کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عه‌لی فرمێسکی به ‌هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان ڕشت بۆبێ که‌سیان ، ئه‌ی کێ فرمێسک به‌ پارته‌ کوردیه‌کان ده‌ڕێژێ بۆ تاوانه‌کانیان !!!!

Friday, 11/12/2009, 12:00


هۆڵه‌ندا

له‌کاتێکدا که ‌هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی گازی ژه‌هراوی لێ درا،له‌ شانس وبه‌دبه‌ختی نه‌ته‌وه‌ی کورد ، دیموکراتی هێشتا له‌ هه‌ره‌تی هه‌رزه‌کاریدا بوو،بێ هیچ گوێ دانه ‌مافێکی مرۆڤایه‌تی وبڕیاره‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ،به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی پارچه‌یه‌کیان له‌جه‌سته‌ی شه‌که‌ت وماندووبووی کوردستانیان سووتماک ده‌کرد و ده‌کوشت ،له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنی بێ ده‌نگی دنیاوبێ هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت که‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختمان به‌عس بیان داتێ که‌ ئه‌ویش له‌خاکی دزراوی کوردستان وزێڕی ڕه‌شه‌وه‌ (که‌رکوک) هه‌ڵ ئه‌هێنجرا به‌تاڵان وده‌درایه‌وه‌ به‌ چه‌ک وجبه‌خانه‌و له‌سه‌ری مرۆڤی کورد تاقی ده‌کرایه‌وه‌، خۆشمان بۆخۆمان له‌م کات وساته‌دا نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتوو نه‌بووین له‌ هه‌ڵوێست و بیروباوه‌ڕمان و ئاراسته‌کردنی شۆڕشێکی نه‌ته‌وه‌ی به‌گۆشکردنی ڕێبازوبیروباوه‌ڕی کوردایه‌تی ،به‌داخه‌وه ‌ئه‌ڵێم ئه‌وه‌شی که‌ هه‌بوو وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک له‌لایه‌ن (کاژیک) و چه‌ندکه‌س وگروپێکی شۆڕشگێڕو نیشتیمان په‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی سه‌ری هه‌ڵداو هه‌ر زوو چرای ڕووناکی بیری کوردایه‌تی و سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان خامۆش بوو به‌ ئاوێته‌بوون وبه‌شداربوونیان له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن که‌ شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ری کوردستان بوو وه‌ک پیاده‌کردنی رێبازی کوردایه‌تی و دواتر له‌ دوای نسکۆی ئه‌وشۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌،جارێکی تر ئه‌وکه‌سه‌ نه‌ته‌وه‌یانه ‌له‌ پارتێکدا به‌ ناوی (پاسۆک) خۆیان بینیه‌وه‌ و دواتر ئه‌وپشکۆیه‌ش به‌پیلانی به‌ناوی یه‌کگرتن به‌یه‌کجاره‌کی توانده‌وه‌،هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ کامڵ نه‌بوونی هۆشیاری وگۆشکردنی بیری نه‌ته‌وه‌یمان
که‌ له ‌ئاکامدا نه‌توانرا به‌ر به‌ لافاوهێڕشی هاتنی ئایدیای جیاواز و زاڵ کردنی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد و په‌یڕه‌و کردنی بیروڕای خه‌ڵكانێک که‌ بوونی ئێمه‌یان نه‌ده‌زانی که‌خوێن له‌هه‌مووجه‌سته‌مان ده‌چۆڕا له‌سه‌رنه‌خشه‌ دروست کراوه‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌یه‌وه‌ ، له‌بری سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب وخوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی نموونه‌ی پاڵتۆکه‌ی ستالین وگۆچانه‌که‌ی لینین یان وه‌ک وانه‌ به‌ نه‌وه‌یه‌کی کوێر ده‌ووته‌وه‌ له‌بری مۆدێربوونی کوردو فیرگه‌ی خۆله‌بیرچوونه‌وه‌.
ڕه‌فتاری بیروباوه‌ڕی جیاوازوپه‌یڕه‌وکردنی ئایدیای خه‌ڵکانی تروئاوێته‌بوونی له‌ نێو په‌یڕه‌وپڕۆگرامی پارته‌ کوردیه‌کان وه‌ک سیسته‌می کارکردنیان وڕه‌نگ دانه‌وه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد،زۆر کاره‌ساتی نێوخۆی لێ که‌وته‌وه‌ له‌ شه‌ڕی کوردکوشتن به‌ ده‌ستی کورد به‌ کورد وله‌یه‌ک ترازاندنمان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتوو شۆڕشێکی نا ئاراسته‌کراوی نه‌ته‌وه‌یی .
کاتێکیش دوژمن ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ بکاته‌ تاقیگه‌یه‌کی چه‌که‌ کۆکوژیه‌کانی ونه‌یاره‌کانی پێ له‌نێوببات له‌پێش ئێران کورد، ئا له‌م کات وساته‌دا که‌ رژێم سه‌رگه‌رمی پیلان دانان بوو بۆ هێنانه‌وه‌ی ووره‌ی سه‌ربازه‌کانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وشکسته‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌به‌سه‌ری هات له‌به‌رامبه‌ر داگیرکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وله‌شکری پێشمه‌رگه‌ کانی کوردستان ، سه‌رکردایه‌تی کورد له‌م هه‌نگاوه‌ی تێ گه‌یشتبوو که‌ هاوشانی سوپای پاسداران نابوویان به‌ داگیرکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ ده‌بێ باجێکی گه‌وره‌ له‌ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ن ، ده‌نا رژێمی به‌عس هه‌روا به ‌سانای نایه‌ڵێ ڕزگاریان بێت له‌ڕشتنی قینی خۆی به‌سه‌ر کورد له‌به‌رامبه‌ر شکستیه‌که‌ی، ‌ئه‌م کرداره‌ی کورد هه‌مان هه‌ڵه‌ی پێشووتریانه‌ که سوپای پاسدارانیان برد بۆ لێدانی بیره‌ نه‌وته‌کانی که‌رکوک و رووخانی دنیایه‌ک دێی کوردستان و ئه‌نفالی به‌دواوه‌هات ، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی هه‌موو زانیاریه‌کان و ڕه‌فتاره‌کانی تری ڕژێم به‌رامبه‌ر کورد، ماوه‌مابوو خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ پێش ڕوودانی کاره‌ساتی ژه‌هربارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوو له‌ شاره‌کان وسنووره‌کانی ئێران بکه‌ن، به‌ڵام مه‌خابن ڕیگایان نه‌دان که ‌خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌یان وویست شاره‌که‌یان بۆبه‌جێ بهێڵن و بڕۆن هه‌تا ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ی لێ که‌وته‌وه‌ له‌ زه‌ره‌رو زیانی گه‌وره‌ی قوربانیانی هه‌له‌بجه‌یه‌کان وئه‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌ش دیاره‌ده‌که‌وێته‌ئه‌ستۆی کێ . باشه‌ پێش ڕوودانی کاره‌ساته‌که‌ وێنه‌ی هه‌موو قوربانیه‌کانیان له‌به‌رچاوبوو ،بۆ هێشتیان ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ بدرێ !!!!!!!
له‌پێناوی ناساندنی خۆیان بوو وه‌ک سه‌رکردایه‌تی کورد یان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست وزوڵم لێ کراو که‌ هه‌موو دنیای ڕاچه‌ڵه‌کاند ، ئا له‌م کات وساته‌دا هیچ که‌سێک نه‌بوو له‌ به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی خۆی دڵی رژێمێک زویربکات بۆ میلله‌تێکی پڕله‌هه‌ڵه‌و کاره‌سات وبێ که‌س وئه‌م تاوانه‌ مایه‌وه‌ هه‌تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 و جولاندنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی زلهێزه‌کانی جیهان له‌به‌رامبه‌ر عێراق وبیانووبۆی هه‌ڵه‌بجه‌ یان ‌هینایه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆکانیان وه‌ک کارتێکی سوور نیشانی نه‌یاره‌که‌یان ئه‌داو هه‌ڵه‌بجه‌یان کرده‌ هێمایه‌ک بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست وزوڵم لێ کراو له‌ جوارچێوه‌ی لکاندنی کوردستان جارێکی تر به‌عێراقه‌وه‌ که‌ویستی ئه‌وان بوو کورد په‌یره‌وی کرد له‌بری بریاردانی جیابوونه‌وه‌و سه‌به‌خۆبوون .
له‌دوای ئه‌م کاره‌ساته‌ش هیچ به‌دواداچونمان نه‌بووله‌تێ گه‌یشتنی نهێنیه‌کانی ته‌نها به‌عسمان وه‌ک دوژمنی سه‌ره‌کی کارئه‌کته‌ره‌کان ده‌بینیو هیچی تر.
بۆڕای گشتی وڕاکێشانی دۆست به‌لای کێشه‌کانمان له‌سه‌رخاکی نیشتیمان وئازادی به‌شێکی باشووری کوردستان سه‌رکردایه‌تی بیری له‌ دروست کردنی مۆنۆمێنتێک کرد و به ‌ئه‌نجامی گه‌یاندو دواتر له‌ تووڕه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و بێ نازی وبێ که‌سی خۆیان هه‌ستان به‌کۆمه‌ڵ به‌ ده‌ستی خۆیان ئه‌م مه‌نزڵگایه‌یان سووتاند که‌ وه‌ک ده‌خیله‌ی سواڵ وساقه‌ی پارته‌ کوردیه‌کان تێیان ده‌ڕوانی ،له‌ دوای گرتنی سه‌رۆکی دیکتاتوری عێڕاق سه‌دام و ڕووخانی ڕژێمی به‌عس ، ئاهێک به‌ دڵ و ده‌رووونی کوردا هات وهه‌ندێ سه‌رکرده‌ی لایه‌نه ‌پارته‌ کوردیه‌کان که‌وتنه‌ موزایده‌ کردن و به‌ڵین دان به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و بردنی عه‌لی حه‌سه‌ن مجید کیمیاوی بۆ هه‌له‌بجه‌و دادگایی کردنی له‌وێ وله‌سێداره‌دانی ،هه‌موو ووته‌کانیان بڵقی سه‌ر ئاو بوون،له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی عێراق وجێگری حکومه‌تی عێراق وهه‌ندێ په‌رله‌منتاری کورد وه‌زیری کوردی له‌ پۆستی عێراق نه‌یان توانی ئه‌وبه‌ڵێن وپه‌یمانانه‌ جێ به‌جێ بکه‌ن،که‌چی به‌به‌رچاویانه‌وه‌ پارتی شیعه‌ کان بێ ئه‌وه‌ی حساب بۆ هیچ که‌س ولایه‌ن و زلهێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی عێراق بکه‌ن سه‌دامیان به‌ده‌ستی خۆیان له‌ڕۆژی جه‌ژندا له‌سێداره‌یان دا .هه‌ڵه‌بجه‌ ش هه‌ربه‌وێرانه‌و ده‌ست له‌مڵانیه‌ی خه‌مه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان ڕۆژ به‌ سه‌ر ده‌به‌ن وخه‌وله‌چاوه‌کانیان ده‌نێن وله‌سه‌روو ئه‌وهه‌موو برینه‌ قوڵ وبێ تیمارانه‌ جارێکی تر له‌ دوای ڕاپه‌ڕین هه‌رخه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌بوو جارێکی تر باوه‌شی گه‌رمی بۆ پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان کرده‌وه‌ وچه‌کی ئه‌و لایه‌نانه‌یان له‌ شان کرده‌وه‌ که‌ دوای کاره‌ساته‌که‌ ده‌ست وپه‌نجه‌ی خوێناوی که‌س وکاریان بڕینه‌وه‌ بۆ خشڵ و زێڕ و زیڕوپاره‌ ئائه‌مه‌یه‌ نه‌گبه‌تی کورد دوژمن ئاوات لێ بکات وخۆفرۆشانی کوردیش به‌و ده‌رده‌وبه‌رێ.
کاتێکیش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری هه‌لدا له‌ نێو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان وبوونه‌ خاوه‌نی ده‌نگێکی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵک ومتمانه‌ پێ دان پێ یان له‌25 /7 ی 2009 وسه‌رخستنی په‌یامه‌کانی گۆران وبردنه‌وه‌ی به‌شێک له‌ هه‌لبژاردنه‌کان و لێ که‌وتنه‌وه‌ی مل ملانیه‌ی سیاسی له‌ نێوان هه‌ردوو سه‌رکردایه‌تی سیاسی به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو سکرتێری گشتی گۆڕان ویه‌کێتی و به‌تایبه‌تی دوای به‌ستنی پلنیۆم هه‌ندێ زانیاری ڕوون و ئاشکرا به‌ ڕووی میدیای ئازادا دراو مشتومڕێکی گه‌وره‌ی لێ که‌وته‌وه‌ له‌ ئاشکراکردنی نهێنیه‌کانی له‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌کانی سه‌رکردایه‌تی کورد که‌ خۆی به‌شێک بووه‌ له‌ کار ئاسانی به‌ کوشت دانی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌،له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ماڵ وێرانه‌ی هه‌له‌بجه‌یه‌کان هه‌رله‌ڕیگای سه‌رکردایه‌کی خۆمانه‌وه به‌ ڕێکه‌وت‌‌ گه‌وره‌ترین تاوانباری به‌ ئه‌نجام گه‌یه‌نه‌ری کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ عمید (تارق ڕه‌مه‌زان ئه‌ڵعه‌زاوی) گیرابوو له‌ زیندانی ئاسایشی سلێمانی به‌بیانوویه‌ک وبڕیاری سکرتێری لایه‌نێکی کوردی ڕزگاریان کرد و ‌وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی زیندوو هه‌له‌بجه‌یه‌کان هیچیان پێ نه‌ما بۆ داکۆکی کردن له‌خۆیان و قوربانیه‌کانیان له‌ دادگایه‌کانی سه‌رانی ڕژێم .
گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌لی یان زمناکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆسه‌رخاکی زێدی باوباپیری وباوه‌ش کردن به‌ دایکه‌ جگه‌ر سووتاوه‌که‌ی وله‌باوه‌ش گرتنی که‌س وکارو دۆسته‌کانی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی سووتماک و وێرانه‌ له‌ دوای 21 ساڵ دابڕان وگه‌ڕانه‌وه‌ی ونمایش کردنی هه‌واڵ وزانیاری وێنه‌ بینراوه‌کانی له ‌که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ کوردیه‌کان وعه‌لی وشادبوونه‌وه‌ی به ‌دایکی وهه‌ڵه‌بجه‌ له‌ڕیگای ئه‌وپشکنینه‌ی (دی ئێن ئه‌ی) که‌ بۆ عه‌لی و هه‌ندێ له‌وخێزانانه‌ی که‌ به‌ وویستی خۆیان که‌ وویستیان بزانن زمناکۆ هی کامیانه‌ .... ده‌رکه‌وت کوڕه‌ کورده‌ و کوڕی دایکه‌ فاتیمه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌.
چیرۆکی عه‌لی له‌و ده‌مه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات که‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ له‌ ساڵی 1988 کیمیاباران ده‌کرێت و پێنچ هه‌زار هاوڵاتی سیڤیل ده‌بنه‌ قوربانی وبه‌ هه‌زاران خه‌ڵک بریندار و به‌سه‌دان خێزان منداڵیان دیارنامێنێ وئه‌و4 مانگ بووه‌ ده‌ست سوپای ئێران که‌وتووه‌ که‌ دوای 3 ڕۆژ به‌سه‌ر کاره‌ساته‌که‌دا پاسداره‌کان گوێیان له‌ سه‌دای گریانی ساوایه‌ک ده‌بێت وده‌یبه‌نه‌وه‌ بۆ تاران وله‌وێش خانمێکی فارس ده‌یکاته‌ کوری خۆی و ناوی ده‌نێن عه‌لی ....
هه‌رکوردێک که‌ له‌کوردستاندا ژیابێ له‌قوڵاییه‌وه‌ هه‌ست ده‌کات که ‌ئێمه‌ی کورد چه‌نده ‌زوڵم لێ کراوبووین چه‌نده‌ بێ به‌ش بووین له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی ومرۆڤایه‌تیه‌کانمان، زوڵم وزۆری دوژمنانمان کاری تێکده‌رانه‌یان
دژ به‌م ووڵاته‌ ڕه‌نگینه‌مان کاره‌ساتێک بووه‌ که‌ له‌که‌سایه‌تی هه‌رکوردێک دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش
ئه‌و کوردانه‌ی که‌ باوک و براو کوڕو خۆشه‌ویستیان له‌ ده‌ست داوه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌م زوڵم و زۆره‌ی دوژمنان وبه‌ده‌ستهێنانی ئازادی بۆگه‌له‌که‌مان، بێ به‌ش بوون له‌سۆزی باوک ودایک شتێکه‌ زۆرکه‌سان بیستویانه‌و زۆریش لێی تێ ده‌گه‌ن به‌ڵام که‌س ناتوانێ له‌ قوڵاییه‌وه‌ ئه‌م بێ به‌ش بوونه‌ له‌م سۆزه‌ هه‌ست
پێ بکات هێنده‌ی ئه‌وکه‌سه‌ی که‌ به ڕاستی لێ ی بێ به‌ش بووه‌ ئه‌وه‌ هه‌ستێکه‌ ئاواته‌ خوازم که‌ خوای گه‌وره‌ له‌ ده‌روونی مناڵانی ئه‌م ووڵاته‌ ڕه‌نگینه‌ی دووربخاته‌وه‌.
به‌ دڕیژای شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن وگوڵان وشۆڕشی نوێ هه‌زاران چیرۆکی بێ یاداشت کراو ده‌بینیته‌وه‌ که‌هه‌ریه‌که‌یان پریاسکه‌یه‌ک خه‌میان له‌کۆڵه‌ ئه‌گه‌ربێت وهه‌رسینارێۆ نووسێک یان ده‌رهێنه‌رێکی فیلم سازبهێنی ده‌یان زنجیره‌ و فیلمی سینه‌مای لێ هه‌ڵ ئه‌هێنجێ که‌ زۆربه‌ی زۆریان هه‌ر له‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ڵاتی کوردی دان و وون نین له‌به‌رچاو له‌ڕۆڵه‌ی به‌جێ ماوی شه‌هیده‌کان که‌له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆی کوردستان له‌سۆزی دایک وباوک وخۆشه‌ویستانیان دابڕوان ،به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی کورد له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌ڵات و پاره‌ له‌ ئاستیاندا چاوی کوێره‌ و نایان بینن، به‌ڵام که‌به‌رژه‌وه‌ندیان ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ بێ چه‌ن وچوون هاواری شه‌هیده‌کانیان ده‌که‌ن به‌فریان که‌وێ ،خوانه‌کرده‌ له‌ده‌ستیشیان نه‌هات له‌ دوای کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواداچوونیان ببێ بۆگه‌ڕان به‌ دوای بزربووه‌کانی که‌به‌شێکی زیندوون له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی زوڵم لێ کراوبنده‌ست و داگیرکراو و پارچه‌ پارچه‌کراو بینینی عه‌لی وبیره‌وه‌ریه‌کانی به‌‌ڵگه‌یه‌کی زیندووی ئه‌و له‌یه‌ک دابڕانه‌یی مناڵانی کورده ‌له‌ دایک وباوک وکه‌سه‌ خۆشه‌ویسته‌کانی خۆیان، ده‌با ده‌سته‌ڵاتی کوردیش گوێ یان پێ نه‌دات هه‌رڕۆژێک ده‌بێ له‌ویژدانی خۆیاندا دڵۆپیک ئه‌شک بڕێژن بۆ بێ وه‌فای وبێ هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌رمناڵانی هه‌موو شه‌هیدان و له‌یه‌ک دابڕاوه‌کان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە