کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌ڵامێک بۆ قادر نادر له‌مه‌ڕ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و نه‌ته‌وه‌ییبوونی کورد

Monday, 03/05/2010, 12:00


له‌م ڕۆژانه‌دا وه‌ک کاری هه‌میشه‌یم له‌چاوپیاخشاندنم وخوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ بابه‌تی ماڵپه‌ڕی کوردستان پۆست ، بابه‌تێکی به‌ڕیز (قادر نادر) م به‌رچاوکه‌وت که‌ له‌ دووبه‌ش دا له‌ژێر ناونیشانی (کۆمۆنیسته‌کان و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی چیان بۆ کورد کردوه‌ ؟
له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌باشم زانی بۆ ده‌وله‌مه‌ندکردنی بابه‌ته‌که‌ و زیاتر قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌ گرنگ و مێژوویانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌وه‌ی ده‌یزانم به‌ ئه‌زموونی خۆم بیخه‌مه‌ سه‌رکاغه‌ز و ئه‌م (ئسلوبه‌ش) ببێته‌ هانده‌رێک بۆ ڕۆشنبیران ونووسه‌رانی کورد،
به‌ڕیز کاک (قادرنادر) له‌ بابه‌ته‌که‌ی دا هاتووه‌ له‌ به‌راوردکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی خێرای سه‌رپێێ بێ پشت به‌ستن به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی دوورو نزیکمان به‌ڕای به‌ڕیزیان به‌راوردێکی له‌ نێوان(مارکسییه‌که‌ی سه‌لام عه‌بدوڵڵا و نه‌ته‌وه‌ییبوونه‌که‌ی هاوڕێ باخه‌وان) کردوه‌ که‌ من پێم وایه‌ دادپه‌روه‌ری تیانه‌بوو چونکه‌ بابه‌ته‌که‌ی به‌رگری زیاتر پێوه‌ دیاره‌ وه‌ک له‌وه‌ی وێنه‌یه‌کی جوانی ڕاستیه‌کانی نیشانی خوێنه‌رانی کوردبدایه‌ له‌مێژووی هه‌ردوولایه‌ن ، پێم وایه‌ کاک قادر نادر له‌ دلسۆزیه‌وه‌ هه‌ر وه‌ک خۆی ده‌ڵێ و ئامۆژگاری ڕۆشنبیران وقه‌ڵه‌م به ‌ده‌ستانی کورد ده‌کات له‌ ڕاستگۆ ده‌ربڕین و دڵ گه‌وره‌ی ڕه‌خنه‌ قبوڵ کردن و به‌رچاو ڕوون کردنه‌وه‌ی خوێنه‌ری کورد که‌ ئه‌رکی هه‌موومان بێت ومنیش به‌ش به‌حاڵی خۆم هاوڕام له‌گه‌ڵ ئه‌و ووته‌ جوانانه‌ی، که ‌ده‌با هه‌موومان به‌ دووربین له‌ زمانی زبرو چه‌واشه‌کردن و جوانکاری کردنی ڕووخساره‌ ناشرینه‌کان ،ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ با وه‌ک مێژوویه‌کی پوخت بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆمان به‌جێ ی هێڵین ،دیاره‌ مێژووش ڕه‌حم به‌هیچ که‌س ولایه‌نێک ناکات له‌ ڕووی ڕاستی و ئاشکراکردنی نهێنیه‌کانی ئه‌مڕۆبێ یان سبه‌ی .
با بێمه‌وه‌ سه‌ر باسه‌که‌م که‌ به‌ڕیز قادر نادر و بابه‌ته‌که‌یه‌تی، من به‌ش به‌حاڵی خۆم ده‌ست خۆشی لێ ئه‌که‌م بۆ ووروژاندنی ئه‌م بابه‌ته‌، ده‌بوایه‌ زۆر زوو ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی کورد شه‌ن وکه‌وی ئه‌و بابه‌ته‌یان بکردایه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی نووسه‌ری کورد له‌م ڕۆژگاره‌ ئازاد و فراوانه‌ی نووسین وبڵاوکردنه‌وه‌دا تێوه‌ی گلاوه‌ دژایه‌تی کردن وسووک کردنی یه‌کترن وبه‌یه‌کدا هه‌ڵشاخان وزمان زبریه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ک که‌ هه‌موو جوانیه‌کان ڕووخساریان له‌ تاریکیدا به‌ره‌و خۆر ئاوابوون هه‌نگاوده‌نێن و کڕۆکی ڕاستیه‌کان بیرده‌به‌نه‌وه‌. به ‌دڵنیایشه‌وه‌ ئه‌م کارانه‌ش ده‌که‌ونه‌ خزمه‌تی دوژمنانی کورد و کوردستان وله‌ داهاتووش دا هه‌رکورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت .
ئاخۆ ده‌ڵێین باشه‌! کاکه‌ قادر نادر بۆ چاوه‌ڕوانی هه‌لی کردوه‌ تا له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بنووسێ ، که ‌له‌ سه‌ره‌تایی نووسینه‌که‌ی دا ئه‌و ڕاستیه‌ی درکاندوه‌ که‌ له‌ بۆسه‌دا بووه‌ بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ که‌سه‌ به‌ ناو نه‌ته‌وه‌یه‌(چوارپارچه‌) لیبڕالیانه‌ ، دوای دیداره‌که‌ی هاوڕێ باخه‌وان له‌ ڕۆژنامه‌ی(میدیا له ‌ژماره‌ 431) له‌سه‌ر حیزبی شیوعی و وه‌ڵامی سه‌لام عه‌بدوڵڵا بۆ هاوڕێ باخه‌وانی ئه‌وبابه‌ته‌ی قادر نادری لێ که‌وته‌وه‌.
که‌ هاوڕێ باخه‌وان له‌و نووسینه‌یدا له‌ڕۆژنامه‌ی میدیا وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی داوه‌ته‌وه‌ زۆر به‌ئاگایانه‌ و پشت به‌ستن به‌مێژووی ئه‌و حیزبه‌ و خه‌بات وتێکۆشانیان به‌رامبه‌ر دووهه‌ڵبژاردن و سه‌رئه‌نجامی شکستی بێ جه‌ماوه‌ری وته‌نازول کردن بۆ کورسیه‌ک ڕاستی درکاندوه‌ بۆ سه‌لام عه‌بدوڵڵا خۆی سه‌غڵه‌ت کردوه‌ به‌و ڕاده‌یه‌ که‌ هیچمان ئه‌وه‌مان لێ چاوه‌روان نه‌ده‌کرد به‌و شێوه‌ ئاست نزمیه‌ ووشه‌ ڕیز بکات دژی هاوڕێ باخه‌وانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ، ده‌بوو کاک سه‌لام عه‌بدوڵڵا پێشتر له‌ خۆیانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی بگرتایه‌ که‌ چه‌ند ناکۆکن به‌پێ ی ئه‌و هه‌موو نووسراوانه‌ی ماڵپه‌ڕه‌کان به‌ ئاشکرا که‌ ده‌بینرێن خۆ ئه‌وه‌ هاوڕێ باخه‌وانی نییه‌ ؟! خۆتان باش ئه‌زانن کێن وله‌خۆتانن ئه‌گه‌ر خۆتانی لێ گێل ناکه‌ن !
هه‌رهه‌مان زوڕناژه‌نه‌کانی زه‌مانی پێش قاسم و دوای قاسمن که‌ له‌به‌رده‌م ڕۆڵه‌ی کوردا کورد بوونیان کاڵ کرده‌وه‌ و پێیان شه‌رم بوو بڵێن کوردن و به‌ کوردیان ده‌ووت پیاوی ئیمپریالیزم و نۆکه‌رو ئه‌ڵقه‌له‌گوێ ،مێژوو هه‌مووئه‌و ڕاسیانه‌ی سه‌لماند کێ ڕاست بووکێش شکستی خوارد له‌به‌رامبه‌ر کورد بوون ونه‌ته‌وه‌یی بوون .
خۆ کاکه‌ قادر نادر یش به‌شێک له‌م ڕاستیانه‌ی ووروژاندوه‌ له‌ شکست و ناکۆکی نێوانیان و به‌رده‌وام بوونیان له‌سه‌رشکستی خۆیان وبه‌شداری کردنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ،به‌ڵام له‌ دواڕیزی ڕیزبه‌ندی ووشه‌کانی قادرنادر با ده‌داته‌وه‌ بۆ به‌رگری کردن و ده‌لێ ئه‌م حیزبه‌ پێش ڕاپه‌ڕین حیزبی شه‌هیدان وقاره‌مانی زیندان ولوتکه‌ی تێکۆشان بوو،دیاره‌ له‌ دوای ئه‌م مێژووه‌ وه‌ها نین به‌ووته‌کانی قادر نادر ،که‌ ئه‌مه‌ش ڕاستیه‌ که‌ بۆ سه‌لماندنی ووته‌کانی هاوڕێ باخه‌وانی که‌ سه‌لام عه‌بدوڵڵای توشی هستریاکردوه‌.
لێره‌دا ناکرێ بکه‌ومه‌ پێناسه‌کردنی نه‌ته‌وه ‌و ده‌وڵه‌ت چونکه‌ زۆری له‌سه‌ر وتراوه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم به‌بێ هیچ ئیستیفزازکردنی که‌س ولایه‌ن ،بوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک چه‌ق گرتنه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت بوون،ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد کوا خاکمان کوا ده‌وڵه‌تمان ،کوا ڕه‌نجی خه‌باتی چینایه‌تی و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یمان .
کاتێک بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ساڵی 1959 ویستی له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی کوردا وه‌ک کاژیک خۆی پێناسه ‌بکات بۆ نه‌مانی داگیرکاری و هۆشیارکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ‌دیلی و ڕزگاری ، ئه‌ی هاوڕێ کانی سه‌لام عه‌بدوڵڵا نه‌بوون ،کوردیان به‌قلیاسان ده‌شوبهان وبه‌سه‌ره‌تای ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ناسی و ڕۆڵه‌ی کوردیان له ‌کورد بوونی خۆیان کاڵ ده‌کرده‌وه‌ بۆ ئایدیه‌ک که‌ بێ خه‌به‌ربوو له‌ هاواری کرێکارانی سه‌رخاکێکی داگیرکراو که‌ له‌وکاته‌دا جه‌مسه‌رێکی به‌هێزی هه‌موو هاوکێشه‌کان بوو، بێ گوێدانه‌ ئه‌وخه‌بات و قوربانیه‌ی هاوڕێ کانی کاک سه‌لام وچه‌واشه‌کردنی کوردبۆ چه‌کوش وداس وماندوبوون لێنه‌ کردن له‌به‌رخاتری رژه‌وه‌ندی خۆی قومبه‌له‌ی ناپاڵمی ڕووسی به‌سه‌ر شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ری کوردستان وه‌ک شۆڕشی ئه‌یلول تاقی ده‌کرایه‌وه‌ و هه‌ژارانی کوردستانی له‌نێو ده‌برد،کوا ئه‌ودیکۆمێنته‌ فه‌رمیه‌ی که‌ ئه‌و تاوانه‌یان ڕه‌ت کرده‌وه‌ هاوڕیانی کاک سه‌لام بۆ وه‌ستان دژی بۆمباباران کردنی کوردستان وچیتر چه‌کی ڕووسی نه‌فرۆشڕێت به‌عێراقی دیکتاتۆروخوێن ڕێژ ، نه‌ته‌وه‌یه‌کان نه‌بوون به‌پشووی درێژوخۆڕاگری وخه‌باتی نهێنی دژ به‌داگیرکاری کوردستان بوون وبێ گوێدانه‌ حیزب و حیزبۆکێ بێ یه‌ک ودوو چونه‌ پاڵ شۆڕش تا ئه‌وکاته‌ی جاڕی نسکۆدرا ، ئه‌ی هاوڕێ کانی کاک سه‌لام نه‌بوون چونه‌ پاڵ عێڕاق و دواتر پاشگه‌زبوونه‌وه‌ وهاتنه‌وه‌ ژێر باڵی شۆڕش که‌ لایه‌نی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی واته‌ جه‌لالیه‌کان ئه‌م کاره‌یان پێ قبوڵ نه‌ده‌کرا به‌ڵام له‌ژێر سایه‌ی بارزانی نه‌مر توانرابیان پارێزن ،ئه‌ی کوا ئه‌و هۆشداریه‌ی که‌ درا به‌ عێراق یان ڕووسیا که ‌ئه‌وکاته‌ هاوڕێ کانی کاک سه‌لام له‌چیاکانی کوردستان بوون به‌ ناپاڵمی ڕووسی وجێ به‌جێ کاری عێراق هه‌ژاران و جوتیاران و کرێکارانی دێ کانی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید ده‌کرد.
هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌کان نه‌بوون چه‌ندین هۆشداری تۆکمه‌و به‌جێ یان گه‌یانده‌ سه‌رکردایه‌تی شۆڕش وبارزانی که‌ له‌ کۆکراوه‌ی په‌رتوکی(بارزانی وکاژیک) ده‌توانن تێ ی بڕوانن وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی زیندووی ئه‌وکاته‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌کان .
ئه‌و بێ پشتیوانی و نا هۆشیاریه‌ی کورد و هاوڕێ یانی کاک سه‌لام بوو چرای ڕووناکی نه‌ته‌وه‌یه‌کیان بێ ئومێد کرد له‌ ڕه‌نج وخه‌باتیان ،به‌ گاڵته‌پێ کردن به‌ کورد و نه‌ته‌وه‌یه‌کان که‌ ده‌یان ووت کورد نه‌ته‌وه‌یه‌ و کوردستان داگیرکراوه‌،ڕێکخراوێکیش هێشتا له‌ هه‌ره‌تی لاوی دابوو بۆ گه‌شه‌سه‌ندن ونه‌شونماکردن وپێگه‌دانان له‌ناوجه‌ماوه‌ری کورد (کاژیک) ،شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن هه‌ڵگیرساو نه‌ته‌وه‌یه‌کانیش نان خۆری سه‌رسفره‌ی هیچ داگیرکه‌رێکی کوردستان نه‌بوون و ئه‌ڵقه‌له‌گوێ ی هیچ ده‌وڵه‌تێکی زل هێزیش نه‌بوون ،بۆیه‌ هه‌ر زوو له‌ شانشی دوژمنانی کورد وکوردستان ئه‌وچرایه‌ له‌گه‌ڵ نسکۆی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن کزکرا،به‌ڵام ئاگری ئه‌وچرایه‌ جارێکی تر به‌شێوازێکی تروخه‌باتی ئاشکرا پاسۆک له‌ 11ی ئه‌یلول ساڵی 1975 جاڕی سه‌ربه‌خۆیی بوونی کورد و نه‌ته‌وه‌ی کوردیان به‌گوێ ی دوژمنانی کورد و کوردستاندا دا و دڵی دوژمنانی کورد و کوردستانیان ڕاچه‌ڵه‌کاند، دوژمنان هه‌ر زوو له‌ ڕێگای ئه‌ڵقه‌ له‌گوی کانی خۆیانه‌وه‌ که‌وتنه‌ دژیاتی کردنیان و ڕێ گرتن له‌ خه‌باتی چه‌کداریان، کاتێک چوونه‌ چیاکانی کوردستان به‌ هێزکه‌م وبه‌ هوره‌ وه‌ک پلنگ ئاسا ده‌جه‌نگان بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێ له‌ڕۆژان گه‌ردی ناپاکی وته‌سلیم بوونه‌وه‌ به‌ ڕژێم و سفره‌ی نان خۆری هیچ پایته‌ختێکی دوژمنانی کوردستان و دۆلاری ده‌وڵه‌تانی زلهێز قبوڵ بکه‌ن ،که‌ له‌و بارودۆخه‌دا که‌ ئابووری کوردستان له‌ چ بارودۆخێکدابوو عێراق ڕۆژ به ‌ڕۆژ خۆی پڕ له‌چه‌ک ده‌کرد و شه‌ڕی ماڵ وێرانی به‌رامبه‌ر کورد و دراوسێ کانی هه‌ڵگیرساندو ڕۆڵه‌ی کوردی ده‌کرده‌ سووته‌مه‌نی جه‌نگه‌که‌ی وخه‌ڵک وکوردی له‌ کارو کاسپی ده‌کرد، کاتێکیش نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ چیابوون وه‌ک پاسۆک ،خاڵی هه‌ره‌گرنگی نێوان عێراق ویه‌کێتی ومفاوه‌زاته‌که‌ی ساڵه‌کانی هه‌شته‌کان ئه‌وه‌بوو ده‌بێ پاسۆک نه‌مێنێ ، که‌ ئه‌وبڕیاره‌ی دوژمنانیش جێ به‌جێ کرا له‌لایه‌ن نۆکه‌رانی ئه‌وسای کورد ، هێرش کرایه‌ سه‌رباره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی وبنکه‌کانی نزیک شاری سلێمانی و زۆر دڕندانه‌ به‌ جه‌یش و جاش و نۆکه‌رانی کورده‌وه‌ هه‌موویان هه‌ڵبڕین بۆ دیوی چیاکانی نزیک ئێڕان ، پاش ئه‌م ڕووداوه‌ دڵته‌زێنانه‌ش ده‌توانن بۆ ڕاستی و درووستی ووته‌کانم سه‌یری ئه‌وبه‌ڵگه‌نامه‌ شه‌رمه‌زاریه‌ی تاڵه‌بانی بکه‌ن که‌ ناردویه‌تی بۆ سه‌رانی شۆفێنێ عه‌ره‌ب حسن نه‌قیب که‌تیدا چ دوژمنکاریه‌ک باس ده‌کات بۆ دوژمنانی کوردوکوردستان ده‌رباره‌ی پاسۆک وکاژیک وپارته‌کانی تر .
منیش لێره‌وه‌ به‌کاک قادر نادر وکاک سه‌لام ده‌ڵیم حیزبێک یان بیروباوه‌ڕێک له‌پێناوی نه‌مانی دیلێتی و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی ویه‌کسانی بۆ کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌وشێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن دوژمنان و شێره‌ به‌فرینه‌کانی نێوخۆ ڕاوه‌ دووناوبێ وله‌ نێو ببڕێ و بکوژرێ و ناوی بسڕێته‌وه‌ ،ده‌بێ ئه‌ندامه‌کانی چی بکه‌ن وله‌کوێ بن ؟!
کاک قادر نادر باس له‌ دروشمی جوان وباق وبریق ده‌کات له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ،ئه‌ی هه‌رئه‌و دروشمانه‌ نیه‌ که ‌هه‌ستی لای هه‌مووکوردێک دروست کردوه‌ به‌ هه‌ر هه‌ڵگری بیروبڕواێکه‌وه‌ بێ، بێ سێ و دوو ئاڵا جوان و پیرۆزه‌که‌ی کوردستان به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ له‌قوڵایه‌وه‌ کورد بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێ وبه‌ دوژمنانی کورد ده‌ڵێن سه‌رتان دای له‌به‌رد ئێمه‌ کوردین ونه‌ته‌وین وخاونی ئاڵای خۆمانین .ئه‌گه‌ر بیرتان نه‌چۆته‌وه‌ ڕیفراندۆمه‌که‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆی کوردستان شاهیده‌ له‌ ناوه‌ وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هه‌ڵگری چ ئاڵایه‌ک بوون ئاپۆرای جه‌ماوه‌ره‌کانی کوردستان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌،ئه‌ی بۆ باس له‌ دروشمی هاواری کرێکارانی جیهان یه‌کگرن بۆ ناکه‌ی بزانم خۆت له‌سویدی و ڕۆژێ له‌ ڕۆژان گوێ بیستی کرێکارانی سویدببوی هاتبێتنه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و له‌خه‌می کرێکارانی عێراق وکوردستان له‌بێ کاری ودابین کردنی ژین ،ئه‌وکرێکارانه‌ی که‌ کرێکاری کورد بۆیان ده‌گری ساڵه‌های ساڵه‌ که‌ هه‌موو ژیانی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی یاسا ڕێکخستوه‌ چ کاریان به‌ کرێکارانی جیهانه‌ ،ئه‌وه‌ ته‌نها دروشمی فریوده‌ره‌کانه‌ ،کرێکاری ئه‌وروپا هیچی له‌ ئاغاکانی کوردستان و فیرعه‌ونه‌کانی ئێستا که‌متر نیه‌ له‌جوانی پێستی ده‌ست و ده‌موچاویان که‌ بێ ئاره‌ق دانی ناوچه‌وان ڕۆژانه‌کانیان مسۆگه‌ره‌ و ئه‌وی تر حکومه‌ت بۆیان دابین ده‌کات .
له‌خاڵێکی تر دا کاک قادر نادر ده‌ڵێ کۆمۆنیست وئیسلامی وعێراقچیه‌کان به‌ به‌‌راورد به‌ خه‌ڵکه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان مه‌یدان تربوون ده‌پرسێ کوا هێزوتواناو ناڕه‌زایه‌تی و چالاکیه‌ مه‌یدانیان .
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م دێڕه‌ش هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه‌ باسم لێکرد هه‌ست کردن به‌ بیری پیرۆزی نه‌ته‌وه‌ی و سه‌رهه‌ڵدان و دامه‌زراندنی له‌نێو کاژیکدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان باوه‌ڕیان وابووه‌ که‌ حیزب وحیزبۆکه‌ بکه‌نه‌ قوربانی له‌پێناوی سه‌رخستنی شۆڕش دژ به‌داگیرکاری کوردستان و هه‌وڵیان نه‌داوه‌ بنه‌ دیکتاتۆر له‌نێو پارتێکداو جه‌ماوه‌ری کورد به‌عه‌بدی خۆیان بزانن وته‌نها هه‌وڵیان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ کوردستان سه‌ربکه‌وێ وکێ ئه‌وده‌سکه‌وته‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێ ئه‌مان سه‌ربازی بوون و شه‌هیدیان له‌پێناوی داناوه‌ بۆیه‌ ناکرێ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان وه‌کو یه‌هودیه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دنیا بناسرێنه‌وه‌ ئاڕمی یه‌هودیه‌کان له‌قۆڵیان بنێن .
هه‌روه‌ک ووتم ئه‌وه‌ به‌سه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که‌ کوردیان فێری ئه‌وه‌کرد له‌به‌رامبه‌ر دوژمن خۆ به‌که‌م نه‌زانن به‌ ئاڵای پیرۆزی کوردستان به‌رامبه‌ریان بوه‌ستن ،بیرت نایه‌ت ئه‌وپاسۆکه‌ی که‌ نۆکه‌رانی کورد وه‌ک ئه‌تواری هه‌میشه‌ییان که‌ خستبویانه‌ پاڵ پێشمه‌رگه‌کانی پاسۆک که‌ گوایه‌ به‌ مه‌نجه‌ڵێک یاپراخ تێر ئه‌خۆن، ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا گه‌وره‌ترین وه‌سفه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که‌ بێ باک له‌ ماڵی دنیاو پله‌وپایه‌ و دالده‌دانی جاش وخۆفرۆش وسیخوڕوفایلدار له‌خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌ بێ منه‌ت له‌دوژمنانی کوردوکوردستان ده‌جه‌نگان وخه‌ڵکانێکیش خه‌ریکی ڕاوڕووت بوون و کوردستانیان به‌ سه‌وزی ئاودیوی ئێران کرد ته‌نانه‌ت وورده‌ نانه‌کانیش ، هه‌رپاسۆک و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بوون له‌ دوای ڕاپه‌ڕین له‌سه‌ر چیای ئه‌زمڕ و باره‌گاکه‌یان له‌ قه‌ڵاچوالان ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هه‌ڵکرد ، دوای ئه‌وه‌ بوو به‌ چ هه‌ڵایه‌ک ته‌نانه‌ت له‌ڕادیۆکانی دنیاشه‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بی شۆفێنی و تورک وفارس وه‌ گوێ بیستی ئه‌وه‌ بووین کورد ده‌یه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بێ ،هه‌ر زوو به‌ هه‌زار و یه‌ک درۆ وه‌ڵام درایه‌وه‌ له‌لایه‌ن نۆکه‌رانی کورد که‌ ئه‌و کاره‌ نه‌کراوه‌ و چه‌ند که‌سێک بوون وچیتر .
بۆ مه‌یدانی بوونیش نازانم قادر نادر باس له‌چه‌ند ژماره‌یه‌کی خۆپیشاندان ده‌کات که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانی تیا نه‌بینیوه‌، ناشێ کاک قادر چالاکی ڕێکخراوی چاک ببه‌ستێته‌وه‌ به ‌ئایدیه‌کی جیاواز له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و باسی ده‌که‌ت چالاکی ڕێکخراوی چاکه‌ که‌ هه‌ستاون به‌ سازدانی ئه‌وکارانه‌ که‌ له‌لای هه‌موومان به‌هه‌ڵوێستی به‌رزوشۆڕشگێڕانه‌ بۆیان ده‌نرخێنین وله‌به‌ر چاون ،به‌ڵام بیرت نه‌چی ئه‌وانه‌ی له‌وچالاکیانه‌دا هه‌ڵگری ئاڵای پیرۆزی کوردستانن ئه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانن هه‌روه‌کو ووتم ناکرێ له‌سه‌رقۆڵیان بنووسن ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانین جیاواز له ئێوه‌.
بۆمه‌سه‌له‌ی ئیفلاسی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی وبه‌شداری کورد له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق خۆتان باش ده‌زانن که‌ کێ به‌رپرسه‌ له‌ وکاره‌ له‌ 18 ساڵی ڕابردوودا که‌ خۆتان ڕۆژانه‌ کاری له‌سه‌رئه‌که‌ن له‌ڕێکخراوی چاک ،ئه‌ویش شێره‌ به‌فرینه‌کانی به‌ ناو سه‌رکردایه‌تی کوردن که‌ کوردبوونیان کاڵ کرده‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ چه‌مینه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌ست و قاچی سه‌رۆکی پایته‌خته‌کانی داگیرکاری کوردستان و شیوه‌ن و شه‌پۆڕ له‌سه‌ر گۆڕی مردوه‌کانیان و گۆڕینه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ به‌ دۆلارو بله‌و پایه‌ی کورسی ، ئه‌وهه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ ئه‌وان کوشتیان ، ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی نه‌بووین ،بۆ ناڕه‌زایی وخۆپیشاندان وهاتنه‌ سه‌رشه‌قام ئه‌وه‌نده‌ به‌س نیه‌ که‌ ڕۆژانه‌ گوێ بیستی ده‌بێ وده‌ی خوێنیته‌وه‌ له‌و هه‌موو گۆڤارو ڕۆژنامه‌و ماڵپپه‌ڕه‌ کوردیانه‌ چی به‌ گه‌نده‌ڵ و سیخوڕو فایلدار ده‌کرێ ،مێش میوانیان نیه‌ و زیاتر خۆیان قایم ده‌که‌ن ،کێ له‌ جاشێتی و سیخوڕی وفایلداری شه‌رمی کردوه‌ و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتبێ ،مێژوو بیرچۆته‌وه‌ ،کێ مێژوو سه‌یر ده‌کات ،کێ مێژووبه‌پیوانه‌ کرد بۆ هه‌ڵبژاردنی بیروباوه‌ڕی ، ئه‌وه‌ی دوێنێ چاشێتی کرده‌ ئسلوب ئه‌مڕۆ ئاغایه‌ یان فیرعه‌ونه‌ ،ئه‌وه‌ی دوێنێش شۆڕشگێڕو نه‌ته‌وه‌ی و دڵسۆز و نیشتمان په‌روه‌ر بوو به‌ کوردستان ئێستا گۆشه‌گیری تاراوگه‌یه‌ ...
ده‌زانی که‌سانی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ند پرۆژه‌ و یاساو ڕێنمای و یاداشتیان پێشکه‌ش به‌سه‌رکردایه‌تی کورد کردوه‌ کوا وه‌ڵامه‌کانی له‌كی پپرسن کوا .کوا..کوا...!
یه‌كی له‌وانه‌ پرۆژه‌که‌ی پارێزه‌ر و نووسه‌ری نه‌ته‌وه‌یی کاک (کامیل ژیر) بوو بۆ سه‌رکردایه‌تی باشووری کوردستان له‌ ژێر نانێشانی(پڕۆژه‌یه‌ک بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌بێ خوێن) کێ هات شه‌ن وکه‌وی ئه‌و بابه‌ته‌ی کرد یان له‌و په‌رله‌مانه‌ی کاک سه‌لام ئاواتی پێ ده‌خوازێ له‌ڕوانگه‌ی یه‌ک کورسیه‌وه‌ بۆ هاوڕێ کانی ده‌نگی کرێکارانی کورد بگه‌یه‌نێ به‌جیهان .
ده‌نگ دانی نه‌ته‌وه‌یه‌کانیش بۆ بارزانی وپارتی دیاره‌ هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کان وایه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ کێ دژی داگیرکاری کوردستان هه‌ڵوێستی هه‌بێ خۆیان به‌ سه‌ربازی زانیوه‌ که‌ چه‌ند جارێ بارزانی له‌به‌رامبه‌ر تورکه‌کان ووتویه‌تی که‌رکوک شارێکی کوردستانیه‌و له‌ پاشه‌ڕۆژدا ئاواتی ده‌وڵه‌تی کوردیمان هه‌یه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش به‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵکان و سه‌رکرده‌ی تری کوری که‌ ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ خه‌ونی شاعیر ده‌زانێ و فیدڕاڵی به‌ دێلێتی بۆ کوردو نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به‌نۆکه‌ری عێراق چێتی بزانێ به‌راورد ده‌که‌ن .
له‌کۆتایدا هیوادارم ووشه‌کانم یه‌که‌ به‌ یه‌که‌ به‌ هیچ ئیستیفزازێک وه‌رنه‌گیرێ بۆ هیچ که‌س ولایه‌نێک ،ته‌نها وه‌ڵامێکی کورت بوو بۆ هستریاکه‌ی سه‌ڵام عه‌بدوڵڵاو لاسه‌نگیه‌که‌ی به‌راوردکردنه‌که‌ی قادر نادر ،
خه‌باتی هه‌موو تێکۆشه‌ران به ‌تایبه‌تی خوێنی شه‌هیدان به‌ هه‌ر بیروباوه‌ڕێکه‌وه‌ بێ له‌سه‌روهه‌مووستێکه‌وه‌ ده‌بینم،به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی کوردبوون و بۆ کوردستان خه‌باتیان کردوه‌ وه‌ یان شه‌هیدبوون .
ئه‌وه‌ی من ووتومه‌ به‌شێکه‌ له‌مێژووی ڕابردوومان به‌ زمانێکی ساده‌ نه‌ک وه‌ک مێژوونووس ،ئه‌گه‌ر بێت وباس له‌ مێژووش بکه‌ین ده‌بێ هه‌مووشتێک بڵێن ناکرێ وه‌ک قادر نادر ده‌ڵێ ده‌بێ چاوپۆشی له‌ براده‌رایه‌تی وناسین بکه‌ین و ڕاستگۆبین له‌ ده‌ربڕینی قه‌ڵه‌مه‌کانمان ..
له‌کۆتایدا ده‌ڵێم هه‌ر کاروانێ بۆ پرشنگی خۆر بڕوانێ که‌م بن یان زۆر ده‌گه‌نه‌ خۆر ،که‌ ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیی کورد و دروست بوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە