باندێكى مافیا بەشێكى شارى سلێمانى دەتۆقێنێت إ
Saturday, 25/02/2012, 12:00
ووشەى (مافیا) ماوەیەكى زۆر نیە كە لە هەرێمى كوردستاندا بەكار دەهێنرێت و هەمیشە بەكار هاتووە بۆ نیشاندانى ناپاكى و گەندەڵى هەندێك لە كاربەدەستانى حزبى و حكومى لە هەرێمدا كە قوربانى یەكەمى دەستى ئەو كەسە گەندەڵانە ماڵى گشتى دەوڵەت و حزب بووە .بەڵام بەداخەوە ماوەیەكە باندێكى بەماناى ووشە (مافیا) لە شارى سلێمانى دا خەریكى ڕاو و ڕووتە و ماڵ و ژیانى هاووڵاتیانى چەند گەڕەك و گوزەرێكى كاسبى دانیشتوانیان خستۆتە مەترسیەوە و خەڵكیان توشِى دڵەڕاوكێ و تۆقان كردووە و بە بەرچاوى لایەنە پەیوەندى دارەكانەوە . تاكو ئێستا هیچ لایەنێكى ئەمنى شارى سلێمانى ناتوانێت ڕێگایان لێبگرێت و هەركاتێكیش سەرانى ئەو گروپە بگیرێن ئەوا لە ماوەى چەند ڕۆَژێكدا بە قودرەتى قادیر بەردەدرێن و بەڕێزەوە لە بنكەكانى پۆلیس و ئاسایشدا بەردەدرێنەوە گیانى خەڵكى. باندێك كە لە گەڕەكەكانى (ووڵوبە و شێخ عەباس و كانى گۆمە و حاجى ئاوا و مەیدانى حەیوانەكانى شارى سلێمانى و ناوچەى زڕگوێز و چەمچەماڵ (كە ئێمە وەك عەشیرەتى شوانكارە لەو كارانەیان بێبەرین) و لەژێر باڵى بەكارهێنانى ناوى (محمود سەنگاوى) (كە دڵنیاین بەڕێزیان بێ ئاگایە لەم كارانەیان) و گەڕەكى كانى گۆمە و ماڵە شوانكارەكانیان كردووەتە بنكەى گروپەكەیان و ئەو خەڵكانەش لە ترسا بێت یاخود بە هۆكارى خزمایەتیەوە بێت ئەو تاوانبارانەیان جێگا كردووەتەوە .كارەكانى ئەم گروپەش بریتىیە لەوەى كە دەكەنە سەر دەوڵەمەندەكانى شارى سلێمانى و هاڕەشەیان لێدەكەن و پارەیان لێدەستێنن و مەڕو ماڵات لە خەڵك دەسەنن و جنێو و سوكایەتى بە خەڵك دەكەن و چەندین جار شەوانە سەیتەرە لەسەر ڕێگاكان دادەنێن و بە دەموچاوى بەستراوەوە خەڵكى ئەزێت دەدەن و لەناو خەڵكدا تەلەفوون بۆ كەسێك دەكەن و بە (خولە) بانگى دەكەن و لە خەڵكیان تێگەیاندووە كە ئەو كەسە (محمود سەنگاویە) و پیاوى ئەون و ئەو تەواوى پشتیوانیان دەكات. بۆیە وەك چەند گەنجێكى عەشیرەتى (شوانكارە) داواكارین لە كاك (محمود سەنگاوى) كە بێ بەرى بونى خۆى ڕابگەیەنێت لەو گروپە مافیایە كە بونەتە هۆى بێتاقەت كردنى خەڵكى و ناشیرین كردنى ناو ى بەڕێزیان و داواكارین لە ڕیش سپییانى عەشیرەتیش كە حاشا لەم چەند كەسە دەسپیس و شەرواڵ پیسانە بكەن و داواكارین لە لایەنە پەیوەندىدارەكان كە كاریان پاراستنى (ئەمن و سلمى) گشتییە كە ڕێوشوێنى یاسایى بگرنەبەر بەرامبەر ئەم گروپە و بیانخەنە ژێر چاودێرییەوە.
حكومەتى هەرێم دەزگاى زانیارى دەزگاى پاراستن دەزگاى ئاسایش
تكایە خەڵك لە دەستى ئەم گروپە ڕزگار بكەن و بە دواداچوون بكەن بۆ كارەكانیان.چوونكە دەزگاى پۆلیس بێ توانان لە ئاستى ئەم گروپەدا .
لە داهاتوودا چەند تاوانێكى ئەم گرووپە ئاشكرا دەكەین كە بەرامبەر خەڵكى شارى سلێمانى كردویانە و گێچەڵیان بە خەڵك كردووە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست