کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاره‌ساتی 13 ی حوزه‌یرانی سلێمانی په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه‌ به‌نێو چه‌وانی ئه‌نجام ده‌رانی

Saturday, 12/06/2010, 12:00


ساسان ده‌روێش هۆڵه‌ندا
جه‌نگ . دڕه‌نده‌یه‌کی بێ به‌زه‌یی وبرسی وله‌خوێن تێرنه‌بووه‌ که ‌هیچ سۆز و به‌زه‌یه‌ک له ‌دڵ و مێشکیدا نێ یه‌ و کوێرانه‌ هه‌موو به‌ها جوان و پیرۆزه‌کانی مرۆڤایه‌تی ده‌شێوێنێ ومرۆڤه‌کان له‌ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا ده‌کاته‌ پیاو کوژ و ماڵ وێرانکار، له‌بری خۆش گوزه‌رانی وبه‌خشینه‌وه‌ی بۆن وبه‌رامی گوڵ وگوڵزار ، تۆی گوڵی دڕکاوی ڕق و تۆڵه‌ ده‌چێنێت ومنداڵه‌کان له ‌سۆزی باوک ده‌کات و خوشکان ڕه‌شپۆش ده‌کات ودایکان تامردن چاوله‌ده‌رگا ده‌کات بۆ ڕۆڵه‌کانیان ،به ‌درێژای مێژووش جه‌نگ بۆته‌ داڕمانی هه‌مووشته‌ جوانه‌کان وله‌کارکه‌وتنی ڕه‌وتی ژیان وشارستانیه‌ت و هیچ هیوایه‌ک نامێنێ ته‌نیا زمانی چه‌ک وخوێن نه‌بێت ،بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به ‌ژیان هه‌یه‌ هه‌میشه‌ دژی جه‌نگ ڕاده‌وه‌ستن ،به‌ڵام ئه‌وانه‌ی باکیان به ‌منداڵانی کورد و خه‌ونی دایکان و ده‌سکه‌وته‌کانی کورد نه‌بوو له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 جه‌نگیان به‌رامبه‌ر کورد کوژی ده‌ست پێ کرد له‌ ئینقلابێکی عه‌سکه‌ری دۆڕاودا وگه‌نج ولاوانی کوردیان ڕاپێچی جه‌نگ کرد.
16 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ڕۆژی 13 ی حوزه‌یرانی ساڵی 1994 دا له‌ سلێمانی ،شاره‌که‌ی شێخی نه‌مر ، مێژووی خۆی دووپات کرده‌وه‌،شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌راو عه‌وله‌سیس زیندووببووه‌، ئه‌خترخان به‌سه‌رو پێچه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قام بوو، پیره‌مێردی فه‌یله‌سوف و گۆرانی عاشق به ‌شیعر له ‌هۆنینه‌وه‌ی شیعردا بوون بۆ به‌رده‌رکی سه‌راو فولکه‌ی کاوه‌ که‌ قه‌ڵغانی گولله‌ سنگی کچان بن،خه‌ڵکی برسی و ترس له‌دڵ دا بووی شاره‌که‌م و چاو له ‌هیوای کورد و ئاینده‌ و ده‌سکه‌وته‌کانی تووشی گێژاوی شه‌ڕی کورد کوژه ‌و شه‌ڕی ده‌سته‌ڵات و کورسی و پاره ‌ده‌کرا،کاوه‌ی ئاسنگه‌ری سه‌ربڵندو سه‌ر به‌رزی له ‌دووره‌وه ‌دیاری گه‌ڕه‌که ‌شۆخه‌که‌ی ئیبراهیم پاشام له‌گه‌ڵ ده‌م به‌یان و خۆرکه‌وتن ونیشان دانی سیمای مات وزیزی شاری شۆخ وجوانی سلێمانی چاوه‌ڕوانی کاره‌سات وخوێن ڕشتنی ده‌کرد، پێش تر سه‌ربان وبن بانیان لێ گرت و ڕووی بی که‌سی یان لێ کردو زۆر زویر بوو،سیمای جوانی شار پڕکرا له ‌ته‌پله‌ سه‌وزو لیوای تایبه‌ت و ڕووی شار له ‌جوانی هه‌ڵبزڕکا بوو هه‌موو شتێک له ‌کڕنۆش دابوون ،شاری ماته‌م وگیرۆدی ده‌ستی ئینقلاب چیان چاوه‌ڕوانی جه‌نازه‌ی شه‌هیدێک بوون که ‌پتر له ‌30 ساڵ خه‌بات و تێکۆشانی بۆ کورد و کوردستان کردبوو،سه‌دان شه‌و له ‌هه‌مان گه‌ڕه‌ک و هه‌مان شوێنی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر دوژمنانی کورد و پیاوانی به‌عسی ڕاوئه‌ناو ئه‌تۆقان و شاری لێ ئه‌کردنه‌ چه‌خماخه‌و پێ ی ئه‌وتن هه‌موویه‌کێ له ‌ئیمه‌ی کورد کاوه‌یه‌کی ئاسنگه‌رین ،ئه‌ویش شه‌هیدی ده‌ستی غه‌در و ئینقلاب چیان، شه‌هیدی نه‌مرو فه‌رمانده‌ عوسمانی قادر منه‌وه‌ر بوو،جه‌نازه‌ی شه‌هید جارێکی تر به‌رگولله‌ درایه‌وه ‌و هه‌ڵمه‌تی خه‌ڵکی شار و کوڕان و کچانی شاره‌که‌م و له ‌زه‌وی نه‌دانی جه‌نازه‌ی شه‌هید کۆمه‌ڵیک لاشه‌ بوونه‌ خه‌ڵتانی خوێن وگوڵی سه‌راکه‌ی کاوه‌ی ئاسنگه‌ریان پێ ئاوداو ، هیچ کاتێک سلێمانی ئه‌و ڕۆژه‌ شومه‌ی بیرناچێته‌وه‌ له ‌دوای ئه‌وگه‌ڵا ڕیزانه‌ی ڵاشه‌ی خه‌ڵتان که‌وتووی شارو نێو کۆلانه‌کانی ئیبراهیم پاشا و به‌ده‌رکه‌وتنی لاشه‌ی پیرۆزی پیاوێکی سه‌روسیما سپی و له‌ته‌مه‌ندا که‌وتوویان به‌رچاوکه‌وت به ‌ناوی عه‌ریف که‌ریم له ‌دوای ده‌ست گیرکردنی و سوکایه‌تی پێ کردنی گولله ‌بارانیان کردبوو .دوای کولانه‌وه‌ی برینی قووڵی سی ساڵه‌ی کورد کوژی و ڕاپێچ کردنی ده‌سکه‌وته‌که‌ی کورد و به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین به‌ره‌و گوێ قه‌بر بردن وخستنه‌وه‌ی بێ کاری و هه‌ژاری وبرسێتی و ڕاپێچ کردنی جه‌ماوه‌ری خێر له‌خۆ نه‌دیوی کورد به‌ تایبه‌تی لاوان بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ شوومه‌و له ‌ده‌ست دانی هه‌زاره‌ها لاو و بێ هیوا کردنیان و شه‌هیدبوونیان له ‌پێناوی دواڕۆژێکی ڕووناک بۆ فایلدار و جاش و خۆفرۆش وسیخوڕه‌کان .



له‌چه‌رخی پیاده‌کردنی دیموکراتیه‌ت وشنه‌ی بای چاره‌نووسی خۆنووسین له‌لای ئێمه‌ گڤه‌گڤی فیشه‌ک و یه‌کترکوشتن بوو له بری ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی زیاترونه‌شونماکردنی حوکومه‌تۆکه‌مان و له‌باوه‌ش گرتنی منداڵانی بێ نازی شه‌هیدان وله‌ئامێزگرتنی پاشماوه‌کانی ئه‌نفال و چاره‌سه‌ری برینداره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌.
مێژوولێ یان نابوورێ وهه‌میشه‌ خۆیان وفێرکه‌رانیان له ‌زنڵدانی مێژوودا دائه‌نێ و هه‌موو ساڵێک له‌م یاده ‌دا13 ی حوزه‌یران بکوژانی کوردولاوانی کورد وهه‌لگیرسێنه‌ری شه‌ڕی نێوخۆی کورد ئه‌که‌ونه ‌به‌ر له‌عنه‌تی خواو نه‌ته‌وه‌ی کورد و ویژدان و مرۆڤایه‌تی .
چه‌ند هه‌نسک هه‌ڵ کێشن بۆ ڕۆحی زیندووی شه‌هیدانی 13ی حوزه‌یران وهه‌موو شه‌هیدانی کورد و کوردستان وشه‌ڕه‌دۆڕاوه‌کانتان ،سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ نه‌فره‌ت له‌ زۆڵه‌ کورد و دزو جه‌رده ‌و خۆفرۆشانی کورد ئه‌کرێ ،هه‌تا مێژووی گه‌لی کوردیش بمێنێ ئه‌بێ ئه‌و خۆفرۆشانه‌ی که ‌کوردیان کوشت و منداڵیان بێ باوک کرد و ژنانیان بێ وه‌ژن کرد ،بێ به‌ش نه‌بن له ‌نه‌فره‌تی خواو ویژدانی کوردایه‌تی .
له ‌دوای 16 ساڵ تێ په‌ڕبوون به‌سه‌ر شه‌ڕی کورد کوژه‌ی باشووری کوردستان ولێ که‌وتنه‌وه‌ی سه‌دان ماڵ وێرانی لێ که‌وتنه‌وه‌ی هه‌زاران چیرۆکی وه‌کو 13ی حوزه‌یرانی شاری سلێمانی ،نه‌مان بینی له ‌هیچ کۆڕو کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ، منداڵانی بێ نازی ئه‌و هه‌موو شه‌هیدانه‌ له‌ئامێز گیرێ ته‌نها بۆ ڕۆژێک له‌ساڵێکدا که‌ ببێته‌ په‌ندوعیبره‌ت بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی .
ئه‌مه‌ی من ئاماژه‌ی پێ ده‌که‌م له‌ ئه‌زموونی هه‌موو گه‌لاندا باوه‌و باز به‌سه‌ر هه‌ڵه‌کانیاندا نا هاون وبێ ده‌نگ نابن له ‌ئاستیاو هه‌مووساڵێک کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی بۆ ده‌رخسێنن و گوڵی شه‌رمه‌زاری و ووته‌ی له ‌قوڕگا ووشک بووی ده‌ئاخافن ، که‌چی له‌مه‌ر کوردستانه‌که‌ی خۆمان که ‌له‌جیاتی باران خوێنیان باران،له‌م کاته‌دا له‌شنه‌ی ئازادی وبه‌ناو دیموکراتیه‌ ، به‌پرسه‌کانمان بێ ده‌نگیان نواندوه ‌له‌بری به‌بیانووی نه‌کولانه‌وه‌ی برینه‌کان،ئێستا کورد هۆشیاره ‌وبینی شه‌ڕیان بۆچی کرد و خۆیان دا به‌کوشت بۆکێ وچی؟!


بڕواناکه‌م له‌ هۆڵێکی بێ ده‌نگدا بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان به‌سه‌ربکرێته‌وه ‌کاره‌سات ڕووبدات و پاره‌ی کۆکراوه‌ی 16 ساڵتان به‌هه‌ده‌ری شه‌ڕێکی تر له‌ناوبچێ .
ده‌بوو زۆر زووتر له‌ دوای یه‌کخستنه‌وه‌ی نێوماڵی کورد و دابه‌شکردنی سه‌روه‌ت وسامانی خه‌ڵکی هه‌ژاری کورد و دابه‌ش کردنی کورسی و ده‌ست ڵات بۆ خۆتان و که‌س وکارتان مۆنۆمێنتێکتان دروست بکردایه‌ بۆ شه‌ڕی نێوخۆی باشووری کوردستان وهه‌مووساڵێک له‌وێ وه ‌نه‌فره‌تمان له‌ شه‌رو دامه‌زرێنه‌رانی شه‌ڕ و ئاشووبه‌ بکردایه‌ و ئێوه‌ش گوڵی شه‌رمه‌زاریتان به‌عاره‌قه‌ی ناوچه‌وانتان ته‌ڕ کردایه‌ و ده‌رزیه‌کتان بکردایه‌ به‌سه‌ری په‌نجه‌ی خۆتانداو خوێنه‌که‌تان بخواردایه‌و بتان زانیاییه‌ که‌ شه‌ڕی کورد کوژه‌ چه‌ند به ‌ئازاربوو بۆ منداڵانی بێ نازی شه‌هیدان و ژنانی ڕه‌ش بۆش وبێ وه‌ژن، بۆئێوه‌ش بووه‌ ده‌سته‌ڵات و کۆکردنه‌وه‌ی پاره ‌و کۆشک و ته‌لار سه‌رودووژن.
له‌ کۆتایدا ده‌ڵێم دروود بۆ ئه‌و پۆله‌ شه‌هیده‌ی 13ی حوزه‌یران و کاکه‌عوسمان و هه‌موو شه‌هیدانی بێ ناز که ‌بوونه ‌خواستی گڵاوی شه‌ڕی کورد کوژی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە