەڵبەندى یەك و هەریەك لە وەهابە كەچەڵ و كاك رەئیسى وەك ئینزباتى مەڵبەند دانا كە هەردووكیان دوو پێشمەرگەى قارەمان بوون ، ئیتر لەرووى ئیدارى و عەسكەریشەوە زۆرێك لەكاروبارەكانى رێكخست ، ئەوكات كەس لەترسى مەلا نەئەیوێرا داواى نانیش لەماڵە گوندێك بكات ، لەشەڕە سەختەكانى داستانى شاخى مامەندە لەگەڵ مەلا بەختیاردا بەشداربووم بەراستى تاوانە شاهیدى چاونەترسى ئازایەتى ئەوكاتى بۆنەدەم ، ئیستاش بیرمە شەوێكى دڕەنگ بە سەنگەرەكاندا ئەگەڕا پێشمەرگەیەك جگەرى ئەكێشا زۆر لێى تووڕەبوو و قسەى ناشرینى پێووت سووكە داركارییەكیشى كرد ، بەڕاستى ناهەقیشى نەبوو چونكە رەسەدى تۆپخانەكانى دوژمن زۆر وردبوون و ئەكرا بەهۆى كەشفبوونى سەنگەرەكانمانەوە چەندین پێشمەرگە شەهید بێت ، دامەزراندنى ئاڵاى شۆڕشیش [ئاش] لەلایەن مەلا بەختیارە پاشتر لەبێهێزى مەلاوە نەبوو بگرە لە لووتكەى هێز و نفوزەوە بوو ، رێخستنەكانى هێندە تۆكمەبوون زۆرێك لە كەسە نزیكەكانى مام جەلال و جەبار فەرمانیش تەنزیمى ئەوبوون ، من بۆخۆم بیرمە لەكۆتاییەكانى دانوستانى 1984 دا و پاش شەهید بوونى سەى كەریم لەبازگەكەى تاسڵوجە لەسەر دەستى تاقمێ جاشى خۆفرۆش رۆژێك مەلا لەشەدەڵە قسەى بۆ پۆلێ پێشمەرگە ئەكرد و پێى وتن هەمووجارێ لەلووتكەى بەهێزبوونى هێزى پێشمەرگەدا ئەبێ كەسێك هەبێ ورەیان بڕوخێنێ و میللەت بێئومێد بكات وەك ئەوەى مەلا مستەفا بە ئاشبەتاڵەكەى 1975 ئەنجامیدا و ئیستا جەلال تاڵەبانى بەم مفاوەزاتە سەقەتە ئەیەوێ بیكات .

پێشمەرگەیەكى ترى كۆڵنەدەر و دڵسۆز كاك سەلاح چاوشین بوو ، كاك سەڵاح لەمەكتەبى عەسكەرى بوو ، لەكاتى داستانى رزگاریدا نوێنەرى شەخسى مام جەلال بوو بۆ مەڵبەندەكان و بەرەكانى شەڕ ، لە كێشمەكێشمى سەخترین شەڕوپێكداداندا ئەم پیاوە لەقسەرى خۆش و نوكتەبازى نەئەكەوت و ورەى پێشمەرگەكانى بەرزئەكردەوە تەنها بۆ رۆژێك بە رووخاوى كاك سەلاحم نەبینیووە ، یەكێكى تر لەو پێشمەرگانەى لەناو خەڵكى و پێشمەرگەكانى ترى یەكێتیدا زۆر خۆشەویست بوو كاك شۆڕش ئیسماعیل بوو ، ئەو كاتەى من ناسیم هێشتا نەببوو بە سەرتیپى 47 ى پیرەمەگروون ، كوڕێكى گورج و گۆڵى چاونەترس بوو ئیستاش بیرمە كە هەواڵى گوللەبارانكردنى براكەیان لەسلێمانیەوە بۆهێنا لەسەر دەستى پیاوانى رژێم هیچ نەشەپۆكا و ئەیووت شانازى دەكەم بەوەى ئیستا پێشمەرگەم و براى شەهیدیشم ئەوە رێگەیەى هەموو كوردپەروەرێكە ، سەردەمێك كاك ئاوات قارەمانى لێى زوویر بوو پێى وابوو مەلا بەختیار رقى لێیەتى بۆیە پاشتر ئەوى كردە سەرتیپ و كاك ئاواتى نەكرد ، لەراستیدا كاك ئاواتیش وەك كاك شۆڕش پێشمەرگەیەكى سەرەتاكانى هەڵگیرسانەوەى شۆڕش بوو ، پیاوێكى زۆر عەسكەرى و چاونەترس بوو لە كۆمەڵە كۆنەكان بوو زۆر راستگۆ و كوردپەرست بوو .

پاش داڕمانى دانووستانەكانى 1984 لە زستانى 1985 دا شەڕ هەڵگیرسایەوە و یەكەم كارەسات كە یەكێتى دووچارى بۆوە شەهیدكردنى مامەڕیشە بوو ، ئەو كاتە بیرمە من لەبەرى قۆپى قەراغ بووم عومەر فەتاح تازە هاتبووە دەرەوە ، كاك عومەر ئەندازیار بوو لە دائیرەى توروقى سلێمانى پاش ئەوەى بەهۆى دانووستانەكانەوە ناوى بۆ ڕژێم ئاشكراببوو لەترسى گرتن هاتبووە دەرەوە ، بۆ ویژدانیش ئەو كات لە برسانا یان لەبەر فیرارى لە خزمەتى عەسكەرى نەببووە پێشمەرگە بەڵكە باوەڕى بەشۆڕشى نوێى گەلەكەمان بوو ، هەروەها بیرمە مامۆستا شاهۆش بەماڵ و منداڵەوە هەر لەوێ بوو ، كاك عومەر لەكاتى شاڵاوە بەدناوەكانى ئەنفالدا بەرەتڵێك لەبەرى قەراغەوە پەڕیەوە بۆ بەرى چەمى رێزان ، هەندێ برادەر لەوێ مانەوە و پیان وابوو بەپارتى زانى ئەتوانن شۆڕش بەرپاكەنەوە لەوانە كاك عوسمانى حاجى مەحموود و چەند برادەرێكى تر ، لەشارباژێڕ عەبەرەق و هاوڕێكانى و لەدەوربەرى پیرەمەگروون و سەرگەڵوش شەهید غەریب هەڵەدنى ، پاش شەهیدكردنى مامە ریشە لەسەركردایەتیەوە بروسكەمان بۆ هات و لەماوەى چەند رۆژێكدا چەندین پەلامارى خوێناویمان بۆ سەر رەبیەكانى نزیك چەمچەماڵ و قادركەرەم و شەقامى گشتى بازیان ئەنجامدا ، پۆلێ پێشمەرگەى قارەمانیش لەو چالاكیانەدا شەهید بوون ، مام رۆستەم لەو شەڕانەدا رۆڵێكى بەرچاوى هەبوو ، تەواوى ئەم چالاكیانەش بەدەنگە زوڵاڵەكەى حاكم فەرهاد لە ویستگەى رادێوى یەكێتیەوە بڵاوكرایەوە .

كاك مەحموود سەنگاوى پێشتر لە تیپى 57 ئامر مەفرەزە بوو پێش ئەوەى بێت بە سەرتیپ ، بۆ مێژووش كەسێكى زۆر ئازا و بەهیمەت بوو و بەلێهاتوویى خۆى ئەو پلانەى وەرگرتبوو ، شەهید حەمەرەشیش كە سەردەمێك فەرماندەى تۆپخانەى شۆڕش بوو كەسێكى زۆر ئازا و چەپوك بوو و وەك فەرماندەیەكى سەربازى رۆڵێكى بەرچاوى لەچالاكیەكاندا هەبوو ، رۆژێك وتیان هێرشە بۆ سەر قەرەداغ ئەوكات هێندەنەبوو قەرەداغ رزگاركرابوو ، شەهید حەمەرەش لەگەڵ پۆلێ پێشمەرگە لەبەرزاییەكان دامەزرابوون كاتێ تۆپپارانى رژێم بۆ سەر ئەو ناوچانە دەستیپێكرد بۆردومانەكە هێندە سەختبوو ئێمە لەخوارەوە سەرقاڵى ئامادەكردنى چەند وڵاخێك بووین بۆ گوێزانەوەى گوللە هاوەن و راجیمەى بچوك لەوێوە پێمان وابوو ئیستا شەهید حەمەرەش و هاوڕێكانى بەو بۆردومانە زۆر سەختە پارچەشیان نەماوە ، كەچى لە ئامێرى بێتەلەكەوە شەهید حەمە رەش بەپێكەنینەوە بەئێمەى ئەووت لاى ئێمە نەرمە بارانە ئەى لاى ئێوە؟! كەسێكى زۆر چاونەترس و قارەمان بوو .

ئێمە وەك ئەندامى رێخراوەكانى كۆمەڵە پاش شەهیدبوونى شاسوارى شێخ جەلال [شەهید ئارام] تا سەرەتاى هەشتاكانیش هەر كاك نەوشیروانمان بە بەرپرسى خۆمان ئەزانى ، بەڵام هەر بۆ مێژوو كاك نەوشیروان بوو بە رەفتار و بڕیارەكانى واى نیشان ئەداین كە مام جەلال بەرپرسى ئەو و ئێمەشە ، بۆ نموونە پێشتر ئێمە لەڕێگەى بەرپرس و ئەندامەكانى سەركردایەتى كۆمەڵەوە خەڵكمان بۆ بەرپرسیارێتى حیزبى و عەسكەرى كاندید دەكرد و مام جەلال و ئەندامانى هێڵى گشتى هیچ قورساییەكیان نەبوو ، لە راستیشدا ئەوكات كۆمەڵە بیویستایە زۆر بەئاسانى كۆنتڕۆڵى هەموو بارودۆخەكەى شۆڕشى دەكرد لەڕووى سیاسى و عەسكەریشەوە ، تاسەردەمێكى درێژیش مەرجەعیەتى ئێمە سەركردایەتى كۆمەڵەبوو ، تاكو وردە وردە مام جەلال بوو بەمەرجەعیەتى هەموو یەكێتى و كاك نەوشیروان بووە كەسى دووەم ، سەركردایەتى لە سەرگەڵو بوو ویستگەى رادیۆكەش بەیاڵێكەوە بوو نەخۆشخانەى شۆڕیش لەكەندڕەكەى خوارەوەدابوو .

دیارە هێزە چەكدارەكانى حكومەت زۆرجار هەوڵی داوە كە سەركردایەتى یەكێتى بگرێت لە هێرشەكەى ئەنفالدا نەبێت هەموو كات مەرامەكانى بەهیمەتى پێشمەرگە زیندەبەچاڵكراوە ، بۆنموونە بەهارى 1977 نامەیەكى هەرێمى شارباژێڕ كە شەهید جەمالى عەلى باپیر بەرپرسى بوو بردم بۆ سەركردایەتى ئەوكاتى یەكێتى لە نۆكان و گۆڕەشێر بوو گۆڕەشێر گوندێكى ئەوبەرى چەمەكەى نێوان عێراق و ئێران بوو واتە گوندەكە لەكوردستانى ئێران بوو ، ماوەیەك لەدەوروبەرى ناوەزەنگ و زەڵێ و شێنێ مامەوە ، ئامر هەرێًمى پشدەر ئەو كات شەهید تاڵیب رۆستەم بوو كە بەشێخ تاڵب ناسرابوو ئەندامى سەركردایەتى كۆمەڵە بوو ، گەرمیانى بوو پێم وابێ خەڵكى خانەقین بوو ، لەوكاتەدا من لەوێ بووم حكومەت و جاش هێرشێكى بەربڵاویان بۆ سەر بارەگاكانى سەركردایەتى دەستپێكرد ، شێخ تاڵب زۆر لەناو پێشمەرگە و خەڵكى ناوچەكەدا خۆشەویست بوو كەسێكى جەربەزە بوو ، شەو لە نزیك مەركەزە كۆنەكەى پۆلیسى شێنێ پێشمەرگەكانى كۆكردبۆوە بەفر زەوى سپى كردبوو شێخ تاڵب جامانەیەكى لە ملدا بوو ئیستاش بیرمە كلاشنكۆفێكى قۆناغدارى لەشانا بوو و بەپێشمەرگەكانى وت هەموو شەرەفى یەكێتى لەم میحوەرە كۆبۆتەوە بەگۆڕى شەهیدان ئەوەى سەنگەرەكەى بێ پرس جێبهێڵێ بەدەستى خۆم ئەیكوژم ، پاشتر شەڕێكى خوێناوى روویدا جەیش و جاش زۆر خراپ شكان و دەیان لاشەیان پاش خۆیان جێهێشت .

لەسەرەتاى هەشتاكانا ملازم عومەر بەرپرسى مەكتەبى عەسكەرى بوو ، ئەم پیاوە بەراستى خاوەن عەقڵیەتێكى ستراتیجى عەسكەرى بوو ، ئەویش زیاتر بەهۆى ئەوەى خۆى دەرچووى كۆلێژى سەربازى بەغداد بوو ، زۆر حەزى ئەكرد لەنزیكەوە سەرپەرشتى شەڕەكان بكات و لەداڕشتنى پلانە سەربازییەكاندا بەشداربێت ، رۆژێكیان بەچاوى خۆم بینیم لەسەر جەنازەى پێشمەرگەیەكى شەهید وەك منداڵ ئەگریا ، زۆر عاتیفى بوو و زۆریش ئازاو بەمەوقیف بوو .

شەهید ئازاد هەورامى یەك جار لەنزیكەوە بینیوومە ئەویش لە دۆڵى شەهیدان بوو باسى ئایندەى كورد و خەباتى سیاسى ئەكرد ، كەسێكى زۆر بەوورە بوو زۆر قسەزان و بەڕێز بوو ، هەرچەندە گەنجێكى كەم تەمەن بوو بەڵام بە مافى تەواوى خۆى ببوو بەئەندامى سەركردایەتى یەكێتى .

مام رۆستەم و شێخ جەعفەر كە ئیستا بەداخێكى زۆرەوە وەك باسیلێوەدەكرێ لەدوو بەرەى جیاوازى دژدان ئەوكات خۆشەویسترین هاوڕێى یەكترى بوون ، بەهەقیش هەردووكیان قارەمان و بوێربوون ، مام رۆستەم زۆركەس پێى وابوو میراتگرى مامە ریشەیە ، زۆر لەپێشمەرگەكان پێانخۆش بوو لەگەڵ مام رۆستەم بەشدارى چالاكى بكەن ، چونكە وەك ئەوان ئەیانووت كەس جێناهێڵێ لەشەڕدا برینداربێت یان شەهید ، لەگەرمیان زۆر قارەمانى تر هەبوون كە نموونەیان پێدەهاتەوە لە ئازایەتى و قارەمانیدا وەك سامان گەرمیانى كە كۆنترین بەرپرسى سەربازى ناوچەكەبوو پاشتریش لەسەرەتاكانى هەشتادا كاك كۆردۆقاسم هاتە دەرەوە ئەویش زوو بەلێهاتوویى و ئازایەتى ناویدەركرد و توانى وەك كەسێكى سەربازى خۆى بسەپێنێت .

لەپێشمەرگە سەرەتاییەكانى ئەوكات رۆڵێكى مەزنیان لەداستان و نەبەردە سەربازییەكاندا هەبوو كاك نەبەز [خولەى جگەر] و هەڵۆى ئەحە سمێڵ بوو كە پاشتر بوو بە سەرتیپ ، كاك نەبەز كۆمەڵەیەكى تووندڕەو بوو زۆر قۆشمە و قسەخۆش بوو لەشەڕیشدا نموونەى پێ ئەهاتەوە ، پێشمەرگەیەكى قارەمانى تر شەهید ئەنوەرى مەجید سوڵتان بوو ، شەهید ئەنوەر بزووتنەوەى سۆسیالیست بوو لەگەڵ شەهید عەلى عەسكەرى ، دەرچووى كۆلێژى سەربازى بوو پیاوێكى زۆر مەبدەئى بوو ، بیرمە جارێكیان تازە لەئێران هاتبۆوە لەناوچەى شارەزوور جەولەى ئەكرد لە دێیەكدا یەكتریمان بینى زۆر ماندوو و شەكەت بوو كەچى شەرمى ئەكرد لەماڵەكان داواى نان بكات ئەیووت ئەو داماوانە خوا ئەزانێ بەچ كوولە مەرگیەك نانى خۆیان دابین ئەكەن ئیستاش ئێمە خواردنەكەیان لەگەڵ بكەین بەدووبەشەوە !! ، پاشتر كۆمەڵى پیاوى گوندەكەى كۆكردەوە و قسەى بۆكردن لەگەرمەى قسەكانیدا هێرشى كردە سەر رژێمى بەعس و وتى بەعسى زۆردار .. بەعسى كافر .. پاشتر قسەى ترى بۆ نەهات وتى بەعسى مــەلعوون ، ئیتر ئێمەش زۆر بەو تەعبیرەى پێكەنین .

بەهەرحاڵ بیرەوەریەكان زۆرن من سەرەتا وەك فلاش باكێكى بەپەلە ویستم هەندێ بیرەوەرى شیرینى ئەو هاوڕێیانە باس بكەم كە لەرۆژگارى تاردا سنگمان لەبرى یەكتر ئەنا بەگوللەى دوژمنى داگیركارەوە دوور لەئیستا كە یەكێتیە خۆشەویستەكەى جاران بەگەمەى تەكەتوول و دەستەگەرێتى و دەسەڵاتبازى شەقار شەقار بووە و دارى بەسەر پەردووەوە نەماوە ، خوا یاربێ لەئایندەدا هەوڵدەدەم بەبەڵگەوە هەندێ دیوى نادیارى كەسایەتى هەندێ كەسایەتى ئەو سەردەمە و ئیستا بخەمە ڕوو ، سوپاسى بێپایانم بۆ هەموو لایەك .

م/ سەلام / هۆلەند


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە