کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راپۆرتى "شانه‌ى تاوتوێكردنى قه‌يران" له ‌باره‌ى كۆتاييهاتنى ماوه‌ى درێژكردنه‌وه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم

Monday, 16/03/2015, 12:00



"شانه‌ى تاوتوێكردنى قه‌يران" له‌سه‌نته‌رى لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجيى كوردستان به‌سه‌رۆكايه‌تى به‌رێز فه‌ريد ئه‌سه‌سه‌رد و ئه‌ندامه‌تى هه‌ر يه‌ك له‌به‌رپرسى به‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ له ‌ئه‌كاديمياى هۆشيارىی و پێگه‌ياندنى كاديران به‌رێز نه‌جمه‌دين فه‌قێ عه‌بدوڵلاو پارێزه‌ر چێنه‌ر عه‌لى جۆڵا پێكهێنرا، ئه‌ويش به‌مه‌به‌ستى شيكردنه‌وه‌ى هه‌موو لايه‌نه‌كانى مه‌سه‌له‌ى كۆتاييهاتنى ماوه‌ى درێژكردنه‌وه‌ له‌19ى ئابى داهاتوودا، كه‌پێشتر به‌سه‌رۆكى هه‌رێم به‌خشرابو، هه‌روه‌ها په‌يوه‌ندى ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ به‌كێشه‌كانى هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستورو ياساى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێمو ده‌سه‌ڵاته‌كانىو سيستمى په‌رله‌مانىو ئه‌گه‌ره‌ چاوەڕوانكراوه‌كانه‌وه‌. شانه‌كه‌ ده‌كۆشێت ديدێكى گشتى له‌باره‌ى ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكات، هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌دات خوێندنه‌وه‌ بۆ ئاسۆكانى داهاتوو بكات له‌رێگه‌ى روونكردنه‌وه‌ى وێنايه‌كى ئاينده‌يى له‌هه‌موو روويه‌كه‌وه‌.

ده‌روازه‌يه‌كى گشتى:
ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ 19ى ئابى 2015 دا كۆتايى دێتو ياسا كارپێكراوه‌كانى هه‌رێميش رێگا ناده‌ن بۆ جارى سێيه‌م هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌. به‌رێز مه‌سعود بارزانى له‌ساڵى (2005)وه‌ سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم ده‌كا، بۆ يه‌كه‌مجاريش له‌ساڵى 2005 له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌. له‌ساڵى 2009دا له‌رێگاى هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆوه‌ بۆ ويلايه‌تى دووه‌م هه‌ڵبژێردرايه‌وه‌ و رێژه‌ى 69%ى ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ستهێنا. له‌ساڵى 2013دا و پێش ته‌واو بوونى ماوه‌ى ويلايه‌تى دووه‌م، به‌هۆى پێكنه‌هاتنى هه‌ر دوو حيزبه‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى راپرسى له‌باره‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستوره‌وه‌، يه‌كێتى نيشتمانيى كوردستان رازيبوو به‌درێژكردنه‌وه‌ى ويلايه‌ته‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ دووساڵ به‌رامبه‌ر رازيبوونى پارتى ديموكراتى كوردستان به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ى چه‌ند مادده‌يه‌كى پرۆژه‌ى ده‌ستوره‌كه‌. به‌هۆى ئه‌مه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى له‌ساڵى 2013دا ئه‌نجام نه‌درا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ماوه‌يه‌ى له‌و درێژكردنه‌وه‌يه‌ كه‌ماوه‌ته‌وه‌ نزيكه‌ى پاش كه‌متر له‌شه‌ش مانگى تر كۆتايى پێدێت، به‌ڵام هيچ هه‌مواركردنه‌وه‌يه‌ك له‌پرۆژه‌ى ده‌ستوردا نه‌كراوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌وه‌ مايه‌ى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ئه‌و بارگرژييه‌ى كه‌ له‌2013دا پێش رێككه‌وتنى درێژكردنه‌وه‌كه‌ باڵى به‌سه‌ر هه‌رێمدا كێشابوو.
له‌رووى ياساييه‌وه‌، ئه‌و دۆخه‌ى په‌يوه‌سته‌ به‌و بابه‌تانه‌وه‌ پشت ئه‌ستوره‌ به‌و دۆكيومێنته‌ ياساييانه‌ى په‌يوه‌ندييان به‌ماوه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكايه‌تىو چۆنێتى هه‌ڵبژاردنو دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌يه‌. له‌و باره‌يه‌وه‌ له‌مادده‌ى سێيه‌مى ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005دا كه‌به‌ياساى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم ناسراوه‌، هاتووه‌ كه‌: "ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم چوار ساڵ ده‌بێو ده‌شێ بۆ ويلايه‌تى دووه‌م هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌". هه‌ردوو ويلايه‌تى پێشوو و ماوه‌ى درێژكردنه‌وه‌كه‌ش، پشت ئه‌ستورن به‌چه‌ند ده‌قێكى ياسايى روون، ئه‌ويش به‌م شێوه‌يه‌ى خواره‌وه‌يه‌:
1- له‌ساڵى 2005 دا سه‌رۆكى هه‌رێم له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌پێى مادده‌ى 17ى ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005 هه‌ڵبژێردرا. به‌پێى ئه‌و مادده‌يه‌: "سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لايه‌ن ئه‌نجومه‌نى نيشتمانيى كوردستانى عيراقه‌وه‌ (په‌رله‌مان) بۆ ويلايه‌تى يه‌كه‌م هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌ويش به‌زۆرينه‌ى ئه‌ندامه‌كانى، به‌جيا له‌حوكمى مادده‌ى دووه‌مى ئه‌م ياسايه‌".
2- سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ ويلايه‌تى دووه‌م به‌پێى مادده‌ى دووه‌مى ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005 له‌رێگاى هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆوه‌ بۆ ماوه‌ى نێوان 2009 ـ 2013 هه‌ڵبژێردرا.
3- درێژ كردنه‌وه‌ى ماوه‌كه‌ له‌ 20ى ئابى 2013 به‌پێى ياساى ژماره‌ 19ى ساڵى 2013 كه‌ به‌ياساى درێژكردنه‌وه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم ناسراوه‌، ئه‌نجام دراوه‌، ئه‌ويش بۆ يه‌ك جارو تازه‌ ناكرێته‌وه‌. ماوه‌ى درێژكردنه‌وه‌كه‌ له‌ 19ى ئابى 2015دا ته‌واو ده‌بێ.

ئه‌گه‌رى كانديدبوونه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى بۆ ويلايه‌تى سێيه‌م
ياسا كارپێكراوه‌كان له‌هه‌رێمدا هيچ ده‌رفه‌تێك ناده‌ن به‌ به‌رێز مه‌سعود بارزانى بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ ويلايه‌تى سێيه‌م. به‌رێز بارزانى پاش ته‌واو بوونى ماوه‌ى ويلايه‌تى دووه‌م ته‌نها له‌رێگه‌ى درێژكردنه‌وه‌يه‌كى كاتىو بۆ يه‌كجارو بۆ دوو ساڵ مافى ئه‌وه‌ى دراوه‌تێ فه‌رمانڕه‌وايى هه‌رێم بكات.
سه‌رۆك بارزانى رێزێكى زۆرى له‌ناو توێژگه‌لێكى فراوانى هاووڵاتياندا هه‌يه‌و به‌ دڵنياييه‌وه‌ ده‌توانێت رۆڵێكى كاريگه‌ر له‌پرۆسه‌ى سياسيدا بگێڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتيش بێت، ئه‌ويش به‌و پێيه‌ى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌. ئه‌و ده‌توانێت پشتگيريى كانديدى حيزبه‌كه‌ى بكات له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووداو له‌رێگاى نوێنه‌ره‌كانى حيزبه‌كه‌يه‌وه‌ له‌حكومه‌تو په‌رله‌ماندا سياسه‌ته‌كانى هه‌رێم ئاراسته‌ بكات.
ئه‌و ديمه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌ستاوده‌ستپێكردنى ئاشتيانه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێم ده‌ره‌خسێنێ. هه‌روه‌ها به‌شێكى فراوانى كۆمه‌ڵگه‌ى سياسى پێى وايه‌ هه‌رێم له‌هه‌لومه‌رجى ئێستادا پێويستى به‌جۆرێك له‌گۆڕانكارى هه‌يه‌. بۆ خودى بارزانى، ده‌شێ هه‌نگاوێكى له‌م چه‌شنه‌، هه‌م له‌ناوخۆدا، هه‌م له‌سه‌رئاستى نێو ده‌وڵه‌تى، به‌چاوى رێزو پێزانينه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێ.
هه‌رچه‌ند له‌روى ياساييه‌وه‌و به‌پێى ياسا كارپێكراوه‌كان هيچ چانسێك بۆ مانه‌وه‌ى به‌رێز بارزانى له‌ده‌سه‌ڵاتدا نييه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌رى مانه‌وه‌ى له‌ده‌سه‌ڵاتدا له‌ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى ياسا كارپێكراوه‌كاندا له‌ئارادايه‌. ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش له‌م بژاردانه‌دا خۆى ده‌بينێته‌وه‌:

بژارده‌ى يه‌كه‌م: ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستور به‌بێ هيچ هه‌موار كردنێك پێش 19ى ئابى 2015 بخرێته‌ راپرسييه‌وه‌.
ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ له‌ئه‌گه‌رێكى واقيعى ناچێت چونكه‌ پێچه‌وانه‌ى خواستى حيزبه‌ سياسييه‌كانه‌ كه‌ده‌يانه‌وێ پرۆژه‌كه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى هه‌رێم لايه‌نگريى ئه‌و ئاراسته‌يه‌ بكات، ئه‌گه‌رى زۆره‌ رووبه‌رووى ناره‌زايه‌تييه‌كى توندى ئه‌و حيزبانه‌ ببێته‌وه‌ كه‌دژى ئه‌وه‌ن به‌بێ هه‌موار كردنه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ بخرێته‌ راپرسييه‌وه‌. له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا كارێكى له‌وچه‌شنه‌ كارێكى پڕ له‌مه‌ترسييه‌ و ده‌بێته‌ مايه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌يرانێكى سياسيى گه‌وره‌ له‌هه‌رێمدا. هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنى راپرسى له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ به‌بێ هه‌مواركردنو پێش 19ى ئاب پێناچێت رۆشنايى ببينێت، ئه‌ويش له‌به‌ر دوو هۆ: يه‌كه‌م، كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌و ماوه‌يه‌ى كه‌ له‌ ماوه‌ى درێژ كردنه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ناتوانێت ئاماده‌ بێت بۆ ئه‌نجامدانى راپرسييه‌كه‌. دووه‌ميش، ئه‌و حيزبه‌ سياسييانه‌ى دژى ئه‌وه‌ن پرۆژه‌كه‌ به‌بێ هه‌مواركردن بخرێته‌ راپرسييه‌وه‌، ته‌نها به‌وه‌نده‌ راناوه‌ستن كه‌بايكۆتى راپرسييه‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵكو له‌وانه‌يه‌ رێگريش بكه‌ن له‌ئه‌نجامدانى، لانيكه‌م له‌نيوه‌ى وڵاتدا.
ئه‌وه‌ش واتاى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ناتوانرێت له‌رووى عه‌مه‌لييه‌وه‌ زه‌مانه‌تى سه‌ركه‌وتنى راپرسييه‌كه‌ بكرێت. له‌راستيشدا هه‌نگاونان به‌ره‌و راپرسى به‌بێ هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌و به‌بێ سازانى نيشتمانى، ده‌شێ ببێته‌ مايه‌ى روودانى قه‌يرانێكى سياسيى گه‌وره‌ له‌هه‌رێمدا.
بژارده‌ى دووه‌م: هه‌مواركردنى پرۆژه‌ى ده‌ستور به‌جۆرێك چانسى سێيه‌م بدات به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم تا كانديد بكرێته‌وه‌.
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكى دوور نييه‌و ده‌كرێ حيزبه‌ سياسييه‌كان بسازێن بۆ هه‌مواركردنى هه‌ندێك مادده‌ى پرۆژه‌ ده‌ستوره‌كه‌. به‌ڵام روودانى سازانێكى له‌و چه‌شنه‌ خۆى له‌خۆێدا هه‌روا ئاسان نييه‌. ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى په‌يوه‌نديى به‌جياوازيى تێڕوانينه‌ سياسييه‌كانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تگه‌لێكى زۆر هه‌ستيار هه‌يه‌، له‌پێش هه‌مووشيانه‌وه‌ دياريكردنى جۆرى سيستمى سياسى هه‌رێمو ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك.
مه‌به‌ستى بنهڕه‌تى له‌خواستى هه‌مواركردنى پرۆژه‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ى بخرێته‌ راپرسييه‌وه‌ بريتييه‌ له‌ ده‌ستكاريكردنى پرۆژه‌كه‌ به‌جۆرێك زه‌مانه‌تى ئه‌وه‌ بكات مادده‌كانى ده‌ستور گونجاو بن له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكى سيستمى په‌رله‌مانيدا به‌وجۆره‌ى له‌مادده‌ى يه‌كه‌مى پرۆژه‌ ده‌ستوره‌كه‌ ئاماژه‌ى پێ كراوه‌، له‌كاتێكدا پرۆژه‌كه‌ به‌شێوه‌يه‌ك دارێژراوه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ جۆره‌ سيستمێكى نيمچه‌ سه‌رۆكايه‌تى ده‌كات له‌هه‌رێمدا، كه‌چى بۆچوونه‌كه‌ى تر، كه‌فشار ده‌كات بۆ هه‌موار كردن، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات سيستمێكى په‌رله‌مانيى ته‌ندروستو تاراده‌يه‌كى زۆر نزيك له‌سيستمى په‌رله‌مانيى كارپێكراوى عيراق بێته‌ كايه‌وه‌.
پارتى ديموكراتى كوردستان پێى وايه‌ پرۆژه‌ى ده‌ستوره‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تى ته‌عبير له‌ديدى سياسيى خۆى ده‌كا، هه‌ر ئه‌وه‌ش واى كردووه‌ له‌ساڵى 2013 دا فشار دروست بكات به‌و ئاراسته‌يه‌ى كه‌ پرۆژه‌كه‌ بخرێته‌ راپرسييه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و ناره‌زايه‌تييه‌ى له‌و باره‌يه‌وه‌ رووبهڕووى بۆوه‌، ناچارى كرد سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ نه‌رمييه‌ك نيشان بدا به‌رامبه‌ر به‌درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى بۆ دووساڵ.
ئه‌وه‌ش روونه‌ ئه‌گه‌ر له‌باره‌ى ئه‌و بابه‌ته‌و چه‌ند بابه‌تێكى ترى په‌يوه‌ست به‌وه‌وه‌ نه‌گه‌نه‌ سازان، پرۆسه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ سه‌ر ناگرێو پرۆژه‌كه‌ش به‌هه‌ڵپه‌سێردراوى ده‌مێنێته‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ رێككه‌وتن، ئيتر ده‌توانرێ بگهڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكێكى نوێ به‌ده‌سه‌ڵاتێكى پرۆتۆكۆلييه‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌واتاى وازهێنان دێت له‌ميكانيزمى هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆى سه‌رۆك. جه‌وهه‌رى سه‌وداكه‌ بريتييه‌ له‌په‌سه‌ندكردنى سيستمى په‌رله‌مانى له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ ويلايه‌تى سێيه‌م، به‌ڵام به‌ده‌سه‌ڵاتێكى پرۆتۆكۆلييه‌وه‌.
به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌و بژارده‌يه‌ش له‌وانه‌يه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ نه‌كات، چونكه‌ پاش سازان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌، ده‌بێ راپرسى ئه‌نجام بدرێ. ئه‌نجامدانى راپرسيش به‌هۆى هه‌لومه‌رجى ئه‌مرۆى جه‌نگه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆى قه‌يرانى دارايىو نه‌بونى كاتى پێويست له‌به‌رده‌م كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجامدانى راپرسى، كارێكى ئه‌سته‌مه‌.

بژارده‌ى سێيه‌م: درێژكردنه‌وه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم
ئه‌گه‌ر سازان له‌باره‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى چاوەڕوانكراوى پرۆژه‌ى ده‌ستوره‌كه‌ نه‌كراو ياساى ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005يش هه‌موار نه‌كرايه‌وه‌ كه‌ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێمى بۆ دوو خول دياريكردووه‌، گهڕانه‌وه‌ بۆ سيناريۆى درێژكردنه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ساڵى 2013 دا روويدا، دێته‌وه‌ ئارا.
به‌ڵام بژارده‌ى درێژكردنه‌وه‌ بژارده‌يه‌كى ديموكراتيانه‌ نييه‌و به‌هاكانى ده‌ستاوده‌ستپێكردنى ده‌سه‌ڵات پووچده‌كاو چه‌مكى شه‌رعييه‌ت به‌واتا گشتييه‌كه‌ى بێ بايه‌خ ده‌كات و كاريگه‌ريى زۆر خراپى ده‌بێت له‌ سه‌ر ديموكراتى له‌هه‌رێم و ده‌بێته‌ په‌ڵه‌يه‌ك به‌ناوبانگى سيستمى سياسييه‌وه‌.
دياره‌ پارتى ديموكراتى كوردستان زۆرينه‌ى په‌رله‌مانيى نييه‌ تا تواناى درێژكردنه‌وه‌ى پێببه‌خشێت. ئه‌وه‌ ناچارى ده‌كات پێويستى به‌ پشتگيرى فراكسيۆنه‌كانى تر هه‌بێت. به‌ڵام له‌و فراكسيۆنانه‌دا لانيكه‌م دووانيان سه‌خڵه‌ت ده‌بن له‌په‌سه‌ند كردنى درێژكردنه‌وه‌دا، ئه‌و دوو فراكسيۆنه‌ش بريتين له‌يه‌كێتي نيشتمانيى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان. يه‌كێتي نيشتمانيى كوردستان له‌ساڵى 2013 دا پاڵپشتيى پرۆسه‌ى درێژكردنه‌وه‌ى كرد، ئه‌ويش له‌چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستاندا له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌موراركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستور. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هۆكارى په‌نابردنه‌ به‌ر بژارده‌ى درێژكردنه‌وه‌ بريتى بوو له‌ رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستور، كه‌وابو، ئه‌وه‌ به‌و واتايه‌ دێت كه‌يه‌كێتي نيشتمانيى كوردستان له‌به‌ديهێنانى ئه‌و به‌شه‌ تايبه‌ته‌ى خۆى له‌رێككه‌وتنه‌كه‌دا شكستى هێناوه‌و له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌كه‌ رازيبووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌به‌رامبه‌ردا هيچ ده‌ستكه‌وتێكى هه‌بووبێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ رازيبوونى يه‌كێتى نيشتمانيى كوردستان به‌دووباره‌ كردنه‌وه‌ى درێژكردنه‌وه‌ ببێته‌ مايه‌ى ناره‌زايه‌تييه‌كى توند له‌ناو ئه‌ندامانو كاديرانو سه‌ركرده‌كانيدا. يه‌كێتى نيشتمانيى كوردستان بڕواى وايه‌ كه‌يه‌كێك له‌هۆكاره‌كانى دۆڕاندنى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانييه‌كانى ساڵى 2013دا له‌پاڵپشتيكردنى پرۆسه‌ى درێژكردنه‌وه‌ بووه‌. به‌واتايه‌كى تر، ئه‌گه‌ر يه‌كێتى نيشتمانى بۆ جارى دووه‌م پاڵپشتيى درێژكردنه‌وه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم بكات پێگه‌ى خۆى به‌شێوه‌يه‌كى گه‌وره‌ له‌ده‌ستئه‌دات. هه‌رچى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌، ئه‌ويش له‌وكاته‌دا دژى درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌رۆكايه‌تى وه‌ستايه‌وه‌و ئه‌ندامه‌كانى له‌ په‌رله‌ماندا له‌كۆبوونه‌وه‌ى درێژكردنه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵلايه‌كى گه‌وره‌يان نايه‌وه‌و هێرشيان كرده‌ سه‌ر سه‌رۆكى په‌رله‌مان. ئه‌مه‌ واده‌كات پشتگيريى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ دووباره‌ درێژكردنه‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌م بێت. جا ئه‌گه‌ر هه‌ردوو فراكسيۆنى يه‌كێتى نيشتمانيو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پشتگيري پرۆژه‌ى درێژكردنه‌وه‌كه‌ نه‌كه‌ن، دياره‌ لايه‌نه‌كانى تريش به‌ئه‌گه‌ریى زۆره‌وه‌ پشتگيرى ناكه‌ن.
له‌رووى ياساييه‌وه‌ كۆسپێك له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى درێژكردنه‌وه‌كه‌دايه‌ كه‌بريتييه‌ له‌ياساى ژماره‌ 19ى ساڵى 2013. دياره‌ هه‌ر به‌پێى ئه‌و ياسايه‌ بووه‌ كه‌ ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ دوو ساڵ درێژ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌وێشدا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ درێژكردنه‌وه‌كه‌ ته‌نها بۆ يه‌كجاره‌. به‌ڵام سه‌رهڕاى ئه‌وه‌ش ده‌توانرێ ياسايه‌كى نوێ بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ويلايه‌ته‌كه‌ ده‌ربكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ په‌رله‌مان ده‌كاته‌ ده‌زگايه‌كى كارتۆنى كه‌ته‌نها له‌خزمه‌تى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكاردا بێتو ملكه‌چى ئه‌و بێتو سه‌ربه‌خۆيى خۆى له‌ده‌ستبداتو ئاماژه‌يه‌كى خراپ بێت بۆ بێتوانايى په‌رله‌مان له‌رێزگرتن له‌ياساو بڕياره‌كانى خۆى، هه‌روه‌ها هه‌ر ياسايه‌كى نوێ بۆ درێژكردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌ى بێهێزيى ستراكچه‌رى ياسايى له‌هه‌رێمداو لاوازيى ده‌زگا ياساييه‌كان.

بژارده‌ى چواره‌م: هه‌موار كردنى ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005

ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005ى كارپێكراو له‌هه‌رێم چانسى دووجار پاڵاوتنى داوه‌و ده‌توانرێت هه‌مواريش بكرێته‌وه‌ به‌جۆرێك چانسى سێباره‌ بوونه‌وه‌ى پاڵاوتن فه‌راهه‌م بكات. ئه‌وه‌ش په‌يوه‌سته‌ به‌رێككه‌وتنى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانه‌وه‌. لێره‌دا ناتوانرێت نكۆڵى له‌وه‌ بكرێت كه‌هه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌يه‌كى له‌و جۆره‌ خۆى له‌ خۆيدا نيشانه‌ى ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئاره‌زووه‌ كه‌سييه‌كان تا چ راده‌يه‌ك ده‌توانن رێگا له‌ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات بگرنو كۆسپ بخه‌نه‌ به‌ر جێبه‌جێكردنى ياسا رێكخه‌ره‌كانى پرۆسه‌ى ديموكراتى.
تاكه‌ حاڵه‌ت كه‌ده‌توانرێ تيايدا په‌ناببرێته‌ به‌ر ئه‌و بژارده‌يه‌، كاتى رێككه‌وتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانه‌ له‌سه‌ر پێدانى چانسێكى تر به‌سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ مانه‌وه‌ى بۆ ويلايه‌تى سێيه‌م. جا هه‌رچه‌نده‌ پرۆسه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ياساكه‌ رووبه‌رووى هيچ كۆسپێكى ته‌كنيكى نابێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌و بژارده‌يه‌ ته‌نها به‌ره‌زامه‌نديى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌بێت، ئه‌ويش دواى دابين كردنى ژماره‌ى پێويستى ده‌نگه‌كان بۆ تێپهڕاندنى ياساكه‌. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دايه‌ كه‌ هه‌مواركردنى ياساكه‌ پێويستى به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتييه‌ له‌هه‌رێم، ئه‌وه‌ش كارێكى پڕ له‌ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌يه‌ به‌هۆى نه‌بوونى كاتى پێويست بۆ رێكخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانو هه‌لومه‌رجى ئێستاى جه‌نگو قه‌يرانى دارايى.
ئه‌گه‌ر پارتى ديموكراتى كوردستان ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى هه‌بێت چانسێكى تر بدرێت به‌سه‌رۆكه‌كه‌ى بۆ ويلايه‌تى سێيه‌م، پێويسته‌ چاوهڕوانيى ئه‌وه‌ش بكات كه‌لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كۆمه‌ڵێك مه‌رجى بۆ دابنێن له‌به‌رامبه‌ر پێدانى ئه‌و چانسه‌ به‌سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ ويلايه‌تى سێيه‌م. ئه‌گه‌رى زۆرى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ مه‌رجه‌كان چه‌ند بوارێك بگرنه‌وه‌ له‌چه‌شنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان نه‌ك له‌رێگاى هه‌ڵبژاردنى گشتييه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌وجۆره‌ى له‌سيستمه‌ په‌رله‌مانييه‌كاندا كارى پێ ده‌كرێ، يان پێدانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى هاوشێوه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك له‌سيستمى سياسى عيراقيداو گواستنه‌وه‌ى زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى بۆ سه‌ره‌ك وه‌زيران. له‌وانه‌يه‌ ئه‌و دۆخه‌ پێويستى به‌وه‌بێت چاو به‌پێكهاته‌ى ئێستاى حكومه‌ت بخشێنرێته‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌دۆخى ياسايى هه‌ندێك دامو ده‌زگا بكرێت.
ئه‌و سيناريۆيه‌ له‌گه‌ڵ ئاره‌زووى پارتى ديموكراتى كوردستاندا ده‌گونجێ كه‌ ده‌يه‌وێ چانس به‌سه‌رۆكه‌كه‌ى بدرێ بۆ ويلايه‌تى سێيه‌م، هه‌رچه‌نده‌ به‌ده‌سه‌ڵاتێكى كه‌متريشه‌وه‌ بێت. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خواسته‌كانى يه‌كێتى نيشتمانيى كوردستانو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانيشدا ده‌گونجێ كه‌ پرۆتۆكۆڵێكى هاوبه‌ش كۆيان ده‌كاته‌وه‌ و تيايدا هه‌ردوكيان خوازيارن سه‌رۆكى هه‌ێم له‌ ناو په‌رله‌مان به‌پێى سيستمى په‌رله‌مانى هه‌ڵبژێردرێت. لهڕووى ته‌كنيكييه‌وه‌ ده‌توانرێ هه‌مواركردنى ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005 هاوته‌ريب بێ له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنى مادده‌ى سێيه‌مى ئه‌و ياسايه‌ كه‌ رێ ده‌دا سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌نها بۆ دووجار هه‌ڵببژێردرێ.
دياره‌ پارتى ديموكراتى كوردستان زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ئه‌و مه‌رجانه‌ په‌سه‌ند ده‌كات، به‌لام ئه‌و دۆخه‌ى تيايدايه‌ رێگاى پێنادات ئه‌ڵته‌ر ناتيڤى وا پێشكه‌ش بكات كه‌ جێگاى ره‌زامه‌ندى هه‌موو لايه‌نه‌كانى تربێت.

بژارده‌ى پێنچه‌م: نه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستورو نه‌هه‌مواركردنى ياساكه‌و نه‌ درێژكردنه‌وه‌و نه‌ هه‌ڵبژاردن.
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكى يه‌جگارخراپه‌. ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌ سياسييه‌كان نه‌ گه‌يشتنه‌ رێككه‌وتنێك له‌ باره‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستوره‌وه‌و له‌سه‌ر هه‌مواركردنى ياساى ژماره‌ 1 ى ساڵى 2005 يش رێكنه‌كه‌وتن كه‌ ده‌رفه‌تن خولى سێيه‌م به‌سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌به‌خشێت به‌رامبه‌ر به‌چه‌ند مه‌رجێك، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ماوه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم درێژ نه‌كرايه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنى گشتيش ئه‌نجام نه‌درا بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكێكى نوێ، ئيتر سه‌رۆكى هه‌رێم شه‌رعييه‌تى ياسايي له‌ ده‌ست ئه‌دات، به‌ڵام بڕێك سه‌ڵاحياتى ده‌مێنى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى پێده‌به‌خشن كاره‌كان به‌رێخات.
ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى هه‌رێم شه‌رعييه‌تى ياسايى له‌ ده‌ستبدات، هه‌رێم تووشى بۆشاين ياسايى نابێت چونكه‌ سه‌رۆك له‌پۆسته‌كه‌يدا ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو. هه‌روه‌ها تواناى ئه‌وه‌ى نابێت خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو كانديد بكاته‌وه‌ چونكه‌ ياساكه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ته‌نها دوو خول ده‌كاته‌وه‌.
له‌و دۆخه‌دا سه‌رۆكى هه‌رێم ناتوانێت ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نفيزييه‌كانى به‌پێى مادده‌ى يه‌كه‌مى پاساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005 به‌كار بێنێت چونكه‌ ئه‌م مادده‌يه‌ ده‌ڵێ سه‌رۆكى هه‌رێم (سه‌رۆكى باڵاى ده‌سه‌لاتى ته‌نفيزييه‌)، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مانيشى نامێنێو چيتر ناتوانێت ده‌سه‌ڵاته‌كانى وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى له‌هه‌رێم به‌كار بێنێت.
به‌ حوكمى ديفاكتۆش ده‌كرێ له‌و ماوه‌يه‌دا سه‌رۆكى حكومه‌ت ببێته‌ سه‌رۆكى باڵاى ده‌سه‌ڵاتى ته‌نفيزىو ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى ده‌بێ نوێنه‌رايه‌تى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێم بكات لەگەڵ حكومه‌تى فيدرالى و وڵاتانى جيهاندا.
به‌ڵام گۆڕانى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ ته‌نها كار به‌رێكردن، ده‌شێ كاريگه‌ريى گه‌وره‌ى له‌ سه‌ر جموجوڵى په‌رله‌مان هه‌بێ، چونكه‌ ئه‌و ياسايانه‌ى په‌رله‌مان ده‌ريانده‌كات پاش واژۆكردنيان وده‌ركردنيان له‌لايه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ ئينجا جێبه‌جێ ده‌كرێن. جا له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم شه‌رعييه‌ته‌كه‌ى له‌ده‌ست ئه‌دات، كه‌وابو ده‌سه‌ڵاتى ده‌ركردنى ياساكانيش له‌ده‌ست ئه‌دات.
ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ نه‌ويسته‌ كه‌ هه‌مواركردنو رێككه‌وتن له‌و باره‌يه‌وه‌ له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كاندا، ده‌بێ پێش 19ى ئاب به‌ ماوه‌يه‌كى زۆر ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ سازان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ ته‌نها هه‌نگاوێكى سه‌ره‌تاييه‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى ئاينده‌. پاش هه‌مواركردن گرفتى راپرسى ده‌ستور وه‌ك گرفتێكى گه‌وره‌ دێته‌ پێش، چونكه‌ له‌وانه‌يه‌ كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان پێش 19 ى ئاب نه‌توانێت راپرسى رێكبخات، به‌تايبه‌تى ئه‌گه‌ر كه‌شى جه‌نگى ئێستاى دژى داعشو پتر بوونى ژماره‌ى ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمدا و قوولبوونه‌وه‌ى گرفتى دارايى له‌به‌رچاو بگيرێن.


بژارده‌ى شه‌شه‌م: ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم
به‌ بۆچوونى شانه‌ى تاوتوێكردنى قه‌يران، بژارده‌ى نموونه‌يى بريتييه‌له‌ پابه‌ندبوونى به‌بژارده‌ى دوو خول بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، ئه‌ويش به‌و جۆره‌ى له‌ ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005 دا هاتووه‌. ئه‌گه‌ر پارتى ديموكرات ده‌ست له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ به‌سه‌رۆ ككردنه‌نه‌وه‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى بۆ خولى سێيه‌م هه‌ڵبگرێت، ده‌شێ ئه‌و هه‌نگاوه‌ يارمه‌تيده‌ر بێت بۆ هێور كردنه‌وه‌ى قه‌يرانه‌كه‌، به‌تايبه‌تى كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم له‌دوايين چاوپێكه‌وتنى خۆيدا له‌رۆژنامه‌ى ((ئه‌لحه‌يات)) له‌8ى شوباتى 2015 دا له‌و باره‌يه‌وه‌ نييه‌تى خۆى ئاشكرا كردووه‌ بۆ ده‌ستبه‌ر داربوون له‌ پۆسته‌كه‌ىو وتويه‌تى: ((پێم خۆشه‌ ئه‌مانه‌ته‌كه‌ راده‌ستى كه‌سێكى تر بكه‌م. هه‌رگيز رازى نيم بۆ هه‌تاهه‌تايه‌ سه‌رۆك بم. ناكرێ رێگا به‌ خۆم بده‌م تاقيكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكانى تر دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌... مێژووى خه‌باتكارانه‌و ناوبانگم له‌و كورسييه‌ گه‌وره‌ترن كه‌ له‌سه‌رى دانيشتووم)).
ئه‌گه‌ر بژارده‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بكه‌ينه‌ بناغه‌، ئيتر ده‌بێ ئه‌گه‌رى هه‌مواركردنى پرۆژه‌ى ده‌ستورو درێژكردنه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆ له‌ هاوكێشه‌كه‌ بخه‌ينه‌ ده‌وه‌ره‌، چونكه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كه‌ له‌بنهڕه‌تدا ده‌ره‌نجامى شكستهێنانى هه‌مواركردنى پرۆژه‌ى ده‌ستورو ره‌تكردنه‌وه‌ى درێژكردنه‌وه‌يه‌. هه‌روه‌ها تواناى جێبه‌جێكردنى هه‌ڵبژاردنى راسته‌خۆ ئه‌گه‌رێكى دووره‌ چونكه‌ كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناتوانێ له‌ كاتى دياريكراودا ئه‌نجامى بدات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌نجاميش بدرێت، مشتومڕێكى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ چونكه‌ پارتى ديموكراتى كوردستان به‌ هه‌موو شێوازێك هه‌وڵ ئه‌دات كانديده‌ نوێيه‌كه‌ى خۆى بگه‌يه‌نێته‌ كورسى سه‌رۆكايه‌تى بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كانديد نه‌كردنه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى. ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌يه‌ حيزبه‌كانى تر له‌سه‌ر كانديدێكى هاوبه‌ش رێككه‌ون، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زۆرتر رێى تێده‌چێ ئه‌وه‌يه‌ دژى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆ بوه‌ستنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌جێنداكانيان جه‌خت له‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌و ئه‌گه‌ر هاتو هه‌ڵبژاردنى راسته‌خۆيان په‌سه‌ند كرد، ئه‌وه‌ به‌و مانايه‌ دێت كه‌ ئه‌و حيزبانه‌ وازيان له‌بژارده‌ى سيستمى په‌رله‌مانى هێناوه‌
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ى ئێستادا زۆر له‌مپه‌رى له‌به‌رده‌م دايه‌، ته‌نها يه‌ك بژارده‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌ويش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكه‌ له‌ناو په‌رله‌مان، ئه‌ويش پاش هه‌مواركردنى ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005و كه‌م كردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌پێى پێداويستييه‌كانى سيستمى په‌رله‌مانىو گواستنه‌وه‌يان بۆ سه‌رۆك وه‌زيران كه‌ ده‌بێته‌ به‌رپرسيارى راسته‌وخۆى ده‌زگاى راپهڕاندن.

شيكردنه‌وه‌يه‌كى گشتى
جه‌وهه‌رى گرفته‌كه‌ له‌وه‌ دايه‌ كه‌ پارتى ديموكراتى كوردستان كۆشش ده‌كات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى چانسێك بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ى تا ويلايه‌تى سێيه‌م به‌ده‌ست بێنێ. جا به‌هۆى هه‌ستياريى دۆخى كوردو هه‌لومه‌رجى جه‌نگو قه‌يرانى داراييه‌وه‌و له‌به‌ر ترس له‌تێكچونى پرۆسه‌ى سياسىو شپرزه‌بونى ره‌وشى ناوخۆ، لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى تر له‌سۆنگه‌ى هه‌ست كردن به‌پرسيارێتى، ده‌شێ بڕێك نه‌رمى بنوێنن بۆ تێپهڕاندنى قه‌يرانه‌كه‌ به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ناشيانه‌وى به‌رامبه‌ر به‌هيچ، هه‌موو شتێك بده‌ن به‌پارتى.
له‌ناو ئه‌و بژاردانه‌ى كه‌هه‌نو له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئێستاى هه‌رێمدا ده‌گونجێن ئه‌وه‌يه‌ كه‌ئه‌گه‌ر سازان له‌سه‌ر هه‌مواركردنى پرۆژه‌ى ده‌ستور نه‌هاته‌ دىو پارتى به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم رازى نه‌بوو و ماوه‌كه‌ى بۆ درێژ نه‌كرايه‌وه‌و هه‌لومه‌رجێكى له‌بار بۆ راپرسيى پرۆژه‌ى ده‌ستور له‌ئارادا نه‌بوو و هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆى سه‌رۆكايه‌تيش ئه‌نجام نه‌درا، شانه‌ى تاوتوێ كردنى قه‌يران له‌راپۆرته‌كه‌يدا پشتگيريى بژارده‌ى چواره‌م ده‌كات كه‌بريتيه‌ له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ى ياساى ژماره‌ 1ى ساڵى 2005 به‌جۆرێك كه‌رێگا بدا سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ جارى سێيه‌م له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێو ده‌سه‌ڵاته‌كانى وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌له‌سيستمه‌ په‌رله‌مانييه‌كاندا كارى پێ ده‌كرێ، ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتى پرۆتۆكۆلى بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە