زۆرینە و کەمینە لای بارزانی
Tuesday, 11/01/2011, 12:00
لەم ھەرێمەدا سەرۆکێکمان ھەیە کە بڕواناکەم خۆشـی سەر لەو ھەموو ناسناوانەی ھەیەتی دەربکات، ھەر لەسەرۆکایەتی حیزبەکەیەوە تا سەرۆکایەتی ھەرێم ھەندێک جاریش وەک سەرۆکی کوردستانیش ناودەبرێت، لە جێبەجێکردنی ئەم بەرپرسیاریانەدا بێگوومان بەرژەوەندی دژبەیەک سەرھەڵدەدات،
لەکاتێکدا واقعیترین چەسپاوترین دەسەڵاتی کارپێکراوی کە ھەیبێت دەسەڵاتدارێتی ڕەھایەتی لە ناو پارتەکەیدا. کە خاوەنی سامانێکی ماددی و مرۆیی گەورەیە و ھیچ کەس کێبڕکێی خۆی و بنەماڵەکەی ناکات لە ناو ئەو پارتەدا. ھەر لەبەرئەوەش ئەم دۆخە بە بڕیارەکانیەوە دیارە. ئەگەر بێین بەراوردی دوو بڕیاری جێسەرنجی ئەم سەرۆکە بکەین کە لە ماوەی ڕابردوودا کاریگەری گەورەی ھەبوو لەسەر ھەموو تاکێکمان ئەوا دەبێت لەیادمان بێت کاتێک کە بڕیاری دەسـتکردن بە دروسـتکردنەوەی بەنداوی بێخمە درایەوە لە لایەن حکومەتی بەغداوە ئەوەی کە گوێبیسـتی ئەو ھەواڵە بوو وەک یەکێک لە گەورەترین پرۆژە ستراتیجیەکانی ئەم ھەرێمە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی دەکرد کە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئابووری و سیاسـی و گەشـتوگوزاری.. ھەتادوایی.. وەک خەونێک تەماشادەکرا، بەڵام بۆ سەرۆک نەیھێشـت بێتەدی؟!! ئایا لەبەرئەوەی زۆرینە دەنگی بۆ نەدا، یان کەمپینکرا و واژۆ کۆکرایەوە؟ نا لەبەرئەوانە ھیچی نەبوو، ئازیزان تەنانەت لەبەر خاتری دانیشـتوانی ئەو ٣٠ گوندەش نەبوو کە کرا بە بیانوی جێبەجێنەکردنی ئەو پرۆژەیەی کە ملێونان مرۆڤ سودی لێدەبینی، چونکە گوومانی تێدانیە کە دانیشـتوانی ئەو ٣٠ گوندەش ئەگەر وەک بەشێک لە پلانی پرۆژەکە شوێنی نیشـتەجێبوونی گونجاویان لە جێگایەکی تری ئەو ناوچەیە بۆ دیاری بکرایە کە لەگەڵ ویست و ستایڵی ژیانیاندا بگونجێندرایە ئەوا وەک چارەسەرێکی مامناوەند کە ڕەنگە پێشـوازیشـی لێبکرایە قبوڵـدەکرا، بەڵام ئەوە ئاغاکان و ڕیشـسپیەکانیانن کە قسەیان لەلای ئاغای عەشـرەت و ناوچەیەکی تر دەخوات. جێی سەرسوڕمانە کە ھەر ھەمان ئەو سەرۆکە، کە بە وتەی خۆی کیلۆ وات و کیلۆ بایت لەیەکتر جیاناکاتەوە، بڕیارێکی لەوجۆرە دەدات و لەبەرخاتری کەمینەیەکی خێڵەکی یەکێک لە ستراتیجیترین پرۆژەکانی ئەم ھەرێمەی لەباربرد کە بە سەدان ھەزار مێگاواتی کارەبای بۆ ئەم ھەرێمی تەنافخانەی وایەری مۆلیدە و دەبە نەوتە دابیندەکرد. کەچی ھەر بەم دوایە ڕایگەیاند کە یاسای خۆپیشاندان لەبەر ئەوەی بڕیاری زۆرینەیە ناچارە دەبێت قبوڵی بکات، وای لەو زۆرینە پەرلەمانیەی کە نیوەی ئەندامەکانی لە قسەی خۆت دەرناچن و نیوەکەی تریشی لە قسەی سەرۆکە قسەگۆڕەکەی بەغدا، ئاخر ئەگەر لەبەر ئەوە نەبێت کە داتاناوە ھەتا ھەتایە لەسەر کورسی دەسـەڵاتبن دەبێت بۆ ئەوەندە بێباکبن لە تێپەڕاندنی یاسایەکی وەھا، ئایا ناشـێت کە ڕۆژێک لایەنگرانی خۆتان و پارتەکانتان زەرەرمەندبن لە جۆرە یاسایەکی وەھا یاخود ئێوە باوەڕتان بە خۆپیشاندان نیە ، یا لهو باوهڕییهدانین رۆژێک که زۆر دوور نییه که دهسهڵات له دهستبدهن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست