کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی له‌ڕێی ئه‌ڤین ئاسۆ وه‌ گێچه‌ڵ به‌ میدیای ئه‌هلی ده‌كات

Tuesday, 22/03/2011, 12:00


هه‌موومان ئه‌و راستییه‌ ده‌زانین كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هێرشه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌تایبه‌تی(پارتی) بۆ سه‌ر میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلی چڕبووه‌ته‌وه‌ و به‌ لایه‌نگیری له‌ ئۆپۆزسیۆن ناویده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ دروستكردنی ئه‌و بۆچونه‌ لای تاكی كورد كه‌ گوایه‌ هیچ میدیایه‌كی ئازاد بوونی نییه‌! به‌داخه‌وه‌ لێره‌و له‌وێ،چی راسته‌وخۆبێت یان ناراسته‌وخۆ پارتی ئه‌م په‌لاماره‌ ده‌دات، چه‌ند ئێواره‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ پرۆگرامی (ئه‌ڤین ژن و ژیان)ی كه‌ناڵ 4 ی به‌ناو (سه‌ربه‌خۆ)ی بنه‌ماڵه‌ی بزنس بارزانی (ئه‌ڤین ئاسۆ)به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵ 4 و كۆڕه‌ك تیڤی ده‌ستی كرد به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ئازادانه‌ی كه‌ له‌ سایت و ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا ئه‌و درۆیه‌یان ئاشكراكرد كه‌ كه‌ناڵ چواره‌كه‌ی ئه‌و هی بنه‌ماڵه‌یه‌ و ئه‌و سیناریۆ جۆراوجۆرانه‌یان خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌ڤین بۆ خۆی دروستی كرد له‌ ماوه‌ی رابردوودا، ئه‌ڤین به‌ ده‌رونێكی هه‌ڵچووه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌و قه‌ڵه‌مانه‌ و خۆی به‌ پرۆفیشناڵ دایه‌قه‌ڵه‌م، دووباره‌ خۆی به‌ بێ لایه‌ن ناساند و بیری چوو كه‌ ئێستا له‌و كه‌ناڵه‌ی ئه‌و تێیدا به‌ڕێوه‌به‌ره‌! گۆرانییه‌كی بژار دیلان لێده‌درێت كه‌ دژی خۆپیشانده‌رانه‌ و به‌ تێكده‌ر ناویان ده‌بات!!! ئه‌ڤین واده‌زانێت تاسه‌ر بنه‌ماڵه‌ كاری پێده‌كه‌ن، نازانێت ئه‌و دیفاعه‌ كوێرانه‌یه‌ی ئه‌و و نمونه‌كانی وه‌كو ئه‌و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بێته‌ دنیایه‌ك له‌ په‌شیمانی! به‌شێك له‌ قسه‌كانی ئه‌ڤین دیاربوو له‌گه‌ڵ گۆڤاره‌كانی (هۆنیا و ده‌نگ)ی بوو كاتێك دیمانه‌یان له‌گه‌ڵ سامان ناسیح ی پێشكه‌شكاری پێشووی كۆره‌ك تیڤی كردبوو و سامان ئه‌ڤینی به‌ جنێوفرۆش و بازاڕی ناوبرد، پاش ماوه‌یه‌ك له‌ ماڵپه‌ری گۆڤاری ده‌نگ دا هه‌مان دیمانه‌ دابه‌زێنرا و دواتر له‌پڕ ده‌نگ پرێس ئه‌م دیمانه‌یه‌ی لابرد!!
به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه‌ی نێوان ئه‌ڤین و گۆڤاری ده‌نگ به‌وه‌ كۆتایی نه‌هات، هه‌ریه‌ك له‌ (هاوكار نامۆی سه‌رنوسه‌ر و سه‌روه‌ت تۆفیق ی جێگری سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ده‌نگ)له‌ به‌رنامه‌ی (نسار)ی سه‌ته‌لایتی گه‌لی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر میدیاكرد و به‌بێ ناوهێنانی راسته‌وخۆی ئه‌ڤین ئاسۆ و كه‌ناڵ چوار و كۆره‌ك تیڤی به‌ وردی باسیان له‌ كاریگه‌رییه‌خراپه‌كانی ئه‌و ده‌زگایه‌ كرد و به‌ ناپرۆفیشناڵ و بێ به‌رنامه‌ و ته‌قلید ناویان برد(ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ناوی به‌رنامه‌كانیان هێنا)...
شه‌وی دواتر (ئه‌ڤین ئاسۆ)ده‌ستی كرد به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان و به‌ ته‌وژمی ئاژاوه‌گیڕانی ئۆپۆزسیۆن ناویبردن كه‌ گوایه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی ئه‌و ره‌خنانه‌یه‌ كه‌ بۆ روخاندنی شته‌جوانه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌رپابووه‌!! رۆژێك پاش ئه‌مه‌ له‌ ماڵپه‌ری لێزان نێته‌وه‌ هاوكار نامۆ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ده‌نگ وتارێكی له‌ژێر ناوی (بژاریش بوو به‌ گۆرانیبێژی موناسه‌بات)نووسی و تیایدا به‌رگری له‌ خۆپیشانده‌ران و هه‌ستی خه‌ڵكی سلێمانی و كوردستان كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌ڤین له‌ پرۆگرامی ئه‌ڤین ژن و ژیاندا دووباره‌ هه‌ندێك قسه‌ی توندی كرده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت وتی(ئه‌و گۆڤاره‌ ده‌یه‌وێت لێره‌وه‌ ریكلام بۆ لۆگۆكه‌ی بكه‌م)!!! وتی ئه‌و جۆره‌گۆڤارانه‌ بێ به‌ش ده‌كرێن له‌ هاوكارییه‌كانی ئێمه‌!! تا ئێره‌ ئاساییه‌، دواتر له‌ به‌رنامه‌كه‌دا وتی ئێمه‌(كه‌ناڵ 4) به‌ ده‌یان ملیۆن بینه‌رمان هه‌یه‌!! به‌ڕاستی ئه‌و قسانه‌ی تری كه‌ به‌چه‌پڵه‌ڕێزانی ئاماده‌بووانی كۆتایی پێهێنا هێنده‌ی پاڕانه‌وه‌بوو له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان هێنده‌ رونكردنه‌وه‌ نه‌بوو... هیوادارم پارتی و بنه‌ماڵه‌ واز له‌م جۆره‌ هێرشانه‌ بێنن بۆ سه‌ر میدیای ئازادی كوردی و ده‌ست نه‌به‌ن بۆ كارێك كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌بێت...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە