کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رده‌شت عوسمان كێ‌ بوو؟

Saturday, 26/06/2010, 12:00


به‌شدار عوسمان سه‌رده‌شت، كوڕی‌ مناڵه‌ هه‌ژار‌و جوتیارێكی‌ چه‌وساوه‌ی‌ ده‌ستی‌ رژێمی‌ گۆڕبه‌گۆڕی‌ ده‌شتی‌ شه‌مامكی‌ هه‌ولێر بوو، له‌هه‌ناوی‌ شه‌ڕ‌و ئاشوب‌و جه‌نگه‌ یه‌ك له‌دوایی‌ یه‌كه‌كانی‌ ئه‌م رژێمه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكان چاوی‌ به‌دنیا هه‌ڵهێنا، له‌ یه‌كه‌م چاوكردنه‌وه‌ی‌ نیگاكانی‌ ئاشنا بوون به‌ زوڵم‌و زۆرداری‌‌و برسیه‌تی‌‌و نه‌بونی‌‌و ئاواره‌یی‌‌و ده‌ربه‌ده‌ری‌. هێشتا مه‌لۆتكه‌ بوو خێزانه‌كه‌ی‌ ئاواره‌كرا‌و له‌ گونده‌كه‌یان گواسترانه‌وه‌ شار، به‌ڵام بۆ یه‌ك ساتیش نیگاكانی‌ له‌ دیمه‌نه‌ شه‌ڕهێنه‌ره‌كان ‌وننه‌بوون، كاتێك چاوه‌كانیشی‌ ماندوو بوو، ده‌ستی‌ برد بۆ قه‌ڵه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌می‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌ بگرێته‌ كۆڵ‌و رووداوه‌كان ‌وه‌كو خۆی‌ بگوازێته‌وه‌‌و كۆتایی‌ به‌بێ‌ مافی‌‌و نایه‌كسانی‌‌و چه‌وسانه‌وه‌ بێت. بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نجانی‌ مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی‌ هیواو خواسته‌كانیان ورد‌و خاشنه‌كرێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ مناڵانی‌ كوران‌و باداوه‌‌و ته‌عجیل‌و كانی‌ سپیكه‌ له‌گه‌ڵ چاوكردنه‌وه‌یان قوڕ‌و تۆز‌و خۆڵ به‌ چاوه‌ جوان‌و ناسكه‌كانیان ئاشنا نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌ككه‌وتوانی‌ گه‌ڕه‌كی‌ كرێكاران‌و كوردستان‌و ئازادی‌ رێزیان لێبگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌رامه‌تی‌ هه‌مووان له‌ باره‌گای‌ كۆمه‌ڵدا پارێزراوبێت، ئه‌فسوس مه‌رگه‌وه‌ڕه‌كانی‌ تاریكی‌ چاویان به‌ هه‌ست‌و نه‌ستی‌ پڕ له‌ به‌رائه‌ت‌و ئینساندۆستی‌‌و هیواو ئاوات‌و به‌رنامه‌‌و پرۆژه‌ گه‌لێك هه‌ڵنه‌هات، كه‌ سه‌رده‌شت له‌به‌رنامه‌ی‌ خۆی‌ داینابوو، خۆیان زیاتر بچوك‌و ریسواكرده‌وه‌‌و شكۆ ‌و شه‌وكه‌تی‌ سه‌رده‌شت‌و خانه‌واده‌‌و دۆست‌و هاورێیانیشیان باڵاتر كرد.

راسته‌ هیچ شتێك ناتوانێ‌ جێگای‌ سه‌رده‌شت بۆ خانه‌واده‌‌و دۆست‌و هاوڕێیانی‌ پڕ بكاته‌وه‌، هیچ مرۆڤێكی‌ خاوه‌ن ‌ویژدان ناتوانێ‌ فرمێسكه‌كانی‌ رابگرێت له‌ ئاست ئه‌و زوڵمه‌ گه‌وره‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی‌ ‌ویژدانیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك فرۆشتبوو له‌ ئاست كوژاندنه‌وه‌ی‌ جموجۆڵ‌و بینینی‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ پڕ به‌رائه‌ته‌كانی‌ سه‌رده‌شت، مووی‌ له‌شیان به‌رزده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئێوه‌ سه‌یركه‌ن چۆن ریسوایی‌‌و شه‌رمه‌زارییان بۆخۆیان تۆماركرد، بۆ هه‌میشه‌ كه‌وتنه‌ به‌ر نه‌عله‌تی‌ خه‌ڵكی‌ دنیا. رێكخراوی‌ سه‌رده‌شت عوسمان بۆ دیفاع له‌ رۆژنامه‌نوسان داده‌مه‌زرێ‌، ده‌زگای‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ست به‌كارده‌بێ‌، په‌یكه‌ری‌ ئازادی‌ سه‌رده‌شت عوسمان له‌زۆرێك له‌ شار‌و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان‌و هه‌تا ده‌ره‌وه‌ش به‌رزده‌كرێته‌وه‌، ده‌یان دایك‌و باوك بڕیاریانداوه‌ كۆرپه‌ی‌ ئاینده‌یان ناوبنێن سه‌رده‌شت، وه‌رزه‌ كتاب‌و نوسراوی‌ ساڵانه‌ی‌ سه‌رده‌شت بڵاوده‌بێته‌وه‌، ده‌سته‌ی‌ پارێزه‌رانی‌ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ست به‌كارده‌بن، چه‌ندین كۆمپانیا‌و نوسینگه‌ له‌ بواره‌ جۆراو جۆره‌كان له‌ سه‌ره‌ی‌ ‌وه‌رگرتنی‌ ناو ‌و ناونیشانه‌كانیانن له‌ شاره‌وانیه‌كان به‌ناوی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، دواجاریش هه‌مووان شانازی‌ به‌ گه‌نجێك ده‌كه‌ن، كه‌ خۆی‌ هه‌ڵگری‌ ده‌یان كێشه‌‌و گرفت بوو، به‌ڵام كۆڵێك خه‌م‌و كێشه‌ی‌ مه‌مله‌كه‌ت‌و شار‌و گه‌ڕه‌ك‌و دۆست‌و هاوڕێكانی‌ له‌ پشتی‌ هه‌ڵگرتبوو، ئاماده‌ش بوو له‌م پێناوه‌ گیانی‌ خۆی‌ ببه‌خشی‌...

ئه‌و ده‌یزانی‌ ئه‌و رێگایه‌ی‌ گرتویه‌تییه‌به‌ر، بێ‌ مه‌ترسی‌ نییه‌، ئه‌و ده‌یزانی‌ هه‌ر شه‌ش لاكانی‌ ته‌ندراوه‌ به‌ هێڵی‌ سوور،به‌ڵام ‌وێرانی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌‌و بوونی‌ ده‌یان دیارده‌ی‌ نه‌شاز‌و ناشیرن، ‌ویژدانی‌ ئازارده‌دا‌و بۆ خۆچبه‌ختی‌ هه‌مووام نه‌یتوانی‌ رێگا له‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ بگرێت.

لای‌ هه‌موان روون‌و ئاشكرایه‌، ئه‌وانه‌ی‌ سه‌رده‌شتیان تیرۆركرد، دژی‌ ئازادی‌‌و یه‌كسانین، له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌‌و شه‌فافییه‌ت‌و كرانه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن، له‌گه‌ڵ چرۆكردن‌و گه‌شه‌كردنی‌ پرۆژه‌‌و به‌رنامه‌ی‌ سه‌رده‌شته‌كان، ئیتر ئه‌وان كۆتاییان پێدێت، بۆیه‌ ئاماده‌ن ریسوایی‌‌و شه‌رمه‌زاریی‌ زیاتر بۆخۆیان تۆمار بكه‌ن‌و سڵیشیان له‌ قرتاندنی‌ ناسكترین‌و بێگوناهترین مرۆڤ نه‌كرده‌وه‌.

ئاسان نیه‌ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌، كه‌ لێیه‌وه‌ نزیك بوین، بتوانێ‌ ژیاننامه‌ی‌ سه‌رده‌شت بنوسێته‌وه‌، چونكه‌ گه‌نجێك كه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ 5 ساڵیدا چۆته‌ به‌رخوێندن‌و هێشتا بیست‌و سێ‌ به‌هاری‌ ته‌واو نه‌كردبێت‌و سه‌ختی‌ ژیان‌و خوێندن له‌سه‌ر شانی‌ بێت. ده‌بێت ژیاننامه‌ی‌ چی‌ بێت جگه‌ له‌ شه‌ونخونی‌ به‌دیار فانۆس‌و هیلاكی‌‌و ماندوبونی‌‌و راكردن به‌دوایی‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندن، بۆ ئێمه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی‌ ژیاوین، ته‌نانه‌ت ناوهێنانی‌ بۆ ئێمه‌ سه‌خته‌ چ جای‌ گووتنی‌ شته‌ تایبه‌تیه‌كانی‌، بۆیه‌ لێره‌دا به‌ چه‌ند ‌وێستگه‌یه‌ك له‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌ ئاشناتان ده‌كه‌ین:
- ناوی‌ ته‌واوی‌ (سه‌رده‌شت عوسمان حسن)ه‌ له‌ 25/12/1987 له‌ گه‌ڕه‌كی‌ كرێكارانی‌ شاری‌ هه‌لێر له‌ خێزانێكی‌ هه‌ژار‌و جوتیاری‌ ده‌شتی‌ شه‌مامك، كه‌ چه‌ند مانگێك بوو له‌ گوندی‌ گردعازه‌بان به‌ده‌ستی‌ رژێمی‌ دڕنده‌ی‌ به‌عس به‌ زۆره‌ملێ‌ بۆ ناوشاری‌ هه‌لێر راگوازرابوون، له‌دایك بووه‌.... ناوی‌ سه‌رده‌شت بیرۆكه‌ی‌ به‌كری‌ برا گه‌وره‌یه‌تی‌. دوایی‌ ‌وێرانكردنی‌ گونده‌كه‌یان‌و هاتنیان بۆ شار به‌چه‌ند مانگێك له‌دایك بوو
له‌ ته‌مه‌نی‌ 5ساڵیدا به‌شێوه‌ی‌ (گوێگر) ده‌چێته‌ به‌ر خوێندن‌و له‌ قوتابخانه‌ (نیگاری‌ سه‌ره‌تای‌ تێكه‌ڵاو)له‌ گه‌ڕه‌كی‌ كرێكارانی‌ شاری‌ هه‌ولێر ده‌ستده‌كات به‌خوێندن، به‌ڵام له‌به‌ر زیره‌كی‌‌و هۆشیاری‌ جوانه‌مه‌رگ مامۆستایان‌و ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ قوتابخانه‌ نه‌یانتوانی‌ له‌ هاوپۆلانی‌ دایبڕێنن‌و به‌ده‌رچوو ئه‌ژماریانكرد....پله‌كانی‌ خوێندی‌ سه‌ره‌تای‌ به‌ خێرایی‌ ‌و به‌بێ‌ دواكه‌وتن بڕی‌، دواتر چووه‌ قوناغی‌ ناوه‌ندی‌‌و له‌ ناوه‌ندی‌(شه‌هید سالح یوسفی‌) درێژه‌ی‌ به‌خوێَندندا‌و به‌بێ‌ دواكه‌وتن به‌ 3ساڵ قوناغی‌ ناوه‌ندیشی‌ ته‌واوكرد، دواتر له‌ (ئاماده‌یی‌ ئازادی‌ كوڕان)هه‌ر له‌نێو شاری‌ هه‌ولێر به‌ 3ساڵ قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ به‌ سه‌ركه‌وتوی‌ ته‌واو كرد‌و له‌ به‌شی‌ ئینگلیزی‌ كۆلیژی‌ زمانی‌ زانكۆیی‌ سه‌ڵاحه‌دین ‌وه‌رگیرا‌و له‌م چوار ساڵه‌ی‌ خوێندنیشیدا، بووه‌ جێگای‌ خۆشه‌ویستی‌ خوێندكاران‌و مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانی‌ كۆلێژ، ئه‌فسوس مه‌رگه‌وه‌ڕه‌كانی‌ تاریكی‌، نه‌یانهێشت پرۆژه‌‌و به‌رنامه‌یه‌ك كه‌ بۆخۆشبه‌ختی‌ كۆمه‌ڵگا‌و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی‌ دایڕشتبوو دوایی‌ ده‌رچوونی‌ له‌ زانكۆ جێبه‌جێیان بكات، ئاخر ئه‌وان زۆر باش بلیمه‌تی‌‌و هۆشیاری‌‌و زیره‌كی‌ ئه‌و گه‌نجه‌یان خوێندبوه‌وه‌، كه‌ چۆن ده‌بێته‌ چرایه‌كی‌ روناكی‌ بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌. چۆن ده‌بێته‌ به‌ربه‌ستێكی‌ گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م نایه‌كسانی‌‌و ناعه‌داله‌تی‌‌و زوڵم‌و زۆرداری‌، ده‌یانزانی‌ كه‌ قه‌ڵه‌مێك كه‌ سه‌رده‌شت به‌ده‌ستیه‌وه‌ گرتووه‌، ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ شكاندنی‌ بته‌كان.

خولیای‌ له‌ راده‌به‌ده‌ری‌ سه‌رده‌شتی‌ جوانه‌مه‌رگ بۆ خوێندنه‌وه‌ (به‌تایبه‌ت نوسه‌رانی‌ گه‌وره‌ی‌ ئینگلیزی‌) چاودێریكردنی‌ روووداوه‌كانی‌ ناوخۆ ‌و ده‌ره‌وه‌‌و هه‌ستی‌ مرۆڤدۆستی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌‌و گرفته‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا‌و له‌پێناو ئازادی‌‌و یه‌كسانی‌‌و خۆشگوزه‌رانی‌، له‌ته‌ك كاری‌ خوێندندا قه‌ڵمی‌ گرته‌ ده‌ست، چونكه‌ به‌بڕوای‌ ئه‌و هیچ كاتێك، زوو نییه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كێشه‌‌و گرفت‌و دیارده‌كان‌و له‌ساڵی‌ 2004 به‌دنیایی‌ نوسین‌و بڵاوكردنه‌وه‌ ئاشنا بوو، له‌یه‌كێك له‌ په‌ره‌گرافه‌كانیدا ده‌نوسێت (ئێمه‌ به‌دیار به‌ردێكه‌وه‌ دانیشتووین‌و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵێنانیشین، ‌وه‌لی خه‌ریكه‌ عومری نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێده‌كه‌ین، جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ ده‌ست بۆ ئه‌م توحفه‌یه‌ ببه‌ین، تابزانین ئایه‌ به‌رده‌ یان هێلكه‌، چونكه‌ پێمانوایه‌ كه‌ زۆر ناسكه‌و له‌وانه‌یه‌ بشكێت. به‌ڵام نه‌وه‌یه‌ك حه‌زده‌كات ماهییه‌تی ئه‌م توحفه‌یه‌ كه‌شف بكات، كه‌ میلله‌تێكیان پێوه‌ سه‌رقاڵكردووه‌...)

یه‌ك پێشانگای‌ كتێب نه‌بووه‌ كه‌ له‌م شاره‌ كرابێته‌وه‌‌و سه‌رده‌شت نه‌چوبێت‌و كتێبی‌ نه‌كڕیبێت، دوایین پێشانگاش كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ چوین، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌رله‌ تیرۆركردنه‌كه‌ی‌ بوو له‌نێو پاركی‌ هه‌ولێر، له‌م پێشانگایه‌دا سه‌رده‌شت چوار كتێبی‌ كڕی‌ له‌ باره‌ی‌ سه‌ركرده‌‌و كه‌سایه‌تیه‌ جیهانیانه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ توانیان رووناكیه‌ك ببه‌خشنه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌یان له‌وانه‌ (غاندی‌‌و ماندێلا‌و ماركیز هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ده‌ستنوسه‌كانی‌ موناسالینیشی‌ له‌گه‌ڵدا بوو) له‌ماوه‌ی‌ ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌دا سه‌رده‌شت له‌ پێشبركێیه‌كدا له‌گه‌ڵ مندا شه‌ونخونی‌ كرد‌و سێ‌ كتێبی‌ به‌ یه‌ك هه‌فته‌ خوێنده‌وه‌، دوایین ده‌ستنوسیش كه‌ لێنه‌گه‌ڕان بیخوێنێته‌وه‌، كتێبه‌كه‌ی‌ موناسالین بوو ده‌رباره‌ی‌ ئه‌زمونی‌ پروپاگه‌نده‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و شكستهێنانی‌ بۆ جێگری‌ جۆن مه‌كین...پێش ئه‌وه‌ی‌ شكسته‌كانی‌ مۆناسالین بخوێنێته‌وه‌، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا!

سه‌رده‌شتی‌ جوانه‌مه‌رگ له‌ نوسین‌و به‌دواداچونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیدا، هه‌میشه‌ به‌دوایی‌ ئه‌و پرسیار‌و گومانانه‌ عه‌وداڵ بووه‌ كه‌ مێشكی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێی‌ پێوه‌ سه‌رقاڵكردووه‌‌و ‌ویستویه‌تی‌‌وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیار‌و گومانانه‌ بۆ نه‌وه‌ی‌ ئیستا ئاشكرابكات، بۆیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نوسیدا، بۆته‌ چاوتێبڕینی‌ دۆست‌و دوژمن‌و چه‌ندان ده‌زگای‌ راگه‌یاندن داوایی‌ هاوكاری‌‌و رێنوێی‌ لێده‌كه‌ن بۆ كاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیان، هه‌ڕه‌شه‌‌و چاوسوركردنه‌وه‌كان ته‌نانه‌ت مه‌رگیش نه‌یانتوانی‌ رێگا له‌و په‌یامه‌گه‌وره‌یه‌ ئینسانییه‌ بگرێت، كه‌ سه‌رده‌شت له‌ كۆڵی‌ خۆی‌ بۆ برا بچوكه‌كانی‌ هه‌ڵگرتبوو، بۆیه‌ له‌‌وه‌ڵامی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌نوسێت (له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، بۆ یه‌كه‌مین جار پێیان گوتم كه‌ ته‌مه‌نت چه‌ندی ماوه‌، یان به‌ گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه‌، به‌ڵام نه‌ باكم به‌ مردنه‌‌و نه‌ ئازاردان، له‌ چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌كه‌مم تا دیداری بكوژه‌كانی خۆم بكه‌م، دوعاش ده‌كه‌م مردنێكی تراژیدیام پێببه‌خشن، كه‌ شایسته‌ی ژیانه‌ تراژیدیاكه‌م بێت. بۆیه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌م، تابزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م ‌وڵاته‌ چ هۆلیسۆسێكن‌و مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه‌، بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌ترسێنێت، به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو، نه‌ك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه‌ نه‌ك خۆم، زۆر به‌ ساده‌ییش تاكه‌ هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین‌و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین.....)

بڕوای‌ پۆڵاینی‌ سه‌رده‌شت، به‌ئازادی‌‌و ئینساندۆستی‌، ‌وایلێكرد كه‌ بنوسێت‌و بڵێت (تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ماوین ئه‌بێت قسه‌ بكه‌ین، له‌وشوێنه‌ش كه‌ ته‌مه‌نمان كۆتاییهات، با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت‌و ببێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوێ‌و سه‌ر له‌نوێ ده‌ستپێبكاته‌وه‌)

سه‌رده‌شتی‌ جوانه‌مه‌رگ، مرۆڤدۆستی‌‌و میهره‌بانی‌ له‌حه‌د به‌ده‌ربوو، له‌ئاهه‌نگی‌ ده‌رچونی‌ زانكۆی‌ له‌به‌ر نه‌خۆشی‌ دایكی‌ له‌كاتێكدا خۆشترین رۆژی‌ ژیانی‌ بوو ئاهه‌نگه‌كه‌ جێده‌هێڵێت‌و رووده‌كاته‌ نه‌خۆشخانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ دایكی‌ بێت كه‌ ئه‌و رۆژه‌ باری‌ ته‌ندورستی‌ ته‌واو نه‌بوو، به‌ شاهێدی‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ ناسیویانه‌‌و ته‌عامولیان له‌گه‌ڵ كردووه‌ راستگۆیی‌‌و دڵسۆزی‌ سه‌رده‌شت له‌ مامه‌ڵه‌‌و ئیش‌و كار پێوه‌ر ناكرێت، بۆیه‌ شار‌و گوند‌و گه‌نج‌و لاو ‌و پیر ‌و په‌ككه‌وته‌ له‌پشته‌وه‌ی‌ سه‌نگه‌ری‌ راستگۆیی‌‌و ئازادیخوازی‌‌و مرۆڤدۆستی‌‌و حه‌قدۆستی‌ ئه‌وه‌وه‌ سه‌نگه‌ریان گرتووه‌، بۆ ئاشكراكردن‌و شه‌رمه‌زاركردنی‌ ئه‌و جه‌لادانه‌، ئه‌و ‌وه‌ڵامی‌ هه‌موو توڕه‌بونێكی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك ده‌دایه‌وه‌...بۆیه‌ خه‌ڵك له‌ سه‌راسه‌ری‌ دنیا زه‌رده‌خه‌نه‌یان له‌سه‌ر روخساریان تۆراوه‌‌و به‌وپه‌ڕی‌ توڕه‌بونه‌وه‌ رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام‌و خیابانه‌كان، توڕه‌ییی‌‌و ناڕه‌زایه‌تی‌ خۆیان به‌ده‌یان شێوه‌ ده‌رده‌بڕن، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، ده‌یان كۆمپانیا‌و نوسینگه‌ له‌شاره‌كانی‌ عێراق‌و كوردستان له‌سه‌ره‌ی‌ شاره‌وانییه‌كانن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌‌و كۆمپانیا‌و شوێنه‌كانیان به‌ ناوی‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ بكه‌ن. ده‌زگای‌ راگه‌یاندنی‌ تایبه‌ت به‌ سه‌رده‌شت عوسمان داده‌مه‌زرێ‌، ده‌یان دایك‌و باوك به‌ڵێنیانداوه‌ مناڵی‌ ئاینده‌یان ده‌بێت ناوی‌ سه‌رده‌شت بێت...

سه‌رده‌شتی‌ جوانه‌مه‌رگ، نه‌بوونی‌‌و برسییه‌تی‌‌و بێ‌ جل‌و به‌رگی قبوڵ بوو، نه‌ك نامه‌ردی‌‌و سه‌ردانواندن بۆ ژیانی‌ شاهانه‌ی‌ سه‌ركزی‌، به‌ ده‌یان كه‌ڕه‌ت‌و ده‌یان هه‌فته‌ به‌ گیرفانی‌ خاڵی‌ گوزه‌راندی‌‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی‌ ده‌ستكردیشت بۆ كه‌س نه‌كرد، بۆیه‌ ئیستا به‌ چاوی‌ شكۆمه‌ندییه‌وه‌، له‌لایه‌ن هه‌موو مرۆڤێكی‌ خاوه‌ن ‌ویژدان سه‌یر ده‌كرێت، ئیستا بووه‌ته‌ خاوه‌نی‌ مێژوویه‌ك بۆ شار‌و مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی‌ خۆی‌، بووه‌ته‌ ره‌مزێك بۆ هاوپیشه‌كانی‌ خۆی‌، بۆته‌ سیمبوڵێك بۆ ئازادی‌‌و حه‌قبێژی‌....ئه‌و زۆر سه‌رسام بوو به‌ غاندی‌‌و ماندێلا‌و گیڤارا، به‌ڵام سه‌رده‌شت ئه‌وانیشی‌ تێپه‌ڕاند، هه‌میشه‌ ده‌یگوت ده‌بێت ئێمه‌ سه‌رمه‌شقی‌ دابینكردنی‌ ژیانێكی‌ شایسته‌بین بۆ ئاینده‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌مان، ئه‌و نه‌ك ئاینده‌ی‌ گۆڕی‌، به‌ڵكو مێژووشی‌ گۆڕی‌.

سه‌رده‌شتی‌ رۆژنامه‌نوس‌و قوتابی‌، حه‌ز‌و ئاره‌زووی‌ یاری‌‌و تۆپ تۆپێن بوو، بۆیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتتدا له‌ قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ په‌یوه‌ندی‌ ده‌كات به‌ تازه‌ پێگه‌یشتوانی‌ یانه‌ی‌ هه‌ولێر‌و دوایی‌ تاقیكردنه‌وه‌، به‌ یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ تازه‌ پێگه‌یشتوانی‌ یانه‌ی‌ هه‌ولێر ده‌ستنیشان ده‌كرێت، به‌ڵام دوایی‌ چوونی‌ بۆ زانكۆ ‌و سه‌رقاڵی‌ به‌خوێندن‌و كاری‌ راگه‌یاندن نه‌یتوانی‌ به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ ته‌ماشاكه‌ر‌و چاودێرێكی‌ وردی‌ یارییه‌كان بووه‌، به‌داخه‌وه‌ مۆندیال ده‌ستپێده‌كات‌و هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌رجه‌نتین‌و میسی‌‌و كاكا، هانده‌رێكی‌ هێمن‌و دڵسۆزیان له‌م كوردستانه‌ له‌ده‌ستدا....

به‌چاوخشانێك به‌ ده‌ستنوس‌و وتار‌و كار‌و ته‌عاموله‌كانی‌ رۆژنه‌ی‌ سه‌رده‌شت، ئاسانه‌ تێبگه‌یت كه‌ ئه‌و ئینسانێكی‌ چه‌نده‌ گه‌وره‌‌و هه‌ستیار‌و بلیمه‌ت بوو، له‌ شوێنێكی‌ تردا پێشبینی‌ ده‌كات‌و ده‌نوسێت (كاتی‌ ماڵاواییكردنی‌ ئێمه‌ش دێت هاوڕێ، من دڵنیام سپێده‌یه‌ك دێت كه‌ ئێمه‌ش جانتاكانی‌ خۆمان پێچاوه‌ته‌وه‌، ئێواره‌یه‌ك ده‌ستی‌ دایكمان ماچ ده‌كه‌ین‌و ده‌ڵێین ببووره‌ ده‌بێ جێتبهێڵین، له‌ نیوه‌شه‌ودا مێسجێك بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان ده‌نێرین‌و بۆیده‌نووسین به‌داخه‌وه‌م، كه‌به‌یانی‌ هه‌ڵده‌ستی‌ من له‌مشاره‌ نیم، ماڵاوا، خۆشحاڵم برا كه‌ به‌سه‌ركزییه‌وه‌ نه‌تمبینی‌، دڵخۆشم كه‌ جوامێری‌ خۆت له‌ده‌ست نه‌دا....)
ئه‌و ده‌یزانی‌ قه‌له‌ ره‌شه‌كانی‌ تاریكی‌ رقیان له‌ مرۆڤدۆستی‌‌و حه‌قبێژی‌‌و روناكییه‌، ئه‌و ده‌یزانی‌ په‌یامێك كه‌ ئه‌و له‌ كۆڵی‌ خۆی‌ هه‌ڵگرتووه‌، په‌یامی‌ رزگاری‌‌و ئازادی‌‌و كۆتایهاتنی‌ ناعه‌داله‌تییه‌، بۆیه‌ ئه‌و پێشبینیانه‌ی‌ ده‌كرد...سه‌ره‌نجام پێشبینیه‌كانی‌ دورست بوو، له‌رۆژی‌ 4/5/2010 له‌كاتێكدا كه‌ توێژینه‌وه‌ی‌ ده‌رچونه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستابوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیدات به‌زانكۆ ‌و بیبه‌خشێته‌ نه‌وه‌كانی‌ دوایی‌ خۆی‌، مه‌رگه‌وه‌ڕه‌كانی‌ تاریكی‌ شه‌قێكیان له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا‌و به‌زۆر راپێچی‌ مه‌رگیان كرد، له‌جێگای‌ بڕوانامه‌ ‌وه‌فاتنامه‌یان كرده‌ دیاری‌ خۆی‌‌و كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌

به‌راستی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ بیر له‌ دڵڕه‌قی‌‌و زاڵمی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ ئازاریان دای‌، پێیان سه‌رسامم جورئه‌تێكی‌ زۆریان هه‌بوه‌‌و دڵنیاشم له‌سه‌ر كوشتنی‌ ئینسانه‌كان راهێندراون، ئه‌گینا ده‌ستیان نه‌ده‌چویه‌ جه‌سته‌ی‌ پڕ له‌ به‌رائه‌تی‌ تۆی‌ دڵ ناسك، ئاخر تۆ هه‌موو توڕه‌بونێكی‌ به‌رامبه‌رت به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك ‌وه‌ڵام ده‌دایه‌وه‌، هه‌رگیز گرژیت له‌ روخسارتدا به‌دینه‌ده‌كرا، چۆن توانیان گیانت لێ‌ بسێننه‌وه‌؟! من دڵنیام ئیستاش تۆ زیندوبیته‌وه‌، زات ناكه‌ی‌‌و دڵت نایه‌ت، ئه‌و كه‌سانه‌ ئازار بده‌ی‌ كه‌ گیانیان لێ‌ سه‌ندی‌‌و له‌ ئێمه‌‌و رۆژنامه‌‌و كاری‌ ‌وه‌رگێڕان‌و زانكۆ ‌و هاوپۆله‌كانت‌و كچه‌ نه‌شمیله‌مانیان كردی‌، بیرمه‌ هه‌موو كه‌ڕه‌تێك ده‌تگووت (ئه‌وه‌ی‌ خراپه‌ به‌رامبه‌رت ئیهمالی‌ بكه‌ خۆی‌ چاك ده‌بێت، خراپه‌ به‌ خراپه‌ ‌وه‌ڵام مه‌ده‌ره‌وه‌، ئه‌گینا ئێمه‌ش جیاوازنابین له‌خه‌ڵك)

ئه‌وه‌یه‌ گه‌وره‌یی‌‌و پیرۆزی‌،مه‌رگی‌ سه‌رده‌شت بویه‌ تابوتێكی‌ به‌هێز بۆ شكاندنی‌ بته‌كان، سه‌رده‌شت چوه‌ ریزی‌ پیاوه‌ مه‌زنه‌كانی‌ دنیا‌و بۆ هه‌تایه‌ ناوی‌ به‌به‌رزی‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە