کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسه‌ت و بازرگانـــــــى

Saturday, 14/02/2009, 12:00


ئه‌گه‌ر بێـــتوو لاپه‌ڕه‌کانــــى مێژوو هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ ئه‌بینین که‌ زۆر له‌ کۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندى نێوان حوکم و سه‌رمایه‌، دراوو ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتدارو ده‌وڵه‌مه‌ند، بازرگان و سیاسه‌تباز، فه‌رمانڕه‌وا و میلله‌ت، به‌ به‌رده‌وامى یه‌کێــــك بووه‌ له‌و ته‌وه‌ره‌ گرنگ و دینامیکیانه‌ى که‌ هانده‌رو بزوێنه‌رى چه‌ندین مشت و مــــڕ و لیکۆڵینه‌وه‌و داهێنانى ڕه‌وتى ئایدیۆلۆژى بووه‌و بۆته‌ هۆى دروستبوونى چه‌ندین قوتابخانه‌ى فه‌لسه‌فى ‌و قسه‌ و باسى زۆرى له‌ سه‌ر کراوه به‌ درێژایى مێژوو‌، وه‌ هۆکارو سه‌ره‌نجامـــــى په‌یوه‌ندى‌ دیالێکتیکى نێوان پاره‌و ده‌سه‌ڵاتدار‌ یه‌کێـــك بووه‌ له‌ بزوێـــنه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانـــى مێژوو و ڕووداوه‌ هه‌ره‌ دڵته‌زێنه‌کانى ژیانى ئاده‌میزاد هه‌ر له‌ ڕۆژانى ئه‌شکه‌وته‌وه له‌ چاخه‌ به‌ردینه‌کانه‌وه‌‌ تا ژیانى ڤێــــللاو باڵه‌خانه‌ى سه‌د نهۆمــى پڕ ته‌کنه‌لۆژیاى چه‌رخــى ئه‌تۆم و ئینته‌رنێت و که‌شتى ئاسمانى سه‌ده‌ى بیســـت و یه‌که‌مى زایینــــى.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئیمڕۆ ئێمه‌ له کوردستانى باشوور ئه‌یبینین، هه‌موو لۆژیك و تێگه‌یشتنێكى ته‌قلیدى په‌یوه‌ندى نێوان ده‌سه‌ڵات و پـــاره‌ى خستۆته بیابانى سه‌رلێشێوان و بێ یاسایى و بێ مه‌بده‌ئى و هاوکێشه‌یه‌کى زۆر نائاسایى و ناوازه‌ى دروست کردووه‌ و مێرده‌زمه‌یه‌کى چڕو چاو ناشیرین و چڵێس و برسى و دزو تاڵانکه‌رى له‌ هه‌ناوى ده‌سه‌ڵاتى ئیمڕۆى کوردستان خولقاندووه‌ که‌ له‌ چیڕۆکى به‌رئاگردانیش سه‌رو سیماى قێزراوى وه‌ك ئه‌مى تیا نادۆزرێته‌وه‌‌ و‌ ته‌نانه‌ت له‌ کۆماره‌ مۆزه‌کانى ئه‌مریکاى لاتینى حه‌فتاکان و هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوو و له‌ ناو مافیاکانى هیرۆیین و کۆکایین و بانده‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤیشدا وێنه‌ى نه‌ك هه‌ر که‌مه‌ به‌ڵكـــو هه‌ر نى یه‌و نه‌بووه‌.

‌‌به‌رپرسه‌کانى کوردستانى باشوور له‌ یه‌که‌م ڕۆژى ده‌سه‌ڵاتیان له‌ کوردستان که‌ هه‌مووى چه‌ند ڕۆژێك ده‌ستى پێكرد له‌ دواى ڕاپه‌ڕینى پیرۆزى خه‌ڵكى کوردستان له‌ ئازارى 1991، ده‌ستیان کرد به‌ فرۆشتنى هه‌موو شتێك له‌م کوردستانه‌ به‌رینه‌ که‌ بتوانرێت بفرۆشرێت هه‌ر له‌ ده‌مانچه‌یه‌كى بچوکه‌وه‌ تا گه‌وره‌ترین ئامێر به‌ مه‌رجێك بتوانرێت ڕه‌وانه‌ى ئێران بکرێت، تا کار هاته‌ سه‌ر فرۆشتنى به‌نداوى بێخمـــــــه‌ به‌ هه‌موو شتێکه‌وه‌ به‌ ده‌ ملیۆن دینارى ئه‌وسا به‌ که‌سێك که‌ تا ڕۆژى ڕاپه‌ڕین سه‌ر به‌ ڕژێم بوو.

تاریق عه‌زیزى وه‌زیرى پێشووى عێراق له‌ رۆژى 5 ى ئازارى 2007 له‌ دانیشتنی ژماره‌ (48)ی دادگاییکردنی سه‌رانی به‌عس له‌سه‌ر شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال که‌ وه‌کو شایه‌تێك هاتبووه‌ دادگا له‌ به‌شێك له‌ قسه‌کانى ووتى که‌ له‌ کۆبونه‌وه‌کانى مفاوه‌زاتى نێوان حکومه‌ت و به‌ره‌ى کوردستانى له‌ ساڵى 1991 زۆربه‌ى باسه‌کان له‌ سه‌ر قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ى به‌رپرسه‌کان و دابه‌شکردنى پۆست بووه‌ به‌ سه‌ریانداو ئه‌م به‌رپرسه‌ کوردانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسى قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى کوردى ئه‌نفال کراوو قوربانیانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کردوون. وه‌ تاریق عه‌زیز ووتى له‌ کۆتایى دانیشتنه‌که‌ باس هاته‌‌ سه‌ر باسى ئیش و کارى شه‌خسى و مامه‌ڵه‌ى بازرگانى نێوان به‌رپرسه‌کانى به‌ره‌ى کوردستانى و سه‌رانى به‌عس به‌ منداڵه‌کانیشیانه‌وه‌ له‌گاڵ مناڵى به‌رپرسه‌ کورده‌کان، جا به‌ ڕاستى ئه‌مه‌یه که‌ کورد پێى ئه‌ڵێت: (هه‌م زیاره‌ت و هه‌م تیجاره‌ت).

ئه‌م خاڵه‌ى سه‌ره‌وه‌ به‌ ئاشکرا بۆمان ده‌رئه‌خات که‌ چۆن به‌رپرسه‌ کورده‌کان کاسبکارى زۆر سه‌رکه‌وتوو و باشن و پیشه‌ى سه‌ره‌کیان بازرگانێتیه‌ و کاسبیه‌کى باش به‌ ده‌م سیاسه‌ته‌وه‌ ئه‌که‌ن و لاشیان گرنگ نى یه‌ ئه‌م کاسبیه‌ له‌گه‌ڵ کێ یه‌ و نرخه‌که‌ى چه‌نده‌ و چى یه‌ و چه‌ند له‌ سه‌ر میلله‌تى کورد ئه‌که‌وێت و‌ میلله‌ت تا چه‌ند زه‌ره‌رمه‌ند ئه‌بێت تیایدا؟ وه‌ ئه‌م شایه‌تیه‌ى تاریق عه‌زیز‌ پێمان ئه‌ڵێت که‌ پێئه‌چێت لاى به‌رپرسه‌کانى کورد، سیاسه‌ت خولیا (هوایە)یه‌و پیشه‌ى بنه‌ڕه‌تیان بازرگانیه‌.

شه‌رى چه‌ندین ساڵه‌ى نێوان یه‌کێتى و پارتى هه‌ر له‌ 1994ه‌وه‌ تا 1998 له‌ سه‌ر داهاتى (برایم خه‌لیل) و یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌ردوولا دواى پانزه‌ ساڵ له‌ جیابوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنى شه‌ڕى براکوژى له‌ 1994 نمونه‌و به‌ڵگه‌ى ئاشکراى قسه‌کانمه‌، ئه‌وه‌ پێویست ناکا بێمه‌ سه‌ر ڕاپۆرته‌ به‌ناوبانگه‌که‌ى مایكڵ ڕووبن له‌ کانونى دووه‌مى 2008 که‌ زۆر به‌ ئاشکرا باسى سه‌رانى کورد ئه‌کات و بۆمان ئاشکرا ئه‌کات که‌ سیاسه‌ت و بازرگانى چۆن هاوتا و ته‌ریب به‌ یه‌که‌وه‌ گرێدراون له ناو‌ حکوومه‌ت و په‌رله‌مانى کوردستانى عێراق، که‌چى سه‌ڕه‌راى ئه‌م حه‌یا چوونه و ئه‌م سکانداڵه‌ مێژووییه‌ که‌ چى هێشتا جه‌لال تاڵـــه‌بانى به‌و په‌ڕى بێشه‌رمیه‌وه‌ باقیه‌که‌ى له‌ میلله‌ت ئه‌ویسته‌وه‌و داواى موحاکه‌مه‌ کردنى ڕۆژنامه‌ى (هاووڵاتى) ئه‌کرد که‌ ڕاپۆرته‌که‌ى مایكڵ ڕووبنى وه‌رگێڕابووه‌ سه‌ر زمانى کوردى و بڵاویانکردبووه‌وه‌ و جاشقه‌ڵه‌م و مه‌سینه‌هه‌ڵگره‌کانى جه‌لال تاڵه‌بانى، مایكڵ ڕووبنیان به‌ جاشى تورکیا ناوده‌برد و تۆمه‌ته‌کانیشى به‌ هه‌ڵبه‌ستراو.

به‌ درێژایى مێژوو نه‌ك له‌ تێڕوانینى خه‌ڵـــكه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ تێڕوانینى ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیشه‌وه‌ وا باو بووه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات پاره‌ دروست ئه‌کات و پاره‌ به‌ مه‌رته‌به‌ى دووه‌م دێت له‌ دواى ده‌سه‌ڵات، که‌چى سه‌رانى کورد ئه‌م هاوکێشه‌یان هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌ و لایان گرنگ نى یه‌ چاره‌نووسى ئه‌م میلله‌ته‌و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى خۆشیان چى به‌سه‌ردێت و چۆن کۆتایى پێ دێت!!، کۆکردنه‌وه‌ى زۆرترین پاره‌ له‌ که‌مترین ماوه‌ به‌ هه‌ر ڕێگایه‌ك و به‌ هه‌ر ده‌ره‌نجامێك، بۆته‌ په‌یڕه‌وو ئایینیان و، ده‌ست پانکردنه‌وه‌ و وه‌رگرتنى به‌رتیل له سه‌رۆك وه‌زیران‌ (جواد المالکی) به‌ڵگه‌ى ڕاستى ئه‌م ڕه‌وشته‌ى به‌رپرسانى کورده‌، که‌ ئێستا به‌ ئاشکرا میلله‌ت ئه‌نجامه‌کانى ئه‌بینێت.

براده‌رێكى خۆشه‌ویست که‌ زۆر له‌ ناو سیاسه‌ت ئیشى کردووه به‌ڵام له‌ ڕۆژانى سه‌خت و ناخۆشى و به‌ڵام چونکه‌ ڕازى نه‌بوو به‌م بازرگانى و بازرگانى کردنه‌ى به‌رپرسانى کورد، ئێستا دانیشتووه‌و له‌ ڕیزى میلله‌ته، ووتى من حیسابێکى سه‌رپێییم کردووه بۆ خزمه‌تى پێشمه‌رگایه‌تى هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه‌ى که‌ ئه‌یانناسم و له‌و ڕۆژه‌وه‌ى که‌ بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ تا ڕاپه‌ڕینه‌که‌ى ئازارى 1991 بۆم حیساب کردوون و بۆم ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ هه‌موو سه‌عاتێكیان به‌ هـــه‌زار‌ دۆلار کردووه‌!!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە