بەرەو كۆنگرەى پارێزەران: دابەشكردنى زەوى بەسەر چەند پارێزەرێكدا نارەزایی پارێزەرانى یەكێتى لێدەكەوێتەوە:
Sunday, 14/07/2013, 12:00
دواى ئەوەى بە بریارى (عماد أحمد) فەرمانى پێدانى زەوى بۆ چل و پێنج پارێزەرى یەكێتى دەرچوو ماوەیەك لەمەوبەر و لە سەرووبەندى كۆنگرەى پارێزەراندا ئەو زەویانە لە ناوچەى تاسلوجە بەسەر ئەو پارێزەرانەدا دابەشكراو ناوى دە پارێزەرى تیا دەركرا ئەمەش نارەزایی لاى ئەو پارێزەرانە دروستكردو بەشێكیان دەست لەكاركێشانەوەى خۆیان پێشكەش كرد لە دیارترین ئەو پارێزەرانەش (دانا جمال) كە ئەندامى ئەنجوومەنى سەندیكاى پارێزەرانە لەسەر لیستى یەكێتى و (چیا وریا) و (ئازاد محمد) كە ئەندام كەرتى كۆمیتەى پیشە باڵاكانى یەكێتین. وە بە شێكى تر لەو پارێزەرانەى كە ناویان لە بنەرەتدا لە لیستەكەدا نەبووە سەردانى مەكتەبى سیاسی یەكێتیان كردووەو گلەییان لەوە كردووە كە بۆچی ناویان لە لیستەكەدا نەبووە لەوانەش (حمە ستار) پارێزەرى بەرێوەبەرى ئاسایشى سلیمانى كە سەردانى مەكتەبى سیاسی كردووەو نارەزایی لەسەر نەبوونى ناوەكەى دەربریوە. چەند پارێزەرێكى تریش داواى پۆستى حكومیان كردووە لە پشكی یەكێتى لە حكومەت لەوانەش (محمد عزیز) ناسراو بە (جادر) كە ناوبراو داواى پۆستى بەرێوەبەرى ناحیەى بەكرەجۆى كردووەو لە گەڵ ئەوەشدا كە ناوى لە ریكخستندا نەبووە لە لایەن (چیا وریا) ەوە پشتگیری كۆمیتەى پیشەباڵاكانى بۆ هێنراوەو لەلایەن (حمە ستار) یشەوە پشتگیرى بەرێوەبەرى ئاسایشى سلیمانى بۆ هێنراوە بەڵام لەبەر ئەوەى ناوبراو گومانى (گۆرٍان) بوونى لە سەر بووەو یەكێك بووە لە ناوە پێشنیاركراوەكانى (گۆران) بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا و تەنانەت رازیش نەبووە ببێتە ئەندامى ئەو لیژنەیەى كە لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە دروستكرابوو بۆ رووداوەكانى 17ى شبات قبوڵ نەكراوە ببێتە بەرێوەبەرى ناحیە، ئەم كارەى ئەو دوو كادرەش نارەزایی لەناو لێپرسراوانى یەكێتیدا دروستكردووە كە بۆچى پشتگیرى كەسێك دەكەن كە (گۆران)ەو زانیارى هەڵە پێشكەش دەكەن. كوردستان پۆست ئەوەى زانیوە كە دەركردنى ناوى ئەو دە پارێزەرە دەگەرێتەوە بۆ دژایەتى كردنى (دانا جمال) كە وا گومان كراوە دە كەسى یەكەم لە كەسە نزیكەكانى ناوبراو بن بۆیە ناویان دەرهێنراوە. ئەوەى نارەزایی پارێزەرانى یەكێتى زیادكردووە ئەوەیە كە لە لیستەكەدا ناوى چەند كەسێك هەن كە سەر بە یەكێتى نین و لەسەر بنەماى هاورێیەتى نوسراون. ماوەیەكە كێشەى پارێزەرانى یەكێتى زیادى كردووە بە تایبەتیش دواى ئەوەى كە لیستى یەكێتى و پارتى لە هەڵبژاردنى لقی سلێمانیدا دۆران و لیستى سەربەخۆ سەركەوتنیان بەدەست هێنا هەر پارێزەرەو هەوڵى بەدەست هێنانى ئیمتیازاتى شەخسی بۆ خۆى دەكات و دابەش بوون بەسەر چەند باڵكداو هەر باڵەو لە بەرپرسێك نزیكن و كارەكانیان زیاتر لەسەر بنەماى هاورێیەتى تاقمكارى جێ بە جێ دەكەن و دواى نزیك بوونەوەى كۆنگرەى پارێزەرانیش ئەم دووبەرەكیە زیاتر بووەو تاكو ئێستاش پارێزەرانى یەكێتى لە نێوان خۆیاندا ریكنەكەوتوون بۆ دیارى كردنى نوێنەرەكانیان و بە شێكى زۆریشیان هەرەشەى هەڵوێست وەرگرتن دەكەن. ئەمەش ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێ كە حزب تەنها بە پارەو پۆستەوە خەڵكى لە دەورى خۆى راگرتووەو تەنها وەلائێك كە بۆ حزب مابێت بریتیە لە پارەو پۆست وە ئەگەر حزبێك پارێزەرو كەسە یاساییەكانى شەرى پلەو پارە بكەن ئایا دەبێت حاڵى كەسە سادەو نەخوێندەوەرەكانى ناو ئەو حزبە چۆن بێت. لە داهاتوودا زانیارى زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڵاو دەكەینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست