مۆڕاڵ کەسایەتی بە هەدەردراوی تاك دەگێڕێتەوە
Tuesday, 29/04/2014, 12:00
پێش چەند ڕۆژێك بە ئەسەفێکی زۆرەوە هێرشێکی شێتگیرانەم پێشچاوکەوت لە میدیای پی یو کەی کەسەرەتا تۆمەتی جاسوسی کردن بوو بۆ ڕۆشنبیرو مرۆڤێکی کورد،لە ژێر ناوی {ئەوكاتەی لە(كوردستانی نوێ) بوو، شەوان بەنهێنی لەكەناڵی یەكگرتوو كاری دەكرد} پاشتریش وتارێکی ناڕەوا بە ناوی {شیعری ״بانگێك״ی هەڤاڵ ئەبو بەكر}. کە هەردووکیان هاوکات بوون لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و دەیان ساڵە ئەم هێرشە نەکراوەتە بابەتی میدیای میکافیللیانەی حیزبیی. هەر هەمان ڕۆشنبیریش کاتێك لە ناو ڕیزەکانی ئەو حیزبە کاری دەکرد بە مامۆستا دادەنرا، بەڵام کاتێك قەناعەت سەنگەری خەباتی پێ گواستەوە بووە جاسوس و بەعسی؟!، جاسوس بۆ چ دەزگایەکی تۆقێنەری هێزبەدەست؟ لەکاتێکدا لەو زەمەنەدا دەزگاکانی رابیتەو ئیغاسە کە نزیك بوون لە یەکگرتوو سەرانەی ملیۆن دۆلارییان لێ وەردەگیرا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناو یەکێتی.
من نە هەڤاڵ ئەبوبەکر دەناسم و نە ئەندامی هیچ حیزبێکی سیاسیشم، وەلێ وەك تاکێکی کورد زۆر نیگەران دەبم بە تاوانی ناڕەوا تەشهیر بە کەسانی کوردو خامە بەدەست بکرێت لە پێناوی مەبەستی سیاسی و سوککردنی لایەنێکی تری سیاسی بۆ مەبەستی هەڵمەتی هەڵبژاردن.
لەکاتێکدا ئەو نووسەرە لەو کاتەدا هەر هەرزەکارێك بووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە ئاشکرا دەڵێت من هەرگیز بەعسی نەبووم، زۆر بوێرییشە مرۆڤ بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی دەرببڕیت کەچی بە زۆر هەر دەبێت بیکەنە بەعسی بۆ ناشرینکردنی ئەو لایەنەی خۆی بۆ کاندید کردووە، ئەمە لە کاتێکدا هەر ئەو بەرپرسە فایلدارانەی ئێستا لەناو ڕیزەکانی ئەو حیزبەدان لەو کاتەدا و ژێربەژێر هەموو ئەو دڵسۆزانەیان دەدا بە دەستی ڕژێمەوە کە دڵسۆز بوون و خەباتکاری گیانفیدا بوون، بەڵام خۆیان هەر مانەوە و ئەمەش نهێنی ساغ و سەلامەتیانە.
ئەی ئەبێت چ تاوانێك بێت میللەتێکی وەك کوردی ستەمدیدە هاوخەمی هەموو میللەتانی ستەمدیدەی جیهان بێت و لە هەمووشیان بەرچاوتر میللەتی فەلەستین کە لە دێر زەمانەوە بوونەتە سیمبوڵی چەوساندنەوەو کوشتن و بڕین، نەگبەتی ئێمەی کورد لەوەدایە هیچ بەهاو بایەخێك بۆ بوون و مافە مەعنەویەکانی یەکتر دانانێین و لە پێناوی مەرامێکی کاتیدا ئامادەین ئێسک و پروسکی یەکتر وردو خاش بکەین، بێ پەیڕەو کردنی هیچ ڕێزو بنەمایەك، لەمەش حەیف و مەخابنتر ئەوەیە خامە بەدەستان کە خۆیان بە داهێنەر دادەنێن بەشداربن لەو شاڵاوەو نەزانن ئەو تفەنگەی دەیتەقێنن چەند گیانی بێ تاوانی پێ کەسیرە دەبێت و تێک دەشکێت!. باشە ئەی بۆچی کەس پرسیارێکی لۆژیکی ناکات سەبارەت ئەو هەموو قەڵەم بەدەستەی ڕۆژانە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا دەنووسن و لە سەردەمی بەعسیشدا هەر بە هەمان جۆر خاوەنی گۆشەو نووسین و بەشداری کارا بوون، کە پێویست ناکات ناوی کەس بهێنرێت، چونکە ئەوەی کەمێك ویژدان لە ناخیدا بیجوڵێنێت ئەم ڕاستیانە دەزانێت، پاشتر ئەی ئەو هەموو قەڵەم بەدەستانەی ئەمڕۆی ڕاگەیاندنی دەسەڵات کە ستەمەکانیان بۆ دەڕازێننەوە، سبەینێ و دوای نەمانی دەسەڵاتیان و کە پەردە لەسەر تاوانە بێ وێنەکانیان هەڵدرایەوە ئایا ئەوانیش بە تاوانکار لەقەڵەم نادرێن؟
ڕۆشنبیریی و لێهاتوویی و بڕوانامەو کەسایەتی خاوەن هەڵوێستی ئەو نووسەرەی بە ناهەق کەسایەتی ناشرین کرا، لای کەسانی بە ئینساف شێلو نابێت و ئەوەندە بەسە هەمووان بزانن وەك نەوەیەکی شاری شەهیدی هەڵەبجە قوربانیی دەستی ستەمی بەعسیەکان بووەو هەر وەك چۆن لەشەڕی ناوخۆی کوردکوژیشدا چەندان جار بووەوە قوربانی جەنگی بەرژەوەندی حیزبەکانی دەسەڵات.
تکایە کەمێك مۆڕاڵ پەیڕەو بکەن لە نووسین و بڵاوکردنەوەدا و سنووری ماف و سەرفرازییەکانی تاکی کورد جارێکی تر تێك مەشکێننەوەو چیدی دەرزیەك مەکەنە فیلێك و گایەك بکەنە پوشێك، ئەی ڕەوشتی ڕاگەیاندنو ڕاگەیاندنکار لە کوێدایە گەر پیرۆزییەك نەمێنێت و بیکەینە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و بمانەوێت بەو جۆرە لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنینەوە، ئەوا ٢٣ ساڵە میللەتی ستەمدیدەی کوردستانی باشوور لە ژێر ئەو هەڵمەتە چەواشەکاریەی ڕاگەیاندنی حیزبیدایەو جارێکیش لە جاران ئاراستەی وتارەکان بە ڕێڕەوی بەرژەوەندی باڵای میللەتی کورد دا نابرێت و کەس ئامادە نیە پێ لە جەرگی خۆی بنێت بۆ بەرژەوەندی گشتی و خۆشمان بە مافپەروەرو پێشکەوتنخوازو دیموکراتی دادەنێین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست